دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  بیلالی كوڕى رەباح(رضي الله عنه)

ناوى بیلالی كوڕی رەباحە، یەكێك بوو لە دەستەى یەكەمى موسڵمان بوانى مەككە، بانگبێژو خۆشەویست و هاوەڵی زۆر نزیكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو،[1] دایكی ناوى حەمامەیە.[2]

دەوترێت لە حەبەشە لەدایك بووە، دەشوترێت بەڵكو لە حیجاز لەدایك بوو،[3] ئیبن كەثير دەڵێت لە مەككە لەدایك بوو.[4]

سەبارەت بە كونیەى بیلال سێ را هەیە: ئەبووعەبدولكەریم، ئەبوو عەبدوڵا، ئەبوو عەمر.[5]

بیلالی كوڕی رەباح كەسێكی لاوازى بالآبەرز بوو، قژی زۆر بوو.[6]

بیلال برایەكى هەبوو بە ناوى خالید، رایەك دەڵێت براى حەق و دایكیەتى، رایەكیش دەڵێت بەڵكو براى ئایینی بووە،[7] بەڵام راى یەكەم راستترە، چونكە ئەگەر مەبەست برایەتى كۆچەران و پشتیوانان بێت ئەوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیلال و ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراحى كرد بە براى یەكتر، یان وەك گێڕانەوەیەكى تر بیلالى لەگەڵ ئەبووروەیحە كرد بە برای یەكتر، ئەگەریش برایەتى گشتى ئایینی بێت ئەوا هەموو هاوەڵان برای ئایینی بیلال بوون.

هەروەك لە گێڕانەوەیەكیشدا هاتووە بیلال داواى ژنى كرد بۆ خالیدی برای، بە خاوەن ماڵەكەى وت ئێمە دوو براى كۆیلە بووین خوا ئازادى كردین، هەژار بووین خوا دەوڵەمەندى كردین، گومڕا بووین خوا رێنموونى كردین، ئەگەر كچمان بدەنێ سوپاس بۆ خوا، ئەگەریش جوابمان بكەن ئەوا دەڵێین (لا إلە إلا الله)، ئەوەبوو كچەكەیان پێدا.[8]

بیلال خوشكێكیشی هەبوو ناوى غەفرە بوو.[9]

بیلال یەكێك بوو لەو دەستە یەكەمینەى كە موسڵمان بوونی خۆیان راگەیاند، وەك لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە یەكەم كەسانێ موسڵمانبوونى خۆیان راگەیاند بریتی بوون لە حەوت كەس: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و عەممار و سومەییەى دایكی عەممار و بیلال و صوهەیب و میقداد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر بە هۆی هۆزەكانیانەوە خوا لە زیانى بێباوەڕان پاراستنى، بەڵام ئەو پێنجەكەى تر لەلایەن بێباوەڕانەوە سزا دەدران، بەرگى ئاسنینیان دەكرایە بەر و دەبرانە بەر گەرماى خۆر، دواجار هەریەك لەوانە داواى دوژمنیان هێنایەدی-واتە بە ناچاری و بە رووكەش داواكەی بێباوەرانیان قبووڵ كرد- جگە لە بیلال كە ئامادەیی نەبوو داواكەیان قبووڵ بكات، ئەوانیش دەیاندایە دەست مێردمندالآن تا رایكێشن بە دۆڵەكانى مەككەدا، ئەویش بەردەوام دەیوت أحد أحد.[10]

بۆ ئەوەى مندالآن رایبكێشن پەتێكیان دەخستە گەردنى و دواتر پەتەكەیان دەدایە دەست مندالآنیان تا رایبكێشن.[11]

لە فەرموودەیەكدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (السباق أربعة أنا سابق العرب وسلمان سابق الفرس وبلال سابق الحبشة وصهيب سابق الروم[12] (پێشكەوتوان چوارن، من پێشكەوتووى عەرەبم، سەلمان پێشكەوتووى فارسە، بیلال پێشكەوتووى حەبەشەیە، صوهەیب پێشكەوتووى رۆمە).

بیلالى كوڕی رەباح كۆیلەى ئومەییەى كوڕی خەلەف بوو، ئومەییەش لەسەر موسڵمانبوونى سزاى سەختى دەدا.[13]

كاتێك بیلال ئازار دەدرا بێباوەڕان پێیان دەوت ئەوە بڵێ كە ئێمە دەیڵێین، بیلالیش دەیوت زمانم پێی ناوترێت-نایەتە سەرزمانم-،[14] وەك ئەوەى بڵێت وا كوفرم وازلێهێناوە زمانیشم نەتوانێت بیڵێتەوە.

جارێك بیلالى كوڕی رەباح لەلایەن قوڕەیشیەكانەوە ئازار دەدرا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەى دیبوو كاتێك گەیشت بە ئەبووبەكر فەرمووى (لو كان عندنا شی و اشترینا بلالا)، (خۆزگە شتێكمان لا دەبوو-پارەیەكمان دەبوو- بیلالمان پێ دەكڕی)، ئەوەبوو ئەبووبەكر گەیشت بە عەبباسی كوڕی عەبدولموطهلیب و وتى بیلالم بۆ بكڕە، عەبباسیش چوو بۆ لاى گەورەكەى بیلال و وتى ئەتوانیت پێش ئەوەى خێر لەو بەندەیەت نەبینیت بیفرۆشیت بە من؟ ئەویش وتى جا چی پێ دەكەیت؟ ئەوە پیسە، ئەوە... عەبباس بیلالى كڕی و ناردى بۆ لاى ئەبووبەكر، ئەویش ئازادى كرد.[15]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە ئەبووبەكر بینی بیلالیان سزا دەداو ئەویش هەر دەیوت ئەحەد ئەحەد، ئەبووبەكر وتى لەسەر چی دەیكوژن خۆ ئەو هەر بەقسەتان ناكات، ئەوانیش وتیان دەى بیكڕە، ئەویش بیلالى كڕی  و ئازادى كرد.[16]

گێڕانەوەیەك هاتووە جارێك بیلال سزا دەدرا، وەرەقەى كوڕی نەوفەل داى بە لایدا و بیلال دەیوت ئەحەد ئەحەد، ئەویش وتى ئەحەد ئەحەد ئەڵلآە ئەى بیلال،[17] بەڵام ذەهەبی دەڵێت ئەمە راست نیە چونكە وەرەقەی كوڕی نەوفەل تا ئەو كاتە نەژیاوە.[18]

لە مەككەدا جارێك ئەقرەع لە گەڵ عویەینە تێپەڕ دەبوون، سەیریان كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ عەممار و صوهەیبو بیلال و خەبباب و چەند موسڵمانێكى ترى لاوازدا دانیشتووە، ئەوانیش گاڵتەیان پێكرد و دەیانوت كاتێ وەفدى عەرەب دێن شەرم دەكەین بمانبینن تۆ لەگەڵ ئەوانەدا دانیشتبیت، هەركات هاتین بۆ لات تۆ ئەوانە دەركە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رازى بوو، ئەوانیش وتیان دەى بەڵێنێكمان بۆ بنووسە، ئەویش ویستى بینووسێت و عەلى كوڕی ئەبوو طالیبی بانگ كرد تا بینووسێت، ئەوەبوو جبریل هات و ئەم ئایەتەى بۆ هێنا (ولا تطرد الذين يدعون ربهم بالغداة والعشي يريدون وجهه ما عليك من حسابهم من شئ وما من حسابك علبهم من شئ فتطردهم فتكون من الظالمين وكذلك فتنا بعضهم ببعض ليقولوا أهؤلاء من الله عليهم من بيننا أليس الله بأعلم بالشاكرين)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەرەقەكەى فڕێ داو ئەو هاوەڵانەى بانگ كردەوەو پێی فەرموون (سلام علیكم)، ئەوانیش دەورەیان لێ دا.[19]

كاتێك هاوەڵان كۆچیان كرد بۆ مەدینەو لەوێ مانەوە، هەریەك لە بیلال و ئەبووبەكرى صدیق تووشی تا بوون، كە ئەبووبەكر تاكەى زیادى دەكرد دەیوت:

كل امريء مصبح في أهله

والموت ادنى من شراك نعله

 

هەركاتیش بیلال تاكەى زیادى دەكرد دەیوت:

 

ألا ليت شعري هل أبيتن ليلة

بواد وحولي إذخر وجليل

 

وهل اردن يوما مياه مجنة

وهل يبدون لي شامة وطفيل

ئینجا دەیوت خوایە نەفرین بكە لە شەیبەى كوڕی رەبیعەو عوتبەى كوڕی رەبیعەو ئومەییەى كوڕی خەلەف چۆن لە خاكى خۆمانەوە دەریانكردین بۆ خاكى دەرد و نەخۆشی، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (اللهم حبب إلينا المدينة كحبنا مكة أو أشد اللهم بارك لنا في صاعنا وفي مدنا وصححها لنا وانقل حماها إلى الجحفة[20] (خوایە مەدینەمان لا خۆشەویست بكە وەك خۆشەویستیمان بۆ مەككە یان زیاتر لەوەش، خوایە بەرەكەت بخەرە رزق و رۆزیمانەوە و تەندروستی بكە بۆمان، تاى مەدینەش بگوازەرەوە بۆ جوحفە).

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەرانەوە، برایەتى خستە نێوان بیلالى كوڕی رەباح و ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراحەوە.[21]

هەروەها كە برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان بیلال و ئەبوروەیحەوە، ئیتر بیلال دەیوت ئەبوروەیحە برامە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (تۆ براى ئەویت و ئەویش براى تۆیە).[22]

كاتێكیش عومەرى كوڕی خەططاب دیوانى دانا و ناوەكانى تۆمار دەكرد، عومەر بە بیلالى وت دیوانت لەگەڵ كێ دادەنێیت؟ ئەویش وتى لەگەڵ ئەبوروەیحە، هەرگیز لێی جیا نابمەوە لەبەر ئەو برایەتیەى كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خستیە نێوانمانەوە.[23]

ئیبن سەعد هێناویەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان بیلال و عوبەیدەى كوڕی حارثهوە.[24]

بیلالی كوڕی رەباح یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەدرو لەو غەزایەدا رۆڵی بەرچاوى هەبوو ، ویستى خواش وابوو لەو غەزایەدا بیلال ئومەییەى كوڕی خەلەفی كوشت.[25]

لە غەزاى بەدردا ئومەییەى كوڕی خەلەف و عەلی كوڕیشی بەشدار بوون، پێشتر ئومەییە هاوڕێی نزیكی عەبدورەحمانى كوڕی عەوف بوو، بەڵام ئامادەیی نەبوو بە عەبدورەحمان بانگى بكات، بۆیە لەسەر ئەوە رێككەوتن ئەگەر بە عەبدولئیلاه بانگى بكات وەڵامى بداتەوە، ئەوەبوو لە جەنگى بەدردا ئومەییە هاوارى كرد عەبد عەمر، بەڵام عەبدورەحمان وەڵامى نەدایەوە، ئینجا هاوارى كرد عەبدولئیلاه، ئیتر عەبدورەحمان وەڵامى دایەوە، ئەوەبوو داواى پەناى كرد... كاتێك بیلالى كوڕی رەباح ئومەییەى بینی وتى رزگارم نەبێت ئەگەر بهێڵم تۆ رزگار بیت، عەبدورەحمان وتى بیلال ئەوە دیلی منە، بیلال وتى رزگارم نەبێت ئەگەر بهێڵم ئەو رزگار بێت، دواتر بیلال تا توانى هاوارى كرد ئەى پشتیوانانى خوا وا سەری كوفر ئومەییەى كوڕی خەلەفە رزگارم نەبێت ئەگەر بهێڵم رزگارى بێت، هاوەڵان دەوریان دان، كەسێك داى لە عەلى كوڕی ئومەییە وكوشتى، ئینجا دایان لە ئومەییەش و ئەویشیان كوشت.[26]

بیلال لە غەزاكانى ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد.[27]

بیلال لەلایەن پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) مزگێنی چوونە بەهەشتی پێ دراوە، وەك لە فەرموودەیەكدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جارێك لە كاتى نوێژی بەیانیدا بە بیلالی كوڕی رەباحى فەرموو (حدثني بأرجى عمل عملته في الإسلام فإني سمعت دف نعليك بين يدي في الجنة)، (ئەى بیلال پێم بڵێ چ كارێكت لە ئیسلامدا كردووتە زۆر دڵی خۆش كردویت و هیوات پێیەتى، چونكە من لە بەهەشتدا گوێم لە تەپەى نەعلەكانت بوو لە پێش خۆمەوە)، بیلال وتى هیچ كارێكم نەكردووە هیوابەخشتر بێت هێندەى ئەوەى هەركات دەستنوێژم گرتبێت شەو بێت یان رۆژ هێندەى بۆم نووسرابێت بەو دەستنوێژە نوێژم كردووە.[28]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە بەیانیەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیلالى بانگ كرد و فەرمووى (يا بلال بم سبقتني إلى الجنة إني دخلت البارحة الجنة فسمعت خشخشتك أمامي)، (ئەى بیلال بە چی پێش من كەوتیت بۆ بەهەشت، من دوێنێ شەو چوومە بەهەشت دەنگى خشەی پێكانى تۆم دەبیست لەپێش خۆمەوە)، بیلال وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەركات بانگم داوە دوو ركات نوێژم كردووە، هەركات دەستنوێژم شكابێت خێرا دەستنوێژم گرتوەتەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بهذا) (دەى بەوە بووە).[29]

لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (بلال سيد المؤذنين يوم القيامة ولا يتبعه إلا مؤمن والمؤذنون أطول الناس أعناقا يوم القيامة[30] (بیلال گەورەى بانگبێژانە لە رۆژی دواییدا، تەنها باوەڕداریش شوێنی دەكەوێت، بانگبێژان لە رۆژی دواییدا درێژترین گەردنیان هەیە).

سەبارەت بە جۆرى بانگدانەكەى بیلال گێڕانەوەیەك هاتووە بەم جۆرە:

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەرەتا بۆ كۆكردنەوەى خەڵك بۆ نوێژ چاوەڕێی خەڵكی دەكرد لە كاتى نوێژەكاندا بێن بۆ نوێژ بێ ئەوەى بانگ بكرێن، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستی وەك بووقەكەى جوولەكە بووقێك دابنێت تا موسڵمانان بانگ بكرێن بۆ نوێژ، بەڵام دڵی نەیگرت و پێی خۆش نەبوو، دواتر فەرمانى كرد بە زەنگ تا بەوە موسڵمانان بانگ بكرێن بۆ نوێژ، لەو حاڵەدا بوو كە عەبدوڵاى كوڕی زەیدی كوڕی عەبد رەببیه لە خەودا بانگى پێ وترا، عەبدوڵا هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەمشەو لەخەومدا كەسێك هات دوو جلى سەوزى لەبەربوو و زەنگێكی بەدەستەوە بوو، وتم ئەی بەندەى خوا ئەو زەنگە دەفرۆشیت؟ وتى بۆ چیتە؟ وتم تا خەڵكی پێ بانگ بكەین بۆ نوێژ، ئەویش وتى ئایا لەوە چاكترت پێ نیشان بدەم؟ وتم چیە؟ وتى بڵێ:

الله أكبر الله أكبر 

الله أكبر  الله أكبر

أشهد أن لا إله إلا الله

أشهد أن لا إله إلا الله

أشهد أن محمدا رسول الله

أشهد أن محمدا رسول الله

حي على الصلاة

حي على الصلاة

حي على الفلاح

حي على الفلاح

الله أكبر الله أكبر

لا إله إلا الله

دواتر كەمێك وەستا و پاشان هەمان شتی وت بەڵام بە تاك هەمووی وت، بەڵام لە كۆتاییدا وتى:  

قد قامت الصلاة قد قامت الصلاة

الله أكبر الله أكبر

لا إله إلا الله

كاتێك ئەو خەوەى گێڕایەوە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى پشت بە خوا ئەو خەوە راستە، دەى هەستە بیڵێ بە بیلال چونكە ئەو دەنگى لەتۆ بەرزتر و باشترە، كاتێك بیلال هەستا ئەو بانگەى دەدا عومەرى كوڕی خەططاب لە ماڵەوە بوو ئەوەى بیست، خێرا هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و عەباكەى رادەكێشا و دەیوت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە من هەمان ئەم خەوەم بینی كە –عەبدوڵا- بینیویەتى، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (فلله الحمد فذاك أثبت[31] (سوپاس بۆ خوا، دەى ئەوە دڵنیاتر و چەسپاوترە).

بەنى ئەبولبوكەیر هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و وتیان خوشكەكەمان مارە بكە لە فلآنەكەس، ئەویش فەرمووى ئەی چۆنە بیدەن بە بیلال، ئەوانیش چوون و قسەیان نەكرد، پاش ماوەیەك هاتنەوەو وتیان خوشكەكەمان مارە بكە لە فلآنەكەس، ئەویش فەرمووى ئەى چۆنە بیدەن بە بیلال؟ ئەوانیش چوون و پاش ماوەیەكى تر هاتنەوەو وتیان خوشكەكەمان مارە بكە لە فلآنەكەس، ئەویش فەرمووى ئەی چۆنە بیدەن بە بیلال، چۆنە بیدەن بە كەسێك لە دارودەستەى بەهەشت، ئەوانیش خوشكەكەیان مارەكرد لە بیلال.[32]

جارێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەردانى بیلالى كرد، بیلال بڕێك خورماى هێنا كە هەڵیگرتبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەوە چیە ئەی بیلال؟ وتى خورمایە ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەڵمگرتووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (أما خفت أن تسمع له بخارا في جهنم ؟ أنفق بلال ولا تخافن من ذي العرش إقلالا[33] (ئایا ناترسیت لەبەرئەوە دەنگى بوخار لە دۆزەخ ببیستیت، ببەخشە ئەی بیلال و مەترسە خاوەنى عەرش كەمى بكاتەوە).

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باس لەو بارە سەختە دەكات كە لەگەڵ بیلال پێكەوە بینیویانە، دەفەرموێت (لقد أخفت في الله تعالى وما يخاف أحد، ولقد أوذيت في الله وما يؤذى أحد، ولقد أتت علي ثلاثون من يوم وليلة ما لي ولا لبلال طعام يأكله أحد إلا شيء يواريه إبط بلال)،[34] (لەبەر خوا ترسێنراوم لەكاتێكدا كەس ترسی نەبوو، لەبەر خوا سزا دراوم كاتێك كە كەس سزا نەدەدرا، جار بووە 30 رۆژ و شەوم بەسەردا هاتووە و من و بیلالیش هیچ خواردنێكمان نەبووە بیخۆین جگە لە شتێ كە لە ژێر باڵی بیلالدا هەبوو-ئەو توێشووەى بیلال خستبوویە بن باڵى-).

فەرموودەیەكى لاواز هاتووە كە بیلال دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (ئەى بیلال بە هەژارى بمرەو بە دەوڵەمەندى مەمرە)، وتم ئەی چۆن وا بكەم؟ فەرمووى (چی رۆزیت پێ بەخشرا مەیشارەوەو هەركات داوات لێ كرا دەست مەگرەوە).[35]

لە فەتحى مەككەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە بیلالی كوڕی رەباح تا بچێتە سەر كەعبە و بانگ بفەرموێت، ئەوەبوو ئەویش سەركەوتە سەر كەعبە و بانگى فەرموو.[36]

كاتێك بانگى دەفەرموو هەریەك لە حارثى كوڕی هیشام و صەفوانى كوڕی ئومەییە دانیشتبوون یەكێكیان بەوى تری وت بڕوانە ئەو حەبەشیە، ئەوی تریشیان وتى ئەگەر خوا رقی لێی بێت دەیگۆڕێت.[37]

ئیبن سەعد گێڕانەوەیەكى هێناوە دەڵێت كاتێك بیلال ئامادە بوایە بانگى دەفەرموو، ئەگەر بیلال ئامادە نەبوایە ئەوە ئەبوو مەحذورە بانگى دەدا.[38]

بیلالی كوڕی رەباح یەكەم بانگ بێژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، دواتریش لە مانەوەو گەشت و چوونەدەرەوەى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەردەوام بیلال بانگى دەدا.[39]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەى خرایە ناو گۆڕەوەو داپۆشرا، ئینجا بیلال بڕێك ئاوى هێنا و دەیپرژاند بەسەر گۆڕەكەیدا، لە لاى راستەوە لە سەریەوە دەستى پێكرد تا لاى قاچەكانى ئاوپرژێن كرد.[40]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد ئیتر بیلال تواناى نەما بانگ بدات، شارەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنگى بانگى بانگبێژەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) تێدا نەما، تەنانەت تواناى ئەوەى نەما لە مەدینەش بمێنێتەوە، بۆیە هات بۆ لاى خەلیفەى یەكەمى موسڵمانان ئەبووبەكرى صدیق و داواى مۆڵەتى لێكرد تا بچێت بۆ جیهاد، ئەوەبوو كاتێك ئەبووبەكر لە رۆژی هەینیدا لەسەر مینبەر بوو، بیلال ئەبووبەكری دواند، خەلیفە داواى لێكرد بیلال لە مەدینە بمێنێتەوە، بیلال لە وەڵامدا پێی وت لەبەر خوا ئازادت كردم یان لەبەر خۆت؟ ئەبووبەكر وتى لەبەر خوا، بیلال وتى دەى رێم بدە بچم بۆ جیهاد، خەلیفەش رێی پێدا و بیلالیش چوو بەرەو شام.[41]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە بیلال بە ئەبووبەكرى وت من لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووە دەیفەرموو (أفضل أعمال المؤمن الجهاد في سبيل الله)، (چاكترین كارى باوەڕدار جیهادى رێی خوایە)، جا منیش دەمەوێت تا مردن لە سەنگەرى جیهاددا بم، ئەبووبەكر وتى ئەی بیلال سوێندت دەدەم بە خوا لەبەر رێز و مافى من مەڕۆ، وا من پیر بووم و مەرگم نزیك بوەتەوە، ئیتر بیلال لەگەڵ ئەبووبەكر مایەوە تا وەفاتى كرد، ئینجا هات بۆ لاى عومەر و داواى مۆڵەتى كرد، عومەریش هەمان شتی پێ وت، بەڵام بیلال بە داواكەى رازى نەبوو، عومەر داواى لێكرد بانگ بدات،[42] بیلال وتى من بانگبێژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم تا وەفاتى كرد، دواتریش بانگبێژی ئەبووبەكر بووم چونكە ئەو چاكەى هەبوو بەسەرمەوە، من لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووە دەیفەرموو (ئەی بیلال كارێك نیە چاكتر بێت لە جیهادى رێی خوا)، بۆیە بیلال چوو بەرەو شام.[43]

بەڵام ئیبن كەثير دەڵێت راستتر و باوتر ئەوەیە بیلال دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگى نەداوە بۆ ئەبووبەكر و چووە بۆ شام.[44]

دواتر كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب چوویە شام موسڵمانان داوایان كرد لە عومەر تا تكایان بۆ بكات بیلال بانگیان بۆ بدات، ئەویش داواى لە بیلال كرد، بیلالیش رۆژێك بانگى فەرموو، خەڵكەكە بە بیستنى ئەو بانگە پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليه وسلم) دەهاتەوە بیر و دەستیان كرد بە گریان، گریانێك كە نەبینرابوو شار ئاوا بەجارێك گریان دایبگرێت.[45]

لەو ماوەى بیلال لە شام بوو جارێك گەڕایەوە بۆ مەدینەو لەوێ بانگێكی فەرموو.[46]

پاش ماوەیەك بیلال خەوى دى بە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم)، لە خەوەكەیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو ئەو هەموو جەفاو دوورگرتنەت چیە ئەی بیلال، ئایا كاتى نەهاتووە سەردانم بكەیت، بیلال بە خەفەت و دڵداگیرانەوە لەخەو راچڵەكى، سوارى ولآخەكەى بوو بەرەو مەدینە، چوویە لاى گۆڕەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دەگریا، لەو كاتەدا حەسەن و حوسەین-دوو رەیحانەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- هاتن بۆ ئەوێ، بیلال دەیگوشین بە خۆیدا و ماچی دەكردن، حەسەن و حوسەین وتیان زۆر بە تاسەوەین بانگت ببیستین، ئەویش دڵی دوو رەیحانەكەى نەشكاند و بانگى دا، دەنگى بانگى بیلال لە مەدینەدا بەرزبوویەوە، هەر كە وتى الله أكبر خەڵكی مەدینە راپەڕین، تا گەیشتە أشهد أن محمدا رسول الله ئیتر گریان هەموانى گرتەوە، دواى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رۆژێكى تری وا نەبینرابوو ئاوا گریان هەموان بگرێتەوە.[47]

بیلال لاى هاوەڵانى تر زۆر رێزدار و خۆشەویست بوو، ئەمەش چەند نموونەیەك لەو بارەیەوە:

جارێك شاعیرێك شیعری دەهۆنیەوەو بیلالى كوڕی عەبدوڵاى بە چاكترین بیلال ناوبرد، ئیبن عومەر لەوێ ئامادە بوو، وتى درۆت كرد بیلالەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چاكترین بیلالە.[48]

عومەرى كوڕی خەططاب وەسفى ئەبووبەكرى صدیقی دەكرد و دەیوت ئەمەش گەورەمان بیلالە كە چاكەیەكە لە چاكەكانى ئەبووبەكر،[49] هەروەها دەیوت ئەبووبەكر گەورەمانەو گەورەى ئێمەشی ئازاد كرد-واتە بیلال-.[50]

خاكیبوونى بیلال لە ئاستێكدا بوو جارێكیان كەسانێك باسی پلەوپایەى بیلالیان دەكرد، ئەویش وتى من تەنها حەبەشیەكم كە تا دوێنێ كۆیلە بووم.[51]

بیلال پاش سەفەرەكەى مەدینەى گەڕایەوە شام و لەوێ مایەوە تا لە ساڵی بیستى كۆچیدا وەفاتى كرد،[52] یان دەوترێت لە ساڵی بیست و یەكى كۆچیدا وەفاتى كردووە،[53] بۆچوونێ دەڵێت لە حەڤدەى كۆچی یان هەژدەى كۆچیدا وەفاتى كردووە،[54] ئەوكات تەمەنى لە سەروو شەست و سێ ساڵیەوە دەبوو.[55]

ئیبن عەبدولبەر سەبارەت بە تەمەنى بیلال دوو راى هێناوە، رایەك دەڵێت بیلال لە تەمەنى شەست و سێ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە، راى دووەم دەڵێت بەڵكو لە تەمەنى حەفتا ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.[56]

سەبارەت بە شوێنی ئەسپەردەكردنى دوو بۆچوون هەیە، رایەك دەڵێت لە دیمەشق بووە، رایەكیش هاتووە كە لە حەلەب بووە، بەڵام ئیبن كەثير دەڵێت راى راست ئەوەیە خالیدی براى لە حەلەب مردووە.[57]



[1] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 178، أسد الغابة، ج1، ص 305-306، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 326، سير أعلام النبلاء، ج1، ص347، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 232، البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 333.

[2] - البداية والنهاية لابن كثير، ج 3، ص 57.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص347.

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 333.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص 305، سير أعلام النبلاء، ج1، ص350.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 238.

[7] - أسد الغابة، ج2، ص 115.

[8] - أسد الغابة، ج2، ص 115.

[9] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 180.

[10] - صحيح ابن حبان، الرقم 7192، سنن ابن ماجة، الرقم 149، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15717، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 3698، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5203، قال الحكام صحيح الإسناد و لم يخرجاه و وافقه الذهبي، قال الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 150 حسن صحيح.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 233.

[12] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5702، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 7116، ضعفه الذهبي في التعليق على المستدرك ، كما ضعفه ابن حجر العسقلاني في المطالب العالية، كما ضعفه الألباني في السلسلة الضعيفة، الرقم 2953.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 326.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج 3، ص 323.

[15] - جامع معمر بن راشد، الرقم 1021، سير أعلام النبلاء، ج1، ص352.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص353.

[17] - حلية الأولياء لأبي نعيم الأصبهاني، ج1، ص 148.

[18] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 203.

[19] - البداية والنهاية، ج6، ص57، حلية الأولياء، 1، ص147.

[20] - صحيح البخاري، الرقم 1799،  صحيح مسلم، الرقم 2522، موطأ مالك، الرقم 1600، صحيح ابن حبان، الرقم 3784، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7271، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6205، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23804.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 326.

[22] - الكنى والأسماء للدولابي، الرقم 841، أسد الغابة، ج6، ص 123.

[23] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 234.

[24] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 178، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 233.

[25] - أسد الغابة، ج1، ص 306.

[26] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 286.

[27] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 238.

[28] - صحيح البخاري، الرقم 1111، صحيح مسلم، الرقم 4601، صحيح ابن خزيمة، الرقم 1137، صحيح ابن حبان، الرقم 7194، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7963، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 8196، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 5968.

[29] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 1138، المستدرك على الصحيحين، الرقم 1113، صححه الألباني في صحيح الترغيب و الترهيب ، الرقم 20.

[30] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 2327 و اللفظ له، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4973، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5209 و حذفه الذهبي في التلخيص لضعفه.

[31]-  صحيح ابن خزيمة، الرقم 368 و اللفظ له، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16157،  سنن أبي داوود، الرقم 426، سنن ابن ماجة، الرقم 704، سنن الدارمي، الرقم 1217،  صحيح ابن حبان، الرقم 1700، سنن الدارقطنى، الرقم 802، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 1855، سنن الترمذي، الرقم 179، حسنه الألباني في إرواء الغليل، الرقم 246.

[32] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12878، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 237.

[33] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 3224، شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 1332، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 5903، قال الألباني في السلسلة الصحيحة، الرقم  2661، إسناده جيد.

[34] - حلية الاولياء لأبي نعيم الأصبهاني، ج1، ص 150، سنن ابن ماجة، الرقم 150، سنن الترمذي، الرقم 2455 و قال حديث حسن صحيح، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31066، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13771،  صحيح ابن حبان، الرقم 6662، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3327، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 2472.

[35] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1015، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7959، قال الذهبي عن سنده(واه)، كما ضعفه الألباني في ضعيف الترغيب والترهيب، الرقم 543.

[36] - سير أعلام النبلاء/ ج1، ص 356.

[37] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 235.

[38] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص234.

[39] - أسد الغابة، ج1، ص 306.

[40] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 271.

[41] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص357.

[42] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 236، أسد الغابة، ج1، ص 307.

[43] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 1980، مسند الرويانى، الرقم 716، أسد الغابة، ج1، ص 307.

[44] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 334.

[45] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص357.

[46] - أسد الغابة، ج1، ص 307.

[47] - أسد الغابة، ج1، ص 307، سير أعلام النبلاء، ج1، ص358، قال الذهبي إسناده لين و هو منكر.

[48] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص349.

[49] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص359.

[50] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 233، أسد الغابة، ج1، ص 307.

[51] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 238.

[52] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 334.

[53] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 179.

[54] - أسد الغابة، ج1، ص 308.

[55] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص359-360.

[56] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 179.

[57] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 334.

 2127
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.