دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (ئونەیس) بووە

ئونەیس(ئەبووفاطمه)(رضي الله عنه):

ناوى ئونەیسە، دەشوترێت بەڵكو ناوى ئیاسە، پاش فەتحى میصر نیشتەجێی میصر بوو، كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە فەرموودەیەكى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە،[1] بەڵام فەرموودەكە لە كتێبەكانى تایبەت بە فەرمودەدا نەهاتووە.

دەوترێ بەڵكو ئەم هاوەڵە ئونەیسی كوڕی ضحاكى ئەسلەمیە.[2]

ئونەیسی كوڕی جەنادە (رضي الله عنه):

ناوى ئونەیسی كوڕی جەنادەى كوڕی سوفیانى كوڕی عوبەیدی غیفاریە، برا گەورەى ئەبووذەر بوو،[3] ئونەیس شاعیر بوو،[4] دایكی ناوى رەملەى كچی وەقیعەى غیفاری بوو.[5]

ئەم هاوەڵە سەر بە هۆزى غیفارە،[6]غیفاریش لە پێش موسڵمان بوونیاندا ناوبانگێكى باشیان لە ناوچەكەدا نەبوو  چونكە كەسانێكیان تێدا بوون كە بە چەتەو رێگر ناسرابوون،[7] بەڵام بڕێ كەسی زۆر مەرد و چاكیان تێدا بوو، یەكێك لەوانەش ئونەیسى كوڕی جەنادە بوو.

ئونەیس لەگەڵ ئەبووذەرى براى و دایكیدا پێكەوە دەژیان، دواتر نەبوونى و وشكە ساڵی ناچاری كردن شوێنی خۆیان جێ بهێڵن و بچن بۆ لاى خاڵوانیان لە نەجد، دواتریش ئەوێیان جێهێشت بەرەو لاى مەككە، ئەبووذەر چوویە مەككەو هەواڵی هاتنى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بیست و دواتر چوویە خزمەتى و موسڵمان بوو، دواتر گەڕایەوە بۆ لاى ئونەیسی براى و دایكی وبانگی كردن بۆ ئیسلام، ئەوانیش موسڵمان بوون و گەڕانەوە بۆ لاى هۆزەكەیان تا پەیامى ئیسلام بگەیەنن بەهۆزەكەشیان و لەوەشا سەركەوتوو بوون.[8]

بەڵام لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە ئەبووذەر كاتێ هەواڵی هاتنى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بیست، ئونەیسی براى نارد بۆ مەككە تا هەواڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بزانێت، ئەویش چوو و هەواڵی وەرگرت و گەڕایەوە بۆ لاى ئەبووذەر و بەسەرهاتەكەى بۆ باس كرد و وتى بینیم فەرمانى دەكرد بە كارى چاكەو شتێكى دەوت كە شیعر نەبوو، بەڵام ئەبووذەر دڵی ئارامى نەگرت و خۆی چوو بۆ مەككەو لەوێ وردەكارى وەرگرت و چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[9]

ئونەیسی كوڕی عەتیك(رضي الله عنه):

ناوى ئونەیسی كوڕی عەتیكە، یان دەوترێت ناوى ئەوسە،[10] بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت لەوانەیە ئەو دوو ناوە جیاواز بن و براى یەك بن نەك یەك كەس بن.[11]

ئەم هاوەڵە لە پشیتوانانە لە بەنى عەبدولئەشهەل،[12] لە جەنگى (جیسر ئەبووعوبەید) دا كوژرا.[13]

ئونەیسی ئەسلەمى (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیاوەو فەرمانى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) پەیڕەو كردووە و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك نێردراو ناردوویەتى بۆ چارەسەری كێشە،[14] فەرموودەیەكى لەبارەوە گێردراوەتەوە كە كاتێ كێشەیەكى كۆمەلآیەتى هەبوو پەیوەست بە زیناكردنى پیاو و ژنێك، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئونەیسی ئەسلەمى نارد تا بزانێت ئافرەتەكە دان بەوەدا دەنێت؟ ئەگەر دانى پێدا نا رەجمى بكات، ئەویش چوو بۆ لاى ژنەكەو ژنەكەش دانى نا بەوەدا، بۆیە رەجمى كرد.[15]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص202.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص139.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص136.

[4] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5430.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج6، ص107.

[6] - الطبقات لابن خياط ج1 ص32، أسد الغابة ج1ص57، الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص15، الاستيعاب ج1 ص135.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 3355، صحيح مسلم، الرقم 4709.

[8] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5430، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 772.

[9] -  صحيح البخاري، الرقم 3670، صحيح مسلم، الرقم 4625، أسد الغابة، ج6، ص107.

[10] -  أسد الغابة، ج1، ص201.

[11] -  الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص137.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص201، الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص137.

[13] - أسد الغابة، ج1، ص201.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص138.

[15] -  صحيح البخاري، الرقم 2595، صحيح مسلم، الرقم 3296، صحيح ابن حبان، الرقم 4501، سنن ابن ماجة، الرقم 2545، سنن الترمذي، الرقم 1391، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5786، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15741، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16714،المعجم الكبير للطبراني،  الرقم 5038.

 1772
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.