دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (بوسر) بووە

بوسری كوڕی جیحاش (رضي الله عنه)

ناوى بوسری كوڕی جیحاشی قورەیشیە،[1] لە شام نیشتەجێ بوو، دواجاریش لە حیمص كۆچی دوایی كرد.[2]

بوسرى كوڕی جیحاش دەڵێت رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) (بەڵغەمێكى) كردە سەر دەستى و دواتر پەنجەى شایەتومانى خستە سەری، ئینجا فەرمووى (يقول الله عز وجل: أنى تعجزني ابن آدم وقد خلقتك من مثل هذه، فإذا بلغت نفسك هذه قلت أتصدق، وأنى أوان الصدقة)، (خواى گەورە دەفەرموێت ئەی ئادەمیزاد چۆن لەدەستم دەردەچیت لەكاتێكدا من لە شتێكى وا دروستم كردویت، كاتێك گیانت گەیشتە ئەوێت-ئاماژەی كرد بۆ قوڕقوڕاگەى- ئینجا دەڵێیت چاكە دەكەم، ئەوكات كەى كاتى چاكەكردنە؟).[3]

ئەمە ئاماژەیە بەو ئایەتەى قورئان كە خواى گەورە حاڵی سەرەمەرگى كەسانى خراپ باس دەكات و دەفەرموێت (وأنفقوا مما رزقناكم من قبل أن يأتي أحدكم الموت فيقول رب لولا أخرتني إلى أجل قريب فأصدق وأكن من الصالحين)، (ببەخشن لەو رۆزیەى پێمان بەخشیون پێش ئەوەى هەركامتان مەرگ پێی بگات ئیتر ئەوكات دەڵێت خوایە بریا كەمێك مەرگت دوادەخستم تا چاكەبكەم و خێرو بەخشین بكەم و لە پیاوچاكان بم).

بەراستی مرۆڤ لە ئاست مەرگدا بەرچاو قایمە و ترسی نیە لەوەى كت و پڕ مەرگ بێت و بەری پێ بگرێت، بۆیە چاكەى بیرچوەتەوە تا ئەو كاتەى مەرگ دێت، ئینجا رادەچڵەكێت و ئاواتەخواز دەبێت وادەى مەرگى كەمێك دوابكەوێت تا دەست بكات بە خێر و چاكەكردن، بۆ چارەسەری ئەم دەردە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هانمان دەدات زۆر بیری مەرگ بكەین تا لە ئاست ئارەزووبازى دنیادا سەركەوتوو بین وەك دەفەرموێت (أكثروا من ذكر هادم اللذات[4] (زۆر بیری لەناوبەری چێژەكان بكەن) واتە مەرگ كە تاسەی راكەڕاك بەدواى ئارەزووەكاندا ناهێڵێت و سنوورێك بۆ ئارەزووبازى دادەنێت.

بوسری كوڕی سوفیان (رضي الله عنه)

ناوى بوسری كوڕی سوفیانى كوڕی عەمری كوڕی عوەیمرە، ئەم هاوەڵە لە خوزاعیەكانە، یەكێك بوو لە گەورە و خانەدانەكان.[5]

دەوترێت بوسری كوڕی سوفیان لە ساڵی شەشەمى كۆچیدا موسڵمان بووە.[6]

بوسرى كوڕی سوفیان وەك هەواڵگری پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ مەككە،[7] هەروەك لە رێككەوتنى حودەیبیەدا هەواڵی قورەیشیەكانى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەرگرت.[8]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكى نارد بۆ خوزاعەو تیایدا هەریەك لە بودەیل و بیشر و سەرەواتى بە بەڕێزترینی خەڵكى تیهامە ناو بردووە، ئەمەش دەقی نامەكەیە (بسم الله الرحمن الرحيم ، من محمد رسول الله إلى بديل وبشر وسروات بني عمرو ، فإني أحمد إليكم الله الذي لا إله إلا هو ، أما بعد فإني لم أثم بالكم ولم أضع في جنبكم ، وإن أكرم أهل تهامة علي أنتم ، وأقربهم رحما ومن تبعكم من المطيبين ، وإني قد أخذت لمن هجر (يعني) هاجر منكم مثل ما أخذت لنفسي ، ولو هجر (هكذا أملى علينا وإنما هي هاجر) بأرضه غير سكن (يريد ساكن مكة) إلا معتمرا أو حاجا، وإن لم أضع فيكم إذا سلمت وإنكم غير خائفين من قبلي ولا محصرين، أما بعد فإنه قد أسلم علقمة بن علاثة وابنا هوذة ، وتبعا يعني : وبايعا وهجرا (يعني) وهاجرا على من تبعهم من عكرمة، وأخذ لمن تبعه منكم مثل ما أخذ لنفسه، وإن بعضنا من بعض أبدا في الحل والحرم، وإنني والله ما كذبتكم، وليحييكم ربكم)،[9] نامەكەش بە دەستنووسی عەلى كوڕی ئەبووطالیب نووسرابوو.[10]

لە رێككەوتنى حودەیبیەدا كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستى بچێت بۆ عومرە و نیازى جەنگى نەبوو، كە گەیشتە عوسفان گەیشت بە بوسری كوڕی سوفیان، لەوێ بوسری كوڕی سوفیان هەواڵی پێدا چۆن قورەیش هاتوونەتە سەر رێی و ناهێڵن بچێت.[11]

لە فەتحى مەككەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەریەك لە بودەیل و بوسری كوڕی سوفیانى نارد بۆ لاى بەنى كەعب تا ئاگاداریان بكاتەوە بێن بۆ غەزاى فەتحى مەككە.[12]

بوسری كوڕی سولەیمان (رضي الله عنه)

ناوى بوسری كوڕی سولەیمانە، كچێكی هەبوو بە ناوى سەعیە كە دەڵێت بوسری باوكى دەیوت فەرموودەم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیستووەو لەدوایەوە نوێژم كردووە.[13]

بوسری كوڕی عەبدورەحمان (رضي الله عنه)

ناوى بوسری كوڕی عەبدورەحمانى حەضرەمیە، دواتر لە حیمص نیشتەجێ بوو.[14]

بوسری كوڕی عصمە (رضي الله عنه)

ناوى بوسری كوڕی عصمەیە و لە موزەنیەكانە، یەكێك بوو لە گەورەكانى موزەینە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە لە كتێبەكانى فەرموودەدا نەهاتووە، بەڵام ئیبن حەجەر لە (الإصابة) دا هێناویەتى، ئەویش لە ئەبووبیشری ئامەدیەوە كە دەڵێت بوسر لە پێغەمبەری خواى (صلى الله عليه وسلم) بیست دەیفەرموو (هەركەس ئازارى جوهەینە بدات ئەوە ئازارى منى داوە).[15]

بوسری كوڕی ئەبووبوسر (رضي الله عنه)

ناوى بوسری كوڕی ئەبووبوسری مازنیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە فەرموودەی لە باوكیەوە گێڕاوەتەوەو هاوەڵی پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) بووە.[16]

عەبدوڵاى كوڕی بوسر دەڵێت رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لاى باوكم و لەوێ دانیشت، ئێمەش خواردنمان بۆ بردو لێی خوارد، پاشان خورما هێنرا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خورماكەى دەخوارد و ناوكەكەى دەخستە نێوان پەنجەى شایەتومانى و پەنجەى ناوەڕاستى، پاشان خواردنەوە هێنرا-ئاو یان شیر- خواردیەوە، ئینجا داى بەو كەسەی كە لەلاى راستیەوە بوو، ئینجا باوكم رەشۆی ولآخەكەى گرت و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزامان بۆ بكە، ئەویش فەرمووى (خوایە بەرەكەت بخەرە ئەو رۆزیەى پێت بەخشیون و لێیان خۆش بە و رەحمیان پێ بكە).[17]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە: ناوكى خورماكانى دەخستە سەر دوو پەنجەى شایەتومان و ناوەڕاستى، ئینجا خورماكەى دەوەشاند.[18]

هەروەها لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە عەبدوڵاى كوڕی بوسر دەڵێت باوكم بە دایكمى وت بەڵكو خواردنێك ئامادە بكەیت بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش تریتێكی-تشریب- ئامادە كرد، باوكم چوو پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بانگهێشت كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى خستە سەرى و فەرمووى بەناوى خواوە لێی نەون-لێی بخۆن-، هەموان لەلای خۆیانەوە لێیان دەخوارد، ئینجا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد بۆیان و فەرمووى (خوایە لێیان خۆش بە و رەحمیان پێ بكە و بەرەكەت بخەرە رزقیانەوە).[19]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص270.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 291.

[3] - سنن ابن ماجة، الرقم 2703 و اللفظ له، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17511، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 2707.

[4] - سنن ابن ماجة، الرقم 4255، صحيح ابن حبان، الرقم 3044، سنن الترمذي، الرقم 2284،  السنن الصغرى للنسائي، الرقم 1810، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 1930، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7719، صححه الألباني في إرواء الغليل، الرقم 682.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص292.

[6] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص151.

[7] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص151.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص95.

[9] - أخبار مكة للفاكهي، الرقم 1790.

[10] - أسد الغابة، ج1، ص256.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص292، أسد الغابة، ج2، ص135.

[12] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص151، أسد الغابة، ج1، ص254.

[13] - أسد الغابة، ج1، ص272.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص293.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص294.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص290.

[17] - صحيح مسلم، الرقم 3898، سنن الترمذي، الرقم 3587، سنن أبي داوود، الرقم 3259، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17359.

[18] - صحيح ابن حبان، الرقم 5373.

[19] - سنن الدارمي، الرقم 1997.

 2383
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.