دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
زانستی فەرمودە

سەرەتایەك دەربارەی فەرموودەناسی:

کورتەیەکی مێژوویی دەربارەی نەشونماکردنی فەرموودەناسی (علوم الحديث)و ئەو قۆناغانەی کەپیایدا تێپەر بووه:

لێكۆڵەرەوەی سەرناس تێبینی ئەوە دەکات، کەبنەماو پایەریشەییەکانی زانستی ریوایەت و گێرانەوەی فەرموودە لە قورئانی پیرۆزو سوننەتی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم)هاتووه، خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (يأيها الذين ءآمنوا إن جاءكم فاسق بنبإ فتبينوا)، واته: ئەی ئەوانەی برواتان هێناوه! ئەگەر کەسێکی تاوانبار هەواڵێکی بۆتان هێنا جا بكۆڵنەوە نەکا لە رووی نەزانییەوە بەخەلکی تر زیان بگەیەنن ، جا لەکارێ کەکردوتانه، پەشیمان ببنەوه، وە لەفەرموودەی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) هاتووە کەدەفەرمووێت : «نصر اللە إمرأ سمع منا حديثا فحفظە حتی يبلغە غيره، فرب حامل فقە إلى من هو أفقە منه، ورب حامل فقە ليس بفقيه)، واته: خوا پێت بخاتە کاری کەسیکەوە کە شتێکمان لێ دەبیستی و بەو شێوەيەی کەبیستویەتی دەیگەیەنێتەوە جا هەندێ پێ راگەیەنرا و هەیە کە لە گوێگر وریاترەو تێگەیشتوتره. و لە گێرانەوەیەکی تر: وە هەندێ لەهەڵگری فیقه، هەیە کە کەسێکی تر هەیە لەو فيقهزانتره، وە هەندێ

کەس هەیە کە هەڵگری شەرع (فقە)ـه، و کەچی شەرعزان (فەقیه) نییه.

جا لەو ئایە تەپیرۆزە و لەو فەرموودە بەپێزەدا پرۆگرامی پێداگیری (التثبت) لە وەرگرتنی فەرموودە و چۆنیەتی وەرگرتنی لەرووی بێداری و شارەزایی و وردەکارییەوەی تیادایە لەگواستنەوەیدا بۆ کەسانی تر.

وہ گوێرایەلیەك بۆ فەرمانی خوای گەورەو پێغەمبەرەکەی (صلی الله علیه وسلم) هاوەڵان (رضی اللە عنهم) زۆر پێداگیریان دەکرد لەگواستنەوەی فەرمودەداو لەوەرگرتنیدا، بەتایبەتی کە ئەگەر گومانیان هەبوایە لە راستگۆیی گوێزەرەوەکەیدا هەرلەبەر ئەمەش بابەتی( رشتە: سەنەد) کە زۆر بەنرخە بۆ وەرگرتن یان وەرنەگرتنی فەرموودە هاتەکایەوه.

لە پێشەکی (سەحیحی موسلیم)دا، هاتووه، لە(ابن سیرین)ەوه، کەدەلێت: نە دەپرسرایەوە لەسەنەد، بەڵام کەفیتنە سەری هەڵدا، دەیان گوت، ناوی پیاوەکان؟ واتە ئەوانەی سەنەدەکە بڵێ، جا ئەوانەی کە ئەهلی سوننەبوون فەرمودەکانیان لێ وەردەگیرا ئینجا ئەوانەش کە(أهل البدع) بوون، فەرموودەیان لى وەرنەدەگیرا، جا لەبەرئەوەی کە فەرموودە لەدوای ناسینی سەنەدەکەیەوە نەبێت وەرناگیرێ، بۆیە زانستی (الجرح والتعديل) و قسەکردن لەسەر راوییەکان و ناسینی (متصل و منقطع)ـی، سەنەدەکان و ناسینی (العلل الخفية) هاتەکایەوەو وە دەرکەوت و هەروەها قسەکردن لەسەر هەندێ راوی هاتەکایەوە بەڵام بەکەمی ئەمەش لەبەر کەمی گێڕەرەوەی تانەلێدراو (مجروح) لەسەرەتاوه، و پاشان زانایان لەم بارەیەوە زیاتر لایەنەکەیان فراوانتر کرد تا باسکردنی ئەو لێکولینەوە لەسەر زانست گەلێك کە پەیوەست بوون بەفەرموودەوە لەرِووی (ضبط) کردن و چۆنیەتی هەلگرتن و دانەوەیەوە و ناسینی (ناسخ و منسوخ) و (غريب) و هتد .... هاتەکایەوە ئەمە زانایان بەسەرەکی دەیان گواستەوە.

پاشان شتەکە بەرەو پیش چوو، وہ وای لێهات ئەو زانستانە دەنوسرانەوە و تۆمار دەکران، بەڵام لەچەند شوێنێکی پەراگەندەوە لەکتێبەکاندا، کەبەزانستەکانی تریشەوە تێکەل کرابوون، وەك زانستی (أصول) و زانستی (فقه) و زانستی (حدیث) وہ کتێبی (الرسالة) و کتێبی (الأم)ـی، ئیمامی شافیعی، جا لەكۆتاییدا کەزانستەکان پێگەیشتن و زاراوەش (الأصطلاح) جێگیر بوو، هەموو زانستی سەربەخۆ بوو، لەهی تر جیا بووه، کە ئەمەش لەسەدەی چوارەمی هیجریدا بوو، زانایان ئەم زاراوەناسييە(علم المصطلح)یان، لەکتێبی سەربەخۆدا جیا کردەوه، یەکەم کەسێك کەکتێبی تایبەتی تیادا دانا (القاضي أبو محمد الحسن بن عبدالرحمن بن خلاد الرامهرمزي) بوو، کەلەسالی (360ك)دا، کۆچی دوایی کردووه، و دانەری پەرتووکی (المحدث الفاصل بين الراوی والواعی ) یه.

چەند پێناسەیەکی سەرەتایی: 
1. زاراوەناسی (علم المصطلح):
زانستێکە کە بەهۆى چەند بنەماو رێسایەکەوە حاڵەتی رشتە(السند) و تێکست (المتن) دەزانرێ، لەرووی وەرگرتن یان وەرنەگرتنەوە.
2. بابەتی ئەم زانستە:
 بریتییە لەباسکردنی سەنەدومەتن لەرووی وەرگرتن یان وەرنەگرتنەوه. 
3. بەرهەمەکه‌ی:
بریتییە لەجیاکردنەوەی فەرموودەی راست (الصحیح) و ناراست و ناساغ (السقیم) لەیەکتر.
4. فەرموودە(الحدیث): 
أ. لەرووی زمانەوه: بەمانای تازە دێت، وە بە پێچەوانەی قیاسەوە لەزمانی عەرەبدا جەمعه‌که‌ی (احادیث)ـه.
ب. لەرووی زاراوەوه: ئەوەیە کە بدرێتە پاڵ پێغەمبەره‌وه ‌(صلی الله علیه وسلم) لەگوفتار و کردارو پەسەند کراو و ئاوەلنا و (صفه‌) بۆى.
5. هەواڵ (الخبر): 
أ. لەرووی زمانەوە: بەمانای هەواڵ (النبأ) دێت، کەجەمعەکەی (أخبار)ـە. 
ب. لەرووی زاراوه: سێ گووتەی لەسەرە: 
1. (الخبر) هاوڕێکی (الحدیث)ـه: واتە لەرووی زاراوەوە ماناکەیان یەکێکه.
2. پێچەوانەی یەکترن: (الحدیث) ئەوەیە کە لە پێغەمبەرەوە(صلی الله علیه وسلم)هاتووه‌ و (خبر) ئەوەیە کە لە غەیری پێغەمبەرەوەیە(صلی الله علیه وسلم).
3. لە (حدیث) گشتی تره: واتە: (حدیث) ئەوەیە کە لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وسلم) هاتووه، و (خبر) ئەوەیە کە لە پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم)و غەیری پێغەمبەریشەوە (صلی الله علیه وسلم) هاتووە.
6. رێچکە(الأثر) :
أ. لەڕووی زمانەوه: واتە پاشماوه‌ی شتێك .
ب. لەڕووی زاراوەوه: دووقسەی لەسەرە کە ئەمانەن: 
1. ئەوەیە کە هاوڕێکی (حدیث)ـه: واته، لەړووی زاراوەوە یەك مانایان هەیه.
2. پێچەوانەیەتی: ئەوەیە کە درابێتە پاڵ هاوەڵێ یان تابعی یەك لەگوفتار و کردار.
7. (الأسناد) : کەدوو مانای هەیه: 
أ. دانەپاڵی فەرمودە کە بۆ لای بێژەرەکەی .
ب. زنجیرەی ئەو پیاوانەی کە ئەو مەتنە دەگەیەنن جا به‌م مانایە هاوڕێکی (سند)ـه‌.
8. رشتە(السند) :
أ. لەرووی زمانەوه: بەمانای پشت پێ بەستراو (المعتمد) دێت، هەر لەبەر ئەوەش وا ناونراوه، چونکە فەرمودەکە پشتی پێدەبەسترى و ئیعتیمادی دەخرێتەسەر .
ب. لەرووی زاراوەوه: زنجیرەی ئەو پیاوانەیە کە مەتنەکە دەگەیەنن.
9. تێکست (المتن): 
أ. لەرووی زمانەوه: ئەو شتەیه، کە دەرکەوێت و بەرزبێتەوە لە زەوی.
ب. لەرووی زاراوەوه: ئەوەیە کە جگە لە سەنەدەکه، دەمێنێتەوە.
10. (المسند): بە فەتحه‌ی نونەکه:
أ. لەرووی زمانەوه: ئیسمی مەفعوله، بەمانای (أسند الشئ الیه) واتە درایە پاڵی دێت.
ب: لەڕووی زاراوه: سێ مانای هەیە: 
1. هەموو ئەو كتێبانەیه ‌کە تیایدا ڕیوایەتی هەموو هاوەڵێك بەگوێرەی خۆی کۆکرابێتەوه.
2. بەفەرموودەی مەرفوع و رشتە پەیوەست (متصل السند) دەوترێ .
3. مەبەست پێی (السند)ـه، کە به‌م واتایەبێت مەسدەرێکی میمییە.
11. (المسند) بەکەسره‌ی نونەکه:
ئەوەیە کە فەرموودە ریوایەت دەکات بەسەنەدەکەی خۆی ئیتر ئایا ئەوەی کە له‌لایه‌تی زانایە پێی یان تەنها ڕیوایەتەو هیچی تر.
12. فەرموودەناس (المحدث)
ئەیەوەیە کەسەرقالە بەزانستی فەرموودەوه، لەرووی گێڕانەوە(روایه‌) و پێزانین (درایه‌)ـەوه، و ئاگای بەزۆری ریوایەتەکان و چۆنیەتی ڕاوییەکان هەبێت .
13. (الحافظ) دوو قسەی لەسەرە:
أ. لەلای زۆربه‌ی فەرمودەناسان هاومانای (محدث)ـه.
ب. وتراوە کە پلەی بەرزترە لە (محدث)، بەجۆرێك کە ئەوەی کە لە هەر (طبقة) ئاستێکدا، کەدەیزانێت زیاترە لەوه‌ی کە بێ ئاگایە لێی .
14. (الحاکم):
ئەوەیە کە زانستەکەی قاڵە بەسەر هەموو فەرمودەکاندا، بەجۆرێك کە هیچی لەدەست دەرنەچووە لێیان تەنها کەمێك نەبێت، ئەمەش لەسەر رای هەندێ لە ئەهلی عیلم .
بەناوبانگترینی کتێبەکانی فەرموودەناسی علوم الحدیث):
1. (المحدث الفاصل بین الراوی والواعی) :
(قاضی ابو محمد الحسن بن عبدالرحمن بن خلاد الرامهرمزی) دایناوه، کە لەساڵی (360ك)دا کۆچی دوایی کردووه، بەڵام سەرجەم باسەکانی (مصطلح)ـی، لەخۆ نەگرتووە هەر کەسێکیش کە سەرەتای کتێب دانانی بیت لە هەر بابەتێکا یان لەهەر زانستێکدا بەزۆری هەر وایە.
2. (معرفة علوم الحدیث):
(ابو عبداللە محمد بن عبداللە الحاكم النیسابوري) دایناوه، کە لەساڵی (405ك) کۆچی دوایی کردووه، به‌ڵام باسەکانی پوخت نەکردووه، وہ شێوازێکی رێکخستنی هونەری گونجاوی بەکارنەهێناوە.
3. (المستخرج على معرفة علوم الحدیث):
(ابو نعیم أحمد بن عبداللە الأصفهانی) دایناوه، کە لەساڵی (430ك) کۆچی دوایی كردووه‌.
لە رێساکانی ئەم زانستەدا ئەو شتانەی کە (حاکم) لەکتێبی (معرفة علوم الحدیث) دا لەدەستی داون، ئەم هێناونی بەڵام چەند شتێكیشی تەرك كردووه، كە بۆ کەسێ کە لە دوایەوە کاری لەسەر بكات دەتوانێ ئەو شتانەش بهێنێ.
4. (الكفایة في علم الروایة‌):
(أبوبكر أحمد بن علي بن ثابت الخطیب البغدادي)ـی دایناوە کە لەساڵی (463ك)ـی کۆچی دوایی کردووه، ئەم كتێبە پرە لە نوسینەوەی بابەتەکانی ئەم زانستە و رونكردنەوه‌ى رێساکانی ریوایەت، وە بەشکۆمەندترینی سەرچاوەکانی ئەم زانستە دادەنرێت.
5. (الجامع لأخلاق الراوي وأداب السامع):
ئەمیش (الخطیب البغدادث) دایناوه، کتێبێکە دەربارەی ئادابه‌کانی ریوایەت باس دەكات هەر وەك بەناوەکەیدا دیاره، کتێبێکە لەبواری خۆیدا تاکەو کرۆکەکەی زۆر گرنگه، مەگەر زۆر بەکەمی دەنا لەسەرجەم بابەتەکانی زانستی فەرمودەدا (الخطیب) کتیبی سەربەخۆی تیادا داناوە جا وایە، کە(الحافظ ابوبکر بن نقطة‌) دەلێت : هەر کەسێك کە ویژدانی هەبێت، دەزانێ کە فەرموودەناسەکانی دوای (الخطیب) هەموویان پێویستیاری کتیبەکانی ئەون .
6. (الألماع إلى معرفة أصول الرواية وتقييد السماع):
(القاضي عياض بن موسى اليحصبی) دایناوە کە لەساڵی (544ك)، کۆچی دوایی کردووە کە کتێبێکی گشتگیر نییە بۆ سەرجەم باسەکانی زانستی (مصطلح)، بەڵکو لەسەر ئەو شتانە کورت هەڵهێنراوه، کە پەیوەستن بەچۆنیەتی وەرگرتن و دانەوەی فەرمودەو ئەو بابەتانەی کە لەمانە دەبنەوە، بەڵام لەبابەتەکەی خۆیدا زۆر باشه، و لەرووی پیوەندی و رێکخستنیشەوە زۆر جوانە.
7. (ما لا يسع المحدث جهله) :
(ابو حفص عمر بن عبدالمجيد الميانجي) دایناوه، کە لەساڵی (580ك) کۆچی دوایی کردووه، کە جوزوەیەکی بچووكه، و سوودی گەورەو زۆری نییە.
8. (علوم الحدیث) :
(أبو عمرو عثمان بن عبدالرحمن)ـی، شارەزووری ناسراو بە (ابن الصلاح) دایناوه،
سالى (643 ك ) دا، کۆچی دوایی کردووە وە ئەم كتێبەی لەناو خەڵکدا بە(مقدمة ابن الصلاح) ناسراوه، و لە بەپیتترینی کتێبەکانی (مصطلح )ـه، کە دانەرەکەی تیایدا ئه‌و شتانەی کە جیاوازن له‌م بارەوه، لەکتێبەکانی (الخطیب)، و ئەوانەی پیش ئەو کۆیکردۆتەوە وە کتێبێکی پر لە سوودە بەڵام لەسەر شێوازێکی گونجاو رێکی نەخستووه، چونکە شت لەدوای شت وتویەتیەوە و یەکی خستووە وە لەگەڵ ئەمەشدا پاڵپشتێك بووە بۆ ئه‌و زانایانەی کە لە دوایەوە هاتوون، هەیە کورتیکردۆتەوه، هەیە رێکی خستووه، هەیه به‌رەنگاری بوتەوە و هەیە پالپشتی لێ کردووه.
9. (التقریب والتسییر لمعرفة سنن البشیر النذیر):
(محي الدین یحیى بن شرف النواوي) دایناوە کە لەساڵی (676ك) دا کۆچی دوایی کردووە وە ئەم كتێبەی کورت کردنەوەیە بۆ کتێبی (علوم الحدیث)ـی (ابن صلاح) وہ کتێبێکی باشە بەڵام جارجارە عیبارەتەکانی داخراو و ره‌قن .
10. (تدریب الراوي في شرح تقریب النواوي):
(جلال الدین عبدالرحمن بن ابی بکر السیوطي) دایناوە کە لەساڵی (911 ك ) کۆچی دوایی کردووە کە شەرحی کتێبی (تقریب النواوي) یە هەر وەك لەناوەکەیەوە دیارە کە دانەرەکەی تیایدا سودێکی زۆری کۆکردۆتەوە.
11. (نظم الدرر في علم الأثر):
(زین الدین عبدالرحیم بن الحسین العراقي) دایناوه، کە لەساڵی (806ك) کوچی دوایی کردووە کە بەناوی (الفیة العراقي) ناسراوه، کە تیایدا (علوم الحدیث)ـی (ابن الصلاح)ـی هۆندۆتەوە وە شتی لەسەر زیاد کردووه، زۆر باشە و سوودمەنده، چەندەها شەرحی لەسەر کراوه، لەوانە دووشەرحی خودی دانەرەکەیەتی .
12. (فتح المغیث في شرح الفیة الحدیث): 
(محمد بن عبد الرحمن السخاوی) دایناوە کە لەساڵی (902ك) کوچی دوایی کردووه شەرحی کە لەسەر کتێبی (الفیة العراقي) کە لە فراوانترین و دەوڵەمەندترینی شەرحەکانی ئەلفیەیە
13. (نخبة الفكر في مصطلح أهل الأثر):
(الحافظ ابن حجر العسقلاني) دایناوە کە لەساڵی (852ك) کۆچی دوایی کردووە جوزوەیەکی بچوکە و زۆریش کورتە بەڵام لەسوودمەندترینی کورتیلەکانەو باشترینيانه ‌لەڕووی رێکخستنەوە تیایدا دانەرەکەی رێبازێکی لەرێکخستن و دابەشکاری داهێناوە کە لە پێشیەوە کەسی تر نه‌ی کردووە وە هەر دانەرەکەشی شەرحی کردووه، کەناوی ناوه‌
(نزهة النظر)هه‌ر وه‌ك هى تریش شه‌رحیان كردووە.
14. (المنظومة البيقونية‌):
(عمر بن محمد البیقوني) دایناوه، کەلەسالی (1080ك ) کوچی دوایی کردووە کە لەو کتێبە کورتانەیه، کە هۆندنەوەى بۆ كراوە کە لەسی و چوار دێر تێپەر ناكات وە بە کتێبە بەسوودە ناسراوەكان دادەنرێت، و چەندەها شەری لەسەرکراوە.
15. (قواعد التحدیث) :
(محمد جمال الدین القاسمي) دایناوه، کەلەسالی (1332ك) کوچی دوایی کردووه، و كتێبێکی دارێژراو و نووسراوی بەسووده.

کورداندنی زاراوەکانی فەرمووده: 
1.(علوم الحدیث): فەرموودەناسی.
2. (الحدیث): فه رمووده.
3. (الخبر): هەواڵ. 
4. (الأثر) : ریچکه. 
5. (السند): رشته.
6. (المتن) : تیکست. 
7. (المحدث): فەرموودەناس. 
8. (المشهور): بەناوبانگ.
9. (المستفيض): بڵاوەوەبوو.
10. (العزيز): دەگمەن.
11. (معمول به ): کار پێ کراو.
12. (غیر معمول به ): کار پی نه کراو.
13. (الصحیح): ساغ.
14. (الإجماع): کۆرِا. 
15. (الحسن) : جوان و شیرین.
16. (المحتف بالقرائن): وەرگیراوی نیشاندار.
17. (المقبول): وەرگیراو.
18. (ناسخ الحديث ومنسوخه): فەرمودەی سڕیارو فەرموده‌ی سڕراوه.
19. (الخبر المردود): فەرمودەی لادراو.
20. (الضعيف): لاواز
21. (المرسل): بەرەڵاکراو.
22. (المعضل): ئالۆزاو.
23. (المنقطع): پچڕاو.
24. (المعلق): هه ڵپەسێراو.
25. (المدلش ) : فەرموده‌ی فێل تیاکراو.
26. (المرسل الخفی ): بەرەڵاكراوی شاراوه
27. (المردود بسبب الطعن في الراوي) : بەرپەرچ دراوە بەهۆى تانەدان لەگێرەرەوه.
28. (الفسق) : خراپەکاری.
29. (المبتدع): بیدعەچی.
30. (الجهالة): نەفامی.
31. (فحش الغلط ): هەڵەی زه‌ق و زۆرو بێتام.
32. (سوء الحفظ ): خراپی هێزی لەبەرکردن.
33. (الغفلة): بێ ئاگایی
34. (كثرة الأوهام): زۆری وەهم و خەیال.
35. (مخالفة الثقات): پێچەوانە بوونەوە لەگەڵ متمانەپێکراواندا.
36. (الموضوع ) : فەرموودەی هەڵبەستراو.
37. (المنكر): فەرموودەی نەناسراو.
38. (المعروف): فەرموودەی ناسراو.
39. (المعلل): فەرموودەی عەیبدار.
40. (المخالفة للثقات): دژایەتی کردنی متمانەپێکراوان.
41. (المقلوب): فەرموودەی وەرگەڕاوە.
42. (المزيد في متصل الأسانید): باسی زیاده لەسەنەدی پەیوەست دا.
43. (المضطرب): فەرموودەی شڵەقاو.
44. (المصحف): گۆڕینی وشەیەك لەنێو فەرموودەکەدا.
45. (الشاذ و المحفوظ): فەرموودەی ناوێزه و پارێزراو.
46. (الجهالة بالراوي): بێ ئاگابوون له حالی گێڕەڕەوه.
47. (بدعة): داهێنان وزياده چێتی.
48. (سوء الحفظ): خراپی هێزی لەبەرکردن.
49. الحديث القدسي): فەرموودەی پیرۆزی خودا.
50.(المرفوع ): فەرموودەی بەرزکراوه.
51. (الموقوف): فەرموودەی وەستێنراو.
52. (المقطوع): فەرموودەی برِدراو.
53. (المتصل): فەرموودەی پەیوەست.
54. (زيادات الثقات): زیادەی کەسانی بڕوا پێکراو.
55. ( العدالة): ڕاستاڵی
56. (من حدث و نسي): کەسێك که فەرموودەی گێڕاوەتەوە و لەبیری چوەتەوه.
57. ( صيغ الأداء) : شێوازەکانی گەیاندن ودانەوه.
58. (صفة رواية الحديث) شێوازی گێڕانەوەی فەرمووده.
59.(طرق التحمل و صيغ الاداء):ڕێبازەكانى وەرگرتن وشێوازەكانی دانەوە.
60. (السماع من لفظ الشیخ):بيستن لەخودى دەربڕينی مامۆستاكە.
61.(القراءة على الشيخ):خوێندنەوە بەسەر مامۆستاكەدا.
62.(الاجازة): مۆڵەت پێدان.
63.(المناولة): پێ بەخشين.
64.(كتابة): نوسينەوە.
65.(الاعلام): پێ ڕاگەياندن.
66.(الوصية): وه‌سیه‌ت پێ كردن.
67.(الوجادة): بینینه‌وەو ده‌ستكه‌وتن.
68.(صفة رواية الحديث): شێوازی گێرانه‌وه‌ى فه‌رمووده‌.
69.(غريب الحديث): ده‌سته‌واژەنامۆكانی نێو فه‌رمووده‌.
70.(لطائف الاسناد): جوانيەكانی رشتە.
71.(معرفة الرواة): ناسينى گێڕەڕەوەكان.
72.(العالي والنازل): سەنەدی بەرزی و نزمى.
73.(مسلسل): زنجيرەيی.
74.(رواية الاكابر من الاصاغر): گێڕانەوەى گەورە لە بچوك.
75.(رواية الاباءو عن الابناء): گێڕانه‌وه‌ی باوك لە كور.
76.(رواية الابناء عن الاباء): گێڕانه‌وه‌ى كوڕ لە باوك.
77.(المدبج ورواية الاقران): گێڕانه‌وه‌ی هاوته‌مه‌ن لە هاوته‌مه‌ن.
78.(معرفة الرواة): ناسينى گێڕەوەكان.
79.(معرفة الصحابة): ناسينی هاوەڵان.
80. (معرفة التابعین): ناسینی شوێنکەوتوان.
81. (معرفة الأخوة والأخوات): ناسینی براو خوشکەکان.
82. (المتفق و المتفرق): وەك یەك و جودا.
83. (المهمل): وەلانراو.
84. (المبهمات): ناسینی شته نادیارەکان.
85. (لقب): ناز ناو.
86. (معرفة تواريخ الرواة): ناسینی مێژووی گێڕەرەوەکان .
87. (طبقات الرواة): چینەکانی گێڕەرەوەکان.
88. (معرفة الثقات والضعفاء من الرواة): ناسینی گێڕەرەوە بڕوا پێکراو و لاوازەکان.
89. (معرفة أوطان الرواة وبلدانهم): ناسینی نیشتمان و شاری گێڕەرەوەکان.
90. (المصنف): کتیب.

ئامادەکردنی: ستافی زانستی ماڵپەڕی ئیبن صەلاحی شارەزوور


 

 
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.