دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (جوندوب) بووە

جوندوب(رضي الله عنه)

فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە دەیفەرموو (اللهم استر عورتي و آمن روعتي و اقض ديني).[1]

جوندوبی كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى جوندوبی كوڕی عەمرى كوڕی حوممەى دەوسیە،[2] كچێكی هەبوو بە ناوى ئوم ئەببان، یەكێك بوو لە هاوەڵانى بەشداربووى جەنگى ئەجنادەین، بەڵام هیچ فەرموودەیەكى لێوە نەگێردراوەتەوە.[3]

كاتێك جوندوب بەرەو شام كۆچی كرد ئوم ئەببانى كچی لاى عومەرى كوڕی خەططاب داناو پێی وت ئەگەر كەسێكی چاكت بەدیكرد بۆ كچەكەم ئەوا مارەى بكە لێی با تەنانەت مارەییەكەى قایشی نەعلەكەى بێت، ئەگەریش كەسی چاك نەهاتە داواى ئەوا لاى خۆت بیهێڵەوە تا دەیگەیەنیتەوە بە هۆزەكەى، ئیتر ئوم ئەببان لاى عومەر بوو و بە باوكى خۆی ناوى دەبرد تا ئەو كاتەى عومەر ئوم ئەببانى لە عوثمان مارە كرد، ئەوەبوو هەر لە سەردەمى خیلافەتى عومەردا عەمری لێ بوو.[4]

جوندوب لە جەنگى ئەجنادەیندا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[5]

 

جوندوبی كوڕی عەممار (رضي الله عنه)

ناوى جوندوبی كوڕی عەممارى كوڕی نوعەیمی كوڕی شەهابى طائیە، یەكێك بوو لە شاعیرە دیارەكان، وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دواتریش لە جەنگى قادسیەدا بەشدارى كرد و لەو بارەشەوە شیعری هۆنیوەتەوە.[6]

 

جوندوبی كوڕی كەعب(رضي الله عنه)

ناوى جوندوبی كوڕی كەعبى كوڕی عەبدوڵاى ئەزدى غامیدیە، بە جوندوبولخەیر ناسراوە،[7] ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە.[8]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكى نووسی بۆ ئەبووظبيانى ئەزدى كوڕی غامید و تیایدا خۆی و هۆزەكەى بانگ كرد بۆ ئیسلام، ئەوەبوو دەستەیەك لە هۆزەكەى چوون بەدەم بانگەوازەكەى پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم)، لەوانە موحنەف و عەبدوڵا و زوهەیر و عەبدشەمس، ئەمانە هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە مەككە چوونە خزمەتى، بەڵام جوندوبی كوڕی زوهەیر و جوندوبی كوڕی كەعب و حیجر لە مەدینە چوونە خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[9]

جوندوب فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوەو دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (حد الساحر ضربة بالسيف[10] (حەدد و سزاى جادووگەر لەگەردن دانیەتى بە شمشێر).

كاتێك وەلیدی كوڕی عوقبە لە عێراق والی بوو، كەسێك لەلاى بوو كە جادووى دەكرد، ئەو جادووگەرەش ناوى بوستانى بوو، بوستانى مرۆڤێكى هێنا و سەری بڕی و دواتر سەری لكاندەوە پێیەوە، خەڵكەكە سەرسام بوون بە كارەكەى، بۆ بەیانى جوندوب هاتەوە و شمشێری هەڵكێشاو ئەو جادووگەرەى كوشت، دواتر مەسەلەكە باس كرا بۆ عوثمانى كوڕی عەففان كە خەلیفەى موسڵمانان بوو، ئەویش پێی وت لە ئیسلامدا شمشێرێكت هەڵكردووە كە ئەگەر لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) نەبیستایە سەبارەت بە تۆ چی فەرموو ئەوا بە چاكترین شمشێری مەدینە دەمدا لە گەردنت.[11]

 

جوندوبی كوڕی مەكيث(رضي الله عنه)

ناوى جوندوبی كوڕی مەكيثى كوڕی عەمرى كوڕی جەرادى جوهەنیە، برایەكى هەبوو بە ناوى رافیع كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، جوندوب لە هاوەڵانى دانیشتووی مەدینە بوو.[12]

جوندوب لە حودەیبیە و بەیعەتى ريضواندا بەشدارى كرد.[13]

جوندوب دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەبدوڵاى كوڕی غالیبی لەيثى كردە بەرپرسی سریەیەك و منیش لە سریەكەدا بەشدار بووم، سریەكەى نارد و فەرمانى كرد هێرش ببەنە سەر بەنیلمولەوویح لە ناوچەى كەدید، ئەوەبوو چووین تا گەیشتینە ئەوێ، لەوێ گەیشتین بە حارثى كوڕی بەرصائى لەيثى، ئێمەش ئەومان گرت، حارث وتى من هاتوم تا موسڵمان بم و بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەچووم، ئێمەش وتمان ئەگەر موسڵمان بیت ئەوە سەنگەرنشینی شەو و رۆژێكمان زیانت پێ ناگەیەنێت، ئەگەریش موسڵمان نەبیت ئەوا جوان دەتبەستینەوە، بۆیە جوان بەستمانەوە.[14]

هەروەها كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كورزى كوڕی جابیرى فەهری كردە بەپرسی سریەیەك تا هێرش ببەنە سەر ناوچەی عرنین لەبەرئەوەى هێرشیان بردبووە سەر رانەولآخەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، جوندوبیش لەو سریەدا بەشدارى كرد.[15]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستى هێرش بكاتە سەر مەككە، جوندوب و رافیعی نارد بۆ لاى جوهەینەو فەرمانى كرد جوهەنیەكان رەمەزان لە مەدینە ئامادە بن، هەروەها بۆ غەزاى تەبووكیش دووبارە ئەو دوو برایەی نارد بۆ لاى جوهەینە تا پێیان بڵێن خۆ ئامادە بكەن بۆ جیهاد و لە غەزاى تەبووكدا بەشدارى بكەن.[16]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جوندوبی كوڕی مەكيثى دانابوو بە بەرپرسی كۆكردنەوەى زەكاتى جوهەینە.[17]

جوندوب دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتى هاتنى وەفدەكاندا جوانترین و باشترین جلى خۆی دەپۆشی، فەرمانیشی دەكرد بە هاوەڵانى تا وا بكەن، جا ئەو رۆژەی وەفدى كیندە هات، من پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی جلێكی یەمانى لەبەردا بوو و ئەبووبەكر و عومەریش هەروایان كردبوو.[18]

 

جوندوبی كوڕی نوعمان (رضي الله عنه)

ناوى جوندوبی كوڕی نوعمانەو لە ئەزدیەكانە، كونیەكەى ئەبووعەزیزە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى سەعید كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[19]

جوندوب هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كردى بە عەریفی هۆزەكەى خۆی.

جوندوب لە خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا كۆچی كرد بۆ شام و لە دیمەشق نیشتەجێ بوو، خانووەكەشی ناسرابوو بە داروننەخلە، كە وەفاتیشی كرد هەر لەوێ خۆیشی و سەعیدی كوڕیشی ئەسپەردە كران.[20]

جوندوبی كوڕی ئەدلەع(رضي الله عنه)

ناوى جوندوبی كوڕی ئەدلەعەو لە فەتحى مەككەدا بەشدار بوو، بەڵام لەگەڵ حرراسی كوڕی ئومەییەدا كێشەیەكى كۆنى هەبوو، بۆیە حرراس جوندوبی كوشت.[21]

جوندوبی كوڕی ئەعجەم (رضي الله عنه)

ناوى جوندوبی كوڕی ئەعجەمە و لە ئەسلەمیەكانە، لە غەزاى حونەیندا بەشدار بوو و تیایدا ئالآهەڵگر بوو، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآكانى دابەش كرد دوو ئالآى بەخشی بە ئەسلەمیەكان، ئالآیەكیان بە بورەیدە بوو و ئەوی تریان بە جوندوبی كوڕی ئەعجەم بوو.[22]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 514.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 445.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 510.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 510.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص 445.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 510.

[7] - أسد الغابة، ج1، ص 446.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 512.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 512.

[10] - سنن الترمذي، الرقم 1419، سنن الدارقطنى، الرقم 2803، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15345، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1644، المستدرك على الصحيحين، الرقم 8145  صححه الذهبي و قال صحيح غريب، لكن ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 1460.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 512.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص 447.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 346.

[14] - سنن أبي داوود، الرقم 2317، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16874، المستدرك على الصحيحين، الرقم 2504 و قال الحاكم صحيح على شرط مسلم و لم يخرجه، و وافقه الذهبي، لكن ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داوود، الرقم 2678.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 346.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 346.

[17] - أسد الغابة، ج1، ص 447.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 346، معرفة الصحابة لأ[ي نعيم الأصبهاني، الرقم 1497.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 514.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 514.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 506.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 506.

 2181
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.