دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەسەنى كوڕی عەلى (رضي الله عنه) - بەشی دووەم -

حەسەنى كوڕی عەلى لە سەردەمى خیلافەتى راشیدیندا

حەسەنى كوڕی عەلى لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا

حەسەنى كوڕی عەلى لە سەردەمى خەلیفە راشیدینەكاندا رێز و خۆشەویستى زۆری هەبوو، ئەبووبەكرى صدیق كە نزیكترین هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو دەیزانى حەسەن چەند خۆشەویست بوو لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).

چەند شەوێكی كەم بەسەر وەفاتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) تێپەڕ بووبوو، ئەبووبەكرى صدیق نوێژی عەسری كرد بۆ موسڵمانان، كە لێبوونەوە هاتەدەرەوەو عەلیش لەگەڵیدا بوو، دەرۆیشتن بە رێدا، ئەبووبەكر حەسەنى بینی كە لەگەڵ چەند منداڵێك یاری دەكرد، ئەبووبەكر حەسەنى گرتە قەلادۆشكان و دەیوت لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەچێت نەك لە عەلى، عەلیش پێدەكەنى.[1]

حەسەن ئامادەى كاتى وەفاتى ئەبووبەكرى صدیق بوو، حەسەن دەڵێت كاتێك ئەبووبەكر سەرەمەرگى هات بە عائیشەى وت ئەى عائیشە سەیری ئەو وشترە بكە كە لە شیرەكەیمان دەخواردەوەو ئەو تەشتەى بەكارمان دەهێنا و ئەو بەرگەى دەمانپۆشی،  ئێمە كاتێك كاروبارى موسڵمانانمان بەدەست بوو ئەو شتانەمان بەكاردەهێنا، جا ئەگەر مردم ئەوانە ببە بۆ عومەر، ئەوەبوو كە ئەبووبەكر مرد ئەو شتانەى نارد بۆ عومەر، ئەویش وتى خوا لێت رازى بێت ئەی ئەبووبەكر، ئەركى دواى خۆتت قورس كرد.[2]

 

حەسەنى كوڕی عەلى لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەتتابدا

عومەرى كوڕی خەططابیش رێزێكی زۆری دەنا لە بنەماڵەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، كاتێك ویستى بەخششی خەڵك دیارى بكات، راوێژی كرد بە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف، عەبدورەحمانیش وتى لە خۆتەوە دەست پێ بكە، چونكە تۆ شیاوتریت، عومەریش وتى نا سوێند بەخوا لە نزیكترین كەسەكانى پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) دەست پێ دەكەم، ئینجا لەوانەى بەشدارى بەدر بوون، بەوجۆرە دەچم تا دەگاتە خۆم، ئەوەبوو یەكەمجار پێنج هەزارى بڕیەوە بۆ عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، دواتر بۆ هاشمیە بەشداربووەكانى بەدر.[3]

بیلالى كوڕی رەباح كە چووبوو بۆ شام خەوى دى بە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم)، لە خەوەكەیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو ئەو هەموو جەفاو دوورگرتنەت چیە ئەی بیلال، ئایا كاتى نەهاتووە سەردانم بكەیت، بیلال بە خەفەت و دڵداگیرانەوە لەخەو راچڵەكى، سوارى ولآخەكەى بوو بەرەو مەدینە، چوویە لاى گۆڕەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دەگریا، لەو كاتەدا حەسەن و حوسەین-دوو رەیحانەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- هاتن بۆ ئەوێ، بیلال دەیگوشین بە خۆیدا و ماچی دەكردن، حەسەن و حوسەین وتیان زۆر بە تاسەوەین بانگت ببیستین، ئەویش دڵی دوو رەیحانەكەى نەشكاند و بانگى دا، دەنگى بانگى بیلال لە مەدینەدا بەرزبوویەوە، هەر كە وتى الله أكبر خەڵكی مەدینە راپەڕین، تا گەیشتە أشهد أن محمدا رسول الله ئیتر گریان هەموانى گرتەوە، دواى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رۆژێكى تری وا نەبینرابوو ئاوا گریان هەموان بگرێتەوە.[4]

 

حەسەنى كوڕی عەلى لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا

كاتێك هێرش كرایە سەر ماڵەكەى عوثمانى كوڕی عەففان و ویستیان بیكوژن، حەسەنى كوڕی عەلى لەگەڵ چەند هاوەڵێكى تردا لە ماڵی عوثمانى كوڕی عەففاندا مایەوە و بەرگری دەكرد، بەڵام عوثمان داواى لێكردن وازبێنن و نەجەنگن،[5] كاتێكیش عوثمان شەهید كرا و ژنەكەى هاواراى كرد، هەریەك لە حەسەن و حوسەین و چەند كەسێكی تر چوونە ژوورەوە، سەیریان كرد عوثمان شەهید كراوە و سەری بڕراوە.[6]

ئیبنولعەرەبی لەو بارەیەوە دەڵێت:

     حەسەن و حوسەین و ئیبن زوبەیر و ئیبن عومەر و مەروان هەموویان بەچەكەوە چوون بۆ ماڵ-بۆ بەرگرى كردن لە عوثمان- بەڵام ئەو پێی وتن بڕیارم بۆتان ئەوەیە بگەڕێنەوەو چەكەكانتان دابنێن و لە ماڵی خۆتان بمێننەوە...

     عەبدوڵاى كوڕی عامری كوڕی رەبیعە دەڵێت: من لەگەڵ عوثمان لە ماڵەوە بووم، وتى بزانە كێ گوێڕایەڵی فەرمانى منە پێی بڵێ دەست و چەكى بگرێتەوەو بەكاری نەهێنێت، پاشان وتى ئەی ئیبن عومەر هەستە-ئەوكات ئیبن عومەر شمشێرێكی بەدەستەوە بوو-بڕۆ ئەو هەواڵە بدە بە خەڵكەكە.

ئیبن عومەر و حەسەنى كوڕی عەلیش چوونەدەرەوەو –ئاشووبگێڕانیش- چوونە ناو ماڵەكەو عوثمانیان كوشت...

     حەسەنى كوڕی عەلى كۆتا كەس بوو كە لەلاى مابوویەوە، چونكە حەسەن و حوسەین و ئیبن عومەر و ئیبن زوبەیر و مەڕوان هاتبوون بۆ لاى، ئەویش زۆر جەختى لێكردنەوە چەكەكانیان دابنێن و بچنەدەرەوەو بچنەوە بۆ ماڵی خۆیان..[7]

    هەریەك لە عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر و حەسەنى كوڕی عەلى و مەروانى كوڕی حەكەم لە كاتى بەرگریكردنیان لە عوثمانى كوڕی عەففان بریندار بوون.[8]

   كاتێك هەواڵی شەهیدبوونى عوثمان گەیشت بە عەلى كوڕی ئەبووطالیب، عەلى تەواو شڵەژا و هاودەم بە طهلحەو زوبەیر و سەعد چوون بۆ لاى عوثمان و بینییان كوژراوە، عەلى تووڕە بوو لە حەسەن و حوسەین و وتى ئێوە لەبەر دەرگا بوون و هێشتتان ئەمیری باوەڕداران بكوژرێت؟! ئەوانیش وتیان ئێمە ئاگادار نەبوین بە كوژرانى، عەلى دەستى بەرزكردەوەو زللەیەكى دا لە حەسەن و داى بەسەر سنگى حوسەینیشدا، قسەشی وت بە موحەممەدى كوڕی طهلحەو عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر.[9]

 

حەسەنى كوڕی عەلى لە سەردەمى عەلى كوڕی ئەبوو تالیبدا (رضي الله عنه)

كاتێك عوثمان شەهید كرا دواى ئەوە بەیعەتى خیلافەت درا بە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، بەڵام كێشەكە لەوەدا بوو بەیعەتەكە هەموو موسڵمانانى لەخۆنەگرت، بەڵكو بەهۆی راجیایی سەبارەت بە خوێنی عوثمان فیتنەیەك لەنێوان هاوەڵاندا روویدا، ئەویش بوویە هۆی روودانى هەردوو جەنگى جەمەل و صفین، دواجاریش كێشەكە هەر بەو بارەیەوە مایەوە تا لەسەر دەستى حەسەنى كوڕی عەلى فیتنەكە كوژایەوە.

موعاویە لە شام و خەڵكی شام مانەوەو بەیعەتیان نەدا بە عەلى، جگە لەوەى طهلحەو زوبەیرو دایكى باوەڕداران عائیشەش ئیجتیهادیان وابوو دەبێت بكوژانى عوثمان یەكسەر بكوژرێنەوە، بەڵام عەلى كوڕی ئەبووطالیب راى وابوو پەلە نەكرێت لە كوشتنەوەیان چونكە ئەوان لەناو مەدینەدان و سەربازانى دەوڵەتى ئیسلامیش لە دەرەوەن و ئەگەر خێرا بكرێت لە لێدانیان لەوانەیە بتوانن مەدینە بگرن.

بەهەرحاڵ ئەمە بوویە هۆى فیتنەیەكى گەورە كە ئەنجامێكی دڵتەزێنی هەبوو بۆ موسڵمانان و تا ئەمڕۆش داخى ئەو فیتنەیە لاى موسڵمانان گەرمەو هێشتا خەفەتیان بەو فیتنەیە دانەمركاوەتەوەو بووە بە چەكێك بەدەست دوژمنانەوە تا داخى دڵی خۆیان بڕژن.

حەسەنى كوڕی عەلی بەیعەتى دا بە عەلى باوكى و لەگەڵیدا مایەوە، كاتێك سەربازگەكەى عەلى لە رەبذە بوو تا بچن بۆ جەنگى دژ بە طهلحەو زوبەیر، پاش ئەوەى نوێژیان كرد، حەسەن چوو بۆ لاى عەلى باوكى و لەلای دانیشت و وتوێژێكی لەگەڵ باوكیدا كرد، حەسەن وتى باوكە من شتێكم پێ وتیت و تۆیش لە قسەم دەرچوویت، سبەی بێ كەس دەكوژرێیت و كەس پشتت ناگرێ، عەلیش پێی وت تۆ هێشتا لووشكەلووشكى كچانت هەیە، چیت پێ وتم و من بەگوێم نەكردیت؟ حەسەن وتى ئەو رۆژەى گەمارۆی ماڵی عوثمان درا داوام لێكردیت لە مەدینە بچیتە دەرەوە تا كاتێك عوثمان كوژرا تۆ لەناو مەدینەدا نەبیت، پاشان ئەو رۆژەی عوثمان كوژرا پێم وتیت بەیعەت لەكەس وەرنەگریت تا وەفدى خەڵكی ناوچەكان و عەرەب و بەیعەتى هەموو میصرت بۆ بێت، پاشان كاتێك ئەو دوانە بەزمى خۆیان كرد پێم وتیت  لە ماڵی خۆتدا بمێنیتەوە تا رێكدەكەون، ئەگەر خراپەى لێكەوتەوە ئەوە تۆی بەرنەدەكەوت، كەچی لە هەموو ئەمانەدا تۆ پێچەوانەى من جوولآیتەوە، عەلیش وتى: كوڕی ئازیزم، سەبارەت بە دەرچوونم لە مەدینە كاتێك عوثمان گەمارۆ درابوو، دەى سوێند بەخوا وەك چۆن ئەو گەمارۆ درابوو منیش گەمارۆ درابووم، سەبارەت بەوەى بەیعەت وەرنەگرم تا هەموو ناوچەكان بێن و بەیعەت بدەن، دەسەلآتەكە هی مەدینە بوو و پێمان باش نەبوو ئەو دەسەلآتە بفەوتێت، سەبارەت بە دەرچوونى طهلحەو زوبەیریش ئەوە كەموكورتى و ترسنۆكی بوو بۆ موسڵمانان، سوێند بەخوا لەو كاتەوەى دەسەلآتم وەرگرتووە پشتم بەردراوە و ئەوەى پێویست بووە نەهاتووەتە رێم، سەبارەت بەوەى لە ماڵەوە دابنیشتایەم، ئەى چیم بكردایە بەوەى دەهات بۆ لام، تۆ ئەتویست من چۆن بم؟ دەتویست وەك ئەو جرجە بوومایە كە گەمارۆ دەدرێت  دباب دبابیەتى-بانگكردنى نێوان جرجەكان-.[10]

بەڵام حەسەن كە ئەمانەى دەوت بە باوكى، هاوكات ئامادەیی هەبو وهەموو پشتگیریەكى باوكى بكات وەك خەلیفەیەك كە بەیعەتى پێدابوو، بۆیە كاتێك عەلى داواى كرد خەڵكی كووفە بێنە ناو ریزی سوپاكەى و ئەبوومووساى ئەشعەریش خەڵكەكەى سارد دەكردەوە تا نەچن چونكە ئەوەى بە فیتنەیەك دەزانى، عەلى چەند كەسێكی نارد تا خەڵكەكە رازى بكەن بێنە ناو سوپاكەى، بەڵام هیچكام ئەوەیان پێ نەكرا، دواجار عەلى حەسەنى كوڕی نارد لەگەڵ عەمماردا، ئەوەبوو حەسەن وعەلى چوونە مزگەوتى كوفەو لەوێ ئەبوو مووسا كە حەسەنى بینی باوەشی پێداكرد، حەسەن وتى ئەی ئەبوو مووسا بۆچی خەڵكمان لێدەتەكێنیتەوە، سوێند بەخوا ئێمە تەنها خێرمان دەوێت و كەسی وەك ئەمیری باوەڕدارانیش لەهیچ ناترسێت، ئەبوومووسا وتى بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم راست دەكەیت، بەڵام راوێژپێكراو دەبێت سپاردەكار بێت، من بیستوومە لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (فیتنەیەك روودەدات كە ئەوەى تیایدا دانیشتووە زۆر باشترە لەوەى تیایدا راوەستاوە، ئەوەی تیایدا راوەستاوە زۆر باشترە لەوەى تیایدا رێ دەكات، ئەوەى تیایدا رێ دەكات زۆر باشترە لەوەى تیایدا سوارە) خوا ئێمەى كردوەتە براى یەك و ماڵ و خوێنی لەیەك حەرام كردوین، ئینجا چەند ئایەتێكی خوێندەوە، عەممار كە لەگەڵ حەسەن بوو تووڕە بوو و هەستا و كەوتە قسەكردن لەناو خەڵكەكەدا، هەندێكیش وەڵامیان دایەوە... حەسەن دواتر قسەی بۆ خەڵكەكە كرد و وتى ئەى خەڵكینە بێن بەدەم بانگەوازى ئەمیرەكەتانەوەو بچن بۆ لاى براكانتان، چونكە هەموو كەسێ دەبێت بچێت بەدەم ئەم بانگەوازەوە، سوێند بەخوا ئەگەر كەسانى ژیر ئەم بارە بگرنە دەست زۆر لەپێشتر و باشترە بۆ داهاتووش، دەى وەرن بەدەم بانگەوازەكەمانەوەو لەو بارەدا كە ئێمەو ئێوەش پێی تاقی دەكرێینەوە هاریكارمان بن، بەوە خەڵكەكە رازى بوون. [11]

بەوجۆرە حەسەن بەردەوام لە ریزی سوپاى باوكیدا مایەوەو هەوڵیدا، تا ئەوەى عەلى باوكى بە دەستى ناپاكى لێیدرا و سەرەمەرگى هات، جا جوندوبی كوڕی عەبدوڵا هات بۆ لاى عەلى و وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران ئەگەر تۆمان لەدەستدا ئایا بەیعەت بدەین بە حەسەن؟ عەلیش وتى نە فەرمانتان پێ دەكەم بۆ ئەوەو نە رێگریشتان لێ دەكەم، خۆتان باشتر دەزانن،[12] ئەمەش ئاماژەیە بەوەى عەلى كوڕی ئەبوو طالیب راوێژی پێ رەوا بووە نەك دەسەلآتى بنەماڵەیی و پشتاوپشت.

پاشان عەلى هەریەك لە حەسەن و حوسەینی بانگ كرد و ئامۆژگارى كردن و وەسیەتى بۆ كردن تا لەخواترس بن و دنیا لەخشتەیان نەبات و قسەی حەق بڵێن و كار بكەن بۆ رۆژی دوایی و نەیارى ستەمكار و سەرخەرى ستەملێكراو بن و كار بە قورئان بكەن و لەبەر خوا ترسیان لە لۆمەى لۆمەكاران نەبێت، ئینجا بە موحەممەدى كوڕیشی وت هەمان ئامۆژگاریشم بۆ تۆ هەیەو داواشم لێتە رێز لە براكانت بگریت چونكە مافیان بەسەرتەوە زۆرە، داواى كرد لە حەسەن و حوسەینیش چاك بن لەگەڵ موحەممەد چونكە برایانە و خۆشەویستى باوكیانە.، ئینجا روویكردە حەسەن و وتى كوڕی خۆم وەسیەتت بۆ دەكەم لەخواترس بیت و نوێژەكان لە كاتى خۆیدا بكەیت و زەكات لە كاتى خۆیدا بدەیت و جوان دەستنوێژ بگریت چونكە نوێژ بە پاكى قبووڵە، نوێژی زەكات نەدەر دروست نیە، لێبوردنت هەبێت بۆ تاوانكار و قین و تووڕەییت بخۆرەوەو پەیوەندى خزمایەتیت بەتین بكە و لەگەڵ نەزاناندا لەسەرخۆ بە و شارەزای ئایین بەو خۆراگربە لەسەر دینداری و پەیوەستى قورئان بەو دراوسێیەتیت چاك بێت و فەرمان بكە بە چاكەو رێگری بكە لە خراپە و دوور بە لە خراپەو داوێن پیسی.[13]

ئینجا كە عەلى وەفاتى كرد حەسەن هەستاو وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا وتى: دوێنێ كەسێك جێی هێشتن كە پێش خۆی و پاش خۆیشی هێندەى ئەو زانستیان نەبوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە ئالآى دەدایە دەست پشتى هەڵنەدەكرد تا ئەو شوێنەى فەتح دەكرد، جبریل لە لاى راستیەوە بوو و میكائیل لە لاى چەپیەوە بوو، تەنها شتێك پاش خۆی جێی هێشتبێت حەوت سەد درهەم بووە كە لە مووچەكەى پاشەكەوتى كردبوو، دەیویست بەو پارەیە خزمەتكارێك بكڕێت،[14] شەوێك كوژرا كە تیایدا قورئان دابەزیوە، تیایدا عیسا بەرزكرایەوە، تیایدا مووسا گیانى سپارد)، حەسەن و حوسەین و عەبدوڵاى كوڕی جەعفەر تەرمەكەى عەلییان شۆرد،[15] ئینجا حەسەن نوێژی لەسەر باوكى كرد.[16]



[1] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 43 و اللفظ له، صحيح البخاري، الرقم 3370، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 33، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2464، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 239،

[2] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 36.

[3] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 32250.

[4] - أسد الغابة، ج1، ص 307، سير أعلام النبلاء، ج1، ص358، قال الذهبي إسناده لين و هو منكر.

[5] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 452.

[6] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 459.

[7] - ابن العربي، العواصم من القواصم.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 188.

[9] 0 الثقات لابن حبان، ج2، ص 265.

[10] - تاريخ الطبري، ج3، ص 11.

[11] - تاريخ الطبري، ج3، ص 26-27.

[12] - تاريخ الطبري، ج3، ص 157.

[13] - تاريخ الطبرى، ج3، ص 158.

[14] - صحيح ابن حبان، الرقم 7046، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8137، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1656، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4750، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31465، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2651، حسنه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 2496، كما حسنه شعيب الأرناؤوط،

[15] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 329.

[16] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4636، سكت عنه الذهبي.

 2619
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.