دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەفصەی كچی عومەر(دایكی باوەڕداران) (رضى الله عنهما)

 

حەفصەی كچی عومەر(دایكی باوەڕداران) (رضى الله عنهما)

ناوى حەفصەى كچی عومەرى كوڕی خەططابی كوڕی نوفەیلە، دایكی ناوى زەینەبی كچی مەظعوونە.[2]

خاڵۆی زەینەب ناوى عوثمانى كوڕی مەظعوون بوو كە یەكێك بوو لە گەورە هاوەڵان.[3]

خاڵۆیەكى تری ناوى سائیب بوو كە ئەویش لە كۆچەرانى یەكەمى خاكى حەبەشە بوو، ئەویش گەڕایەوەو چوویە مەدینەو بەشدارى بەدرى كرد.[4]

خاڵۆیەكى ترى ناوى عەبدوڵا بوو كە ئەویش لەگەڵ دوو براكەى تری كۆچی كرد بۆ حەبەشە و گەڕایەوەو چوویە مەدینەو بەشدارى غەزاى بەدرى كرد.[5]

خاڵۆیەكى تری ناوى قودامە بوو كە ئەمیش هاوشێوەی براكانى ترى كۆچی حەبەشەو غەزاى بەدرى بینی، دواتریش بەشدارى هەموو غەزاكانى تریشی كردو دواى سەردەمى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا.[6]

حەفصە برایەكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵاى كوڕی عومەر كە یەكێكە لە هاوەڵە گەنج و زۆر ناسراوەكانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)،[7] حەفصە شەش ساڵ لە عەبدوڵاى براى گەورەتر بوو.[8]

برایەكى تری هەبوو بە ناوى زەید كە لە سەردەمى پێغەمبەرایەتیدا لەدایك بوو.[9]

برایەكى ترى ناوى عەبدوڕەحمان بوو كە ئەمیش لە هاوەڵانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[10]

برایەكى ترى ناوى عاصم بوو كە لە كۆتاییەكانى سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) لەدایك بوو و دایكی ناوى جەمیلە بوو.[11]

برایەكى تری ناوى عەبدوڕەحمان بوو كە ئەمەیان بە عەبدورەحمانى ناوەند ناسرابوو، واتە بچووكتر بوو لە عەبدوڕەحمانى برا گەورەى، ئەم برایەى لە سەردەمى خیلافەتى باوكیدا وەفاتى كرد.[12]

برایەكى ترى ناوى عوبەیدوڵا بوو كە لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) لەدایك بوو و دایكی ناوى ئومموكلثومى كچی جەروەل بوو، عوبەیدوڵا لە سەردەمى خیلافەتى باوكیدا بەشدارى جیهادى كرد.[13]

حەفصە خوشكێكی هەبوو بە ناوى صەفییە و لە غەزاى خەیبەردا بەشدارى كرد،[14]خوشكێكی تریشی هەبوو بە ناوى فاتیمە كە لە باوكیەوە خوشكی بوو.[15]

كاتێك حەفصە لەدایك بوو هێشتا سەردەمى نەفامى بوو، ئەوكات قورەیشیەكان كەعبەیان بنیاد دەنایەوە، ئەمەش پێنج ساڵ پێش ماوەى پێغەمبەرایەتى بوو.[16]

حەفصە ژنى خونەیسی كڕی حوذافەى سەهمى بوو، ئەم مێردەى زۆر زوو موسڵمان بووبوو، یەكێك بوو لە بەشداربوانى كۆچی حەبەشە، دواتر گەڕایەوەو چوو بۆ مەدینە، لەوێیش لە غەزاكانى بەدر و ئوحوددا بەشدارى كرد، لە غەزاى ئوحوددا خونەیس بریندار بوو و برینەكەى لێی قورس كرد و بەو هۆیەوە مرد، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەفصەی بەهاوسەر گرت.[17]

كاتێك حەفصە بێوەژن كەوت، عومەرى باوكى بڕیاری دا مێردێكی باش بدۆزێتەوە بۆ كچەكەى، بۆیە پێشنیازى كرد بۆ ئەبووبەكر تا بەهاوسەری بگرێت، بەڵام ئەبووبەكر رەزامەندى دەرنەبڕی، ئینجا پێشنیازى كرد بۆ عوثمان، ئەویش رەزامەندى دەرنەبڕی و وتى بڕوام نیە بتوانم ئەم ماوە ژن بهێنم، عومەریش بەوە دڵتەنگ بوو و جۆرێك لە بێتاقەتى رووى تێكرد و چوو لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سكالآى كرد كە چی روویداوە، ئەویش فەرمووى (يتزوج حفصة من هو خير من عثمان و يتزوج عثمان من هي خير من حفصة)، (كەسی باشتر لە عوثمان حەفصە بەهاوسەر دەگرێت و عوثمانيش كەسی باشتر لە حەفصە بەهاوسەر دەگرێت)، ئەوەبوو پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) داواى حەفصەى كرد و بەهاوسەری گرت، دواتر كە ئەبووبەكر عومەرى بینی وتى دڵت شتێك نەكات بەرامبەرم، من بیستبووم كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی حەفصەی دەكرد، بۆیە –ئەمەشم پێ نەوتیت- وتم با نهێنی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئاشكرا نەكەم، بە دڵنیاییشەوە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەفصەی بەهاوسەر نەگرتایە من داوام دەكرد و بەهاوسەرم دەگرت.[18]

وەستانێك

بە چەند گێڕانەوەیەك هاتووە كە كاتێك روقییەى كچی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد كە ژنى عوثمان بوو، عوثمان زۆر دڵگران بوو، بۆیە عومەر پێشنیازى بۆ كرد تا حەفصەی كچی بەهاوسەر بگرێت، بەڵام ئەو رازى نەبوو،[19] بەڵام دەزانین كاتێك غەزاى بەدر روویدا روقییە نەخۆش بوو، بۆیە بە ویستى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) عوثمان لاى روقییە مایەوە، بەڵام پێش ئەوەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بگاتەوە ناو مەدینە روقییە كۆچی دوایی كرد،[20] هاوسەرگیری پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ حەفصەدا بەپێی بۆچوونى دروست لە ساڵی سێیەمى كۆچیدا بووە، چونكە خونەیسی مێردى حەفصە لە جەنگى ئوحوددا بریندار بوو و بەو هۆیەوە مرد،[21] تەنها لە گێڕانەوەیەكدا هێناویەتى كە خونەیس لە گەڕانەوەى لە بەدردا مردووە،[22] بەڵام هەموو راكانى تر بە گێرانەوەكانى تری ئیبن سەعدیشەوە بەڵگەی ئەوەن كە خونەیس لە ئوحوددا بەشدار بووەو تیایدا بریندار بووەو بەو هۆیەوە پاش ئوحود مردووە، جا ئەمە دەیسەلمێنێت ئەو رووداوە پەیوەست نەبووە بە كاتى مردنى روقییەى كچی پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەتا ئیبن سەعدیش دەڵێت خونەیسی مێردى حەفصە لە پاش دوو ساڵ و یەك مانگ پاش كۆچی مەدینە وەفاتى كرد،[23] دەى دواى مردنى خونەیس ماوەى عیددەى حەفصە تەواو بووە ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە هاوسەری گرتووە.

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە ساڵی سێیەمى كۆچیدا حەفصەی بەهاوسەرگرت،[24] ئەمەش راى زۆرینەى زانایانە،[25] جا بەو پێیەی لە پێنج ساڵ پێش پێغەمبەرایەتى لەدایك بووبێت و لە ساڵی سێی كۆچیدا بووبێتە هاوسەری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، واتە تەمەنى نزیكەی بیست ساڵێك بووە.[26]

هاوسەرگیری حەفصە دواى عائیشە بوو، واتە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پاش عائیشە حەفصەی بەهاوسەرگرتووە.[27]

عائیشە و حەفصەی دایكانى باوەڕداران غیرەیەكیان هەبوو بەرامبەر بە هەڵوێستێك كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ زەینەبی كچی جەحش هەیبوو، حەفصە دواى عائیشەو زەینەبیش دواى حەفصە بوون بە هاوسەری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە دەچوو بۆ لاى زەینەب لاى ئەو هەنگوینی دەخوارد، عائیشەو حەفصەش بڕیاریاندا پێكەوە كارێك بكەن پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) راگرن لەو خواردنى هەنگوینە، بۆیە بڕیاریان دا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بچێت بۆ لاى هەركامیان بڵێن ئەوە مەغافیرت خواردووە (خواردنێكی بۆن ناخۆشە)، ئەو بۆنەت لێ دێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەى پێ وترا فەرمووى (نا، بەڵام من لاى زەینەبی كچی جەحش هەنگوینم خواردووە، ئیتر هەرگیز نایخۆم و سوێندیشم خواردووە، هەواڵی ئەمەش مەڵێ بە كەس)،[28] ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ لِمَ تُحَرِّمُ مَا أَحَلَّ اللَّهُ لَكَ تَبْتَغِي مَرْضَاتَ أَزْوَاجِكَ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ، قَدْ فَرَضَ اللَّهُ لَكُمْ تَحِلَّةَ أَيْمَانِكُمْ  وَاللَّهُ مَوْلَاكُمْ  وَهُوَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ، وَإِذْ أَسَرَّ النَّبِيُّ إِلَى بَعْضِ أَزْوَاجِهِ حَدِيثًا فَلَمَّا نَبَّأَتْ بِهِ وَأَظْهَرَهُ اللَّهُ عَلَيْهِ عَرَّفَ بَعْضَهُ وَأَعْرَضَ عَنْ بَعْضٍ فَلَمَّا نَبَّأَهَا بِهِ قَالَتْ مَنْ أَنْبَأَكَ هَذَا  قَالَ نَبَّأَنِيَ الْعَلِيمُ الْخَبِيرُ، يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنْفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ عَلَيْهَا مَلَائِكَةٌ غِلَاظٌ شِدَادٌ لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ[29] (ئەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆچی شتێك لە خۆت حەرام دەكەیت كە خوا بۆی حەڵاڵ كردوویت تۆ ڕەزامەندی ژنەكانت دەوێ لە كاتێكدا خوا لێخۆشبووی میهرەبانە، بێگومان خوا دایناوە بۆتان هەڵوەشاندنەوەی سوێندەكانتان خوا كارساز و دۆستی ئێوەیە وە ئەو زانای كاردروستە، كاتێك كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەنهێنی لای هەندێ لە ژنەكانی قسەیەكی دركاند ئینجا كە ئەو (ژنە) قسەكەی كرد (بۆ هەوێكەی) خواش پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) ئاگادار كرد (پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)) هەندێك (لە قسەكان) ی باسكرد و بێ دەنگ بوو لە هەندێكی تری ئینجا كە پێی وت (ژنەكەی) وتی: كێ ئەمەی پێ گەیاندی فەرمووی خوای زانای ئاگادار پێی گەیاندم، ئەی (حەفصە و عائیشە) ئەگەر هەردووكتان تەوبە بكەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا (جێ ی خۆیەتی) چونكە بەڕاستی دڵتان لایدا (لە حەق و ڕاستی) وە ئەگەر پشتی یەكتر بگرن لە دژی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) (سەركەوتوو نابن) چونكە بێگومان خوا پشگیری ئەوەو هەروەها جوبرەئیل و ئیماندارە چاكەكانیش دوای ئەوان فریشتەكانیش پشتیوانی ئەون).

وەستانێك

لە گێڕانەوەیەكى ترى موسلیمدا هەمان بەسەرهات هاتووە، بەڵام وا هاتووە كە خاوەنى هەنگوینەكە حەفصە بووەو پلان دانانەكەش عائیشەو سەودە بون،[30] بەڵام ئیبن حەجەر لە شەرحى بوخاریدا دەڵێت دەگونجێت ئەو رووداوە جارێكی تر بووبێت و پەیوەست نەبووە بەم رووداوەو بە دابەزینی ئەم ئایەتانەوە، چونكە رووداوى هەنگوینەكەى زەینەب و پێ ناخۆش بوونى عائیشەو حەفصە چەسپاوە، لەو بارەشەوە مشتومڕێكى ورد دێنێت، ئەو پێی وایە كە لەوانەیە رووداوەكەى هەنگوین خواردن لاى حەفصە پێش ئەم رووداوە بووبێت و پەیوەست نەبووبێت بەو ئایەتانەوە،[31] بەڵام ئەمە وردەكاری دەوێت، چونكە ناكرێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دوو جار بە هەمان رووداو تێكەوتبێت، وەك خۆی لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت (لا يلدغ المؤمن من جحر واحد مرتين[32] (باوەڕدار دوو جار لە كونێكدا ناگەزرێت)، ناگونجێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) یەكەم جار بەو جۆرەى بەرامبەر كرابێت و بۆ جارى دووەمیش هەمان شتى بەرامبەر كرابێت و هەستی پێ نەكردبێت، دوور بێت لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) ئەمە بە لاوازدانانى هەست و پێزانینی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە دەكرێت ئەگەرێكی تر هەبێت، ئەویش ئەوەیە دەبێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئاگادار نەبووبێت بە رووداوى یەكەم و ئەو شتەى بۆ ئاشكرا نەبووبێت تا لە رووداوى دووەمدا ئینجا خواى گەورە ئاشكراى كردبێت، چونكە وەك هاتووە كاتێك هەریەك لە عائیشەو سەودە وا دەڵێن بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش دەچێتەوە بۆ لاى حەفصە، حەفصە دەڵێت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەو هەنگوینەت بۆ تێبكەم؟ ئەویش دەفەرموێت نا پێویستم نیە، ئینجا سەودە بە عائیشەی وت سوبحانەلآ، بەخوا ئەو هەنگوینەمان لێ حەرام كرد، عائیشەش بە سەودەى وت بێدەنگ بە،[33] بۆیە نابینین هیچ سوێند خواردنێكی تێدا بووبێت بۆ نەخواردنى و باسی دابەزینی ئایەتەكەشی تێدا نیە.

بەهەرحاڵ ئەم رووداوە بەڵگەیە لەسەر بوونى غیرە لاى ئافرەتان، وەك دەبینین ئوممو سەلەمەى دایكی باوەڕداران خۆی دان بەوەدا دەنێت و كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) داواى دەكات ئەو دەڵێت ئاخۆ من ئافرەتێكم غیرەیەكى زۆرم تێدا هەیە،[34] هەروەها كاتێك پرسیار دەكرێت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆچی ئافرەتێكی پشتیوانان بەهاوسەر ناگریت؟ ئەویش لە وەڵامدا دەفەرموێت (إن فيهم غيرة شديدة[35] (ئەوان غیرەیەكى زۆر زۆریان تێدایە).

هەروەك ئەمە بەڵگەیەكى جوان و روونە بۆ موسڵمان تا ئەگەر هەڵەیەكى لە هەر كەسێك بەدى كرد نەیكاتە بیانوو بۆ سفركردنەوە یان شكاندنى ئەو كەسە، چونكە مرۆڤ هەركات جێی هەڵەكردنەو دەكەوێتە هەڵەوە، دەبینین ئەوە هاوسەرانى پێغەمبەرى خوان (صلى الله عليه وسلم) و دایكانى باوەڕدارانن، كەچی دەكەونە هەڵەوەو تەوبەش دەكەن و خواى گەورەش نایانشكێنێتەوە، بەڵكو پێشنیازى تەوبەیان بۆ دەخاتەڕوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هەڵوێستى قورسی نەگرتەبەر بەرامبەریان و كارەكەى جێهێشت بۆ فەرمانى خوا، كەچی دەبینین لە رۆژگارى ئەمڕۆدا موسڵمانانێك هەن چاو دادەخەن لە ئاست هەوڵ و ماندوێتی بانگەواز و جیهاد و رەنجى دەیان یان سەدان بانگخوازى رێی خوادا و بە بینینى هەڵەیەك لە هەر كەسێك لەوانە دەكەونە زەقكردنەوەى هەڵەكەى و شكاندنى و ئیدى بە كەم تەماشاكردنى، جا خۆ ئەگەر وا بوایە دەبوو ئەم ژنانەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەو ئاستە بەرزەیان داماڵرابان و دەركرابان، بەڵام ئایا خوا و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بڕیار و خوێندنەوەیان بۆ بارى مرۆیی وایە؟ نەخێر، خوا دایناوە مرۆڤ هەڵە دەكات و تەوبەى لەسەر واجب دەبێت، وەك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (كل بني آدم خطاء و خير الخطائين التوابون)، (هەموو ئادەمیزاد هەڵەكارن و چاكترینی هەڵەكاران تەوبەكارانن)، تەنانەت خواى گەورە دایناوە هەر دەبێت مرۆڤ هەڵە بكات و تەوبەى لێ بكات، وەك لە فەرموودەى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە (والذي نفسي بيده لو لم تذنبوا لذهب الله بكم، ولجاء بقوم يذنبون فيستغفرون الله فيغفر لهم[36] (سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە ئەگەر ئێوە تاوان نەكەن، بە دڵنیاییەوە خواى گەورە ئێوە لادەبات و خەڵكانێك دێنێت كە تاوان دەكەن و ئینجا داواى لێخۆشبوون لە خوا دەكەن و خواى گەورەش لێیان خۆش دەبێت).

عومەرى كوڕی خەططاب دەڵێت من و دراوسێیەكى پشتیوانیم كە لە سەرووى شارى مەدینەوە بووین هەر رۆژەو یەكێكمان دادەبەزى بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئیتر ئەوەمان دەچوو هەواڵی سروش و پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەهێنا بۆ ئەوى ترمان، جارێك كە سەرەى پشتیوانیەكە بوو، گەڕایەوەو بە توندى داى لە دەرگا و منیش تەواو ترسام، وتى شتێكی گەورە روویداوە، مەسەلەكەى بۆ باس كرد، منیش چووم بۆ لاى حەفصەو بینیم دەگری، وتم ئایا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تەلآقی داون؟ ئەویش وتى نازانم، ئینجا چووم بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هەر بە پێوە وەستابووم وتم ئایا ژنەكانت تەلآق داون؟ ئەویش فەرمووى نا، منیش وتم الله أكبر.[37]

جیا لەو رووداوە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تەلآقێكی حەفصەی دا، دواتر گێڕایەوە بۆ لاى خۆی، چونكە جبرەئیل هات بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و پێی فەرموو (راجع حفصة، فإنها صوامة قوامة، و إنها زوجتك في الجنة)،[38] (حەفصە بگێڕەوە، چونكە ئەو زۆر رۆژوو دەگرێت و زۆر شەونوێژ دەكات، هەروەها ئەو هاوسەرت دەبێت لە بەهەشتدا).

كاتێك حەفصە تەلآق درابوو، عومەر چوو بۆ لاى و بینی حەفصە دەگری، وتى بۆچی دەگریت؟ لەبەرئەوەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تەلآقی داویت؟ ئەو تەلآقی داویت و لەبەر من دەتگێڕێتەوە، دە بەخوا ئەگەر جارێكى تر تەلآقت بدات هەرگیزاو هەرگیز قسەت لەگەڵ ناكەم.[39]

حەفصە دەڵێت رۆژێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە ماڵەوە بوو و جلەكەى خستبووە نێوان رانەكانى، ئەوەبوو ئەبووبەكر هات و داواى مۆڵەتى كرد و مۆڵەتى پێدراو هاتە ژوورەوە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەروەك خۆی مایەوەو خۆی تێكنەدا، ئینجا عومەریش هات و هەمان شت روویدا، ئینجا عەلى هات و هەمان شت روویدا، ئینجا هاوەڵانێكی تر هاتن و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هیچ خۆی تێكنەدا و هەر لەو شێوەى خۆیدا مایەوە، ئینجا عوثمان هات و داواى مۆڵەتى كرد، مۆڵەتى پێدرا تا بێتەژوورەوە، خێرا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) جلەكانى رێككرد، ئینجا كەوتنە قسەكردن و پاش ماوەیەك خەڵكەكە چوون، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكر و عومەرى و عەلى و ئەو هاوەڵانەى تر هاتن تۆ هیچ خۆت تێكنەدا، كەچی كە عوثمان هات خێرا خۆت كۆكردەوەو جلەكانت رێككرد، ئەویش فەرمووى: (ألا أستحيي ممن تستحيي منه الملائكة[40] (ئایا شەرم نەكەم لە كەسێك كە فریشتە شەرمی لێ دەكات)

دواى ئەوەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و بڕیاردرا قورئان كۆبكرێتەوەو، زەید راسپێردرا بەو كارەو دواجار هەموو قورئان نووسرایەوە، دواتر ئەبووبەكر ئەو نوسخەى دایە لاى عومەرى كوڕی خەططاب، پاش مردنى عومەر نوسخەكەى قورئانەكە كەوتە لاى حەفصەى دایكی باوەڕداران، لە سەردەمى عوثماندا خەلیفە داواى لە حەفصە كرد ئەو نوسخەى قورئانەی لایەتى بیداتە لایان تا هەموو موسڵمانان لەسەر یەك خوێندنەوەى قورئان یەكدەنگ ببن.[41]

لە سەرەتاى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیبدا، كاتێك دایكی باوەڕداران عائیشە ئیجتیهادى ئەوەى كرد دەبێت بكوژانى عوثمان خێرا بكوژرێنەوەو لەسەر ئەوە لەگەڵ خەلیفە راجیایی كەوتە نێوانیان و عائیشە بڕیاری دا بەرەو بەصرە بڕوات، حەفصەش بڕیاری دا لەگەڵ عائیشەدا بڕوات بۆ بەصرە، بەڵام عەبدوڵاى براى رێگری لێكرد و نەیهێشت لەگەڵ عائیشەدا بچێت.[42]

سەبارەت بە كاتى مردنى دایكی باوەڕداران حەفصە راجیایی هەیە، رایەك دەڵێت لە جەمادیئلوولاى ساڵی چل و یەكی كۆچیدا وەفاتى كرد كاتێك حەسەنى كوڕی عەلى بەیعەتى دا بە موعاویە، رایەكى تر دەڵێت لە ساڵی چل و پێنجى كۆچی وەفاتى كرد.[43]

ئیبن كەثير دەڵێت راى راستتر ئەوەیە كە لە شەعبانى ساڵی چل و پێنجى كۆچیدا مردووەو ئەوكات تەمەنى شەست ساڵان بووە،[44] بەڵام ئەگەر پێنج ساڵ پێش پێغەمبەرایەتى لەدایك بووبێت و لە ساڵی 45ى كۆچیش وەفاتى كردبێت، ئەوە تەمەنى دەبێت نزیكەى شەست و سێ ساڵێك بووبێت.

والى ئەوكاتى مەدینە مەڕوانى كوڕی حەكەم نوێژی مردووى لەسەر تەرمى حەفصەی دایكی باوەڕداران ئەنجام دا،[45] هەریەك لە مەڕوان و ئەبووهورەیرە تەرمەكەى حەفصەیان بەرەو گۆڕستان هەڵگرتبوو.[46]

دایكی باوەڕداران حەفصە ژمارەیەك فەرموودەى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێراوەتەوە، ذەهەبی دەڵێت: لە كتێبەكەى (بقي بن مخلد) دا ژمارەى ئەو فەرموودانەى نووسراون كە دایكی باوەڕداران حەفصە گێڕاویەتیەوە شەست فەرموودەن، چوار فەرموودەیان لە هەردوو صەحیحی بوخاری و موسلیمدا هەن، شەش فەرموودەشیان تەنها لە موسلیمدا هاتون،[47] ئەوانى تر لە كتێبەكانى تری فەرموودەدا هەن، لەوانە چەند نموونەیەك وەردەگرین:

حەفصەی دایكی باوەڕداران دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا يحل لامرأة تؤمن بالله و اليوم الآخر أن تحد على ميت فوق ثلاثة أيام إلا على زوجها فإنها تحد عليه أربعة أشهر و عشرا).[48]

 (بۆ هیچ ئافرەتێك نیە كە بڕواى بە خوا و رۆژی دوایی هەبێت زیاتر لە سێ رۆژ خەمپۆشی هەبێت بۆ مردوویەك مەگەر بۆ مەرگى مێردەكەى، ئەمەیان بۆی هەیە چوار مانگ و دە رۆژ خەمپۆشی هەبێت بۆی). مەبەست بە خەمپۆشی پۆشینی بەرگى خەمبارى نیە، بەڵكو وازهێنانە لە خۆ رازاندنەوە.

حەفصەی دایكی باوەڕداران دەڵێت كاتێك بانگبێژ لە بانگى بەیانى دەبوویەوەو بەرەبەیان دەهات، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دوو ركاتى كورت نوێژی دەكرد پێش ئەوەى نوێژی بەیانى بكرێت.[49]

حەفصەی دایكی باوەڕداران دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ليؤمن هذا البيت جيش يغزونه حتى إذا كانوا ببيداء من الأرض يخسف بأوسطهم وينادي أولهم آخرهم ثم يخسف بهم فلا يبقى إلا الشريد الذي يخبر عنهم).[50]

(سوپایەك بەڕێدەكەون هێرش بێنن بۆ كەعبە تا دەگەنە زەویەكى رووتەلآن و چۆڵەوانى، لەوێ ئەوانەى لە ناوەراستی سوپاكەدان دەبرێن بە ناخى زەویدا، ئەوانەى پێشەوە هاوار دەكەن لەوانەى دواوە، دواتر هەموویان دەبرێن بە ناخى زەویداو كەسیان لێ دەرناچێت تەنها كەسێ نەبێت كە رادەكات و هەواڵی ئەوانی تر دەباتەوە).



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 581.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 81.

[3] - أسد الغابة، ج3، ص 620.

[4] - أسد الغابة، ج2، ص 383.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 405.

[6] - أسد الغابة، ج4، ص 417.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 181.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 227.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 628.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 339.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص 3.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص 44.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص 52.

[14] - أسد الغابة، ج7، ص 189.

[15] - موطأ مالك، الرقم 1274.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 81.

[17] - أسد الغابة، ج2، ص 181.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 3802، مسند احمد بن حنبل، الرقم 4647، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7، سير أعلام النبلاء، ج2، ص 228.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 82.

[20] - أسد الغابة، ج7، ص 126.

[21] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص 452، الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 345، أسد الغابة، ج2، ص 181.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 217.

[23] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 392.

[24] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 227.

[25] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص 1811.

[26] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 227

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 582.

[28] - صحيح البخاري، الرقم 4630.

[29] - صحيح مسلم، الرقم 2772.

[30] - صحيح مسلم، الرقم 2773.

[31] - فتح الباري، ج9، ص 376 - 377.

[32] - صحيح البخاري، الرقم 5787، صحيح مسلم، الرقم 5427، صحيح ابن حبان، الرقم 664، سنن أبي داود، الرقم 4241، سنن الدارمي، الرقم 2731، مسند احمد بن حنبل، الرقم 8725، المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 6889.

[33] - صحيح مسلم، الرقم 2773.

[34] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16024،

[35] - المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 8367، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5197، معجم أبي يعلى الموصلي، الرقم 160.

[36] - صحيح مسلم، الرقم 5042، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7874.

[37] - صحيح البخاري، الرقم 89.

[38] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6799، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 15721، سكت عنه الذهبي في التلخيص، صال الألباني أما تطليقه لحفصة و كونه أمر بإرجاعها صحيح، أما قول جبريل(راجعها...) حسن، انظ سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 2007،

[39] - صحيح ابن حبان، الرقم 4338، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 161، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19199، قال شعيب الأرناؤوط إسناده جيد، قال الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة الرقم 2007 فلا يفرح بمتابعته. وللحديث شواهد مختصرة.

[40] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 25892، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 3017، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19249.

[41] - البدايةو النهاية لابن كثير، 7، ص 217.

[42] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج7، ص 231.

[43] - أسد الغابة، ج7، ص 75.

[44] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج8، ص 30.

[45] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 229.

[46] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 230.

[47] - نفس المصدر.

[48] - صحيح مسلم، الرقم 2815، صحيح ابن حبان، الرقم 4364، السنن الصغرى للنسائي، الرقم 4664، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 15716.

[49] - صحيح مسلم، الرقم 1219،

[50] - صحيح مسلم، الرقم 5240 و اللفظ له، سنن ابن ماجة، الرقم 4060، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 3735، مسند احمد بن حنبل، الرقم 25870، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19239.

 2408
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.