دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (حەرمەلە) بووە

حەرمەلەى كچى عوبەید (رضي الله عنها)

ناوى حەرمەلەى كچی عوبەیدە، لە پشتیوانانە، چوویە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێدا.[1]

حەرمەلەى كوڕی خالید(رضي الله عنه)

ناوى حەرمەلەى كوڕی خالیدى عامیریە، برایەكى هەبوو بە ناوى عدائى كوڕی خالید كە هەردووكیان هاودەم بە باوكیان موسڵمان بوون، ئەو دوانە لە گەورە پیاوانى ناو هۆزى خۆیان بوون، هەردووكیان دواى فەتحى مەككە موسڵمان بوون و لە دڵڕاگیركراوان بوون.[2]

 

حەرمەلەى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى حەرمەلەى كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە.[3]

ئیبن عومەر دەڵێت جارێك لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دانیشتبووم كە حەرمەلەى كوڕی زەیدى ئەنصارى هات و وتى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئیمان ئا لێرەدایە، ئینجا ئاماژەى كرد بۆ زمانى، وتیشی نیفاقیش ئا لێرەدایە، دەستى لەسەر سنگى دانا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لێی بێدەنگ بوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) داواى كرد دووبارەى بكاتەوەو حەرمەلەش بێدەنگ بوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لایەكى زمانى حەرمەلەى گرت و فەرمووى (اللهم اجعل له لسانا صادقا، وقلبا شاكرا، وارزقه حبي وحب من يحبني وصير أمره إلى الخير)، (خوایە زمانى راستگۆ بكەو دڵی سوپاسگوزار بكە، خۆشەویستى من و خۆشەویستى ئەوەشی پێ ببەخشە كە منى خۆشدەوێت، بارو حاڵیشی بەرەو خێر بگێڕە)، حەرمەلە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من بڕێك براى دووڕووم هەن كە لەنێویاندا بووم، ئایا ئەوانەت پێ بناسێنم كێن؟ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا، من جاءنا كما جئتنا استغفرنا له كما استغفرنا لك، ومن أصر على ذنبه فالله أولى به ولا تخرق على أحد سترا[4] (نا، هەركەس وەك تۆ بێت بۆ لامان داواى تەوبەی بۆ دەكەین وەك چۆن بۆ تۆ داوامان كرد، هەركەسیش لەسەر تاوانەكەى سوور بێت ئەوە خواى گەورە شیاوترە بە سزادانى، پەردەی كەس مەدڕەو نهێنی ئاشكرا مەكە).

حەرمەلەى كوڕی سەلما (رضي الله عنه)

ناوى حەرمەلەى كوڕی سەلمایە، دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە فەتحى عێراقدا بەشدار بوو، كاتێك لەگەڵ خالیدی كوڕی وەلیددا لە عێراق بوو، خالیدی كوڕی وەلید ئەوى كرد بە ئەمیر، وەك پێشتریش وتمان هاوەڵانى بەرپرسی فتووحات و خەلیفە راشیدینەكانیش بۆ ئەنجامدانى فتووحات و كارەكانى ناوچەكان تەنها هاوەڵانیان دەكرد بە ئەمیر.[5]

حەرمەلەى كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى حەرمەلەى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ئیاسە، دواتر لە بەصرە نیشتەجێ بوو، زۆر خواپەرستی دەكرد و شەونوێژی زۆر بوو تا ئاستێك لەتاو زۆری شەونوێژ پێیەكانى دەئاوسان.[6]

حەرمەلەى كوڕی عەمر(رضي الله عنه)

ناوى حەرمەلەى كوڕی عەمری كوڕى سیننەى ئەسلەمیە، لە حەجى ماڵئاواییدا بەشدار بوو، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمان، ئەم هاوەڵە لە ناوچەی یەنبوع نیشتەجێ بوو.[7]

حەرمەلە دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) حەجم كرد، كاتێك لە عەرەفات وەستاین پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بینى كە پەنجەیەكى لەسەر پەنجەكەى تری دانابوو، منیش بە مامم وت مامە گیان پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چی دەفەرموێت؟ ئەویش وتى دەفەرموێت (ارموا الجمار بمثل حصى الخاذف[8] (وردە بەردى بچووك بوەشێنن).

 

حەرمەلەى كوڕی نوعمان (رضي الله عنه)

ناوى حەرمەلەى كوڕی نوعمانە، فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) كە لە ئیبن حەجەر هێناویەتى.

حەرمەلە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئافرەتێك كە زۆر رووخۆش و منداڵ بێت لاى خوا خۆشەویستترە لە ئافرەتێكی جوان كە منداڵی نابێت).[9]

 

حەرمەلەى كوڕی هەوەذە (رضي الله عنه)

ناوى حەرمەلەى كوڕی هەوەذەى كوڕی خالیدى عامیریە، لەگەڵ خالیدى برایدا وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[10]

 

حەرمەلەى كوڕی وەلید(رضي الله عنه)

ناوى حەرمەلەى كوڕی وەلیدى كوڕی موغیرەى مەخزوومیە، براى خالیدی كوڕی وەلیدە،[11] دایكى ناوى عەصمائى كچی حارثه،[12] دواتر لە خاكى شام لە نزیك دیمەشقەوە نیشتەجێ بوو.[13]

حەرمەلەى مودلیجى (رضي الله عنه)

ناوى حەرمەلەى مودلجیەو بە ئەبوو عەبدوڵا ناسراوە، چەندین  دەرچوونى لەگەڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەبوو، چەند فەرموودەشی لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[14]

كوڕێكی هەبوو بە ناوى خالید كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[15]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 580.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 50.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص 582.

[4] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3393، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2055، قال الحافظ ابن حجر إسناده لا بأس به.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 51.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 51.

[7] - أسد الغابة، ج1، ص 582-583.

[8] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 2682، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3391، قال الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة ، الرقم  1437: رجاله ثقات غير يحيى بن هند.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 52.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 52

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 52.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 394.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 52.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 53.

[15] - مسند الروياني، الرقم 1490.

 2906
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.