دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (جەببار) بووە

جەببارى ثهعلەبی(رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵە ناسراوە بە جەببارى ثهعلەبی، لە بەسەرهاتى ژیانیدا هاتووە هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رێیاندا بەرەو (ذي أمر) لە مانگى رەبیعولئەوەلدا و پاش بیست و پێنج مانگ دواى كۆچ بۆ مەدینە جەبباریان بەدیل گرت، ئەوانیش لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دایاننا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بانگى كرد بۆ ئیسلام، ئەویش موسڵمان بوو.[1]

هەروەها لە گێرانەوەیەكى تردا هاتووە جەببار رێنیشاندەرى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو بەرەو لاى غەطهفانیەكان.[2]

 

جەببارى كوڕی حەكەم (رضي الله عنه)

ناوى جەببارى كوڕی حەكەمى سولەمیە، یەكێكە لەوانەى وەك وەفد هاتوەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووە.[3]

جەببارى كوڕی سولما (رضي الله عنه)

ناوى جەببارى كوڕی سولماى كوڕی مالیكى كوڕی جەعفەرە، وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[4]

جەببار بە نیازى كوشتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ عامرى كوڕی طوفەیلدا هات بۆ مەدینە، بەڵام دواتر گەڕایەوە، ئینجا لە رۆژی بیئر مەعوونەدا بەشدار بوو و عامری كوڕی فهیرەى كوشت، بەڵام دواتر هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو، ئینجا خۆی دەیوت ئەوەى وایكرد موسڵمان ببم ئەوەبوو –لە بیئر مەعوونەدا- شمشێرێكم كرد بە سكى كەسێك لە موسڵمانەكاندا-ئەوانەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ناردبوونى- كەچی بیستم دەیوت سوێند بەخوا براوە بووم، منیش لە دەروونى خۆمدا وتم مەگەر من نەمكوشتووە ئیتر بە چی براوە بووە؟!! تا دواتر سەبارەت بەو قسەی پرسیارم كرد وتیان ئەوە شەهیدی دەستكەوتووە، منیش وتم سوێند بەخوا براوە بوو.[5]

كاتێك جەببارى كوڕی سولما شمشێرەكەى كرد بە سكى عامردا عامر وتى سوێند بەخوا بردمەوە، ئینجا تەرمەكەى بەرەو ئاسمان بەرزبوویەوە، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەی پێدا كە فریشتەكان بوون تەرمەكەیان بەرزكردەوە.[6]

لە ساڵی نۆی كۆچیدا وەفدى بەنی كیلاب هاتن بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و سیانزە كەس دەبوون، لەنێویاندا لوبەیدى كوڕی رەبیعەو جەببارى كوڕی سولما هەبوون، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی رەملەى كچی حارث داینان، دۆستایەتیەك لەنێوان جەببار و كەعبی كوڕی مالیكدا هەبوو، كاتێك كەعب بیستى ئەوان هاتون بەخێرهاتنى كردن و دیارى و خەلآتى دا بە جەببار، ئینجا هەموویان لەگەڵ كەعب چوونە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سەلامیان لێكردو وتیان ضحاكى كوڕی سوفیان لەنێوماندا بەپێی قورئان و سوننەتى تۆ دەجووڵێتەوەو بانگى كردین بۆ لاى خوا، ئێمەش چووین بەدەم بانگەوازى خوا و پێغەمبەرەكەیەوە، هەروەها ضحاك زەكاتمان لێوەردەگرێت و دابەشی دەكاتەوە بەسەر هەژارەكانماندا.[7]

جەببارى كوڕی صەخر (رضي الله عنه)

ناوى جەببارى كوڕی صەخری كوڕی ئومەییەى كوڕی خەنسائی كوڕی سینانە،[8] كونیەكەى ئەبوو عەبدوڵایە،[9] لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە سولەمیەكان.[10]

دایكی ناوى عەتیكەی كچی خەرشەى كوڕی عەمر بوو،[11] بەڵام ئیبن ئەثير دەڵێت دایكى ناوى سوعادى كچی سەلەمە بوو.[12]

كچێكى ناوى سمیكە بوو، كچێكی تریشی ناوى عوصەیمە بوو كە هەردووكیان موسڵمان بوون و بەیعەتیان دابوو بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[13]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كاتێك برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان میقداد و جەببارى كوڕی صەخرەوە.[14]

جەببارى كوڕی صەخر یەكێك بوو لەو حەفتا كەسەى لە بەیعەتى عەقەبەدا بەشدارییان كرد.[15]

جەببار لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد،[16] لەو كاتەدا تەمەنى سی و دوو ساڵ بوو.[17]

دواتر لە غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد، لە غەزاى خەیبەردا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جەببارى كوڕی صەخری نارد تا جوولەكەكان بخەمڵێنێت.[18]

جابیر دەڵێت جارێك لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەڕۆیشتین تا نزیك بووینەوە لە ئاوێكى عەرەب، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ( من رجل يتقدمنا فيمدر الحوض فيشرب و يسقينا)،(چ پیاوێ هەیە پێش ئێمە بكەوێت و حەوزەكە بسوێت و ئاو بخواتەوەو ئاویش نۆشی ئێمە بكات)، جابیر دەڵێت: منیش هەستام و وتم ئەوە پیاوێكە-واتە من ئامادەم- ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى چ كەسێك لەگەڵ جابیر دەڕوات؟ ئەوەبوو جەببارى كوڕی صەخر هەستا، هەردووكمان چووین بۆ لاى بیرەكە، سەتڵێك یان دوو سەتڵ ئاومان كردە ناو حەوزەكەوە، ئینجا چاك سویمان، ئینجا ئاومان تێكرد تا پڕمان كرد، یەكەم كەس گەیشت پێمان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، فەرموى (ئایا مۆڵەت دەدەن؟) وتمان بەڵێ ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش ئاوى دا بە وشترەكەى، رەشۆكەى گرت و وشترەكەش میزى كرد، ئینجا وشترەكەى مۆڵ دا، پاشان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لاى حەوزەكەو دەستنوێژی لێگرت، دواتر منیش هەستام و لە شوێن دەستنوێژەكەى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەستنوێژم گرت، ئینجا جەببارى كوڕی صەخر چوو تا دەست بە ئاو بگەیەنێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەستا تا نوێژ بكات، منیش لەلاى چەپی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) وەستام، ئەویش دەستى گرتم و منى خستە لاى راستیەوە، ئینجا جەببارى كوڕی صەخر هات و دەستنوێژی گرت، دواتر هات و لە لاى چەپی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) وەستا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى هەردووكمانى گرت و پاڵی پێوەناین تا ئێمەى خستە پشت خۆیەوە، جا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چاوى لەسەرم بوو و منیش هەستم بەوە نەدەكرد، دواتر زانیم كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چاوى لەسەرمە...[19]

لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا كاتێك عومەر جوولەكەكانى خەیبەرى دەركرد ژمارەیەك لە كۆچەران و پشتیوانانى لەگەڵدا بوو، جەببارى كوڕی صەخریش لەگەڵیدا بوو، جەببار خەمڵێنەرى خەڵكى مەدینە بوو و ئەو حسابی بۆ دەكردن.[20]

دواجار جەببارى كوڕی صەخر لە تەمەنى شەست و دوو ساڵی و لە ساڵی سی كۆچی و لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا كۆچی دوایی كرد.[21]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 450.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 450.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 448.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 448.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص 388.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 231.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 300.

[8] - أسد الغابة، ج1، ص 388.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 576.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 576.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 576.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص 388.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 407.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 161.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 449.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 449.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 576.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 449.

[19] - صحيح مسلم، الرقم 5442.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 449.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 449.

 2241
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.