دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (ئیاس) بووە

ئیاسی كوڕی بوكەیر (رضي الله عنه)

ناوى ئیاسی كوڕی بوكەیری كوڕی یالیلى كوڕی ناشبى كینانى لەيثيه،[1] ئەم هاوەڵە لە دەستەى یەكەمى كۆچەرانە.[2]

ئیاس سێ براى تری هەبوو كە ئەوانیش هەموویان هاوەڵ بوون، عاقل و عامر و خالید، ئەو برایانەى هەموویان پێكەوە بەشدار بون لە غەزاى بەدردا.[3]

عاقلی براى یەكەم كەس بوو لە ماڵی ئەرقەمدا موسڵمان بوو و بەیعەتى دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[4] ناوى غافل بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوەكەى كرد بە عاقل.[5]

عامری برایشی لە ماڵی ئەرقەمى كوڕی ئەرقەمدا موسڵمان بوو و لە موسڵمانە یەكەمینەكان بوو،[6]ئەم برایەشی لە غەزاى یەمامەدا شەهید بوو.[7]

خالیدی برایشی لە رۆژی رەجیع لە تەمەنى سی و چوار ساڵیدا شەهید بوو.[8]

ژنەكەى ئیاس ناوى رەبیعی كچی میعوەذ بوو كە ئەویش موسڵمان بوو و بەیعەتى دابوو بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دایكی موحەممەدى كوڕی ئیاس بوو.[9]

ئیاس لە دواى غەزاى بەدر ئەو ژنەى هێناوە، بە بەڵگەى گێڕانەوەیەك كە رەبیعى ژنى دەگێڕێتەوەو دەڵێت رۆژى هاوسەرگیریەكەم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ ماڵمان و دوو كیژ گۆرانییان دەوت، لە گۆرانیەكەیاندا دەفیان لێدەدا و باسی باوباپیرانی منیان دەكرد كە لە بەدر كوژران و دەشیانوت پێغەمبەرێكمان تێدایە كە دەزانێت سبەینێ چی دەبێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەم قسەیان مەڵێن.[10]

ئیاس كوڕێكى هەبوو بە ناوى موحەممەد، بەڵام هیچ بەڵگە نیە لەسەر هاوەڵبوونى موحەممەدى كوڕی،[11] كچێكیشی هەبوو بە ناوى مەریەم.[12]

سەردەمى موسڵمانبوونى زۆر زوو بوو، بانگەواز هێشتا لە ماڵی ئەرقەمى كوڕی ئەرقەمى مەخزوومیدا بوو ئیاسی كوڕی بوكەیر موسڵمان بوو.[13]

ئیاس پاش كۆچكردنى بۆ مەدینەو مانەوەى لەوێ، لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى غەزاكانى بەدر و ئوحودو خەندەق و هەموو غەزاكانى تر بوو و تا دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا.[14]

لە غەزاى بەدردا ئیاس لەگەڵ سێ براكەى تریدا بەشداری كرد، لەو غەزایەدا عاقلی برای شەهید بوو.[15]

پێش غەزاكە بۆ زانینی هەواڵی كاروانەكەى قوڕەیش، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەند كەسێكی نارد بۆ هەواڵ وەرگرتن، یەكێك لەو كەسانە خالیدی براى ئیاس بوو.[16]

ئیاس لە دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بەردەوام بوو لە خزمەتكردنى ئیسلامدا و لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد.[17]

گێڕانەوەیەك لە ژیاننامەى رەبیعی ژنى ئیاسدا هاتووە كە لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا روویداوە، لەبەرئەوەى ئیاس لە ساڵی 34 كۆچیدا وەفاتى كردووەو نەشهاتووە رەبیعی ژنی شووى كردبێتەوە، بۆیە دەكرێت بڵێین ئەو رووداوە لەگەڵ ئیاسدا روویداوە، لە سەردەمى خەلیفە عوثمانى كوڕی عەففاندا رەبیعی ژنی لەگەڵ مێردەكەى كێشەیەكى بۆ دروست بوو و وتى هەرچیم هەیە دەیدەم بە تۆ بەڵام تەلآقم بدە، ئەویش رازى بوو، ئەوەبوو هەر چی شتی ژنەكەى هەبوو بردی جگە لە قەڵغانێك كە مابووى، رەبیع ئەوەى پێ نەدا، مێردەكەشی چوو بۆ لاى عوثمان و سكالآى لا كرد، عوثمانی كوڕی عەففانیش بە رەبیعی وت دەبێت مەرجەكە بەجێ بگەیەنیت.[18]

لە ساڵی سی و چوارى كۆچیدا ئیاس وەفاتى كرد.

 

ئیاسی كوڕی ثهعلەبە (رضي الله عنه)

ناوى ئیاسی كوڕی ثهعلەبەیە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە، سەبارەت بە ناوى راجیایی هەیە، دەوترێت ناوى ثهعلەبەیە، یان دەوترێت ناوى سەهلە، بەڵام راستتر ئەوەیە ناوى ئیاسەو كونیەكەشی ئەبوئومامەیە كە زیاتر بەمەش ناسراوە.[19]

لە غەزاى بەدردا ویستى هاودەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى بكات، بەڵام دایكی نەخۆش بوو، خاڵۆی ئیاس كە ناوى ئەبوو بوردە بوو داواى لە ئیاس كرد تا لاى دایكی بمێنێتەوە، بەڵام ئیاس رازى نەبوو و وتى دەبێت بەشدارى بەدر بم تۆ لاى خوشكەكەت بمێنەرەوە، دواتر ئەبوبوردە مەسەلەكەى بردە لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش فەرمانى كرد بە ئیاس تا لاى دایكی بمێنێتەوە، ئەویش لاى دایكی مایەوە، كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە غەزاى بەدر گەڕایەوە بیستى دایكی ئیاس كۆچی دوایی كردووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی مردووى لەسەر دایكی ئیاس كرد.[20]

ئەمە بەڵگەیە لەسەر گەورەیی رێزگرتن و خزمەتكردنى دایك لە ئیسلامدا، هەروەها گرنگیدان بە نەخۆش و خزمەتكردنى ئاماژەیەكى گەورەی ناو ژیاننامەى پێغەمبەری خوایە (صلى الله عليه وسلم)، ئەمەش پێچەوانەى پەیامى بیر و فەلسەفەی كۆنی رۆژئاوایە كە داخوازن نەخۆشان لە كۆمەڵگەدا لەناوبرێن و خۆسەرقاڵكردن بە نەخۆشەوە نەبێت، بەڵام لە ژیاننامەى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) دەبینین هەر لە غەزاى بەدردا عوثمانى كوڕی عەففانى لاى خێزانە نەخۆشەكەى هێشتەوە تا خزمەتى بكات و رێی دا بەشدارى غەزاى بەدرى یەكەم غەزاى ئیسلام نەكات تا لەبری ئەوەدا خزمەتى خێزانە نەخۆشەكەى بكات، وا بۆ ئیاسیش فەرمانى كرد لەبری بەشدارى لە بەدردا خزمەتى دایكە نەخۆشەكەی بكات.

ئیاسی كوڕی عەبەس(رضي الله عنه)

ناوى ئیاسی كوڕی عەبەسی كوڕی ئومەییەی كوڕی رەبیعەى صەباحیە، برایەكى هەبوو بە ناوى قائیف كە هەردووكیان هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون و وەك وەفد هاتون بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[21]

ئیاسی كوڕی عەبد(رضي الله عنه)

ئیاسی كوڕی عەبد ئەبوو عەوفی موزەنیە، لەو هاوەڵانەیە كە لە كووفە نیشتەجێ بوو، كونیەكەى ئەبوفوراتە.[22]

ئیاس رۆژێك چوویە بازاڕ، بینی خەڵكێك سەرقاڵن ئاو دەفرۆشن، ئیاس پێی وتن ئاو مەفرۆشن چونكە من لە پێغەمبەرى خوام بیستووە كە رێگرى دەكرد لە ئاوفرۆشتن.[23]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێگرى كردووە لە فرۆشتنى ئاوى زیاد لەپێویست.[24]

وەستانێك:

سەبارەت بە رێگرى لە فرۆشتنى ئاو چەند رایەك هەیە، هەندێ لە زانایان پێیان وایە ئەو فەرموودەیە نەسخ بوەتەوەو دروستە ئاو بفرۆشرێت، هەندێكى تر رایان وایە دروست نیە ئاوى زیاد لە پێویستى خۆ بفرۆشرێت، ئاو دوو جۆرە: ئەوەى كە موڵكى گشتیە دروست نیە لێی بفرۆشرێت و بۆ هەموانە، بەڵام ئەوەى موڵكی تایبەتیە دروستە لێی بفرۆشرێت.[25]

هەروەها ئەو ئاوەى كە كەسێك بۆ پێویستى لە تەنكیدا هەڵیدەگرێت، ئەوە بە زیادە دانانرێت بەڵكو پێویستى ئەو كەسەیە، بەڵام زیادە لەوەدایە كە لە بیر یان كارێزدا هەیە.

فرۆشتنى ئاو لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هەبووە وەك بیرى رومان كە هى جوولەكەیەك بوو و ئاوى دەفرۆشت بە موسڵمانان، ئەوەبوو عوثمانى كوڕی عەففان نیوەى بیرەكەى كڕی، عوثمان لە رۆژەكەى خۆیدا بە خۆڕایی ئاوى دەبەخشی، ئەوەبوو جوولەكەكە بازاڕی داى لە كزى.

جا ئەگەر فرۆشتنى ئاو رەوا نەبوایە ئەوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێی نەدەدا بە فرۆشتنى ئاو با كابراش جوولەكە بێت، چونكە بڕیارەكانى ئیسلام تایبەت نین بە پەرسشتى شەخصی دوور لە دەسەلآت، بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حاكمى مەدینە بووەو بڕیارەكانیشی پەیڕەو كراون، بۆیە دەكرێت ئەو فەرموودەى رێگری كردن لە ئاو فرۆشتنە وەك كەراهیەت تایبەت بە موسڵمانان هاتبێت نەك وەك ئەمرى واجب، واتە موسڵمانان كە بزانن كەسانى تر پێویستیان بە ئاوەو ئەوانیش ئاویان لەخۆیان زیادە بێت و ئەو ئاو بەخشینەش زیان نەگەیەنێت بە موڵكى تایبەتییان، دروست وایە ئاوەكە نەفرۆشن وەك چۆن ئیمامى عوثمان وایكرد، ئەمە ئەگەر لە موڵكی تایبەت بوو، بەڵام ئەگەر ئاوەكە موڵكی گشتى بوو ئەوە بۆی نیە لێی بفرۆشێت.

ئیاسی كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى ئیاسی كوڕی عەبدوڵاى فەهریەو كونیەكەشی ئەبوعەبدورەحمانەو زیاتریش بە كونیەكەی ناسراوە.[26]

ئیاس لە غەزاى حونەیندا هاودەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانى تر بەشدارى غەزاكە بووە، بەسەرهاتێكى خۆی دەگێڕێتەوە لەو غەزایەداو دەڵێت لە رۆژێكى زۆر گەرمدا لە جەنگى حونەیندا بووین، منیش جلى جەنگم پۆشی و چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە لە خێوەتەكەیدا بوو، پاش سەلام كردن وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێستا كاتى چوونە، ئەویش فەرمووى بەڵێ .. كە چووین و گەیشتین بە دوژمن، موسڵمانان شكان و پشتیان هەڵكرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەى بەندەكانى خوا من بەندەو نێردراوى خوام)، پاشان هەمان شتى فەرموو بە كۆچەران، پاشان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر ولآخەكەى دابەزى و مشتێك خۆڵی هەڵگرت، یەكێك لەو هاوەڵانەى كە لە من نزیكتر بوو لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆی باس كردم وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو خۆڵەی پرژاند بە رووی دوژمناندا و فەرمووى (شاهت الوجوە)، (ئەو دەموچاوانە بێزراو بن)، ئەوەبوو خواى گەورە شكستى تووشی دوژمنان كرد.[27]

 

ئیاسی كوڕی عەبدولئەسەد(رضي الله عنه)

یەكێكە لەو هاوەڵانەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)بەشدار بوو لە فەتحى میصردا و هەر لەوێیش نیشتەجێ بوو.[28]

ئیاسی كوڕی عەدی(رضي الله عنه)

ناوى ئیاسی كوڕی عەددیە و لە هاوەڵە پشتیوانەكانە لە بەنى نەجار.[29]

ئیاسی كوڕی نەجار بەشدار بوو لە غەزاى ئوحوددا و تیایدا شەهید بوو.[30]

ئیاسی كوڕی موعاذ(رضي الله عنه)

ناوى ئیاسی كوڕی موعاذەو لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان.[31]

قسەیەك هەیە لەسەر هاوەڵبوونى چونكە لە باسی ژیانیدا هاتووە پێش كۆچكردنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە هاتوەتە مەككەو گەڕاوەتەوە مەدینەو ماوەیەكى كەم پاش جەنگى بوعاثى نێوان ئەوس و خەزرەج لە مەدینە موعاذ مردووە، ئەوكاتیش گەرمەى تەمەنى لاوێتی بووە.

بەڵام گێڕانەوەیەكى تر هەیە هاوەڵبوونى دەسەلمێنێت، ئەویش ئەوەیە كە ئەبولحەیسەر لەگەڵ دەستەیەك لە گەنجانى بەنى عەبدولئەشهەل هات بۆ مەدینە تا لەوێ هاوپەیمانێتیەكیان دەست بكەوێت، كاتێ هاتن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسی ئەوانى بیست و چوو بۆ لایان و لایان دانیشت و پێی فەرموون شتێكى باشتر لەوەتان ئەوێت كە بۆی هاتون؟ وتیان ئەو شتە چیە؟ فەرمووى من پێغەمبەرى خوام و خوا ناردوومى بۆ بەندەكانى تا بانگیان بكەم بۆ پەرسشتی خواو هاوەڵ بۆ دانەنانى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسی ئیسلامى كرد بۆیان، ئینجا بڕێ لە قورئانى خوێندەوە بەسەریاندا، خێرا ئیاس وتى سوێند بەخوا ئەمە زۆر باشترە لەوەى كە بۆی هاتبووین، بەڵام ئەبولحەیسەر بە پەلآشێ داى بەناوچاویداو وتى وازبێنە بەخوا ئێمە بۆ شتی تر هاتوین نەك بۆ ئەمە، ئیاسیش بێدەنگ بوو، دواتر وەفدەكە چوونەوە، ئەوەبوو رووداوى بوعاث لەنێوان ئەوس و خەزرەجدا روویدا، هێندەى نەبرد كە ئیاس لەناوچوو، كەسانى نزیكی و خزمانى دەڵێن بەردەوام دەمانبینی ئیاس دەیوت (لا إلە إلا الله) و (الله أكبر) و (الحمد لله) و (سبحان الله)، واتە ئەمەى بە دەنگى بەرز دەوت و خزمانیشی گوێیان لێ بوو، بۆیە هیچ گومانیان نەبوو لە موسڵمان بوونى.[32]

ئیبن سەعد هێناویەتى ژمارەى ئەو كەسانەى لەگەڵ ئەبولحەیسەر چوون پانزە كەس بوون كە یەكێكیان ئیاس بوو، وایان نیشاندا كە بۆ عومرە دەچن، لەوێ بۆ هاوپەیمانێكی قورەیش دەگەڕان دژ بە خەزرەج، ئەمانە یەكەم دەستەى پشتیوانان بوون كە پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليه وسلم) بینی لە ناوچەی (ذي المجاز)، هەروەها هێناویەتى سێ كەس لە خزمانى ئیاس دەیانوت بەردەوام ئیاسمان دەبینی تا مردنى دەیوت لا إلە إلا الله.[33]

دەبێت ئیاس لەكاتى بینینى پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) موسڵمان بووبێت، هەر بۆیە ئەو مەشخەڵە ئیسلامی و پەیامە یەكخواپەرستیانەى لا إلە إلا الله و الله أكبرى وەرگرتووەو وتوویەتیەوە، خودى وتن و دووبارەكردنەوەى ئەو دروشمە یەكخواپەرستیانەش لەلایەن ئیاسەوە ئاماژەن بە ویستى راگەیاندنى موسڵمان بوونى خۆی و گەیاندنیشی بە دەورووبەری.

ئیمامى ئیبن كەثير لە كتێبەكەیدا (البدايةو النهاية) ناونیشانێكی داناوە بە ناوى (موسڵمانبوونى ئیاسی كوڕی موعاذ) وەك ئەوەى هیچ گومانێك نەبێت لە موسڵمانبوونەكەى.[34]

بەو پێیەى یەكەم دەستەى پشتیوانان كە گەیشتبن بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەم دەستە شانزە كەسیە بوون و لەناویاندا تەنها موسڵمانبوونى ئیاسی كوڕی موعاذ هاتووە، كەواتە دەبێتە بەڵگەى ئەوەی ئیاس یەكەم پشتیوانى بووە موسڵمان بووە و یەكەم پشتیوانیش بووە بە باوەڕدارى وەفاتى كردووە.

ئیاسی كوڕی هیلال(رضي الله عنه)

ناوى ئیاسی كوڕی هیلالی كوڕی ریئابی موزەنیە، كوڕێكى هەبوو بە ناوى قوررە، هەریەك لە ئیاس و قوررەى كوڕیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بون.[35]

موعاویەى كوڕی قوررە كە نەوەى ئیاسە دەگێڕێتەوە كە قوورەى باوكى بۆی گێڕاوەتەوە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئیاسی باپیرەى ناردووە بۆ كوشتنى پیاوێك كە باوەژنەكەى خۆی(ژنى باوكى) بە هاوسەر گرتبوو و چووبوویە لاى، فەرمانى پێكرد پاش كوشتنیشی سامانەكەى پێنج یەك بكات، ئیاسیش چوو بۆ ئەوێ و داى لە گەردنى ئەو كەسە.[36]

وەستانێك:

زانایان لەسەر ئەوە كۆكن ئەوەى لەگەڵ ژنى باوكیدا زینا بكات یان هاوسەرگیری بكات ئەوا لە هەردوو بارەكەدا سنووری خواى بەزاندووەو كەوتوەتە حەرامەوە، سەبارەت بە پەیڕەوى حوكم و سزادانى بۆ یەكەمیان سزاى زیناكارى بەسەردا دەدرێت، بۆ سزادانى دووەم كە بریتیە لە بەهاوسەرگرتنى ژنی باوكى (باوەژن) لەگەڵ بوونى ئیجماع لەسەر تاوانباربوونى و حەرامى ئەو كارەى، بەڵام بۆ پەیڕەوى حەد لەسەری راجیایی هەیە، راى جمهوور لەسەر ئەوەیە ئەگەر ئافرەتێكى مەحرەمى هێنا لە خوشك یان دایكی یان ئەوەى كە هاوسەرگیری لەگەڵی حەرامە و گواستیشیەوە (واتە جیماعى لەگەڵ كرد) ئەوە حەددى زیناكارى لەسەر جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ئەبوو حەنیفە پێی وایە ئەگەر كەسێك باوەژنەكەى بهێنێتەوەو بشزانێت لەسەری حەرامە ئەوا هێشتا حەددى لەسەر واجب نیە، چونكە پێی وایە عەقدى هاوسەرگیری ئەو حەددەى لەسەر ناهێڵێت.

شەوكانى لە باسی ئەم فەرموودەیەدا (كە لە بەرائی كوڕی عازبەوە هێناویەتى دەڵێت خاڵۆمم بینی ئالآیەكى پێ بوو وتم بۆ كوێ دەرۆیت وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناردوومى بۆ كوشتنى پیاوێك كە باوەژنەكەى خۆی(ژنى باوكى) بە هاوسەر گرتووە و چووەتە لاى و پاش كوشتنیشی سامانەكەى ببەم) دەڵێت: ئەم فەرموودەى بەڵگەى ئەوەی تێدایە كە ئیمام و دەسەلآتدارى وڵات بۆی هەیە فەرمان بكات بە كوشتنى هەركەس كە پێچەوانەى حەرامكراوێكی یەكلاكراوەى شەریعەت بجووڵێتەوە وەك ئەم مەسەلەیە، چونكە خواى گەورە دەفەرموێت (وَلا تَنْكِحُوا ما نَكَحَ آبَاؤُكُمْ من النساء)، دەبێت ئەوە لە فەرموودەكە وەربگرین ئەو كەسەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە كوشتنى دەیزانى ئەو شتە حەرامەو لەبەر بەحەلآڵ كردنى ئەنجامی دابوو، ئەمەش هۆی كافربوونەو مورتەدیش دەكوژرێت لەبەر ئەو بەڵگانەى هاتون..[37]

ئیاسی كوڕی وەدقە (رضي الله عنه)

ناوى ئیاسی كوڕی وەدقەیە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان،[38] بەشدار بوو لە جەنگى یەمامەدا و تیایدا شەهید بوو.[39]

ئیاسی كوڕی ئەوس(رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵە ناوى ئیاسی كوڕی ئەوسی كوڕی عەتیكە، لە پشتیوانانە لە بەنى عەبدولئەشهەل.[40]

ئەوسی باوكیشی لە هاوەڵان بوو كە لە جەنگى جیسر ئەبووعوبەیددا كوژرا.[41]

رایەكى تر ناوى ئیاسی بە ئەنەس هێناوەو دەڵێت ئەوس كوڕێكی هەبوو بە ناوى ئەنەس كە لە جەنگى ئوحوددا بەشدار بوو و لە جەنگى خەندەقدا شەهید بوو.[42]

دەوترێت لە غەزاى ئوحوددا شەهید بوو، دەشوترێت بەڵكو لە غەزاى خەندەقدا شەهید بوو.[43]



[1] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص124، أسد الغابة، ج1، ص231، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص163.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص231.

[3] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهانى، الرقم 896، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص163.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص112.

[5] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص37.

[6] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص124.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص163.

[8] - أسد الغابة، ج2، ص112.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص447.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص447.

[11] - أسد الغابة، ج5، ص83.

[12] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 7530.

[13] - أسد الغابة، ج1، ص231.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص163.

[15] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص65.

[16] - أسد الغابة، ج2، ص112.

[17] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص421، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص163.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص447.

[19] - أسد الغابة، ج6، ص20، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص19.

[20] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهانى، الرقم 894، أسد الغابة، ج6، ص20، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص19.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص166.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص165.

[23] - سنن ابن ماجة، الرقم 2473، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15147، سنن الترمذي، الرقم 1229، صحيح ابن حبان، الرقم 5029، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 10342، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 781، مستخرج أبي عوانة، الرقم 4272، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 2476.

[24] - سنن أبوداوود، الرقم 3034، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6070.

[26] - أسد الغابة، ج1، ص234.

[27] - صحيح مسلم، الرقم 3415، مسند أحمد بن جنبل، الرقم 21870، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36318، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18566.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص165.

[29] - أسد الغابة، ج1، ص235.

[30] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص126.

[31] - أسد الغابة، ج1، ص238.

[32] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22991، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 840، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 895، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 691، تاريخ الطبري، ج1، ص557، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص167، أسد الغابة، ج1، ص238، البدايةو النهاية لابن كثير، ج3، ص148، تاريخ الإسلام للذهبي، ج1، ص288.

[33] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص438.

[34] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج3، ص148.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 168.

[36] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6989، سنن ابن ماجة، الرقم 2604، سنن الدارقطنى، الرقم 3012، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11901، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 892، مسند الرويانى، الرقم 923، صصحه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 2607.

[37] - نيل الأوطار للشوكانى، ج7، ص 286.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 168.

[39] - أسد الغابة، ج1، ص239.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص163.

[41] - أسد الغابة، ج1، ص201.

[42] - أسد الغابة، ج1، ص186.

[43] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص163.

 2976
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.