دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حوسەینی كوڕی عەلى (رضي الله عنه) - بەشی چوارەم -

هەڵوێستى هاوەڵان و دەورووبەر بەرامبەر دەرچوونى حوسەین

ئیبن عومەر هاتە مەدینەو هەواڵی حوسەینی پرسی، پێی وترا بەرەو عێراق كەوتووەتەڕێ، ئەوەبوو ئیبن عومەر خێرا چوو بە دوایدا و پاش دوو رۆژە رێ ئینجا گەیشت بە حوسەین، پێی وت بۆ كوێ دەچیت؟ وتى بۆ عێراق، ئیبن عومەر وتى مەڕۆ بۆ لایان، حوسەین وتى ئەوە نامەكانیانن و بەیعەتیان بۆ ناردوم، ئیبن عومەر وتى خواى گەورە پێغەمبەرى خۆی سەرپشك كرد لەنێوان دنیا و ئاخیرەتدا، ئەویش ئاخیرەتى هەڵبژارد، ئێوەش بەشێكن لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، هەرگیز هیچكامتان دنیاتان بۆ نابێت، خواى گەورەش كە دنیای لێ دورو گرتون چاكتری بۆ داناون، ئینجا خەڵكی عێراق خەڵكێكی خراپن و باوكتیان كوشت و دایان لە براكەشت و ئەوەو ئەوەیان كرد، بەڵام حوسەین قەناعەتى نەكرد و رازى نەبوو، دواجار ئیبن عومەر كە زانى حوسەین هەر دەڕوات دەستى كردە ملی وتى ماڵئاوایی كوژرانت لێدەكەم-وەك كوژراوێك ماڵئاواییت لێدەكەم-.[1]

حوسەین هەر كە چوو بۆ لاى ئیبن عەبباس راوێژی پێكرد سەبارەت بەو كارەى، لە وەڵامدا ئیبن عەبباس راى وابوو كارى وا نەكات چونكە مەرگى ئەوى لێدەكەوێتەوە، بەڵام حوسەین پێی وت مەرگم لا خۆشترە لەوەى بەو بارە رازی بم.[2]

ئینجا عەبدوڵاى كوڕی عومەر و عەبدوڵاى كوڕی عەییاش كە لە عومرەوە دەهاتنەوە چوون بۆ لاى حوسەین و عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر، ئیبن عومەر وتى بۆ خاتری خوا بگەڕێنەوە بۆ ئەو بارەى خەڵكی تێدان و بۆ خەڵك باشترە و پەلە مەكەن، ئەگەر خەڵكی هەموو رازى بوون پێی ئەم دوانەش خۆتان جیا مەكەنەوە، ئەگەریش خەڵكی هەموان لەسەری رازى نەبوون ئەوكات ئەوەى دەتانەوێت بیكەن.[3]

ئینجا ئیبن عەبباس پێی وت كوڕی فاتیمە بۆ كوێ دەچیت؟ وتى دەچم بۆ عێراق بۆ لاى هەوادارنم، ئەویش وتى پێم خۆش نیە ئەم دەموچاوەى تۆ بچێت بۆ لاى خەڵكێك كە باوكتیان كوشت، ئینجا زۆر قسەی بۆ كرد.[4]

پێی وت ئەگەر ئەو خەڵكەى داوایان لێكردویت بچیت بۆ لایان ئەمیرەكەی ئێستایان كوشتووەو بارى وڵاتیان رێكخستووەو دوژمنیان دەركردووە ئەوە بڕۆ بۆ لایان، بەڵام ئەگەر لە كاتێكدا بانگت دەكەن كە هێشتا ئەمیرەكەیان ماوەو كاربەدەستانى سەرقاڵی سامان وەرگرتنن لە خەڵكى وڵاتەكە، ئەوە تەنها تۆ بۆ جەنگ بانگ دەكەن و منیش هیچ دڵنیا نیم لەوەى لەخشتەت نەبە نو لە قسەت دەرنەچن و پشتت بەرنەددەن و لەدژیت نەجەنگن و ببنە سەرسەختترین دوژمن بۆت، حوسەینیش وتى نوێژی ئیستیخارە دەكەم بزانم چۆن دەبێت.[5]

ئیبن عەبباس هەر خۆی پێ رانەگیرا و بۆ بەیانیەكەى هاتەوە بۆ لاى  وتى ئامۆزا گیان زۆر خۆم راگرت بەڵام خۆم پێ راناگیرێت و ئارامم بڕاوە، من زۆر دەترسم بەم كارەت لەناو بچیت، چونكە خەڵكی عێراق ناپاكن، لێیان نزیك مەبەرەوەو لەم خاكەدا بمێنەرەوە، تۆ سەییدی خەڵكی حیجازیت، ئەگەر خەڵكى عێراق راست دەكەن تۆیان دەوێت نامەیان بۆ بنێرە داوا بكە تا بەرپرسەكەیان دووربخەنەوەو دواتر بڕۆ بۆ لایان، ئەگەر ئەوەش ناكەیت دەى بڕۆ بۆ یەمەن چونكە لەوێ قەلآ و شیوی لێیەو خاكێكی فراوان و گەورەیە و هەوادارانێكی باوكیشت لەوێن و دووریت لەو خەڵكەو لەوێوە پەیام و بانگخوازانت بلآو بكەرەوە، پێم وایە ئەمەت بۆ باشترە، بەڵام حوسەین وتى ئامۆزا گیان دەزانم تۆ دڵت بۆم دەسووتێت و ئامۆژگاریم دەكەیت، بەڵام من خۆم پێچاوەتەوەو یەكلا بوومەتەوە كە بچم، ئیبن عەبباس وتى دەى هەر دەڕۆیت ژن و منداڵەكانت مەبە، دەترسم وەك چۆن عوثمان كوژرا تۆش ئاوا لەناو ژن و مناڵەكانتا بكوژرێیت و ئەوانیش تەماشا بكەن.[6]

ئەبوو سەعید پێی وت لەخوا بترسەو لە ماڵی خۆت دابنیشە.[7]

عەبدوڵاى كوڕى زوبەیر چوو بۆ لاى حوسەین و وتى پێم باشە نەچیت بۆ كووفەو لە حیجازەوە ئەو كارە دەست پێ بكەیت و ئێمەش دژایەتیت ناكەین و پشتیوانت دەبین و بەیعەتت پێ دەدەین، بەڵام حوسەین زۆر سوور بوو لەسەر ئەوەى جەنگ و ئاژاوەیەك رووبدات نەكەوێتە مەككەو مەدینەوە، بۆیە ئامادەیی نەبوو لە حیجازەوە دەست پێ بكات.[8]

ئەبوو سەعیدی خودری هات بۆ لاى حوسەین و وتى ئەی ئەبووعەبدوڵا من ئامۆژگاریت دەكەم و چاكەى تۆم دەوێت و دڵم بۆت دەسووتێت، بیستوومە خەڵكێ لە هەوادارانت نامەیان بۆ نوسیویت تا بچیت بۆ لایان، مەڕۆ بۆ لایان، چونكە من لە باوكتم بیست لە كووفە بوو دەیوت بەخوا لێیان بێزار بووم و ئەوانیش لێم بێزار بون، لێیان توورەم و لێم تووڕەن، هیچ وەفایەكم لێ بەدی نەكردن و هیچ سووربوون و خۆڕاگری و پێچەسپاویم لێ بەدی نەكردن.[9]

عومەرى كوڕی عەبدورەحمانى كوڕی حارث هات بۆ لاى و پێی وت ئەگەر براى منت پێ دڵسۆزانەیە با قسەیەك بكەم و ئەگەر وام نابینیت با بێدەنگ بم، حوسەین وتى قسەكەت بكە بەخوا وانابینم كەسێكی ئارەزووبێژ بیت، عومەر وتى بیستوومە دەتەوێت بچیت بۆ عێراق، من دڵم بۆت دەسووتێت، دەچیت بۆ وڵاتێك هێشتا كاربەدەستەكانى لەوێن، بەیتولمالى تیا ماوەو خەڵكیش كۆیلەى دینارو درهەمن، من دەترسم ئەوەى بەڵێنی سەرخستنى پێداویتلە دژت بجەنگن، حوسەین لە وەڵامدا پێی وت خوا پاداشتت بداتەوە ئامۆزا گیان، دەزانم تۆ دڵسۆزانە هاتویت و ژیرانەش قسە دەكەیت، با بزانم چۆن دەبێت، یان راكەت وەردەگرم و یان راى خۆمم دەبێت، بەهەرحاڵ من تۆ بە باشترین ئامۆژگاریكەر تەماشا دەكەم.[10]

دواتر هەریەك لە جابیرى كوڕی عەبدوڵا و ئەبوو واقیدى لەیپی داوایان لێكرد نەچێت، ئیبنولموسەییبیش دەیوت نەچوایە بەرەو عێراق زۆر باشتر بوو بۆی.[11]

عەبدوڵاى كوڕی جەعفەریش نامەى نووسی بۆ حوسەین و وتى لەبەر خوا داوات لێدەكەم نەچیت، لە وەڵامدا حوسەین وتى خەوێكم دیوە بە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) كە تیایدا فەرمانى پێكردوم بە شتێك دەبێت بچم بۆی.[12]

ئیبن زوبەیریش بە حوسەینی وت بۆ كوێ دەڕۆیت؟ بۆ لاى خەڵكێك كە باوكتیان كوشت و براكەتیان بریندار كرد؟ حوسەین وتى ئەگەر بكوژرێم لام خۆشترە لەوەى مەككە هێرشی بكرێتەسەر.[13]

جابیری كوڕی عەبدوڵا داواى لێكرد نەچێت و واز بهێنێت، ئەبوو واقیدی لەيثيش هەمان داواى لێكرد، بەڵام حوسەین رازى نەبوو دابنیشێت.[14]

پێش ئەوەى لە مەككەوە دەربچێت، لە رێدا كە حوسەین دەچوو بەرەو مەككە  عەبدوڵاى كوڕی موطيع پێی وت بۆ كوێ نیازتە؟ حوسەین وتى ئێستا بەرەو مەككە دەچم و دواى ئەوەش ئیستیخارە دەكەم بزانم خوا چیم دێنێتە ڕێ، عەبدوڵاش وتى خوا خێرت بێنێتە ڕێ و بە قوربانت بین، كە چوویتە مەككە روو نەكەیتە كووفە چونكە وڵاتێكی شوومەو لەوێ باوكت كوژرا و پشتی براكەت بەردرا،[15] بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم خۆتمان لێ دوور مەگرەو مەڕۆ، بەخوائەگەر تۆ بكوژرێیت دەمانكەنە كۆیلەو خزمەتكار.[16]

موحەممەدى برایشی چوو بۆ لاى و لە مەككە پێی گەیشت و وتى دەرچوونت لەمڕۆدا باش نیە، بەڵام حوسەین بەگوێی نەكرد، ئینجا موحەممەد ویستى رێگری بكات لە كوڕەكەى خۆی، بەڵام حوسەین سەركۆنەى كرد لەسەر ئەو هەڵوێستەى.[17]

هەڵوێستى ئومەویەكان بەرامبەر دەرچوونى حوسەین

یەزیدى كوڕی موعاویە كە هەواڵى زانى حوسەین نیازی دەرچوونى هەیە نامەیەكى نووسی بۆ ئیبن عەبباس و هەواڵی پێدا كە تۆ گەورەى بنەماڵەكەتیت و رات وەرگیراوە، دەى رێی لێبگرەو مەهێڵە دووبەرەكى بنێتەوە، لە وەڵامیشدا ئیبن عەبباس نامەى بۆ نووسی من هیوام وایە دەرچوونى حوسەین و هاتنى بۆ شتێك نەبێت كە تۆ پێی بێزار بیت و بێبەشیشی ناكەم لە ئامۆژگارى.[18]

مەڕوانى كوڕی حەكەمیش نامەى نارد بۆ عوبەیدوڵاى كوڕی زیاد و تیایدا نووسیبوو:

وا حوسەین بەرەو لاى تۆ دێت، سوێند بەخوا كەس نیە هێندەى حوسەین لامان خۆشەویست بێت، دەى وریابە بەرامبەرى نەورووژێیت و خۆتت پێ رانەگیرێت.[19]

هاوكات یەزید نامەى نارد بۆ ئیبن زیاد و هەواڵی پێدا كە وا حوسەین بەرەو ئەوێ دێت.[20]

پاش ئەوەى عەبدوڵاى كوڕی جەعفەر داواى لێكرد، عەمرى كوڕی سەعیدى كوڕی عاص نامەى نووسی بۆ حوسەین و وتى هیوام وایە خواى گەورە پێگەیشتوویی و تێگەیشتووییت پێ ببەخشێت و دوورت بخاتەوە لەو نیازەت، بیستوومە نیازى چوون بۆ عێراقت هەیە، لەبەر خوا داوام لێتە دووبەرەكى نەنێیتەوە، ئەگەریش ترست هەیە ئەوە وەرە بۆ لاى من و لاى من پەنا و دڵنیایی و چاكەو خزمایەتیت دەست دەكەوێت، لە وەڵامدا حوسەین وەڵامى دایەوە ئەگەر نیازت لەم نامەت بۆ چاكەو خزمایەتیتە لەگەڵم خوا لە دنیا و قیامەتدا پاداشتت بداتەوە، ئەوەى بانگەواز بۆ لاى خوا دەكات و كارى چاكە دەكات و دەڵێت من لە موسڵمانانم دووبەرەكى نانێتەوە، چاكترین پەناش پەناى خوایە، ئەوەى لە دنیادا لە خوا نەترسێت بڕواى بە خوا نیە، بۆیە لەخواترسانێكی دنیامان لە خوا دەوێت كە پەناى رۆژی دوایی لەگەڵ بێت.[21]

پاش ئەوەى عوبەیدوڵا دڵنیا بوو لە هاتنى حوسەین، سوپایەكى چوار هەزار كەسی ئامادە كرد بۆ لێدانى حوسەین، ئەو سوپایە بە نیاز بوون بۆ جیهاد بچن بۆ دەیلەم، بەڵام عوبەیدوڵا رێی پێ گۆڕین بۆ ئەو جەنگەى حوسەین.[22]



[1] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 292-293.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 292.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 296.

[4] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 296.

[5] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 399.

[6] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 400-401.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 296.

[8] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 400.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 294.

[10] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 399.

[11] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 296.

[12] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 297.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 293.

[14] - تاريخ الإسلام، ج5، ص 8.

[15] - المنتظم لابن الجوزي، ج5، ص 327.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 296.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 304.

[18] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 304.

[19] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص304.

[20] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 305.

[21] - تاريخ الطبري، ج3، ص 297.

[22] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 305.

 3320
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.