دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (حەسسان) بووە

حەسسانى كوڕی ئەسعەد(رضي الله عنه)

ناوى حەسسانى كوڕی ئەسعەدە، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە فەتحى میصریشدا بەشدارى كرد.[1]

حەسسانى كوڕی جابیر(رضي الله عنه)

ناوى حەسسانى كوڕی جابیر یان كوڕی ئەبووجابیرى سولەمیە، لە فەرموودەیەكدا كە ئەبوویووسف دەیگێڕێتەوە یەكێك لە هاوەڵان دەڵێت یەكێك لە هاوەڵانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە ناوى حەسسانى كوڕی ئەبی جابیرى سولەمى بوو هات بۆ لامان[2] و وتى ئێمە لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تەوافمان دەكرد، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لایكردەوەو خەڵكێكی بینی كە ریشیان زەرد كردبوو، خەڵكێكی تریش رەنگی ریشیان سوور(خەنەیی) كردبوو، ئەویش فەرمووى (مرحبا بالمصفرین و المحمرین)،[3] مەرحەبا لە ریش زەردكەران و ریش سووركەران.

 

حەسسانى كوڕی خووط(رضي الله عنه)

ناوى حەسسانى كوڕی خووطى ذوهلى بەكریە،[4] برایەكى هەبوو بە ناوى بیشر كە لەگەڵ حەسسانى براى مایەوە تا لە جەنگى جەمەلدا لەناو سوپاى عەلیدا بەشدارى كرد، هەروەها دوو كوڕی هەبوو بە ناوەكانى حارث و بیشر كە ئەوانیش بەشدارى ئەو جەنگە بوون.[5]

حەسسان لەناو هۆزەكەیدا كەسێكی خانەدان و پیاوماقووڵ بوو، نوێنەرى هۆزى بەكر بن وائیل بوو بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)،  دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیبدا لە جەنگى جەمەلدا بەشدارى كرد، هەریەك لە خۆی و بیشر و حارثى كوڕی و بیشرى براى و چەند خزم و كەسێكی نزیكی لەو سوپایەدا بەشدارییان كرد.[6]

 

حەسسانى كوڕی شەدداد(رضي الله عنه)

ناوى حەسسانى كوڕی شەددادى تەمیمیە، هەم خۆی و هەم دایكیشی هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بون، ناوى لەناو هاوەڵانى نیشتەجێی بەصرەدا هاتووە،[7] ئەم هاوەڵە منداڵ بوو كە هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، منداڵێكی هەبوو بە ناوى عەففاس كە فەرموودەیەكى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[8]

حەسسان دەڵێت لەگەڵ دایكم چووین بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، دایكم وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من هاتوم بۆ لات تا نزا بكەیت بۆ ئەم كوڕەم بەڵكو خوا بەرەكەتى تێ بخات و پاك و نەوەى زۆر بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەستنوێژی گرت و دەستى هێنا بە دەموچاویدا و هەمان ئەو نزایانەى بۆ كرد و فەرمووى (اللهم بارك لها فيه و اجعله كثيرا طيبا).[9]

حەسسانى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى حەسسانى كوڕی قەیسی كوڕی ئەبی سوودى تەمیمی یەربووعیە، كونیەكەى ئەبوو سوودە،[10] كوڕێكی هەبوو بە ناوى وەكیع.[11]

ئیبن دورەید دەڵێت ئەبووسوود كەسێكی مەجووسی بوو و موسڵمان بوو، ئیبن ئەثير دەڵێت ئەوەش دوور نیە لە راستیەوە، چونكە وڵاتى دیار دراوسێی وڵاتى فارس بوو و لەژێر دەستى فارسەكاندا بوون، هەندێ لە عەرەبەكان بووبوونە مەسیحی و هەندێكیشیان بووبوون بە مەجووسی كە ئەمانە كەمینە بوون.[12]

ئیبن حەجەریش پاڵپشتى ئەم رایە دەكات و دەڵێت ئەوەى لە چیرۆكەكەى حاجیبی باوكى عەتارددا هاتووە بەڵگەیە بۆ ئەوە، هەروەها گێڕانەوەى فەرموودەى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەیە بە موسڵمانبوونى.[13]

حەسسانى كوڕی قەیس فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (اليمين الفاجرة التي يقتطع بها الرجل مال المسلم تعقم الرحم[14] (ئەو سوێندە ناحەقەی كە موسڵمان بەكارى دەهێنێت بۆ بڕینى ماڵ و سامانى موسڵمانى تر-برا موسڵمانەكەى- دەبێتە هۆی وەجاخ كوێركردنى خزمایەتى –واتە نەمانى خزمایەتى و چاكەى نێوان خەڵك-).

ئەم هاوەڵە باپیری وەكیع بوو، ئەو وەكیعەى كە لە سەردەمى سولیەمانى كوڕی عەبدولمەلیكدا لە خوراسان راپەڕی و قوتەیبەى كوڕی موسلیمی كوشت.[15]

حەسسانى كوڕی یەزیدی عەبدی (رضي الله عنه)

ناوى حەسسانى كوڕی یەزیدی عەبدی موحاریبیە، وەك وەفدى عەبدولقەیس هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، یەكێك بوو لە گەورەو ناسراوو سوارچاكەكانى عەبدولقەیس.[16]

حەسسانى ئەسلەمى (رضي الله عنه)

ناوى حەسسانەو لە ئەسلەمیەكانە، لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بوو و جڵەوى سوارەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەگرت.[17]

حەسسانى جنۆكە (رضي الله عنه)

ناوى حەسسانەو یەكێك بووە لەو جنۆكانەى كە لە نصیبینەوە هاتون بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تا گوێی لێبگرن، ئەوانیش بریتی بوون لە نۆ كەس، بەسەرهاتى ئەمانەش لە قورئاندا باس كراوە كە خواى گەورە دەفەرموێت (وَإِذْ صَرَفْنَا إِلَيْكَ نَفَرًا مِنَ الْجِنِّ يَسْتَمِعُونَ الْقُرْآنَ فَلَمَّا حَضَرُوهُ قَالُوا أَنْصِتُوا فَلَمَّا قُضِيَ وَلَّوْا إِلَى قَوْمِهِمْ مُنْذِرِينَ)،[18] (وە (بیریان خەرەوە) كاتێ چەند جنۆكەیەكمان نارد بۆ لات تا گوێ لە قورئان بگرن جا كاتێ ئامادەی گوێ گرتن لە قورئان بوون وتیان (بە یەكتری) بێ دەنگ بن (و گوێ بگرن) جا كە (قورئان خوێندنەكە) تەواو بوو هەموو گەڕانەوە بۆ لای قەوم و هۆزەكەیان بە ترسێنەر)

شنقيطى سەبارەت بە تەفسیری ئەم ئایەتە دەڵێت: سەبارەت بە (نفرا من الجن) واتە كەمتر لە دە جنۆكە بوون.[19]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج 2، ص 62.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 65.

[3] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3511، الآحاد و المثانى لابن أبي عاصم، الرقم 1280، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2035، قال ابن حجر في الإصابة في إسناده نظر و هو غير معروف، انظر الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 65.

[4] - أسد الغابة، ج2، ص 11.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 65.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 65.

[7] - أسد الغابة، ج2، ص 12.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 66.

[9] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3510، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2033، قال ابن حجر في الإصابة: قال العلائي في الوشي المعلم في إسناده أعرابي لا ذكر لروايته في شيء من التواريخ.

[10] - أسد الغابة، ج2، ص 13.

[11] - أسد الغابة، ج6، ص 169.

[12] - أسد الغابة، ج6، ص 170.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 194.

[14] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 1094، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20218، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18759، قال شعيب الأرناؤوط إسناده ضعيف لإبهام الرجل الذي روى عنه معمر.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 194.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 66.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 66.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 45.

[19] - أضواء البيان، ج7، ص 235.

 2199
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.