دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  پلەوپایەى بەشداربوانى بەدر(رضي الله عنهم)

هاوەڵانى بەشداربووى بەدر یەكەم دەستەى پارێزەرى ئایینى خواو موجاهیدی ناو ئیسلام بوون، ئەوان یەكلا كەرەوەى پێشرەوى ئیسلام بون وەك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە نزاكانی رۆژی بەدریدا دەیفەرموو(اللهم إنك أن تهلك هذه العصابة لا تعبد بعدها في الارض)، (خوایە ئەگەر تۆ ئەم دەستەیە لەناوبەریت ئەوا ئیدى دواى ئەوە لەسەرزەویدا ناپەرسترێیت).

بەراستی هێندە بەسە بۆ هاوەڵانى بەدر كە پێغەمبەرى خوا وا لێیان رازى بێت و نزایان بۆ بكات و لەبەردەم خوادا ئەو شاهیدیەیان بۆ بدات كە ئەمانە پایەى پارێزگارى ئایینى خوان، خواى گەورەش لە وەڵامى نزاكانى پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) ئەم ئایەتانەى دابەزاند: (إذ تستغيثون ربكم فاستجاب لكم أني ممدكم بألف من الملائكة مردفين وما جعله الله إلا بشرى لكم ولتطمئن به قلوبكم وما النصر إلا من عند الله إن الله عزيز حكيم).

(كاتێ لە پەروەردگارتان دەپارانەوە خواش وەڵامى نزاكەى دانەوەو بۆی گیراكردن، خوا فەرمووى من یارمەتیتان دەدەم بە هەزار فریشتەى یەكبەدواى یەكدا هاتوو، خوا ئەمەى تەنها بۆ دڵخۆشی و مزگێنى ئێوە كرد و هەروەها تا بەوە دڵەكانتان ئارام بگرن، سەركەوتن تەنها لاى خوایە، بەراستى خوا بەتوانا و دانایە).

دەستەیەك كە خواى گەورە فریشتەى نارد بۆ پاڵپشتییان و راشیگەیاند بۆ دڵخۆشی و دڵنیاكردنى دڵەكانى ئەوان ئەو فریشتانەى ناردووە، ئیتر دەبێت چ فەزڵێ گەورەتر لەوەیان دەست بكەوێ.

لە فەرموودەیەكدا كە موعاذ لە ریفاعەى باوكیەوە (كە بەشداربووى بەدر بووە) دەیگێڕێتەوە دەڵێت جبریل (علیە السلام) هات بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و پێی فەرموو (بەشداربوانى بەدر لەنێوتاندا چۆن سەیر ئەكەن؟)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(لە بە فەزلترینی موسڵمانانن) یان وتەیەكى هاوواتاى ئەوە، جبریلیش فەرمووى: (بۆ فریشتە بەشداربووەكانى بەدریش هەر وایە).[1]

جبریل(علیە السلام) لەگەڵ بەشداربوانى بەدردا بەشدارى ئەو غەزایەى كرد و[2]بە فەرمانى خوا لە گەڵ فریشتەكانى تردا هاوریزی موسڵمانان جیهادیان كرد.

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) رێزێكى زۆرى هەبوو بۆ هاوەڵانى بەدر، تەنانەت چاوپۆشی دەكرد لە هەندێ هەڵەیان و وایشی فێری هاوەڵانى تر دەكرد تا ئەو چاوپۆشیە و رێزەیان هەبێت بۆ هاوەڵانى بەدر، وەك لە رووداوەكەى حاطبى كوڕی ئەبی بەلتەعەدا هاتووە كاتێ حاطب هەواڵى پلانى پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) بە نهێنی نارد بۆ قورەیش و دواتر كارەكەى ئاشكرا بوو و حاطب هێنرایە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پرسیارى لێكرد بۆ وایكردووە؟وتى لەبەر گیانى خۆی نەك لەبەر هەڵگەڕانەوەى لە ئیسلام، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى راستی پێ وتن، عومەرى كوڕى خەتاب وتى ئەی پێغەمبەرى خوا لێمگەڕێ با بدەم لەگەردنى ئەو دوورووە، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(إنه قد شهد بدرا، وما يدريك لعل الله أن يكون قد اطلع على أهل بدر فقال : اعملوا ما شئتم فقد غفرت لكم)،[3] (ئەو بەشدارى بەدرى كردووە، تۆ چووزانیت بەڵكو خوا ئاگادارە بە بەشداربوانى بەدر بۆیە پێی فەرموون: چیتان ئەوێ بیكەن من لێتان خۆش بووم).

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە گوێی لە پۆزشەكەى صلى الله عليه وسلمبوو فەرمووى(لا تقولوا لە إلا خیرا)،[4] واتە( تەنها قسەی چاكى بەرامبەر بڵێن).

لە گێڕانەوەیەكى تردا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) مزگێنیەكە بۆ ئەهلى بەدر روونتر دەكاتەوەو هاتووە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە عومەرى فەرموو(صدق يا عمر! أو ليس قد شهد بدراً، لعل الله اطلع إليهم فقال: اعملوا ما شئتم فقد وجبت لكم الجنة)،[5] واتە(راستى وتئەى عومەر، مەگەر ئەو بەشدارى بەدرى نەكردووە؟! بەڵكو خوا ئاگادارە بە بەشداربوانى بەدر و بەوانى فەرموو چی دەكەن بیكەن من بەهەشتم واجب كرد بۆ ئێوە)، ئیتر چاوەكانى عومەر فرمێسكیان لێ رژا و وتى خوا و پێغەمبەرەكەى زاناترن.

پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم) تەنانەت رێی نەداوە هاوەڵانى خۆی قسە بكەن لەسەر هاوەڵانى بەدر، ئەوەتا كاتێ خالیدی كوڕی وەلید كە بە شمشێری هەڵكراوى خوا ناسراوە دڵی عەبدورەحمانى كوڕی عەوفی ئازاردا و عەبدورەحمانیش سكالآى خۆی بردە لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)،  پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە خالیدی فەرموو(لم تؤذي رجلا من أصحاب بدر، لو أنفقت مثل أحد ذهبا لم تدرك عمله[6] واتە:(بۆچی ئازارى یەكێ لە بەشداربوانى بەدر دەدەیت؟ ئەگەر هێندەى شاخى ئوحود زێڕ ببەخشیت ناگەیتەوە بە كردەوەیدا).



[1] - صحيح البخاري، الرقم 3790.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 3792.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 2866 و  2932 و  4037، صحيح مسلم، الرقم 4654، صحيح ابن حبان، الرقم 6592، سنن أبي داود، الرقم 2293، سنن الترمذي، الرقم 3310، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 11135، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17138، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 580 .

[4] - صحيح البخاري، الرقم 3782.

[5] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 802، مسند أبي يعلى الموصلى، الرقم 379، الأدب المفرد للبخاري، الرقم 453، و صححه الألباني في صحيح الأدب المفرد، الرقم 181.

[6] - صحيح ابن جبان، الرقم 7200، المعجم الصغير للطبراني، الرقم 581، البحر الزخار مسند البزار، الرقم 2850، وقد صححه الألباني في السلسلة الصحيحة، الرقم 1923.

 4065
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.