دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئوسامەى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى ئوسامەى كوڕی زەیدی كوڕی حارثهى كوڕی شەراحیلی كوڕی كەعبی كوڕی عەبدولعوززاى كەلبیە.[1]

زەیدی باوكى یەكێك بوو لە هاوەڵانى خۆشەویستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە لە جەنگى موئتەدا شەهید بوو.

ئوسامە كوڕێكى رەنگ رەش  بوو و لووتى پان بوو. [2]

دایكی ناوى ئەیمەنە كە شیردەرى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[3]

ئوسامە لە سەرى دایكیەوە برایەكى هەبوو ناوى ئەیمەنى كوڕی عوبەید بوو، عوبەید لە رۆژی جەنگى حونەیندا شەهید بوو.[4]

ژنەكەى ئوسامە ناوى زەینەبی كچی حەنظهلەى كوڕی قەسامەى كوڕی قەیس بوو كە دواتر تەلآقی دا.[5]

هەروەها فاطمهى كچی قەیسی بە هاوسەر گرت، ئەمەش دواى ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو پێشنیارەى كرد، كاتێ فاطمه تەلآق درا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى كرد لە فاطيمهى كچی قەیس تا ماوەى عیددەكەى (واتە ماوەى پاش تەلآق) لە ماڵی ئیبن ئوم مەكتوم بێت،[6] دواتر دوو كەس چوونە داواى فاطيمه، یەكێكیان ناوى موعاویە بوو، ئەمە موعاویەى كوڕی ئەبوو سوفیان نەبوو، چونكە بە هەڵە هەندێ وادەزانن ئەم موعاویە بووە،[7] ئەوى تریشیان ئەبوو جەهم بوو، فاطمه هات و پرسی كرد بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى (أما أبوجهم فلا يضع عصاه عن عاتقه، أما معاوية فصعلوك لا مال له)، (سەبارەت بە ئەبووجەهم ئەوە هەر داردەسەكەى لەسەرشانى داناگرێ، موعاویەش گیرفان بەتاڵەو هیچ سامانێكی نیە)، پاشان رێنمایی كرد شوو بكات بە ئوسامەى كوڕی زەید، فاطمهش شووی پێكرد.[8]

ئوسامە دوو كوڕى هەبوو بە ناوى موحەممەد و حەسەن كە فەرموودەیان لە باوكیانەوە گێڕاوەتەوە.[9]

ئوسامە لە سەردەمى ئیسلامدا لەدایكبوو، كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد تەمەنى 20 ساڵ بوو، دەوترێ بەڵكو هەژدە ساڵ بوو،[10] دەشوترێ بەڵكو نۆزدە ساڵ بوو،[11] ئەمە واتە لە ساڵی سێی پێغەمبەرایەتى یان ساڵی چوار یان پێنجى پێغەمبەرایەتى لەدایك بووە.

كونیەكەى ئەبووموحەممەدە، دەوترێ بەڵكو كونیەكەى ئەبووزەیدە، یان دەوترێ ئەبوو یەزید، یان ئەبوو خارجە،[12] ناسراوە بە (الحب بن الحب) واتە (خۆشەویستى كوڕی خۆشەویست)،[13] هەروەها ناسراوە بە خۆشەویستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)(حبّ رسول الله)، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەى داوە بە خۆشەویستى زۆری بۆى وەك دەفەرموێت (إن أسامة بن زيد لأحب الناس إليّ أو من أحب الناس إليّ وأنا أرجو أن يكون من صالحيكم فاستوصوا به خيراً)[14] (ئوسامەى كوڕی زەید خۆشەویستترین كەسە لەلام یان لە خۆشەوستترین كەسانە لەلام منیش هیوام وایە لە كەسە چاكەكانتان بێت، دەى چاك بن لەگەڵیدا).

هەروەها دایكمان عائیشە دەفەرموێت گوێم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو فەرمووى (من أحب الله ورسوله فليحب أسامة بن زيد)[15] (هەركەس خواو پێغەمبەرى خواى خۆشدەوێ با ئوسامەى كوڕی زەیدی خۆش بوێت)، لە دەقێكى تردا ئەفەرموێت ( من احبني فليحب أسامة[16] واتە (كێ منى خۆشدەوێ با ئوسامەشی خۆش بوێت).

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئوسامە و حەسەنى كچەزاى خۆی دەگرتە كۆش و یەكێكیانى لەسەر رانێكى و ئەوی تری لەسەر رانەكەى تری دادەنا و دەیفەرموو (اللهم إنی أحبهما فأحبهما)[17] (خوایە من ئەم دوانەم خۆش ئەوێن دەى تۆیش خۆشت بوێن)، لە ریوایەتێكى تردا هاتووە دەیفەرمو (خوایە رەحمیان پێ بكە چونكە من رەحمم هەیە بۆیان)، (اللهم ارحمهما فإنى أرحمهما).[18]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر نازى ئوسامەى رادەگرت و گرنگی پێدەدا، دایكمان عائیشە لەو بارەوە دەگێڕێتەوە جارێكیان ئوسامەى كوڕی زەید لەبەردەرگا بوو، سەری بەر لاتەنیشتی دەرگاكە كەوت و سەری بریندار بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە منى فەرموو بۆی بسڕە، بەڵام من بێزم لێكردەوەو نەمتوانى بۆى پاكراگرم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی بۆی سڕی و پاكى كردەوەو فەرمووى (لو كان أسامة جارية لكسوته وحليته حتى أنفقه[19] (ئەگەر ئوسامە كیژۆڵەیەك بوایە، جلم دەكردە بەر هەتا خەرجیشم دەكێشا).

ئەویش هەردەم هاودەمى خۆشی و نارەحەتیەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، ئەوەتا كاتێ ئیبراهیمی كوڕی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد  و ئەسپەردەیان كرد یەكێ لەو كەسانەى دابەزیە ناو گۆڕەكەى ئیبراهیم ئوسامەى كوڕی زەید بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەكەنارى گۆڕەكەوە دانیشتبوو،[20] هەروەها لەپێش ئەسپەردەكردنیدا كاتێ بینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەگری ئوسامە هاوارى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێگرى لێكرد، ئوسامە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆم بینی دەگریایت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو گریان لە سۆزەوەیە و هاواریش لە شەیتانەوەیە.[21]

هەر وەك بۆ ئەسپەردەكردنى تەرمى ئوم كلثومى كچی پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) یەكێك لەوانەى دابەزیە ناو گۆڕەكەى ئوسامەى كوڕی زەید بوو،[22] پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فرمێسك بە چاوانیەوە بوو.[23]

رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر ولآخێ بوو، دەچوو بۆ سەردانى سەعدى كوڕی  عوبادە، ئوسامەى كوڕی زەیدیش لەدوایەوە لەگەڵیدا سەركەوتبوو، ئەمەش لەپێش جەنگى بەدردا بوو، داى بەلاى كۆڕێكدا كە موسڵمان و جوولەكە و بتپەرستیشى تێدابوو، عەبدوڵاى كوڕی ئوبەى كوڕی سەلولیش لەوێ بوو، هەروەها عەبدوڵاى كوڕی رەواحەش لەوێ بوو، كاتێ تەپوتۆزى ولآخەكە بەر كۆڕەكە كەوت، عەبدوڵاى كوڕی ئوبەى لووتى خۆی بە عەباكەى داپۆشی، ئینجا وتى تۆزمان بەسەردا مەكەن، پغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەلامى بۆ كردن و دواتر وەستا و بانگى كردن بۆ لاى خوا و قورئانى بەسەریاندا خوێندەوە، عەبدوڵاى كوڕی ئوبەى كوڕی سەلول وتى هۆ كابرا، ئەوەى تۆ دەیڵێیت ئەگەر حەق بێت لەوە باشتر نیە، دەى ئیتر لە مەجلیسەكانماندا بێزارمان مەكە و برۆرەوە بۆ شوێنی خۆت، هەركامان هات بۆ لات بۆى بخوێنەرەوە و قسەى خۆتى بۆ بكە، عەبدوڵاى كوڕی رەواحە وتى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەرە مەجلیسمان ئێمە دڵخۆشین بەوە، موسڵمان و بێباوەڕ و جوولەكەكان بەینیان شلۆق بوو، خەریك بوو بدەن بە یەكدا، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئارامى كردنەوە، ئینجا سوارى ولآخەكەى بوویەوە و چوو بۆ لاى سەعدى كوڕی عوبادە.[24]

لە جەنگى بەدردا ئوسامە نەچوو بۆ جەنگەكە و لەگەڵ عوثمانى كوڕی عەففاندا مایەوە،[25] بە فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەریەك لە عوثمان و ئوسامە لاى روقییە مانەوە،[26] كاتێ روقیییەى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خێزانى عوثمانى كوڕی عەففان وەفاتى كرد، ئوسامە لەگەڵ عوثماندا سەرقاڵ بوو بە ئەسپەردەكردنى تەرمى روقییەوە، لەو كاتەدا عوثمان دەنگى اللە أكبرى بیست، وتى ئوسامە ئەوە چیە؟ كە چوون سەیریان كرد زەیدی باوكى ئوسامەیە موژدەى شكستی بێباوەرانى هێناوە.[27]

لە جەنگى ئوحوددا ئوسامە چوو تا بەشدارى جەنگەكە بێت، بەڵام لەبەر كەمى تەمەنى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێی نەدا بەشدار بێت، وەك چۆن چەند هاوەڵێكى تریشی گێڕایەوە كە ئەوانیش تەمەنیان كەم بوو.[28]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە عەرەفە ئیفاضهى دواخست و چاوەڕێی ئوسامەى كوڕی زەیدى كرد، كاتێ هات رەنگ رەشێكى لووت پان بوو خەڵكى یەمەن وتیان لەبەر ئەمە ئاوا دواخراین؟[29]

لە حەجكردنى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) ئوسامە بەشدارى كرد و بە جلەكەى سێبەرى دەكرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا لە گەرما بیپارێزێ[30]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئوسامە چوون بۆ لاى ثابتی كوڕی رەبیع كە لە سەرەمەرگدا بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە حاڵی بینی بە خەڵكەكەى راگەیاند ثابت خەریكە دەمرێت،  ژنەكانى ناو ماڵەكە گریان، خێرا ئوسامە كەوتە رێگریكردن لە گریانیان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (دعهن يبكين ما دام بين أظهرهن فإذا وجب فلا أسْمَعَنَّ صوت باكية[31] (وازیان لێ بهێنە تا لەناویاندایە با بگرین، كاتێ گیانى دەرچوو ئیتر هیچ دەنگى گریانێ نەبیستم).

ئوسامەى كوڕی زەید دەڵێت رۆژێك لە جەنگێكدا لەگەڵ موسڵمانێكدا گەیشتین بە بێباوەڕێك، كە شمشێرمان لێهەڵكرد وتى أشهد أن لا إلە إلا اللە، بەڵام ئێمە وازمان لێنەهێنا و كوشتمان، كاتێ هاتینەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مەسەلەكەمان بۆ باسكرد، فەرمووى ئەى ئوسامەى ئەی چی ئەكەیت بە لا إله إلا الله (يا أسامة من لك بلا إله إلاّ الله)، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا ئەو لەبەر پەنادان و لە ترسان واى وت تا نەیكوژین، فەرمووى ئەى ئوسامە ئەى چی ئەكەیت بە لا إله إلا الله، سوێند بەوەى گیانمى بەدەستە هێندە وتیەوە حەزم دەكرد چی ماوەى موسڵمانبوونم هەیە نەبوایە و ئەو رۆژە موسڵمان بوومایە، وتم بەڵێن ئەدەم بەخوا هەرگیز كەسێ نەكوژم كە بڵێت لا إله إلا الله.[32]

لە دەقێكى تردا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (ألا شققت قلبه فتعلم صادق هو أم كاذب)[33] (ئەرێ دڵیت لەت كرد تا بزانیت راست ئەكات یان درۆ دەكات).

كاتێ فاطمهى كچی ئەبیلئەسەد دزى كرد و بڕیار درا دەستى ببڕدرێت، كەس و كارو هۆزەكەى هاتن بۆ لاى ئوسامە تا لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآیان بۆ بكات، كاتێ ئوسامە ویستى قسەی لەسەر بكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێی پێ نەدا و تێیگەیاند ئەوە سنوورى خوایە و ئەگەر بۆ فاطمهى كچی خۆیشی بێ جێبەجێی دەكات.[34]

جارێك حەكیمی كوڕی حیزام جلوبەرگى (ذي يزن)ى بە دیارى هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)لێی وەرنەگرت و فەرمووى من دیارى كەسی بێباوەڕ وەرناگرم، دوایی كە فرۆشتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو كەسەی وەرگرتەوە كە كڕیبووى (كڕیەوە) و كردیەبەرى، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كردیە بەرى ئوسامەى كوڕی زەید، حەكیم كە ئەوەى دى وتى بەخ بەخ ئەى ئوسامە جلوبەرگەكەى (ذي يزن)ت لەبەرە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو تۆش پێی بڵێ بۆ چی تیایە، خۆ من لەو باشترم و باوكیشم لە باوكى ئەو باشترە.[35]

ئوسامە بەشدارى ئەو سریەیە بوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناردنى بۆ حرقە و تیایدا ئوسامە میرداسی كوڕی عەمری فەدەكى كوشت،[36]چونكە میرداس ئەو نێردراوەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كوشت كە ناوى غالبی كوڕی عەبدوڵا بوو،[37] ئەمەش هەمان ئەو كەسە بوو كە كاتێ ئوسامە ویستى بیكوژێت شایەتومانى هێنا، بەڵام ئوسامە كوشتی و لەسەر ئەوەش پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەركۆنەى كرد.[38]

لە رووداوى ئیفكدا كە تیایدا دووڕوان بوختانیان دروستكرد بۆ دایكی باوەڕداران عائیشە و دواتر خوا بە دەقی ئایەت پاكى عائیشەى سەلماند و دووروویی دوروەكان دەركەوت، لەو ماوەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئوسامەى كوڕی زەید و عەلى كوڕی ئەبوو طالیبی بانگكرد تا سەبارەت بە دووركەوتنەوەى لە عائیشە راوێژیان پێ بكات ، ئوسامە شایەتى پاكى بۆ دا و وتى تەنها خێر و چاكەمان لێ دیوە، عەلیش پێی وت خوا بارت سەخت ناكات و ئافرەتى تریش جگە لەو زۆرن جا ئافرەتێ بانگ بكە تا راستیەكەت بۆ تەئكید بكاتەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بورەیرەى بانگ كرد و لێی پرسی ئەى بورەیرە هیچت دیوە كە گومانت لا دروست بكات، وتى نا سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە.. هتد.[39]

لە فەتحى مەككەدا كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە ناو كەعبە یەكێك لەوانەى لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) چوونە ژوورەوە ئوسامەى كوڕی زەید بوو.[40]

لە جەنگى حونەیندا كاتێ سەرەتا موسڵمانان شكستیان خوارد بڕێ لە هاوەڵان لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مانەوە، یەكێك لەوانە ئوسامەى كوڕی زەید بوو.[41]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەپێش وەفاتیدا بڕیارى دا هێرش بنێرێت بۆ سەر رۆمەكان، بۆ ئەوەش سوپایەكى پێكهێنا كە گەورە هاوەڵانى وەك عومەرى كوڕی خەطابیشی تێدابوو،[42] ئوسامەى بانگ كرد و پێی فەرموو (بڕۆ بۆ شوێنى كوژرانى باوكت و بیانخەرە ژێر پێی ئەسپەكان، وا من تۆم كردە بەرپرسی ئەم سوپایە).[43]

رۆژی چوارشەممە تاو نارەحەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) داگرت، بەڵام رۆژی پێنج شەممە خۆی چوو ئالآكەى دایە دەست ئوسامەى كوڕی زەید، لەنێو سوپاكەیدا ئەبووبەكرى صدیق و عومەرى كوڕی خەطاب و ئەبوو عوبەیدەى كوڕی جەراح و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و چەندین هاوەڵی تری گەورە هەبوون، لەسەر ئەوە كەسانێ نارەزاییان دەربڕی، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەواو توورەبوو و لەتاو ئازاریش سەری بەستبوو، چوویە سەر مینبەر و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر فەرمووى (ئەى خەڵكینە ئەو قسەو باسە چیە لە هەندێكتانەوە پێم گەیشتوەتەوە سەبارەت بەوەى ئوسامەم بە ئەمیر داناوە، ئەگەر تانە دەدەن لە ئەمیرایەتى ئوسامە پێشتریش تانەتان دا لەوەى باوكیم بە ئەمیر دانا، ئەرێ بەخوا ئەو كەسە بۆ ئەمیرایەتى دروست كرابووو دواى خۆیشی كوڕەكەشی بۆ ئەمیرایەتى دروست كراوە...)[44]

بەڵام ئوسامە خێرا نەچوو چونكە هەواڵی نەخۆشی پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) بیست، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد، لەو كاتەدا ئوسامە لە ناوچەی (ذي خشب) بوو،[45] دواتر لەسەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا ئەو سوپایە بە سەركردایەتى ئوسامە بەڕێكەوت، هەرچەندە داوا كرا تا خەلیفە ئەبووبەكر جارێ ئەو سوپایە نەنێرێ بەڵام ئەو رازى نەبوو سوپایەك بوەستێنێ كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەڕێی كردبوو، ئامادەش نەبوو ئەو سەركردەى لا ببات كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داینابوو، تەنها داواى لە ئوسامە كرد رێ بدات عومەر نەچێت تا یارمەتى بدات، چونكە ئەوكات زۆرێك لە عەرەبەكان لە ئیسلام هەڵگەرابوونەوە، ئوسامەش رێی پێدا، ئوسامە چوو و هێرشی برد و سەركەوتنى بەدەستهێنا.[46]

لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا ئوسامە رۆڵێكى كاراى هەبوو، لەوانە لە جەنگى هەڵگەراوەكاندا رۆڵی بینی، كاتێ عەباسی كوڕی ئەبی رەبیعە ویستى عەبدوڵاى كوڕی وەهب بكوژێ ئوسامە رێی پێنەدا، چونكە موسەیلەمە كاتێ گەیشتبوو بە ئەو عەبدوڵایە و هاوڕێیەكى و داواى كردبوو بكەونە شوێنی، ئەوان رازى نەبوون، بۆیە هاوڕێكەیان خستە ناو ئاگر و سووتاندیان، ناچار عەبدوڵاش بە رووكەش كەوتە شوێن موسەیلەمە، كاتى جەنگى یەمامە لەگەڵ موسەیلەمە كەوتە بەردەستى عەبباس و ویستى بیكوژێت ئوسامە رێی پێ نەدا و پێ وت ئەو سووتاندنى هاوڕێكەى ترساندوویەتى، وا ئێستا هاودەم بە موسڵمانان دەجەنگێت.[47]

كاتێ عومەرى كوڕی خەطاب مووچەی بڕیەوە بۆ خەڵكى، بڕی پێنج هەزارى بۆ ئوسامەى كوڕی زەید دیارى كرد، بەڵام دوو هەزارى بڕیەوە بۆ عەبدوڵاى كوڕی عومەر، عەبدوڵا وتى فەزڵى ئوسامەت دا بەسەرمدا لەكاتێكدا من لە جەنگ و رووداوەكاندا بەشداریەكى وام هەبووە كە ئەو نەیبووە، عومەر وتى ئوسامە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە تۆ خۆشەویستتر بوو و باوكى ئوسامەش لە باوكى تۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆشەویستتر بوو.[48]

لەكاتى فیتنەى نێوان هاوەڵاندا ئوسامە یەكێك بوو لەوانەى كەنارى گرت و بەشدارى ناو فیتنەكە نەبوو،[49]ئوسامە پێشتر بەڵێنى دابوو بەخوا هیچ كەسێك نەكوژێت كە وشەى لا إلە إلا اللەى وتبێ،[50] واتە بەرامبەر هیچ موسڵمانێ نەجەنگێ.

ئوسامە لە كۆتاییەكانى تەمەنیدا چوو بۆ ناوچەی (المزة) لە دەورووبەرى دیمەشق، دواتر گەڕایەوە بۆ وادیلقورا، دواتر چوو بۆ ناوچەی جەرف لە نزیك مەدینە،[51]ئەو ماوەى لە ناوچەى وادیلقورا بوو ماوەى سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكرى صدیق بوو.[52]

ئوسامە لە كۆتا رۆژانى سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبوو سوفیاندا وەفاتى كرد، لە ساڵى پەنجا و نۆی كۆچی یان دەوترێ ساڵی پەنجا و چوارى كۆچی،[53] دەشوترێ بەڵكو دواى شەهیدبوونى عوثمانى كوڕی عەففان لە ناوچەى الجرف وەفاتى كرد و تەرمەكەى برایەوە بۆ مەدینە،[54] دەشوترێ بەڵكو لە وادیلقورا كۆچی دوایی كردووە.[55]

هەریەك لە ئەبووهورەیرەو ئیبن عەباس و ئەبوو وائیل و ئەبوو عوثمانى نەهدى و عوروەى كوڕی زوبەیر و ئەبووسەلەمە و ئەبوو سەعید و عامرى كورى سەعد و ئەبوو ظبيان و عەطائی كوڕی ئەبی رەباح و حەسەن و موحەممەدى كوڕی فەرموودەیان لێوە گێڕاوەتەوە.[56]



[1] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص75، أسد الغابة، ج1، ص101، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص49، سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص496.

[2] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص75، أسد الغابة، ج1، ص103.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص49.

[4] - أسد الغابة، ج1،ص242.

[5] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص1852، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص671.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص69.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة،ج6، ص303.

[8] - صحيح مسلم، الرقم 2801.

[9] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص497.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص49.

[11] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص75.

[12] - أسدالغابة، ج1، ص102.

[13] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص75، البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص254.

[14] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36318.

[15] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 24683، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31686، فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 1480، ضعفه الألباني في الجامع الصغير و زيادته، الرقم 12579.

[16] - صحيح مسلم، الرقم 5368، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4229، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19594.

[17] - صحيح البخاري، الرقم 3570 و 5680، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31567، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6944 و 6956 و 6957.

[18] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 21317، صححه الألباني في مشكاة المصابيح، الرقم 6140.

[19] - سنن ابن ماجة، الرقم1981، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 24535 و 25305، صحيح ابن حبان، الرقم 7181، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31689، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 4478، حسنه شعيب الأرناؤوط، صححه الألباني في الجامع الصغير و زيادته، الرقم 9410.

[20] - أسد الغابة، ج1، ص64.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص139.

[22] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص1952، الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص289.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص289.

[24] - صحيح البخاري، الرقم 5924، صحيح مسلم، الرقم 3460، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 21301، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6296.

[25] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص1842، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص649.

[26] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص304.

[27] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص1842، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص649.

[28] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص15.

[29] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص75.

[30] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص196.

[31] - أسد الغابة، ج1، ص311.

[32] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1638، أسد الغابة، ج1، ص103.

[33] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص19.

[34] - البداية والنهاية لابن كثير، ج2، ص144، الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص60.

[35] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص504.

[36] - استيعاب، ج3، ص1386.

[37] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص317.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج6، ص514.

[39] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص162، سير أعلام النبلاء للذهبي، الرقم 2، ص156.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص450.

[41] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص151.

[42] - أسد الغابة، ج1، ص104.

[43] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190.

[44] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190.

[45] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص305.

[46] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190-191.

[47] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص265.

[48] -  الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص76، أسد الغابة، ج1، ص102-103.

[49] - أسدالغابة، ج5، ص118.

[50] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1638، أسد الغابة، ج1، ص103.

[51] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص49.

[52] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص56.

[53] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص77.

[54] - أسد الغابة، ج1، ص103.

[55] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص497.

[56] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص497.

 3259
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.