دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (حارث) بووە -بەشی سێیەم-

حارثى كوڕى سوفیانى قوڕەیشی (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی سوفیانى كوڕی مەعمەرى قوڕەیشیە، هاوەدەم بە سوفیانى باوكى لە خاكى حەبەشەوە هات بۆ مەدینە.[1]

 

حارثى كوڕى سوفیانى مەخزوومى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی سوفیانى كوڕی عەبدولئەسەدى مەخزوومیە، برایەكى هەبوو بە ناوى ئەبووسەلەمە.[2]

حارثى كوڕى عەتیك(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی ئەوسى كوڕی عەتیكە.[3]

حارث برایەكى هەبوو بە ناوى ئەنەس كە لە جەنگى ئوحوددا بەشدارى كردووە، لە جەنگى خەندەقیشدا بەشدارى كرد.[4]

حارث بەشدار بووە لە غەزاى ئوحوددا، لە غەزاكانى دواتریشدا بەشدار بووە،[5] دواى سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە رۆژی ئەجنادەیندا لە بیست و هەشتی جەمادیلئوولاى ساڵی سیانزەى كۆچی لە شام كوژرا.[6]

 

حارثى كوڕى عەتیكى كوڕی نوعمان (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەتیكى كوڕى نوعمانە، لە پشتیوانانە لە بەنى نەججار، كونیەكەى ئەبووحەزمە، لە غەزاى ئوحود و هەموو غەزاكانى تردا بەشدارى كرد، دواى سەردەمى پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى جسر ئەبوعوبەیددا بەشدار بوو و تیایدا شەهید بوو.[7]

حارثى كوڕى عەددى كوڕى مالیك(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەددى كوڕى مالیكى كوڕى حەرامە، ئەم هاوەڵەش لە پشتیوانانە، لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد.[8]

سەبارەت بە كاتى مردنى دوو را هەیە، رایەك دەڵێت لە غەزاى ئوحوددا شەهید بووە، رایەكى تریش دەڵێت لە ساڵی پانزەى كۆچی لە جەنگى جسردا شەهید بووە.[9]

حارثى كوڕى عەددى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەددى كوڕی خەرشەیە، لە پشتیوانانە، لە جەنگى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[10]

حارثى كوڕى عەمر(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى كوڕی حەرامى كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.

حارث برایەكى هەبوو بە ناوى سەعد، هەردووكیان پێكەوە لە غەزاى ئوحوددا بەشدار بوون، هەردووكیشیان مانەوە تا لە جەنگى صفیندا لەناو سوپاى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا بەشدارییان كرد.[11]

حارثى كوڕى عەمرى باهیلى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى كوڕى ثهعلەبەی باهیلى سەهمیە، كونیەكەى ئەبوومسبەقەیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، كوڕێكی تریشی هەبوو بە ناوى كەریم.[12]

حارث دەڵێت كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)لە عەرەفە بوو چووم بۆ لاى، وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) داواى لێخۆشبوونم بۆ بكە خوا لێم خۆش بێت، ئەویش فەرمووى (خوا لێتان خۆش بێت، منیش چوومە ئەوڵاترەوە تا جیا لەو خەڵكەى تر بە تایبەت ئەو نزایەم بۆ بكات و وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى لێخۆشبوونم بۆ بكە خوا لێم خۆش بێت، ئەویش فەرمووى (خوا لێتان خۆش بێت).[13]

 

حارثى كوڕى عەمرى طائى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى طائیە دواتر لە شام نیشتەجێ بوو، دواجاریش چوو بۆ غەزا لە ئەرمینیا و ئەمیری سوپا بووە و لەوێ لە سەنگەردا وەفاتى كرد.[14]

حارثى كوڕى عەمرى عەدەوى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى كوڕی موئەممەلى كوڕی حەبیبە، قورەیشیەو لە عەدەویەكانە، واتە لە كۆچەرانە.[15]

حارث یەكێكە لەو حەفتا كەسەی لە فەتحى خەیبەردا كۆچیان كرد بۆ مەدینە.[16]

حارثى كوڕى عەمرى كوڕی غەزیە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرى كوڕی غەزیەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.[17]

حارثى كوڕى عەمرى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە، خاڵۆى یان دەوترێت مامى بەررائی كوڕی عازبە.[18]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بیستبووى پیاوێك چووە ژنەكەى باوكى بەهاوسەر گرتووە، بۆیە حارثى كوڕی عەمرى نارد تا بیكوژێت، كاتێك دەیویست بڕوات، بەڕراء وتى مامە گیان بۆ كوێ دەچیت؟ ئەویش وتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ناردوومى تا بچم بدەم لە گەردنى ئەو پیاوەى باوەژنەكەى بە هاوسەر گرتووەتەوە.[19]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە بەڕراء وتى ئەرێ خاڵۆ بۆ كوێ دەچیت.[20]

حارثى كوڕى عورفجە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عورفجەى كوڕى حارثه، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، بەشداربوویەكى غەزاى بەدر بوو.[21]

حارثى كوڕى عوقبە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عوقبەى كوڕی قابووسى موزەنیە.[22]

حارث لەگەڵ وەهبی مامیدا بە بڕێك مەڕەوە هات بەرەو مەدینە، كەچی بینییان مەدینە چۆڵە، بۆیە چون بەرەو ئوحود و چوونە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوون و دەستیان كرد بە جەنگ دژ بە بێباوەڕان تا هەردووكیان شەهید بوون، عومەرى كوڕی خەططاب دەیوت خۆشترین مەرگ لەلام مەرگى موزەنیەكانە.[23]

حارثى كوڕى عومەیرى ئەزدى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی عومەیرى ئەزدیە، نێردراوى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو بۆ لاى پاشاى بوصرا تا نامەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) پێ بگەیەنێتە دەست،[24] كاتێك گەیشتە ناوچەى موئتە، شورەحبیلى كوڕی عەمرى غەسانى رێی پێ گرت و بەستیەوەو داى لە گەردنى و كوشتى، كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەو هەواڵەى پێ گەیشت سوپاى نارد بەرەو موئتە.[25]

حارثى كوڕى فەروە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی فەروەى كیندیە، وردەكارى سەبارەت بە ژیانى نەهاتووە.[26]

حارثى كوڕى قەیس(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی قەیسى كوڕى خەلدەیە، كونیەكەى ئەبووخالیدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.[27]

دایكى ناوى كەبشەی كچی فاكیهە، هەروەها ژنەكەى ناوى ئەنیسەى كچی نەسرە، لەم ژنەى چەند منداڵێكی هەبوو (موخەللەد و خالید و خولدە).[28]

حارث لە بەیعەتى عەقەبە و غەزاى بەدر و  زۆربەى غەزاكانى تریشدا بەشدار بوو، پاش وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى یەمامەشدا بەشدارى كرد و تیایدا بریندار بوو، بە هۆی ئەو برینەیەوە لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا كۆچی دوایی كرد.[29]

 

حارثى كوڕى كورز(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی كورزە، دواتر لە حیمص نیشتەجێ بوو.[30]

حارثى كوڕى مالیكى كینانى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی مالیكى كوڕی قەیسى كینانیە، ناسراوە بە ئیبنولبەرصاء، بە ناوى دایكیەوە یان دەوترێت بە ناوى نەنكیەوە ناسراوە، نیشتەجێی مەككە بوو و دواتر چوو لە مەدینە نیشتەجێ بوو.[31]

چەند فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[32]

حارث دەڵێت رۆژی فەتحى مەككە بیستم پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (لا تغزى هذه بعد اليوم إلى يوم القيامة)،[33] (ئەم شارە لەمڕۆ بەدواوە تا رۆژی دوایی هێرشی ناكرێتە سەر).

لە سەردەمى ئەمیرایەتى مەروانى كوڕی حەكەمدا حارث دەچوو سەردانى مەڕوانى دەكرد و لە كۆڕیدا دادەنیشت، جارێك وترا فەىء هی خوایەو عومەرى كوڕی خەططابیش لە شوێنی خۆیدا دایناوە، مەڕوانیش وتى فەىء هی ئەمیرى باوەڕداران موعاویەیەو چۆن بیەوێت وا دایدەنێت، حارث چوویە دەرەوەو گەیشت بە سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و مەسەلەكەى بۆ باس كرد، سەعیدى كوڕی موسەیب دەڵێت دەمویست بچمە مزگەوتەوە كە سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص بانگى كردم و وتى وەرە لەگەڵم، منیش لەگەڵی چووم تا چووینە لاى مەڕوانى كوڕی حەكەم، سەعد لێی تووڕە بوو كە بۆ قسەی واى كردووە، دواتر مەڕوان پرسیارى كرد كێ پێی وت، وترا حارث پێی وت، مەڕوان بڕیاری دا كراسەكەى حارث لاببەن و لێی بدەن، لەو كاتەدا دەرگاوانەكەى مەڕوان هات و وتى حەكیمی كوڕی حیزام-كە هاوەڵێكی گەورەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو- داواى هاتنە ژوورەوە دەكات، خێرا مەڕوان وتى جلەكانى بكەنەوە بەر و بیبەنە دەرەوە با ئەم پیاوەشمان لێ هان نەدات.[34]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 483-484.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 576.

[3] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 281.

[4] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص121.

[5] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص563.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص 464.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 586.

[8] - أسد الغابة، ج1، ص 496.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 586.

[10] - أسد الغابة، ج1، ص 495.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 587.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 588.

[13] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 9879، ضعفه الألباني في سنن النسائي، الرقم 4226.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 588.

[15] - أسد الغابة، ج1، ص 499.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 587.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 587

[18] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 294.

[19] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1905.

[20] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2707.

[21] - أسد الغابة، ج1، ص 496.

[22] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 297.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 587.

[24] - أسد الغابة، ج1، ص 499.

[25] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 343.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 592.

[27] - أسد الغابة، ج1، ص 502.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 591.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 103.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 594.

[31] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 596.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 505.

[33] - سنن الترمذي، الرقم 1578، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18624، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17465، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3257، حسنه شعيب الأرناؤوط في مسند أحمد بن حنبل، و صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 2427.

[34] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 596.

 2052
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.