دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (جەثثامە) بووە

جەثثامە (رضي الله عنها)

ئەم ئافرەتە هاوەڵە ناوى جەثثامەیە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا حەسسانە.[1]

دایكی باوەڕداران عائیشە دەڵێت جارێك پیرەژنێك هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كێیت؟ وتى من جەثثامەى موزەنیم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی دواى دووریمان لەیەكتر حاڵتان چۆنە؟ ئەویش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم باشین، عائیشە دەڵێت كاتێك پیرەژنەكە چوو وتم ئەى پێغەمبەرى خوا چۆن بەو جۆرە گەرموگوڕ پێشوازیت لەو پیرەژنە كرد؟ ئەویش فەرمووى (كاتێك خەدیجە مابوو ئەم ئافرەتە دەهات بۆ لامان).[2]

لە گێڕانەوەیەكى تردا كە طهبەرانى هێناویەتى ئافرەتێك هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئینجا خواردن هێنرا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش لێی دەخوارد و لە خواردنەكەى بەردەستیشی دەخستە بەردەم ئەو ئافرەتە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو كاتێك خەدیجە مابوو ئەم ئافرەتە دەهات بۆ لامان و وەفاداریش یان پەیمان پارێزیش لە ئیمانەوەیە، عائیشە دەڵێت منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خوا ئەو ئافرەتە بەتەمەنەى-خەدیجە- بۆ گۆڕیت بە ئافرەتێكی گەنج-عائیشە-، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تووڕە بوو و دواتر فەرمووى (چی بكەم كە خوا لە خەدیجە منداڵی پێ بەخشیم كەچی لە تۆ منداڵی پێ نەبەخشیم)، عائیشەش دەڵێت وتم سوێند بەوەى تۆی بەحەق ناردووە ئیتر بەس بە چاكە باسی خەدیجە دەكەم.[3]

 

جەثثامەى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

هاوەڵی پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم) و فەرمودەیەكى لە عەبدوڵاى كوڕی سوفیانەوە گێڕاوەتەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (من صام يوما في سبيل الله باعده الله من النار مقدار مائة عام[4] (هەركەس رۆژێك لە پێناو خوادا رۆژوو بگرێت خوا  رێژەى سەد ساڵ لە دۆزەخ دوورى دەخاتەوە).

جەثثامەى كوڕی موساحیق(رضي الله عنه)

ناوى جەثثامەى كوڕی موساحیقی كوڕی رەبیعى كوڕی قەیسی كینانیە، هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا خەلیفە ئەوى ناردووە بۆ لاى هیرەقل، جەثثامە دەڵێت لەسەر شتێك دانیشتم نەمدەزانى ژێرم چیە، سەیرم كرد كورسیەك بوو لە زێڕ دروست كرابوو، كە بینیم دابەزیم، ئەویش پێكەنى و پێی وتم بۆچی لەسەر ئەو كورسیە دابەزیت خۆ ئێمە رێزمان لێنابوویت؟ منیش وتم لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووە دوورەپەرێزى لە شتی وا دەكرد.[5]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 551.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 580.

[3] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18931.

[4] - أسد الغابة، ج1، ص 400.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص 400، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 464.

 2667
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.