دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  بە كێ دەوترێت هاوەڵی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)؟

بە كێ دەوترێت هاوەڵی پێغەمبەر

 
سەبارەت بە پێناسەی چەمكی(صەحابە) هاوەڵ ئەوا لەرووی زمانەوانی‌و لەرووی ئیصطلاحیشەوە واتاكەی دەخەینەڕوو:
لە رووی زمانەوانیەوە واتای هاودەمی‌و پارێزگاری كردنە.
لە (لسان العرب)دا هاتووە: (صحب صحبه یصحبه صحبە بالضم و صحابة بالفتح و صاحبه عاشره و الصحب جمع الصاحب... و اڵاصحاب جماعة الصحب)، (1) صحابە بە واتای هاودەمی‌و لەگەڵبوون دێ، هەروەها بە واتای پاراستن دێ وەك خوا دەفەرموێت(ولا هم منا یصحبون) یان لە فەرموودەدا هاتووە(اللهم اصحبنا بصحبە). (2)
لە (المعجم الوسیط)دا وشەی صحب بۆ دوو واتای هاودەمی‌و پاراستنیش دێت((صحبه صحابة و صحبە رافقه و یقال فی الدعا‌ء صحبك الله حفظك و رافقتك عنایته). (3)
سەبارەت بە واتا شەرعیەكەی چەمكی هاوەڵ چەند پێناسە‌و رایەكی جیاجیا هەن لەسەر مەرجەكانی هاوەڵبوون، بەڵام ئەوەی لە كۆی پێناسەكانەوە وەریدەگرین ئەوەیە:
هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بریتیە لە:(هەر كەسێكی موسڵمان كە بە موسڵمانی لەواقیعدا گەیشتبێت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)‌و لەسەر باوەرداری مردبێت).
بەم پێیە ئەم مەرجانە لەخۆدەگرێت:
1-    موسڵمانی: واتە مەرجە ئەو كەسە لە سەردەمی پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) موسڵمان بووبێت‌و بە موسڵمانیش چووبێتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە ئەگەر كەسێك بە بێباوەڕی سەد جاریش چووبێتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەڵام تا دوای وەفاتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) موسڵمان نەبووبێت‌و دواتر باوەری هێنابێت، ئەوە بە هاوەڵ دانانرێ.
2-    گەیشتن بە خزمەتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم): مەرجە ئەو كەسە بە موسڵمانی چووبێتە خزمەتی پێەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەگەرنا نەجاشی كە باوەڕداریش بوو ‌و پێغەمبەریش(صلى الله عليه وسلم) نوێژی غیابی لەسەر كرد لەبەرئەوەی نەچوەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆیە بە هاوەڵ دانانرێ، هەندێ مەرجەكەیان وا هێناوە كە بینینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)بێت، بەڵام وا جوانترە بڵێین گەیشن بە خزمەتی چونكە هەبووە نابینا بووەو نەیتوانیوە پَغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ببینێت‌و چووەتە خزمەتیشی، واتە بینینی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) یان چوونەخزمەتی بەبێ بینین بۆ ئەوانەی بەربەستی بینینیان هەبووە وەك نابیناكان، نموونەی ئەوانەش ئیبن ئوم مەكتومە، هەروەها ئەو چوونە خزمەتە ماوەی زۆر بێت یان كەم بێت نابێتە بەربەستی بەردەم هاوەڵبوون، ئیتر ئەبووبەكری صدیق كە تا مردن رۆژانە پێغەمبەری خوای(صلى الله عليه وسلم)دیوەو نزیكترین هاودەمی بووە لەگەڵ كەسێكدا كە بە وەفد هاتووەو لەوانەیە ساتێكی زۆر كەم چووبێتە خزمەتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەردووكیان مەرجی هاوەڵبوونیان هەیە با لە پلەو پایەدا جیاواز بن.
3-    مەبەست لە بە حەقیقی بوون ئەوەیە كە ئەو كەسە بە حەقیقی‌و بێ خەیاڵ‌و خەو چووبێتە خزمەتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، جا ئەگەر كەسێك لە سەردەمی پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) یان لە دواتردا تا ئەمرۆ ‌و تا رۆژی دواییش خەوی دی چووە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەوە نابێت بە هاوەڵی.
4-    مردن بە موسڵمانی: ئەمەش مەرجێكی تری گرنگە، چونكە ئەگەر كەسێك بە باوەرداریش چووبێتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، بەڵام دواتر مورتەد بووبَتەوە ئەوە بە هاوەڵ دانانرێت، وەك عوبەیدوڵای كوڕی جەحشی مێردی ئوم حەبیبە كە موسڵمان بوو‌و پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) بینی‌و لەگەڵ ئوم حەبیبەی ژنیدا كۆچی كرد بۆ حەبەشە، كەچی لەوێ بوو بە مەسیحی‌و لەسەر ئەو ئایینەش مرد، ئیتر ئەمە مەرجی هاوەڵبوونی ناهێڵێ، ئەگەر دوای مورتەدبوونەوەكەشی هەمدی باوەڕی هێنابێتەوە‌وئەو دووەم جار باوەڕهێنانەوەی لە سەردەمی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)‌و لە خزمەتی ئەودا بووبێت ئەوە سیفەتی هاوەڵبوونی دەمێنێتەوە، هەندێ پێیان وایە ئەگەر دوای مورتەدبوونەوەكەشی دوای سەردەمی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەمدی باوەڕی هێنابێتەوە ئەوە سیفەتی هاوەڵبوونی دەمێنێتەوە، بەڵام هەندێكی تر پێیان وایە بەو یەكجار مورتەدبوونەوەی مەرجی هاوەڵێتی نامێنێ، بەڵام هەموان لەسەر ئەوە یەكدەنگن كە هەر كەسێ بە موسڵمانی گەیشتبێت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)‌و دواتر بە بێباوەڕی مردبێت ئەوە هاوەڵ نیە.
بوخاری لە صەحیحەكەیدا دەڵێت:(هەر موسڵمانێ هاودەمی پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) كردبێت یان بینیبێتی ئەوە هاوەڵیەتی). (4)
ئیبن حەجەر دەڵێت:(راستترین پێناسێ بۆ هاوەڵان بیزانم ئەوەیە هاوەڵ هەر كەسێكە بە باوەرداری گەیشتبێت بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)‌و لەسەر ئیسلام(بە موسڵمانێتی) مردبێت، ئیتر هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە زۆر لەگەڵیدا دانیشتبێت یان كەم لەگەڵی بووبێت یان ئەوەی فەرموودەی لێوە گێڕابێتەوە یان فەرموودەی لێوە نەگێڕابێتەوە یان غەزای لەگەڵ كردبێت یان غەزای لەگەڵ نەكردبێت یان هەر بینیبێتی با لەگەڵیشی دانەنیشتبێت یان لەبەر بەربەستێ نەیدیبێ وەك نابینایی. (5)
ئیبنوصەلاح چەند پێناسەیەكی هێناوە، لەوانە:
مروزی دەڵێت: فەرموودەناسان دەڵێن هەركەس كە فەرموودەیەكی یان وتەیەكی لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) لێوەگێردرابێتەوە ئەوە هاوەڵە، هێندە مەجالەكە فراوان دەكەن تا ئەوەی دەڵێن هەركەس پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) دیبێ ئەوە لە هاوەڵانە، ئەوەش لەبەر گەورەیی پلەوپایەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) واتای هاوەڵێتییان داوە بەهەر كەس كە پێغەمبەری دیبێت.
وشەی صەحابی لەرووی زمانەوانی‌و روخساریەوە بۆ كەسێكە كە ماوەیەكی زۆر لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بووبێت‌و زۆر لە كۆڕیدا بووبێت‌و شوێنكەوتەی بووبێت‌و فەرموودەی لێ وەرگرتبێت، ئەمەش بڕوا‌و قەناعەتی  ئوصوولیەكانە.
سەعیدی كوڕی موسەیب تەنها كەسێكی بە هاوەڵ داناوە كە ساڵێ یان دوو ساڵ لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) مابێتەوە‌و غەزایەك یان دوو غەزای لەگەڵدا كردبێت. (6)
سەبارەت بەوەی ئایا جنۆكە‌و فریشتەكانیش دەبن بە هاوەڵ یان نا، ئیبن حەجەر دەڵێت:(كە دەڵێین باوەڕی پێ هێنابێ –بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)- هەموو راسپێراوێك لە جنۆكەو مرۆڤیش دەگرێتەوە، ئەوكات ئەو جنۆكانەش دەگرێتەوە كە ناو‌و باسیان تۆماركراوە بەڵام ئەو مەرجانەی هاوەڵبوونیان تێدبێ كە باسمان كردون)،  (7)واتە ئیبن حەجەر پێی وایە هەر جنۆكەیەكیش ئە مەرجانەی هاوەڵبوونی تێدا بێت ئەوە دەبێتە هاوەڵ، بۆیە دەبینین لە ناو هاوەڵاندا ناوی جنۆكەشی هێناوە(ئەبیەضی جننی)، (8) ئیبن حەزمیش ئەو رایەی هەیە‌و دەڵێت(وقد نَصَّ اللَّهُ تَعَالَى على أَنَّ نَفَرًا من الْجِنِّ آمَنُوا وَسَمِعُوا الْقُرْآنَ من رسول اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم) فَهُمْ صَحَابَةٌ وَفُضَلاَءُ) (9) واتە(خوای گەورە -لە قورئاندا- بە دەق هێناویەتی دەستەیەك لە جنۆكەكان بڕوایان هێناوەو لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) گوێیان لە قورئان گرتووە، ئیتر ئەوانە -ئەو جنۆكانە- هاوەڵن‌و پایەبەرزن).
بەڵام ئیبن ئەثیر وەك ئەوان بە راشكاوانە دان نانێت بەوەدا‌و لە چەند شوێنێكدا كە ناوی چەند جنۆكەیەكی هاوەڵ دێنێ وادەیهێنێت كە لەبەرئەوەی ئەبوومووسا هێناویەتی ئەمیش باسی كردووە. (10)
سەبارەت بە هاوەڵبوونی فریشتەكانیش قسە لەسەر ئەوەیە ئایا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نێردراوە بۆ ئەوانیش یان نا، واتە ئایا پێغەمبەری خوایە بۆ فریشتەكانیش یان نا، (11) رای راستتر ئەوەیە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نێردراوە بۆ مرۆڤ‌و جنۆكەكانیش، بەڵام نەنێردراوە بۆ فریشتەكان.
...............................
پەراوێز:
  - ابن منظور: لسان العرب، ط1، دار صادر، بيروت، ج1، ص519-520.
٢- لسان العرب، ج1، ص520.
3- إبراهيم مصطفى: المعجم الوسيط و أحمد الزيات و آخرون، دار الدعوة، ج1، ص 507.
4- صحيح البخاري، ط 3، دار ابن كثير(اليمامة – بيروت، 1987)، ج3، ص1335.
5- الإصابة في تمييز الصحابة، ط1، دارالجيل(بيروت – 1992)، ج1، ص6.
6- مقدمة ابن الصلاح، دار الفكر المعاصر ( بيروت – 1977)، ج1، ص291.
7- الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص6.
8- الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص24.
9- المحلى، دار الآفاق الجديدة، بيروت، ج9، ص365.
10- أسدالغابة، ط1، دار إحياء التراث العربي(بيروت - 1996)، ج2، ص317 و 527 و ج4، ص218.
11 - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص6-7.

 4200
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.