دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەرامى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى حەرامە، سەبارەت بە ناوى باوكى دەوترێت ناوى ئەبی كەعبە،[1] چونكە گێڕانەوەیەك لە بارەیەوە هاتووە كە تەنها ناوى حەرامى هێناوە، بەڵام ئەبوو نوعەیم هەمان گێڕانەوەى هێناوە،[2] بەڵام بە حەزمى كوڕی ئەبی كەعب هێناویەتى، حەرام لە پشتیوانانە.[3]

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت جارێك موعاذى كوڕی جەبەل پێش نوێژی بۆ هۆزەكەى دەكرد، حەرامیش هاتە ژوورەوەو دەیشیویست ئاوى دارخورماكانى بدات، بەڵام چووە مزگەوت تا پێشتر نوێژەكەى بكات، لە نوێژەكەدا دەبینی موعاذ زۆر درێژە بە نوێژەكەى دەدات - لە گێڕانەوەكەى ئەبوو نوعەیمدا هاتووە كە سوورەتى بەقەرەى دەخوێند- بۆیە حەرام كەنارى گرت و خۆی نوێژەكەى تەواو كرد و چوو بۆ ئاودانى دارخورماكانى، كاتێك موعاذ نوێژەكەى تەواو كرد پێی وترا خۆ حەرام هاتە ژوورەوە، كە بینی تۆ درێژەت دا بە نوێژەكەت كەنارى گرت و نوێژی خۆی كرد و چوو بۆ ئاودانى باخە خورماكەى، موعاذیش وتى دەى بە دڵنیاییەوە ئەو مونافیقە، لەپێناو خورماكانیدا پەلە دەكات لە نوێژدا؟!! حەرام چوو بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و موعاذیش لەوێ بوو، حەرام وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من ویستم ئاوى یاخە خورماكەم بدەم، بۆیە چوومە مزگەوت تا لەگەڵ خەڵكەكە نوێژ بكەم، بەڵام كە بینیم موعاذ نوێژەكە درێژ دەكاتەوە، من نوێژەكەم كرد و درێژم نەكردەوەو چووم بۆ ئاودانى باخە خورماكەم، كەچی موعاذ بانگەشەی ئەوەى كردووە من مونافیقم، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) رووى وەرچەرخاند بە رووى موعاذدا و فەرمووى (أفتان أنت، أفتان أنت، لا تطول بهم، اقرأ بسبح اسم ربك الأعلى و الشمس و ضحاها[4] (ئەرێ تۆ پەكخەریت، ئەرێ تۆ پەكخەریت؟! نوێژەكەیان بۆ درێژ مەكەرەوە، ئەم ئایەتانەو هاوشێوەى بخوێنە سبح اسم ربك الأعلى، والشمس و ضحاها).

لە گێڕانەوەكەى بوخاریدا ناوى حەرام نەهاتووەو دەڵێت پیاوێك هات، ئینجا لە كۆتاییشەوە هاتووە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە موعاذی فەرموو (فلولا صليت بسبح اسم ربك  والشمس وضحاها، والليل إذا يغشى، فإنه يصلي وراءك الكبير والضعيف وذو الحاجة)،[5] (با كە نوێژت كرد ئەمانەت بخوێندایە، سبح اسم ربك، والشمس و ضحاها، والليل إذا يغشى، چونكە لە دواى تۆوە كەسی بەتەمەن و لاواز و خاوەن ئیشى گرنگ هەن نوێژ دەكەن).

لە گێڕانەوەكەى موسلیمیشدا هاتووە خەڵكەكە بە كابراكەیان وت -واتە حەرام- ئایا بویت بە مونافیق؟ ئەویش وتى سوێند بەخوا دەچم بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و ئەمەى بۆ باس ئەكەم.[6]



[1] - الإصابة في تمييز اصحابة، ج2، ص 46.

[2] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2059.

[3] - الإصابة في تمييز اصحابة، ج2، ص 46.

[4] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12005، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 11224، صححه شعيب الأرناؤوط و قال إسناده صحيح على شرط الشيخين.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 684.

[6] - صحيح مسلم، الرقم 738.

 3372
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.