دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەلیمەتو سەعدیە (رضي الله عنها)

ئەم ئافرەتە ناوى حەلیمەتوسەعدیەیەو دایەن و شیردەرى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، كچی عەبدوڵاى كوڕی حارثه كە ناسراوە بە ئەبی ذوئەیب.[1]

حەلیمە كچێكی هەبوو بە ناوى شەیماء كە خوشكی شیریی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو.[2]

حەلیمە دەڵێت لەگەڵ بڕێ ئافرەتى بەنى سەعد بن بەكر چوومە دەرەوە تا بچین مندالآنى مەككە وەرگرین بۆ شیرپێدان، ئەمەش لە ساڵێكی قات و قڕی و وشكەساڵیدا بوو، مێردەكەمشم لەگەڵم بوو، هیچ شیریشمان پێ نەبوو، منداڵێكیشم هەبوو كە لە تاو نەبوونى شیری پێویست لە مەمكەكانمدا گریانى شەوی نەیدەهێشت بخەوم،  كە هاتینە مەككە چی ئافرەت لەگەڵم بوو پێشنیازى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بۆ كرا و كەسیان ئامادە نەبوون وەریبگرن، چونكە هەموان هیوامان وابوو باوكى منداڵەكە بەخششمان بكات، بەڵام ئەو هەتیو بوو و دەمانوت دەبێت دایكێك چی بكات بە منداڵە هەتیوەكەى و چی پێ بكرێت بۆی، بەڵام چی ژنم لەگەڵ بوو هەركامیان منداڵێكیان برد، منیش پێم ناخۆش بوو بە دەستى بەتاڵەوە بگەڕێمەوە، بۆیە بە مێردەكەم وت بەخوا دەگەڕێمەوەو ئەو منداڵە هەتیوە وەردەگرم، بۆیە چووم و وەرمگرت، مێردەكەم وتى هەر هێنات؟ وتم ئەرێ وەڵلآ هێنام چونكە هیچی ترم دەست نەكەوت،

ئەویش وتى باشت كرد، بەڵكو خوا بیكاتە مایەی خێر، حەلیمە دەڵێت سوێند بەخوا هەركە خستمە كۆشم مەمكەكانم پڕ بوون لە شیر و تێر شیری خواردەوەو براكەشی-واتە برا شیریەكەى- تێر شیر بوو، شەو مێردەكەم چوو سەرێكی دا لە وشترە پیرەكەمان، دەبینێت شیری هەیە، ئەوەبو چەندە ویستمان شیرمان لێ دۆشی و تێر شیرم خواردەوەو ئەو شەوە بە تێرى و بێ برسێتی و تینوێتى خەوتین، منداڵەكەشمان خەوت،

ئەوە بوو مێردەكەم وتى ئەی حەلیمە بەخوا وادەزانم وەچەیەكى پیرۆزت تووش بووە، وا منداڵەكەمان خەوت و تێر شیریش بوو، حەلیمە دەڵێت ئینجا دەرچووین و گوێدرێژەكەم پێش هەموو كاروانەكە كەوت، ئەوانیش دەیانوت ماڵوێران چاوەڕێمان بكە، پێمان بڵێ ئەمە هەمان گوێدرێژەكەت نیە كە پێی هاتیت؟ منیش دەموت بەرێ وەڵلآ، پاشان چوینە رووتەنترین زەوى، سوێند بەخوا ئەوان كە بەیانییان دەكردەوە مەڕومالآتیان دەبردە دەرەوەو مەڕو مالآتەكەى منیش دەردەچوو و بە پڕشیری دەگەڕانەوەو ئەوانەى ئەوانیش بە برسێتی و بێ شیر دەگەڕانەوە، ئێمەش تێر لەو شیرەمان دەخواردەوە، كەچى هیچكام لەوانى تر دڵۆپێك شیریشیان دەست نەدەكەوت، بۆیە بە شوانەكانیان دەوت بۆچی مەڕومالآتەكان نابەنە لاى مالآتەكەى حەلیمە، كەچی هەمان مالآتیان دەبردە لاى مالآتەكەى حەلیمە، بەڵام هەر بێ شیری دەگەڕایەوە بۆ لایان، كەچی ئەوەى من بە پڕ شیری دەگەڕایەوە،

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) خێرا گەورە دەبوو، كە ساڵ تەواو بوو و بردمانەوە بۆ لاى دایكی من و مێردەكەم بە دایكیمان وت ئەم منداڵەمان بدەرەوە لا چونكە دەترسین دەرد و نەخۆشیەكانى مەككەى تووش بێت، بەڵام مەبەستمان ئەو بەرەكەتە بوو كە لێی بەدیمان كردبوو، هێندە داوامان لێكرد تا وتى باشە، ئەوەبوو بردمانەوە لەگەڵ خۆمان، دوو مانگ لامان مایەوە،

جارێ لە پشت ماڵەوە لەگەڵ براكەى خەریكی یارى كردن بوون و بڕێ مەڕیان دەلەوەڕاند بۆمان، بینیمان براكەى بە ترسەوە هاتەوە و بە من و مێردەكەمى وت فریاى برا قورەیشیەكەم بكەون، دوو پیاو هاتن بۆ لاى و رایانكێشا و سكیان هەڵدڕی، ئێمەش بە پەلە چووین بۆ لاى دەبینین بە پێوە وەستاوەو رەنگى زەرد بووە، خێرا گرتمانە كۆش، وتمان كوڕی شیرینم چی بووە؟ ئەویش وتى دوو پیاوى جل سپی هاتن بۆ لام و رایانكێشام و سكیان هەڵدڕیم، سوێند بەخوا نەمزانى چییان كرد،

حەلیمە دەڵێت ترساین و بردمانەوە ماڵەوە، مێردەكەم وتى ئەی حەلیمە وادەزانم ئەم منداڵە حاڵی باش نیە، وەرە با بیبەینەوە بۆ لاى كەس و كارى پێش ئەوەى ئەو شتەى لێی دەترسین لێی دەركەوێت، ئەوەبوو بردمانەوە بۆ لاى دایكی، دایكی وتى بۆچی هێناتانەوە، خۆ ئێوە زۆر سوور بوون لەسەر ئەوەى بیبەن لەگەڵ خۆتان؟ ئێمەش وتمان نا بەخوا ئێمە گرتمانە خۆ و ئەركى خۆمان بەجێگەیاند و دواتر ترساین تووشی شتێك بێت، بۆیە وتمان با لاى دایكی بێت باشترە، دایكی وتى بەخوا مەسەلەكە ئەوە نیە، راستیەكەیم پێ بڵێن، ئیتر هێندەى پێ وتین تا ئێمەش مەسەلەكەمان بۆ باس كرد،

دایكی وتى ئیتر ئێوەش ترسان؟! نا بەخوا ئەم كوڕەم شان و شكۆیەكى هەیە، مەگەر پێم نەوتون كە هیچ سكێكم هێندەى ئەم سكەم كە موحەممەدم هەڵگرت ئاسان نەبووە، هیچ سكێكم هێندە ئاسان و بە بەرەكەت نەبووە، خەوم بینی كاتێك لە بەرم دامنا رووناكیەكم لێدەرچوو كە گەردنى وشتری لە بوصرا رووناك كردەوە، ئینجا موحەممەدم بوو، لەدایكبوونەكەى وەك لەدایك بوونى مندالآن نەبوو، دەستى لەسەر زەوى دانا و سەرەى رووەو ئاسمان بوو، داینێن و بڕۆن بەدەم ئیشی خۆتانەوە.[3]

سەبارەت بە مەسەلەى شەقكردنى سنگى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە هاتووە لە شەوی ئیسرائدا روویداوەو لە هەردوو صەحیحدا هاتووە، شێخی ئەلبانى دەڵێت هیچ نەیارى و نەگونجانێك نیە بۆ ئەوەى ئەو رووداوە دوو جار رویدابێت، جارێك كە منداڵ بووەو جارێكیش لە شەوی ئیسرائدا بووە تا ئامادە بێت بۆ چوونە مەلەئولئەعلا و دواندنى پەروەردگار و وەستان لە لەبەردەمیدا.[4]

حەلیمە دەڵێت ئامینەى دایكی بۆی باس كردبووین كە چۆن لە سكى گرتووەو چۆن لەدایك بووە، ئێمەش لە رێدا بووین كە بڕێ جوولەكەمان بینی، منیش بۆم باسكردن كە لەدایكبوونى چۆن بووە، یەكێكیان وتى با بیكوژین، ئینجا وتیان ئەم منداڵە هەتیوە؟ منیش وتم نا ئەوە باوكیەتى و منیش دایكی ئەوم، ئەوانیش وتیان ئەگەر هەتیو بوایە بە دڵنیاییەوە دەمانكوشت، ئەوەبوو چوون، حەلیمەش وتى خۆ خەریك بوو سپاردەكەم لەناو بەرم.[5]

حەلیمە پێش ئەوەى دایەنى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بكات و شیردەرى بێت، شیرى دا بە حەمزەى مامى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و دواى ئەوەش شیری دا بە ئەبوو سەلەمەى كوڕی عەبدولئەسەدى مەخزوومى.[6]

پاش ئەوەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە مەككە خەدیجەى بەهاوسەر گرت، حەلیمە هات بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و سكالآى وشكەساڵی و خراپی بارى ناوچەكەى خۆیانى كرد، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەو بارەوە خەدیجەى خێزانى دواند، خەدیجەش چل مەڕى بەخشی بە حەلیمە.[7]

لە سەردەمى پێغەمبەرایەتى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) حەلیمە هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەبەرى هەستا و عەباكەى سەر شانى خۆی بۆ راخست و حەلیمەش لەسەری دانیشت.[8]

ئەبووطوفەیل دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە جەعرانە بوو و گۆشتی دابەش دەكرد، منیش ئەوكات مێرمنداڵێك بووم و پارچەیەك لە گۆشتی وشترم پێ بوو، هێندەم بینى ئافرەتێكی دەشتەكى هات، كە نزیك بوویەوە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) عەباكەى خۆی بۆ راخست و ئەویش لەسەری دانیشت، منیش پرسیارم كرد وتم ئەو ئافرەتە كێیە؟ وتیان ئەوە ئەو دایكەیەتى كە شیری پێدا.[9]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 584.

[2] - أسد الغابة، ج7، ص 54.

[3] - صحيح ابن حبان، الرقم 6426، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 44، قال شعيب الأرناؤوط في سنده إنقطاع.

[4] - صحيح السيرة النبوية لألباني، 1/19.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 113.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 108.

[7] - نفس المصدر.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 584.

[9] - سنن أبي داود، الرقم 4499، صحيح ابن حبان، الرقم 4292، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6636، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 864، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 2468، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 5144، لكن سكت عنه الذهبي في التلخيص.

 3252
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.