دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەنەشی كوڕی عەقیل(رضي الله عنه)

ناوى حەنەشی كوڕی عەقیلە، هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر(رضي الله عنه) و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) باسی ئیسلامى بۆ كردووەو ئەمیش موسڵمان بووە.[1]

میسوەرى كوڕ مەخرەمە دەڵێت جارێك لەگەڵ عومەر بۆ حەج دەچووین، رێمان دەكرد كە یەكێك هاوارى كرد راوەستن، ئێمەش راوەستاین، كابرا وتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەناوتاندایە؟ عومەر وتى ئاگات لە خۆتە چی دەڵێیت؟ ئەو وەفاتى كردووە، كابرا ویستى بڕوات، لایەكى كردەوەو وتى دواى ئەو كێ هاتە شوێنی؟ وتى ئەبووبەكر، كابرا وتى ئێستا لەناوتاندایە؟ عومەر وتى مردووە، كابرا ویستی بڕوات و پشتی هەڵكرد، لایەكی كردەوەو وتى دواى ئەو كێ چووەتە شوێنی؟ وتى عومەر، كابرا وتى ئێستا لەگەڵتانە؟ عومەر وتى ئەمەیە كە قسەت لەگەڵ دەكات، كابرا وتى دەى فریام كەوە، عومەر وتى تۆ كێێت؟ وتى من حەنەشی كوڕی عەقیلم، لە رێی بەنى جوعال گەیشتم بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و ئەویش بانگهێشتى كردم بۆ ئیسلام و منیش موسڵمان بووم، ئینجا بڕێ ئاوى پێدام تا بیخۆمەوە، تا ئێستاش ئەو ئاوە نەبڕاوەو برسیم بێ تێرم دەكات و تینوویش بم تینوێتیم ناهێڵێت، دە ساڵە من و ژن و مناڵم وا دەژین و لە شوێنی خۆمم رۆژانە پێنج جار نوێژ دەكەم و رۆژووى رەمەزان دەگرم و لە دەی زیلحەججەدا قوربانى دەكەم، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وا فێری كردم، بەڵام ئەمساڵ پەكم كەوتووەو ئاوەكەم نەماوە، عومەر وتى فریات دەكەوم، بمبە بۆ سەر ئاوەكە، میسوەر دەڵێت ئینجا چووین و دواتر كە هاتینەوە پرسیارمان كرد لە خاوەن ئاوەكە ئەرێ حەنەش چی دەكات، ئەویش وتى مردووەو ئەوە گۆڕەكەیەتى، عومەر سۆزى بۆى جوولآ و نزاى خێر و داواى لێخۆشبوونى بۆ كرد.[2]

دیارە ئەم هاوەڵە زۆر كەم چووەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چونكە تەنها بڕێ رێنمایی لێوەرگرتووە كە فەرزەكانن، ئیتر ئەوانەى جێبەجێ كردووەو زۆر نەچووەتەوە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تا وەفاتى كردووە.



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 79.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 131.

 2331
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.