دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (حارث) بووە -بەشی چوارەم-

حارثى كوڕى مالیكى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی مالیكە و لە پشتیوانانە.

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت رۆژێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) گەیشت بە حارث و پێی فەرموو (ئەى حارث چۆن بەیانیت كردەوە؟) ئەویش وتى بە بڕوای حەقم بۆ خوا بەیانیم كردەوە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بزانە چی دەڵێیت چونكە هەر شتێك راستیەكى هەیە ئەى راستى ئیمانەكەى تۆ چیە؟)، ئەویش وتى دەروونم تۆراند لە دنیا و بۆ ئەوەش شەو بێدار بووم و رۆژم بە رۆژوو بووم و حاڵێكم هەبوو وامدەزانى بە روونى تەماشاى عەرشی پەروەردگارم دەكەم و دەبینم بەهەشتیەكان سەردانى یەكتریان دەكرد، بارى نارەحەتى دۆزەخیەكانیشم دەهاتە پێش چاو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەى حارث چاك ناسیوتە دەى دەستی پێوە بگرە).[1]

دواى چوونى حارث پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (من سره أن ينظر إلى من نور الله قلبه فلينظر إلى الحارث بن مالك)،[2] (كێ حەز دەكات سەیری كەسێك بكات كە خوا دڵی رووناك كردووە ئەوا با سەیری حارثى كوڕی مالیك بكات).

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە دواتر حارث وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى شەهیدیم بۆ بكە، ئەویش نزاى شەهیدی بۆ كرد، ئەوەبوو جارێك هێرشێك براو حارث چوو و جەنگا و توانى نزیكەى هەشت كەس لەو هێرش بەرانە بكوژێت و دواجاریش خۆی شەهید بوو.[3]

حارثى كوڕى مەعمەر(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی مەعمەرى كوڕی حەبیبە،[4] ژنەكەشی ناوى قوتەیلەى كچى مەظعوون بوو،[5] كوڕێكی هەبوو بە ناوى حاطب، كوڕێكى تریشی هەبوو بە ناوى حەططاب، كوڕێكی تریشی هەبوو بە ناوى مەعمەر، ئەمانە هەر سێكیان براى حەق و دا بوون.[6]

عوثمانى كوڕی مەظعوون ژنبراى حارث بوو.[7]

حارث برایەكى هەبوو بە ناوى جەمیل، برایەكى تریشی هەبوو بە ناوى سوفیان.[8]

حارث لەگەڵ حاطبى كوڕیدا لە كۆچى حەبەشەدا بەشدار بوو، ئینجا لەوێ حاطبى كوڕی منداڵێكى بوو كە ناوى نا حارث، هەروەها منداڵێكی تری بوو ناوى نا موحەممەد، بەڵام حاطب خۆی لە حەبەشە كۆچی دوایی كرد.[9]

 

حارثى كوڕى نوبەیه(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی نوبەیهە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى ئەنەس كە ئەویش هاوەڵ بووەو فەرموودەشى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، ئەم هاوەڵە لە ئەهلى صوففە بووە.[10]

حارث دەڵێت لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیست كاتێك حوسەینى لا بوو دەیفەرموو (ئەم كوڕەم لە زەویەك دەكوژرێت كە پێی دەوترێت عێراق، جا هەركەس پێی گەیشت با پاڵپشتى بێت و سەری بخات).

ئەوەبوو ئەنەسی كوڕی گەیشت بەو سەردەمەو لە سوپاى حوسەینى كوڕی عەلیدا بەشدارى كرد و كوژرا. [11]

حارثى كوڕى موسلیم (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی موسلیمى حیجازیەو كونیەكەى ئەبووموغیرەى مەخزوومیە.[12]

 

حارثى كوڕى موضرەس(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی موضرەسى كوڕی عەبدرەزاحە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە، لە بەیعەتى ريضواندا بەشدار بوو، دواى وەفاتى پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى قادسیەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[13]

 

حارثى كوڕى موعاذ(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی موعاذى كوڕى نوعمانە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان لە ئەشهەلیەكان،[14] براى سەعدى كوڕی موعاذە،[15] دایكى ناوى كەبشەى كچى رافیعە.[16]

حارث لە غەزاى بەدردا بەشدار بوو.[17]

 

حارثى كوڕى موعاویە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕى موعاویەى سكوونیە، دواى سەردەمى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە رۆژانى رێككەوتنى نێوان موعاویەو حەسەنى كوڕی عەلیدا لە كووفە كۆچی دوایی كرد.[18]

حارثى كوڕى نەضر(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی نەضرى سەهمیە، یان دەوترێت كوڕی سەهمە، لە پشتیوانانە.

كاتێك كۆچەران و پشتیوانان لە كەپری بەنى ساعیدە سەبارەت بە مەسەلەى خیلافەت مشتومڕیان هەبوو حارثى كوڕی نەضرى ئەنصارى هەستا و بە دێڕە شیعرێك هاوەڵانى دواند، دواتر وتى ئەى گرۆی ئەوس و خەزرەج لە خوا بترسن و داهاتووتان لەبەرچاو بێت. [19]

حارثى كوڕى نەضرى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى  حارثى كوڕی نەضرى كوڕى حارثى ئەنصاریە، یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان، هەم خۆی و هەم باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بون.[20]

حارثى كوڕى نەوفەل(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی نەوفەلى كوڕی حارثى كوڕی عەبدولموطهلیبە، دایكی ناوى ظریبەى كچی جوندوبە.[21]

حارث لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) كوڕێكی بوو و ناوى نا عەبدوڵا،[22] پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) خورماى لە لێوی سوى و نزاى بۆ كرد.[23]

هەروەها ئەم مندالآنەى تریشی هەبوو (موحەممەدى گەورە، رەبیعە، عەبدوڕەحمان، رەملە، ئومموزوبەیر، ظریبە)، ئەمانەى لەو ژنەى بوو كە خوشكى ئومموحەبیبە بوو واتە لە كچەكەى ئەبووسوفیان، هەروەها ژنێكی تری هەبوو بە ناوى ئوممو عەمرى كچی موطهلیب كە لەمیش ئەم مندالآنەى هەبوو (عوتبە، موحەممەدى بچووك، حارث، رەيطه، ئومموحارث)، هەروەها كەنیزەیەكیشی هەبوو كە لەو كەنیزەیە منداڵێكی لێی بوو بە ناوى سەعید.[24]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەندێ لە كاروبارى مەككەى بەم هاوەڵە سپارد، دواتریش هەریەك لە ئەبووبەكر و عومەر و عوثمان ئەویان لەو پۆستەدا هێشتەوە، ئینجا خۆی چوو بۆ بەصرەو تا مردن لەوێ مایەوە. [25]

بەڵام ئیبن ئەثير دەڵێت راست نیە ئەبووبەكر ئەوى بە بەرپرسی مەككە هێشتبێتەوە، چونكە لە سەردەمى ئەبووبەكردا عەتتابی كوڕی ئەسید والى مەككە بوو، بەڵكو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەوی وەك بەرپرسی جوددە دانا و دواتر ئەبووبەكر لایبرد، دواتر لە سەردەمى عوثماندا سەرلەنوێ ئەو كارەى پێ سپێردرا تا ئەو كاتەى خۆی چوو بۆ بەصرە.[26]

هەروەها حارث ئاوزاواى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، چونكە ژنەكەى ناوى هیندى كچی ئەبووسوفیان بوو، لەكاتێكدا ئومموحەبیبەى كچی ئەبوسوفیان ژنی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[27]

دەوترێت لە كۆتاییەكانى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەتتابدا مردووە،[28] رایەكى تر دەڵێت لە كۆتاییەكانى سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا لە بەصرە كۆچی دوایی كرد، رایەكیش دەڵێت لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا مرد،[29] كاتێك مرد تەمەنى حەفتا ساڵ بوو.[30]

 

حارثى كوڕى نوعمانى كوڕى ئومەییە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕى نوعمانى كوڕی ئومەییەیە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان.[31]

حارث لە غەزاى بەدر و ئوحوددا بەشدار بوو، بە دڵنیاییەوە لە غەزاكانى تریشدا بەشدارى كردووە، چونكە تا دواى سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیاوە.[32]

حارث تا سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیب ژیا و لەناو سوپاى عەلیدا لە جەنگى صفیندا بەشدارى كرد.[33]

حارثى كوڕى نوعمانى كوڕی ئیساف(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی نوعمانى كوڕی ئیسافە، لە پشتیوانانە لە بەنى نەججار، لە غەزاى موئتەدا بەشدار بوو و تیایدا شەهید بوو.[34]

حارثى كوڕى نوعمانى ئەنصارى (رضي الله عنه)

حارثى كوڕی نوعمانى كوڕی رافیعە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان.[35]

حارثى كوڕى هانىء(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی هانیئى كیندیە، وەك وەفد هاتوەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى ساباط لە مەدائیندا بەشدار بوو.[36]

كاتێك سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص لە قادسیەوە بەرەو مەدائین چوو لە رێدا گەیشتنە ناوچەى ساباط و لەوێ جەنگێكى قورس روویدا، حارثيش نەبەردیەكى ناوازەى نیشاندا، دوژمن چواردەوریان گرت، حارث هاوارى كرد(یا حكر یا حكر) كە بە شێوەزارى یەمەنى دەیوت و مەبەستى حیجرى كوڕی عەدى بوو، حیجر چوو بەدەمیەوەو رزگارى كرد.[37]

 

حارثى كوڕى هیشام (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی هیشامى جوهەنیە،[38] كونیەكەى ئەبوو عەبدوڕەحمانە، لە میصر نیشتەجێ بوو.[39]

ئەبووعەبدوڕەحمان دوو فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[40]

ئەم هاوەڵە لە غەزاى خەندەقدا بەشدار بوو.[41]

حارثى كوڕى هیشامى كوڕی موغیرە (رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی هیشامى كوڕی موغیرەى كوڕی عەبدوڵاى مەخزوومیە، براى ئەبووجەهل و ئامۆزاى خالیدی كوڕی وەلیدە.[42]

ژنەكەى ناوى فاتیمەى كچی وەلیدە كە دایكى عەبدورەحمانى كوڕى حارثه،[43]دایكى ناوى ئوممولجلاس ئەسمائی كچی موخەرریبەیە.[44]

حارث كچێكی هەبوو بە ناوى ئومموحەكیم،[45] كوڕێكیشی هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمان.[46]

حارث لە جەنگى بەدردا لە ریزی بێباوەڕاندا بەشدارى كرد و شكستى خوارد، دواتر لە جەنگى ئوحودیشدا هەر بە بێباوەڕی بەشدارى كرد، بەوجۆرە بە بێباوەڕی مایەوە تا لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، بەڵام بە جوانى موسڵمان بوو و موسڵمانبوونەكەى رووكەش نەبوو، هاوكات چەند فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.

لە رۆژی فەتحى مەككەدا حارث داواى پەناى كرد لە ئومموهانیئ، جا عەلى براى ویستى بیكوژێت، بەڵام ئومموهانی رازى نەبوو و ئەوەى لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) باس كرد، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئێمەش پەناى ئەوەمان داوە كە تۆ پەنات داوە)، رایەكى تر دەڵێت ئومموهانی پەناى حارثى نەداوە، بەڵكو پەناى كەسێكی تری داوە بە ناوى هوبەیرە.[47]

حارث لە غەزاى حونەیندا بەشدارى كرد و پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى غەزاى حونەیندا سەد وشترى پێ بەخشی.[48]

حارث لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا لە مەككەوە بەرەو شام كەوتەڕێ و ژن و منداڵیشی لەگەڵ خۆی برد، خەڵكێكی زۆری مەككە شوێنی كەوتن، ئەویش بەوانى وت كە مەبەستى ئەوە نیە شوێن بگۆڕێت بەڵكو تەنها لەپێناو خوادا مەككە جێ دێڵێت، تا كۆتایی ژیانى لە شام جیهادى دەكرد، دواجار حارث لەوێ بە نەخۆشی تاعوون كۆچی دوایی كرد،[49] كاتى كۆچەكەشی لە ساڵی هەژدەى كۆچیدا بوو.[50]

حارثى كوڕى وەهب(رضي الله عنه)

ناوى حارثى كوڕی وەهب یان وەهبانە لە بەنى عەددى،[51] وەك وەفد هاتوەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[52]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 506، قال ابن حجر في الإصابة إسناده ضعيف جدا.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 598.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 598.

[4] - أسد الغابة، ج1، ص 510.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 402.

[6] - أسد الغابة، ج5، ص 247.

[7] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 294.

[8] - أسد الغابة، ج1، ص 433.

[9] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 435.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 601.

[11] - أسد الغابة، ج1، ص 511.

[12] - التأريخ الكبير للبخاري، ج2، ص 263.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 599.

[14] - أسد الغابة، ج1، ص 509.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 600.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 420.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 600.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 600.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 601.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 602.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 56.

[22] - أسد الغابة، ج1، ص 513.

[23] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 56.

[24] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 56.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة ، ج1، ص 603-604.

[26] -  أسد الغابة، ج1، ص 513.

[27] - أسد الغابة، ج1، ص 513..

[28] - أسد الغابة، ج1، ص 513.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة ، ج1، ص 604.

[30] - أسد الغابة، ج1، ص 513.

[31] - أسد الغابة، ج1، ص 511.

[32] - أسد الغابة، ج1، ص 511.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 602.

[34] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 602.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 602.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 605.

[37] - أسد الغابة، ج1، ص 513.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 605.

[39] - أسد الغابة، ج6، ص 209.

[40] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص 1707.

[41] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 261.

[42] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 605.

[43] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 5.

[44] - أسد الغابة، ج1، ص 514.

[45] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 266.

[46] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 5.

[47] - أسد الغابة، ج1، ص 514.

[48] - أسد الغابة، ج1، ص 514.

[49] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 605-608.

[50] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 444.

[51] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 608.

[52] - أسد الغابة، ج1، ص 138.

 2175
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.