دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حوذەیفەى كوڕی یەمان (رضي الله عنه)

ناوى حوذەیفەى كوڕی حیسل یان حوسەیلى كوڕی جابیری كوڕی عمرى عەبەسیە، كونیەكەى ئەبوو عەبدوڵایە، زیاتر بە حوذەیفەى كوڕی یەمان دێت، بەڵام یەمان نازناوى حیسلى باوكى بووە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو بۆیە باوكى پێی وتراوە یەمان چونكە كەسێكی كوشتووەو رایكردووە بۆ مەدینەو هاوپەمانى كردووە لەگەڵ بەنى عەبدولئەشهەل ئیتر هۆزەكەى پێیان وتووە یەمان لەبەرئەوەى لەگەڵ پشتیوانان هاوپەیمانى كردووە لەكاتێكدا ئەوان یەمەنین،[1] حیسلى باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووەو لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كردووە، بەڵام بە دەستى یەكێك لە هاوەڵان كوژرا چونكە ئەو هاوەڵە نەیناسیەوەو وایزانى لە بێباوەڕانە، چونكە سوپاى موسڵمانان زۆریان دەموچاویان داپۆشیبوو، بۆیە دەبوو نیشانەیەكیان هەبوایە تا بناسرێنەوە، ئەوەبوو حوذەیفە كاتێك بینی هێرش برا بۆ باوكى هاوارى دەكرد باوكم باوكم، بەڵام دەنگى نەگەیشت و باوكى بە هەڵە كوژرا، دواتر حوذەیفە خوێن بایی باوكى وەرنەگرت و لە موسڵمانان خۆش بوو.[2]

دایكیشی هاوەڵ بوو و ناوى ربابی كچی كەعب بوو،[3] حوذەیفە دەڵێت جارێك دایكم پێی وتم لە كەیەوە نەچوویتەتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)؟ منیش وتم ماوەیەكە، ئەوەبوو لێم تووڕە بوو، منیش وتم باشە ئێستا دەچم بۆ لاى پێغەمبەر و نوێژی لەگەڵ دەكەم بەڵكو داواى لێخۆشبوون بۆ من و تۆیش بكات، چووم بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)و لە دوایەوە نوێژى ئێوارەم كرد، ئینجا كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چوو منیش شوێنی كەوتم، فەرمووى ئەوە كێیە؟ وتم حوذەیفەى كوڕی یەمان، فەرمووى بۆچی هاتویت؟ منیش بۆم باس كرد دایكم چی پێ وتووم و چی روویداوە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خوا لە تۆ و دایكیشت خۆش بێت).[4]

ئەم هاوەڵە یەكێكە لە گەورە هاوەڵە ناسراوو نزیكەكانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[5]

برایەكی هەبوو بە ناوى صەفوان كە ئەویش لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد.[6]

برایەكى تری ناوى عەبدولعەزیز بوو كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و فەرموودەی لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[7]

خوشكێكیشی هەبوو بە ناوى خەولە كە هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە،[8] خوشكێكی تریشی ناوى لەیلا بوو كە دایكی هاوەڵی گەورەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) سەلەمەى كوڕی ثابتى كوڕی وەقش بوو،[9]خوشكێكی تری ناوى فاتیمە بوو كە ئەمیش هاوەڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو.[10]

حوذەیفە ژنێكی هەبوو بە ناوى جومانەى كچی موسەییب،[11] ژنێكی تریشی هەبوو كە كچی حیراش بوو و خوشكی ربعی بوو.[12]

كاتێك حوذەیفەو باوكى ویستیان بەرەو مەدینە كۆچ بكەن، رێیان كەوتە ئەبوو جەهل، ئەبووجەهل وتى بۆ كوێ دەچن؟ ئەوانیش وتیان هەروا دەڕۆین، ئەویش وتى دەزانم بۆ پاڵپشتى موحەممەد دەچن، بۆیە بەڵێنیان وەرگرت لە هەردووكیان كە نەبنە نەیاریان، ئەوەبوو كە باوك و كوڕ چوون بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەسەرهاتەكەیان بۆ گێڕایەوە.[13]

كاتێك حوذەیفە كۆچی كرد بۆ مەدینە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان ئەوو عەممارى كوڕی یاسرەوە.[14]

لە غەزاى بەدردا

حوذەیفە لە هەموو غەزاكاندا بەشدارى كرد جگە لە غەزاى بەدر، ئەویش لەبەرئەوەى كەمێك پێش غەزاى بەدر حوذەیفە و باوكى كەوتنە دەست قوڕەیشیەكان، ئەوانیش بەو مەرجە ئازادیان كردن بەڵێنیان پێبدەن لەدژیان بەشدار نەبن، بۆیە كە گەڕانەوە بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەیان بۆ باسكرد، ئەویش فەرمانى كرد بەڵێنەكەیان ببەنەسەر.[15]

لە غەزاى ئوحوددا

حوذەیفە هاودەم بە حیسلى باوكی لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد، بەڵام حیسلی باوكى بە دەستى یەكێك لە هاوەڵان كوژرا، ئەو هاوەڵە نەیناسیەوەو وایزانى لە بێباوەڕانە، چونكە سوپاى موسڵمانان زۆریان دەموچاویان داپۆشیبوو، بۆیە دەبوو نیشانەیەكیان هەبوایە تا بناسرێنەوە، حوذەیفە كاتێك بینی هێرش برا بۆ باوكى هاوارى دەكرد باوكم باوكم، بەڵام دەنگى نەگەیشت و باوكى بە هەڵە كوژرا، دواتر حوذەیفە خوێن بایی باوكى وەرنەگرت و لە موسڵمانان خۆش بوو.[16]

لە ئوحوددا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حوسەیل و ثابتى كوڕی وەقشی دانابوو تا لاى ژن و منداڵەكان بن چونكە ئەو دوانە بە تەمەن بوون،[17] جا ئەو دوانە خەزوورى كوڕو كچی یەك بوون، واتە حوسەیل لەیلاى كچی خۆی دابوو بە سەلەمەى كوڕی ثابت،[18] ئەوەبوو یەكێكیان بەوی تری وت ماڵوێران بەخوا هیچكام لەم دوانەمان تەمەنێكی وامان بۆ نەماوەتەوەو ئەمڕۆ یان سبەی دەمرین، وەرە با شمشێرەكانمان هەڵگرین و بگەینە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەڵكو خوا شەهیدیمان پێ ببەخشێت، ئەوەبوو هەردوو نەوینە شمشێر و خۆیان گەیاندە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و چوونە ناو موسڵمانان و موسڵمانانیش وایاندەزانى ئەوان نەهاتوونەتە ناو جەنگەكەوە، ئەوەبوو ثابت بە دەستى بێباوەڕان شەهید بوو و حوسەیلیش بە هەڵە بە دەستى هاوەڵێك كوژرا.[19]

 

 

 

لە غەزاى خەندەقدا

حوذەیفە لە غەزاى خەندەقیشدا بەشدار بوو و لەگەڵ سەلمان و عەمر و نوعمان و چەند هاوەڵێكی تری پشتیواناندا لە بەشێكى خەندەقەكەدا سەرقاڵ بوون تا ئەوەى بەردێكی گەورەى سپییان هاتەڕێ و پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) بانگكرد و ئەو شكاندى.[20]

لە غەزاى خەندەقدا نێردراوى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو بۆ هەواڵ وەرگرتنى دوژمن، ئەوەتا خۆی دەیگێڕێتەوەو دەڵێت لە خەندەقدا رەشەباو سەرمایەكى سەخت بوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ألا رجل يأتيني بخبر القوم جعله الله معي يوم القيامة)، (ئەرێ كەسێك هەیە هەواڵی دوژمنم بۆ بهێنێت تا لە رۆژی دواییدا خوا لەگەڵ من بیهێڵێتەوە؟) ئێمەش هەموو بێدەنگ بووین و كەسمان نەچووین، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دووبارە هەمان شتی دووبارە كردەوەو ئێمەش هەر بێدەنگ بووین، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ جارى سێیەم ئەوەى دووبارە كردەوەو ئێمەش هەر بێدەنگ بووین، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەی حوذەیفە هەستە بڕۆ هەواڵی دوژمنمان بۆ بهێنە)، منیش ئیتر چارم نەما، چونكە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە ناوهێنان ناوى هێنام تا هەستم و بڕۆم، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بڕۆ هەواڵی دوژمنم بۆ بهێنەو مەیانورووژێنە لێم)[21] ترس و بیمێكی زۆرم هەبوو، ئەوەبوو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كردم و فەرمووى (خوایە لە بەردەم و دواوەو راست و چەپیەوە بیپارێزیت) ئیتر سوێند بەخوا چی ترس و بیم لە دڵماد هەبوو هیچی نەما،[22] منیش چووم و زۆر بە وریایی و لەسەرخۆیی دەچووم تا چوومە ناویانەوە، ئەبووسوفیانم بینی پشتى كردبووە ئاگرەكەو پشتى گەرم دەكردەوە،[23] كەسێكی گەورەو كەڵەگەت بوو و منیش ئەوكات نەمدەزانى ئەبووسوفیانە، ئەو دەیوت دەبێت بڕۆین،[24] منیش تیرێكم خستە ناو كەوانەكەوە و ویستم بیكوژم، بەڵام فەرمایشتەكەى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیر كەوتەوە كە فەرمووى مەیانورووژێنە لێم، بۆیە نەمكوشت، ئەگینا بۆم بهاویشتایە بە دڵنیاییەوە دەمپێكا،[25] ئینجا چوومە نێوان دوو كەسیانەوە، كابرایەك وتى ئەمشەو هەواڵگر و شت دێن، بۆیە هەركامتان پرسیار بكەن لەوەى پاڵ خۆتان بزانن كێیە؟ منیش خێرا بەوەى لاى راستم وت تۆ كێیت؟ بەوەى لاى چەپیشم وت تۆ كێیت؟[26] ئینجا دواتر گەڕامەوە بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هەواڵەكانم پێدا، سەرمایەكی سەختیشم چەشتبوو، بۆیە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) عەبایەكى پێبوو كە نوێژی پێوە دەكرد ئەو عەبایەى دا بەسەرمدا، خەوم لێكەوت و تا بەیانى هەڵنەسام، كە بەیانى هەستام پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (هەستە خەواڵوو).[27]

 

لە غەزاى تەبووكدا

حوذەیفە لە غەزاى تەبووكیشدا بەشدار بوو، جا كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە تەبووكەوە بەرەو مەدینە دەگەڕایەوە، دەستەیەك لە دوورووان ویستیان پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەناوبەرن و لە سەروو عەقەبەوە فڕێی دەنە خوارەوە، پێغەمبەری خواش (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی ئەوەى زانیبوو، ئەوەبوو فەرمانى كرد خەڵكی بچن و خۆی لەگەڵ دەستەیەك لە عەقەبەوە سەركەوت، ئەو دەستە دوورووەش دەموچاویان داپۆشیبوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد هەریەك لە عەممارى كوڕی یاسر و حوذەیفەى كوڕی یەمان لەگەڵی بڕۆن، ئەو دوانەش بە پیادە لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەچوون، كاتێك ئەو دەستەیە ناپاكییان نواند پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) تووڕە بوو و حوذەیفەش تووڕەییەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بینی، بۆیە گەڕایەوە بۆیان و بە كەوانەكەى دەستى كەوتە دەموچاوى سوارەكانیان، ئەوانیش زانییان دەستەكەیان ئاشكرا بووە، خێرا خۆیان تێكەڵ كردەوە بە خەڵكەكە، ئینجا حوذەیفە گەڕایەوەو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد خێرا بكەن تا عەقەبەیان بڕی و چاوەڕێی خەڵكەكەیان كرد، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە حوذەیفەى فەرموو ئەو خەڵكەت ناسیەوە؟ ئەویش وتى تەنها سوارەكانیان دەناسمەوە، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەسەرهاتەكەى باس كرد بۆ حوذەیفە و ناوى ئەو دووروانەى فەرموو بە حوذەیفە كە كێ و كێ بون،[28] ئەوانەش ژمارەیان دوانزە یان چواردە كەس بوو.[29]

حوذەیفە دواى سەردەمى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو دووروان لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بە شاراوەیی دووڕوو بوون، بەڵام ئەمڕۆ بە ئاشكرا نیشانى دەدەن.[30]

حوذەیفە زۆر جار لە نزیك پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) بوو، جار هەبوو دەبووە شایەتى پەیمانەكانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە دەنووسران بۆ هۆزەكان كاتێك دەهاتنە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[31]

هەروەها لە میوانداری و كاتى نانخواردنیش جار هەبوو لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، حوذەیفە دەڵێت ئێمە كە لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نانمان دەخوارد دەستمان نەدەبرد بۆ خواردنەكە تا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەستى پێدەكرد.[32]

حوذەیفە چەندین فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، نزیكەى دوانزە فەرموودەى لە هەردوو صەحیحەكەدا هاتووە.[33]

هەروەها حوذەیفە زۆر گوێی دەدا بە مەسەلەكانى فیتنەو مەترسیەكانى و بارو نارەحەتیەكانى رۆژی دوایی، ئەوەبوو هەمیشە لەو بارەوە پرسیارى دەكرد لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)،حوذەیفە دەڵێت خەڵكی هەمیشە سەبارەت بە خێر و چاكە پرسیاریان لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەكرد، بەڵام من سەبارەت بە فیتنە پرسیارم لێدەكرد لە ترسی ئەوەى نەبادا فیتنەم تووش بێت.[34]

لە سەردەمى خیلافەتى عومەردا:

حوذەیفە نهێنی پارێزی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو و ناوى هەموو دوورووەكانى دەزانى، چونكە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووبوو و فەرمانى پێكردبوو نهێنیەكان بپارێزێت، جا عومەرى كوڕی خەططاب پرسیارى لێدەكرد ئەى حوذەیفە ئایا من لە دوورەكانم؟ ئەویش دەیوت نا، بەڵام ئیتر دواى تۆ لەو بارەوە وەڵامى كەس نادەمەوە.[35]

عومەرى كوڕی خەتتاب پرسیارى لە حوذەیفە دەكرد دەیوت ئەرێ لەنێو كاربەدەستەكانمدا كەسی دووڕوو هەیە؟ ئەویش دەیوت بەڵێ یەكێك هەیە؟ عومەر وتى كێیە؟ حوذەیفە وتى پێت ناڵێم، ئەوەبوو دواتر عومەر ئەو كەسەی لابرد، حوذەیفە دەیوت دەتوت عومەر زانیویەتى دووڕووەكە ئەو كەسەیە.[36]

هەروەها كاتێك لە سەردەمى عومەردا كەسێك دەمرد عومەر دەوەستا تا بزانێت حوذەیفە ئامادەیە نوێژی لەسەر بكات، ئەگەر ئامادە بوایە ئەویش نوێژی لەسەر ئەكرد، ئەگەریش ئامادە نەبوایە عومەریش نوێژی لەسەر نەدەكرد نەبادا دووڕوو بێت و ئەو نوێژی لەسەر بكات.[37]

حوذەیفە لە جەنگى نەهاوەنددا بەشدارى كرد، جا كاتێك نوعمانى كوڕى موقەرەن كە ئەمیری سوپاكە بوو كوژرا، نوعەیمی كوڕی موقەرەن ئالآكەى لە دەستى برا شەهیدەكەى وەرگرت و دایە دەست حوذەیفە،[38] حوذەیفەش ئالآكەى گرتە دەست و سەركردایەتى گرتە دەست،[39] حوذەیفە داواى كرد لە نوعەیم تا مەرگى براكەى بشارێتەوەو بە كەسی نەڵێت بۆ ئەوەى ورەى سوپاكە نەڕووخێت، ئینجا شەو داهات و سوپاى بێباوەڕان شكان،[40] ئەوەبوو فەتحى هەمەدان و رەى و دەینەوەریش لەسەر دەستى ئەو بوو، هەروەها بەشداریش بوو لە فەتحى جەزیرەدا، دواتریش چووە نصیبین و لەوێ نیشتەجێ بوو و لەوێیش ئافرەتێكی بەهاوسەر گرت.[41]

حوذەیفە لە سەردەمى خیلافەتى عومەردا والى مەدائین بوو، عومەرى كوڕی خەططاب ئەوى كرد بە والى مەدائین، حوذەیفە بەڵێنى خۆی خوێندەوە بۆیان، ئینجا خەڵكەكە وتیان چیت دەوێت داواى بكە، ئەویش وتى تەنها خواردنێ بۆ خۆم و ئالیكێ بۆ گوێدرێژەكەمم دەوێت تا لەنێوتاندا بم، ئەوەبوو ماوەیەكى زۆر لەوێ بوو، ئینجا عومەر نامەى بۆ نارد وەرەوە، ئەویش گەڕایەوە، كاتێك عومەر بیستى دەگەڕێتەوە لەسەر رێ بە نهێنی دانیشت تا بیبینێت، بینی چۆن چووبوو هەر وا گەڕابوویەوە، لەسە گوێدرێژەكەى بوو و پارچە نانێكیشی بە دەستەوە بوو و قاچەكانى شۆڕ كردبوونەوە، عومەر چوو و باوەشی پیا كرد و وتى تۆ برای منیت و منیش براى تۆم.[42]

حوذەیفە كە لە مەدائین والی بوو وتاری پێشكەش دەكرد بۆ خەڵك،[43] هەروەها جارێك كەسێكی مەدائین هات بۆ لاى و وتى ئێوە هاوەڵی پێغەمبەرى خواتان كردووە؟ وتى بەڵێ برازا، كابرا وتى چۆن بوون لەگەڵی، ئەویش وتى بەخوا زۆر هەوڵمان دەدا لەگەڵی چاك بین، كابرا وتى بەخوا ئەگەر ئێمە دەگەیشتینە خزمەتى نەماندەهێشت پێ بنێتە سەر زەوى و دەمانخستە قەلادۆشكانمان، حوذەیفە وتى برازا بەخوا ئەگەر لە خەندەق لەگەڵمان دەبوویت، ئینجا باسی بەسەرهاتەكەى خەندەقی بۆ كرد كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە شەوێكی سارددا سێ جار داواى كرد كەسێك بچێت هەواڵی بۆ وەربگرێت بەڵام كەس ئامادە نەبوو تا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ناوى حوذەیفەی برد.[44]

لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا

حوذەیفە لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانیشدا بەردەوام بوو لە گەیاندنى پەیامى خوا و وتنەوەى فەرموودەكانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، هەروەها دەچوویە خزمەتى عوثمانى كوڕی عەففان، جارێك حوذەیفە كە لە فەتحى ئەرمینیاو ئازەربایجاندا لەگەڵ خەڵكی شام و عێراقدا بوو، دەیبینی هەریەكەو جۆرێك قورئانیان دەخوێندەوە ترسا لەو حاڵەیان، بۆیە گەڕایەوە بۆ لاى عوثمانى كوڕی عەففان و وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران فریاى ئەم ئوممەتە بكەوە پێش ئەوەى وەك حاڵی جوولەكەو مەسیحیەكان ئەمانیش لەسەر قورئان ناكۆكییان تێبكەوێت، عوثمانیش بەگوێی كرد و ناردى بۆ لاى حەفصەی دایكی باوەڕداران و وتى نوسخەكەى قورئانەكە كە لاتە بینێرە بۆم تا لەبەری بنووسینەوەو دواتر دەیگێڕینەوە بۆت، حەفصەش ناردى و عوثمانیش بە چەند هاوەڵێكدا ئەو كارەى بەجێگەیاند.[45]

ئەشتەر لە مینبەرى كووفەوە بە خەڵكی كووفەى راگەیاند ئەى خەڵكینە وا من ئەبوو مووساى ئەشعەری دەكەمە پێشەواى نوێژتان تا بەرنوێژیتان بۆ بكات و لە سەنگەریشدا بەرپرستان بێت، حوذەیفەى كوڕی یەمانیش دەكەمە بەرپرسی فەیئتان،[46] كاتێكیش عوثمان شەهید كرا حوذەیفە لە مەدائین بوو،[47] نزاى دەكرد خوایە ئەگەر كوشتنى عوثمان خێری تیا بووە ئەوە من هیچ پشكێكم نیە تیایدا، ئەگەریش كوشتنى خراپەى تێدایە ئەوە من هەر بەریم لەو كوشتنە.[48]

ربعی كە ژنبراى حوذەیفە بوو چوو بۆ لاى حوذەیفە، حوذەیفە وتى خزم و هۆزەكەت لەم حاڵى دەرچوونە لە عوثمان چییان كردووە؟ ئەویش وتى خەڵكێك بەشدارن تیایدا، حوذەیفە وتى دەی من بیستوومە لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من فارق الجماعة و استذل الإمارة لقي الله و لا حجة له عندالله[49] (هەركەس لە كۆمەڵى موسڵمانان جیا بێتەوەو بارى دەسەلآت-ى موسڵمانان- لاواز بكات ئەوە كە دەگاتەوە بە خوا لاى خوا هیچ بەڵگەو بیانوویەكى پێ نیە).

مردنى حوذەیفە

حوذەیفە لەو نەخۆشیەیدا كە تیایدا مرد لە جێگەدا كەوتبوو، كەسێك لەلای بوو لەگەڵ ژنەكەى قسەی كرد، حوذەیفە چاوى كردەوەو وتى چی دەڵێن؟ ئەوانیش وتیان خێرە، ئەویش وتى شتێكم لێدەشارنەوە كە خێریش نیە، كابرا وتى عوثمان كوژرا، حوذەیفە وتى خوایە من دوورم لەم رووداوە، ئەگەر خێری تیا بووە با بۆ ئەوە بێت كە تیایدا بەشدار بووەو من بەریم لێی، ئەگەریش خراپە با بۆ بەشداربوووى بێت و من بەریم لێی.[50]

ئینجا حوذەیفە داواى كرد كفنێكی بۆ بكڕن، ئەوەبوو قوماشێكی گرانیان هێنا، ئەویش وتى نامەوێت، بڕۆن دوو قوماشی سپیم بۆ بكڕن.[51]

حوذەیفە ماوەیەكى كەم دواى شەهید بوونى عوثمان لە مەدائین كۆچی دوایی كرد، ئەوەش چەند مانگێكی نەخایاند، ئەوەبوو هێشتا چل رۆژ بوو بەیعەت درابوو بە عەلى كە وەفاتى كرد، ئەمەش لە ساڵی سی و شەشی كۆچیدا بوو،[52] ئینجا لەو سەرەمەرگەیدا دەیوت ئەمە كۆتا ساتى ژیانى دنیامە، خوایە تۆ دەزانیت من تۆم خۆش دەوێت، دەى بەرەكەت بخەرە ساتى گەیشتنەوەم بە تۆ، دواى ئەوە مرد.[53]

چەند فەرموودەیەك كە حوذەیفە گێڕاویەتەوە:

حوذەیفە دەڵێت خەڵكی هەمیشە سەبارەت بە خێر و چاكە پرسیاریان لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەكرد، بەڵام من سەبارەت بە فیتنە پرسیارم لێدەكرد لە ترسی ئەوەى نەبادا تووشم بێت، وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە جاران لە نەفامى و خراپەدا بووین و بە دواى ئەوەدا خواى گەورە ئەم خێرەى بۆ هێناین، جا ئایا دواى ئەم چاكەیە خراپە دێت؟ فەرمووى بەڵێ، وتم ئەى دواى ئەو خراپەیە كە دێت چاكە دێت؟ فەرمووى بەڵێ ناروونیەكیشی تێدایە، وتم ئەو ناروونی و لێڵیەى چیە؟ فەرمووى (قوم يهدون بغير هدي، تعرف منهم وتنكر)، (خەڵكێكن رێی جیا لە رێی من دەگرنەبەر و چاكەو خراپشیان لێ دەبینیت)، وتم ئەى دواى ئەو خێرە خراپەی تر دێت؟ فەرمووى (نعم، دعاة إلى أبواب جهنم، من أجابهم إليها قذفوه فيها)، (بانگخوازانێكی بەردەرگاى دۆزەخ هەن كە هەركەس بچێ بە دەم بانگەوازەكەیانەوە دەیخەنە ناو دۆزەخەوە)، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوانە وەسف بكە بۆمان تا بیانناسین، فەرمووى (هم من جلدتنا ، ویتكلمون بألسنتنا)، (ئەوانە هاوپێستى ئێمەن و بە زمانى ئێمەش قسە دەكەن) وتم ئەی فەرمانم پێ دەكەیت چی بكەم ئەگەر گەیشتم بەو سەردەمە؟ فەرمووى (تلزم جماعة المسلمين وإمامهم)، (پابەندى گرۆو پێشەواى موسڵمانان بە)، وتم ئەى ئەگەر ئەو كات موسڵمانان پێشەوا و كۆمەڵێكیان نەبوو؟ فەرمووى (فاعتزل تلك الفرق كلها، ولو أن تعض بأصل شجرة، حتى يدركك الموت وأنت على ذلك[54] (لە هەموو ئەو دەستەو تاقمانە كەنار بگرە با ئەگەر قەپیشت كردبێت بە رەگى دراێكەوە تا ئەو كاتەى دەمریت هەر لەو بارەدا بە).

حوذەیفە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (يدرس الإسلام كما يدرس وشي الثوب، حتى لا يدرى ما صيام ولا صلاة ولا نسك ولا صدقة، وليسرى على كتاب الله عز وجل في ليلة، فلا يبقى  في الأرض منه آية، وتبقى طوائف من الناس الشيخ الكبير والعجوز، يقولون : أدركنا آباءنا على هذه الكلمة، لا إله إلا الله ، فنحن نقولها

(كاریگەرى ئیسلام نامێنێت و دەسڕێتەوە وەك چۆن نەخشی جل دەسڕێتەوە، ئیتر واى لێدێت نازانرێت رۆژوو چیە ونوێژ و حەج و زەكات چیە، لە شەوێكیشدا قورئان بەرز دەكرێتەوە ئیتر یەك ئایەتى قورئانیش لە سەر زەویدا نامێنێت، دەستەیەك لە خەڵك دەمێننەوە، پیر و پەككەوتە، دەڵێن ئەم وشەیەمان لە باوباپیرانمان بیستووە دەیانوت لا الە الا الله، وا ئێمەش دەیڵێینەوە)، ئینجا صیلە بە حوذەیفەى دەوت جا ئەو وشەیە چ سوودێكی هەیە بۆیان كە نازانن نوێژو رۆژوو و حەج و زەكات چیە؟ سێ جار پرسیارى كرد و حوذەیفە وەڵامى نەدەدایەوە، دواتر حوذەیفە وتى ئەی صیلە ئەو وشەیە لە دۆزەخ رزگاریان دەكات.[55]

حوذەیفە دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(إن الدجال يخرج، وإن معه ماء ونارا، فأما الذي يراه الناس ماء فنار تحرق، وأما الذي يراه الناس نارا فماء بارد عذب، فمن أدرك ذلك منكم فليقع في الذي يراه نارا، فإنه ماء عذب طيب[56]

(دەججال دەردەچێت و ئاو و ئاگرى لەگەڵە، جا ئەوەى خەڵك بە ئاو دەیبینن ئاگرێكى سووتێنەرە، ئەوەش كە خەڵك بە ئاگری دەبینن ئاوێكی ساردى سازگارە، جا هەركام لە ئێوە گەیشت بەو سەردەمە با خۆی بخاتە ناو ئەوەى كە بە ئاگر دەیبینێت چونكە ئەوە ئاوێكی سازگارى پاكە).



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 572-573.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج2،ص 362.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 317، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 639.

[4] - صحيح ابن حبان، الرقم 7233، صححه شعيب الأرناؤوط.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 44.

[6] - أسد الغابة، ج3، ص 33.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 523.

[8] - أسد الغابة، ج7، ص 109.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 441.

[10] - أسد الغابة، ج7، ص 252.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 482.

[12] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 371.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 363.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 250.

[15] - صحيح مسلم، الرقم 3429.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج2،ص 362.

[17] - أسد الغابة، ج2، ص 23.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 441.

[19] - أسد الغابة، ج2، ص 23.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 83.

[21] - صحيح مسلم، الرقم 3430، صحيح ابن حبان، الرقم 7232، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17146.

[22] - مستخرج أبي عوانة، الرقم 5487.

[23] - صحيح مسلم، الرقم 3430، صحيح ابن حبان، الرقم 7232، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17146.

[24] - مستخرج أبي عوانة، الرقم 5487.

[25] - صحيح مسلم، الرقم 3430، صحيح ابن حبان، الرقم 7232، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17146.

[26] - مستخرج أبي عوانة، الرقم 5487.

[27] - صحيح مسلم، الرقم 3430، صحيح ابن حبان، الرقم 7232، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17146.

[28] - البداية والنهاية لانب كثير، ج5، ص 19.

[29] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 20.

[30] - صحيح البخاري، الرقم 6713.

[31] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 352.

[32] - صحيح مسلم، الرقم 3854.

[33] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 362.

[34] - صحيح البخاري، الرقم 3430.

[35] - سير أعلام النبلاء، ج2، 364.

[36] - أسد الغابة، ج1، ص 573.

[37] - أسد الغابة، ج1، ص 573.

[38] - أسد الغابة، ج5، ص 364.

[39] - أسد الغابة، ج1، ص 573.

[40] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 110.

[41] - أسد الغابة، ج1، ص 573.

[42] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 366.

[43]- البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 119.

[44] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 114.

[45] - صحيح البخاري، الرقم 4706، سنن الترمذي، الرقم 3112، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7720، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 2201، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 85.

[46] - البطقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 33.

[47] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج6، ص 15.

[48] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 83.

[49] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 371.

[50] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 192.

[51] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 369.

[52] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 44.

[53] - أسد الغابة، ج1، ص 574.

[54] - صحيح البخاري، الرقم 3430، صحيح مسلم، الرقم 3523.

[55] - سنن ابن ماجة، الرقم 4046، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 4049، المستدرك على الصحيحين، الرقم 8534، سكت عنه الذهبي في التلخيص، شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 1964.

[56] - صحيح مسلم، الرقم 5335 و اللفظ له، صحيح البخاري، الرقم 3282.

 2187
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.