دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  جوندوبی كوڕی عەبدوڵاى بەجلى (رضي الله عنه)

ناوى جوندوبی كوڕی عەبدوڵاى كوڕی سوفیانى بەجلیە، كونیەكەى ئەبوو عەبدوڵایە، جوندوب دەڵێت من لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) مێردمنداڵێك بووم.[1]

جوندوب دەڵێت ئێمە كۆمەڵێك گەنجى تازە پێگەیشتوو و تازە بازوو بووین لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێش ئەوەى فێری قورئانمان بكات ئیمانى فێر كردین، ئینجا دواى ئەوە قورئان فێر دەبووین و بە قورئان ئیمانمان زیادى دەكرد،[2] كەچی ئەمڕۆ ئێوە پێش فێربوونى ئیمان قورئان فێر دەبن.[3]

هەروەه جوندوب دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشداریم كرد لە جەژنى قورباندا، هەواڵی پێگەیشت كە پێش نوێژ هەندێ كەس قوربانییان سەربڕیوە، بۆیە فەرمووى (من كان ذبح أضحيته قبل أن يصلي - أو نصلي -، فليذبح مكانها أخرى، ومن كان لم يذبح، فليذبح باسم الله[4] (هەركامتان پێش ئەوەى نوێژ بكات-یان نوێژ بكەین- ئاژەڵی سەربڕیوە ئەوا با دووبارە ئاژەڵێكى تر سەرببڕێت، ئەوەش سەری نەبڕیوە با لەسەر ناوى خوا سەری ببڕێت).

جوندوب دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (كان فيمن كان قبلكم رجل به جرح فجزع، فأخذ سكينا فحز بها يده، فما رقأ الدم حتى مات، قال الله تعالى بادرني عبدي بنفسه، حرمت عليه الجنة)،[5] (لەپێش ئێوەدا پیاوێك هەبوو كە برینێكی هەبوو و ئازارى زۆر بوو، چەقۆیەكى هەڵگرت و دەستى خۆی پێ بڕی، ئەوەندە خوێنی لێ رۆیشت تا مرد، خواى گەورە فەرمووى بەندەكەم پێش من كەوت بە كوشتنى خۆی، بۆیە بەهەشتم لەسەر حەرام كرد).

جوندوبی كوڕی عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من قتل تحت راية عمية يدعو عصبته أو ينصر عصبته فقتلة جاهلية[6] (هەركەس لەژێر ئالآیەكى ناڕووندا بجەنگێت كە نەزانرێت ئایا حەقە یان ناحەقە و بانگەواز بكات بۆ دەمارگیری خۆی یان دەمارگیری خۆی سەربخات ئەوە جەنگ و كوژرانەكەى جەنگ و كوژرانى نەفامیە).

دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كووفە سەقامگیر بوو، دواتر لەگەڵ موصعەبی كوڕی زوبەیردا چوو بۆ بەصرە.[7]

لە سەردەمى شۆڕشەكەى عەبدوڵاى كوڕی زوبەیردا جوندوب هەواڵی نارد بۆ لاى عەسعەسی كوڕی سەلامەو وتى بڕێ لە براكانت كۆبكەرەوە بۆم تا قسەیان بۆ بكەم و فەرموودەیان بۆ بگێڕمەوە، كاتێك هاتن و قسە كرا جوندوب بەسەرهاتێكی گێڕایەوە بۆیان و وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستەیەكى سوپاى موسڵمانانى نارد بۆ سەر بڕێ لە بێباوەڕەكان، كاتێك جەنگ روویدا یەكێك لە بێباوەرەكان دەچوو بۆ موسڵمانێك، موسڵمانێكیان بێئاگایی ئەو كەسەی قۆستەوەو هەڵیكوتایە سەری-ئەو هاوەڵە ئوسامەى كوڕی زەید بوو- شمشێری لێ هەڵكرد و كابراش وتى لا إلە إلا اللە، بەڵام ئەو كوشتى، كە موژدەبەر هاتەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی ئەوەى پێدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو هاوەڵەی بانگ كرد و فەرمووى بۆچی كوشتت؟ وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) زۆری لە موسڵمانان دا و فلآنەكەس و فلآنەكەسی كوشت، -ناوى چەند هاوەڵێكی برد كە ئەو كابرا شەهیدی كردبوون- منیش هەڵمكوتایە سەری، كە شمشێرەكەى منى بینی وتى لا إلە إلا اللە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: ئیتر كوشتت؟ وتى بەڵێ، فەرمووى (ئەى كە رۆژی دوایی هات چی دەكەیت بە لا إلە إلا اللە؟) ئەویش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) داواى لێخۆشبوونم بۆ بكە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەى كە رۆژی دوایی هات چی دەكەیت بە لا إلە إلا اللە؟)، بەردەوام پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو شتەى پێ دەفەرموو.[8]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 509.

[2] - سنن ابن ماجة، الرقم 60، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 61.

[3] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 4918، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1658،

[4] - صحيح مسلم، الرقم 3715 و اللفظ له، صحيح البخاري، الرقم 956، صحيح ابن حبان، الرقم 5997، سنن ابن ماجة، الرقم 3149، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4353.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 3294.

[6] - صحيح مسلم، الرقم 3529،  صحيح ابن حبان، الرقم 4649، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 3458، مسند الطيالسي، الرقم 1341، مسند الروياني، الرقم 940، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1651، مستخرج أبي عوانة، الرقم 5770.

[7] - أسد الغابة، ج1، ص 444.

[8] - صحيح مسلم، الرقم 167، الإيمان لابن مندة، الرقم 62.

 2739
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.