دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حوسەینی كوڕی عەلى (رضي الله عنه) - بەشی دووەم -

حوسەین لە سەردەمى خیلافەتى باوكیدا

حوسەین لە سەردەمى خیلافەتى باوكیدا لەگەڵ باوكى بوو و پشتیوان و سەرخەرێكی تەواوى بوو، بەڵكو لە جەنگى جەمەلدا سەرپەرشتى بەرەى چەپی سوپاكەى دەكرد.[1]

حوسەین لەسەردەمى خیلافەتى حەسەنى برایدا

حەسەن و حوسەین خۆشەویستیەكى زۆر لە نێوانیاندا هەبوو و رێزی یەكتریان دەگرت، جا حەسەن بە حوسەینی دەوت خۆزگە كەمێك لەو دڵ زبریەى تۆم دەبوو، حوسەینیش دەیوت خۆزگە منیش كەمێك لەو زمان بەهێزیەى تۆم دەبوو.[2]

حوسەین نارازى بوو لەو هەڵوێستەى حەسەنى براى كە لە رێككەوتنى لەگەڵ موعاویە نواندى و وتى تو خوا وا نەكەیت قسەی باوكم پشتگوێ بخەیت و قسەی موعاویەت لا راست بێت، حەسەنیش پێی وت بێدەنگ بە من لە تۆ شارەزاترم بەم مەسەلەیە.[3]

هەرچەندە حوسەین راى وابوو دەبێت حەسەن بجەنگێت و رێكنەكەوێت، بەڵام ئەو رایەى خۆی خواردەوەو گوێڕایەڵی فەرمانى حەسەنى براى بوو و بەیعەتى دا بە موعاویەو دیاریەكانى موعاویەى وەردەگرت، موعاویەش بە چاوى رێزەوە بۆی دەڕوانى و رێزی دەگرت، ئینجا كە موعاویە دواتر بەیعەتى بۆ یەزیدی كوڕی وەرگرت حوسەین پێی نارازى بوو، هەروەها ئیبن ئەبی بەرك  عەبدوڵاى كوڕی زوبەیریش نارازى بوون، بەڵام موعاویە بە نابەدڵی بەیعەتى وەرگرت لێیان، بەڵام دواتر كە موعاویە مرد ئەوانە بەیعەتیان نەدا بە یەزید.[4]

پاش رێككەوتنەكە حوسەین لە ساڵی چل و یەكى كۆچی لەگەڵ حەسەنى براى گەڕانەوە بۆ مەدینەو لەوێ مایەوە، لەوێ ماوەى نۆزدە ساڵ و چەند مانگێك مایەوەو سەرقاڵ بوو بە حەجكردن و پەرستشەوە.[5]

لەو ماوەدا حوسەین ئامادەى ساتەوەختى مەرگى حەسەنى براى بوو، پێش مردنى حەسەن حوسەینى بانگ كرد و ئەم وەسیەتەى بۆ كرد:

(براكەم باوكمان بەر رەحمەتى خوا بكەوێت كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد خۆی بۆ ئەم بارە-دەسەلآت- دانابوو و هیواى وابوو بۆ ئەو بێت، ئەوەبوو خوا دوورى گرت لێی و دایە دەست ئەبووبەكر، كە ئەبووبەكر سەرەمەرگى هات هەمدى حەزى پێكرد، ئەوەبوو هەمدى دوورخرایەوە لێی بەر عومەر كەوت، كە عومەر سەرەمەرگى هات كردى بە شوورا لە نێوان شەش كەسدا كە باوكمان یەكێك بوو لەوان، ئەوەبوو بەر عوثمان كەوت، كە عوثمانیش كوژرا بەیعەتى پێدرا، دوایی ململانێی لەگەڵ كرا تا شمشێری بۆ هەڵكرد و لەسەری جەنگا، بارەكە بۆی لەبار نەبوو و هیچی لێ دەست نەكەوت، سوێند بەخوا وانابینم خواى گەورە پێغەمبەرایەتى و خیلافەتیش لە ناو ئێمیە ئالوبەیتدا كۆبكاتەوە، وادەبینم گەمژەكانى كووفە تۆیش كەم دەگرن و دەرت دەكەن، من داوام لە عائیشە كردووە ئەگەر مردم مۆڵەتم بدات لە ماڵەكەى ئەودا لەلاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردە بكرێم، ئەویش رازی بووە، دەڵێم لەوانەیە لە شەرمدا وتبێتی بەڵێ و رازى بووبێت، بۆیە ئەگەر مردم بڕۆ بۆ لاى و داواى هەمان شتى لێ بكەرەوە، ئەگەر پێی خۆش بوو ئەوە لە ماڵەكەى ئەودا ئەسپەردەم بكە، گومانم زۆرە كە خەڵكێك نەهێڵن ئەوە بكەیت، جا ئەگەر رێگرییان لێكردیت ئەوا لەسەر ئەوە لێیان مەپاڕێرەوەو لەسەرى مەڕۆ و لە بەقیع ئەسپەردەم بكە، چونكە لەوێش كەسانى پێشەنگى لێیە).[6]

حوسەینی براى بەسەرسەریەوە بوو، حوسەینیش بە دڵگرانیەوە ئەیوت برا ئازیزەكەم خۆ تۆ وا دەچیت بەرەو لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)-باپیرەمان- و  عەلی –باوكمان- و خەدیجە-ى داپیرەمان- و فاتیمە-ى دایكمان- و قاسم و طاهیرى خاڵوانت و حەمزەو جەعفەرى مامت، حەسەنیش پێی وت ئااى برا ئازیزەكەم، وا دەچمە حاڵێكەوە كە خوا دایناوە هیچكات حاڵى لەو جۆرەم نەدیوە، بڕێ دروستكراوى خوا ئەبینم كە هیچكات شێوەى وەك ئەوانەم نەدیوە، ئیتر حوسەین خۆی پێ رانەگیرا و دەستى كرد بە گریان.[7]

سەبارەت بە پرسی ئەسپەردەكردنى حەسەنیش كێشە هەیە، چەند گێڕانەویەك هاتووە كە حەسەن داواى كرد لە حوسەین با لەلاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردە بكرێت، ئەگەر زانى كێشەی لێدەكەوێتەوە ئەوا با لە بەقیع ئەسپەردە بكرێـت، ئەوەبوو كاتێك ویستى لە لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردەى بكات ئومەویەكان رازى نەبوون، بۆیە جابیر بە حوسەینى وت با فیتنە نەكەوێتەوەو لە بەقیع ئەسپەردەى بكە، ئەوەبوو لە بەقیع ئەسپەردە كرا، كاتێك ئەسپەردە كرا لەتاو قەرەباڵغیدا بەقیع كەسێكی تری نەدەگرت و هەموان دەگریان. [8]

وەك لە وەسیەتەكەیدا هێنامان، حەسەن داواى كردبوو لەلاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردە بكرێت ئەگەر هاتوو عائیشە رازى بوو، ئەگەریش خەڵكەكە رێگر بوون ئەوا با لە بەقیع ئەسپەردەى بكات و لەسەر مەسەلەكە نەڕوات، بۆیە كاتێك حەسەن مرد، لەسەر وەسیەتى خۆی حوسەین چوو بۆ لاى عائیشەو داواى لێكردەوە كە حەسەنى براى لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردە بكرێت، ئەویش رازى بوو و وتى باشە، بەڵام مەڕوان كە ئەمەى بیست وتى سوێند بەخوا نابێت حەسەن لەوێ ئەسپەردە بكرێت، نەیانهێشت عوثمان لەوێ ئەسپەردە بكرێت و ئێستا ئەمان دەیانەوێت حەسەن لەوێ ئەسپەردە بكەن؟ كە حوسەینیش ئەم قسەی بیست بە چەكەوە هاودەم بە چەند كەسێكی تر چوو، مەڕوانیش خۆی ئامادە كرد، كە ئەبووهورەیرە بیستى بارەكە گەیشتوەتە ئەوە، وتى سوێند بەخوا ئەوە ستەمێكە لە حەسەن دەكرێت، دەبێت رێ بدرێت لەگەڵ باوكیدا (واتە مەبەستى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو) كفن بكرێت، ئەو كچەزاى پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم)، ئینجا چوو بۆ لاى حوسەین و قسەی لەگەڵ كرد و سوێندى دا وازبهێنێت، وتى مەگەر براكەت نەیوت ئەگەر زانیت جەنگى لێدەكەوێتەوە ئەوا بمبەنەوە بۆ گۆڕستانى موسڵمانان؟ زۆر لێی پاڕایەوە تا حوسەین رازى بوو و حەسەنیان برد لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردەی بكەن، حوسەین حەزى دەكرد خۆی نوێژی مردوو لەسەر تەرمى حەسەنى براى كرد، بەڵام سەعیدى كوڕی عاصی والى مەدینەى پێش خست و وتى ئەگەر سوننەت نەبوایە تۆم رانەدەسپارد بۆ ئەو بەرنوێژیە، سەعیدی كوڕی عاصیش كە ئەمیری مەدینە بوو ئامادەى مەراسیمى نوێژ و ئەسپەردەكردنى تەرمى حەسەن بوو، هەروەها خالیدی كوڕی وەلیدیش ئامادەى مەراسیمى ئەسپەردەكردنەكەى بوو، گۆڕەكەى حەسەن لەپاڵ گۆڕی فاطيمهى دایكیدا بوو.[9]

حوسەین قژ و ریشێكی رەشی هەبوو تەنها چەند تاڵێكی پێشەوەى ریشی نەبێت كە رەش نەبوو.[10]

جارێك حوسەین هاتە ناو مزگەوتەوە، جابیریش بە خەڵكەكەى وت كێ حەز دەكات سەیری گەورەى گەنجانى بەهەشت بكات با سەیری حوسەین بكات، من ئەمەم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بیست.[11]



[1] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 288.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 287.

[3] - أسد الغابة، ج2، ص 28.

[4] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 291-292.

[5] - أسد الغابة، ج2، ص 28.

[6] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 391-392.

[7] - تأريخ دمشق، ج13، ص 286.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 44.

[9] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 392.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 281.

[11] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 282.

 2177
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.