دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خالیدی كوڕی وەلید(رضي الله عنه) -بەشی حەوتەم-

جەنگى یەمامە

ئینجا خالیدی كوڕی وەلید دواى ئەوەى لەلایەن خەلیفەوە پۆزشی قبووڵ كرا، بە فەرمانى خەلیفە ئەبووبەكری صدیق چوو تا فیتنەى موسەیلەمەى درۆزن لەناوبەرێت[1] كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتى دەكرد و خەڵكێكی زۆری لەخشتە بردبوو.

خەلیفە سوپایەكى زۆری لە پشتیوانان و كۆچەران و كەسانى هۆزەكان نارد بۆ لاى خالید تا بچنە ناو سوپاكەى، كاتێك ئەوانە گەیشتنە لاى خالید ئیتر بەرەو یەمامە چوو.[2]

جەنگ لەنێوان هەردوولادا روویدا و سەرەتا سوپاى موسەیلەمە بەهێز بوون و گەیشتنە لاى چادرەكەى خالید و ویستیان ژنەكەى بكوژن، بەڵام مەجاعە كە لەوێ بوو نەیهێشت.[3]

لە جەنگى دژ بە موسەیلەمەدا خالید سوپایەكى پێ بوو كە نزیكەی سیانزە هەزارێك دەبوو، بەڵام لە كاتى جەنگەكەدا زۆرێك لە عەرەبە خێڵەكیە تازە موسڵمان بووەكان رایانكرد، بۆیە كۆچەران و پشتیوانان لەو ترسنۆكیەى ئەوانە بێزار بوون و وتیان ئەی خالیدى كوڕی وەلید تكایە ئەوانەمان لەكۆڵ بكەرەوە، خالیدیش سوپاى كۆچەران و پشتیوانانى جیاكردەوە كە نزیكەى دووهەزار و پێنج سەد كەسێك دەبوون، ئیتر كۆچەران و پشتیوانان پێكەوەو جیا لە عەرەبەكانى تر هەڵیانكوتایە سەر دوژمن، هاواریان دەكرد ئەی هاوەڵانى سوورەتى بەقەرە وا ئەمڕۆ جادووەكە پووچەڵ كرایەوە، ئەوەبوو سەركەوتن بەسەر دوژمندا و لە ناوچەیەكدا پەنگیان پێ خواردن، ئەو باخچەو شوێنە ناوى نرا باخچەی مەرگ، لەوێ سوپاى موسەیلەمە گردبوونەوە،[4] بەرائی كوڕی مالیك وتى ئەی موسڵمانان من بەرزبكەنەوە تا بچم بۆیان، ئەوەبوو بەرزیان كردەوەو بەسەر دیوارەكەدا سەركەوت و كەوتە جەنگ دژ بە دوژمنان تا دەرگاكەى كردەوەو رێی كردەوەە موسڵمانان توانیان بچنە ناوەوە و سەربكەون و دواجاریش موسەیلەمە كوژرا.[5]

خالیدی كوڕی وەلید لە جەنگى یەمامەدا بە بەرائی كوڕی مالیكی وت هەستە، ئەویش هەستاو بە سوارەكەیەوە راپەڕی و وتى ئەی خەڵكى مەدینە ئەمرۆ بەس خواى گەورە وبەهەشتتان بۆ هەیە و بەتەما مەبن بگەڕێنەوە بۆ شارەكەتان، هەڵمەتى برد و خەڵكیش كەوتنە شوێنی و دایان بەسەر خەڵكى یەمامەدا و سەركەوتن.[6]

 بەمجۆرە خالید و هێزى موسڵمانان لە كۆچەران و پشتیوانان و دەستەیەكی راستی سەربازانى تر توانییان فیتنەى موسەیلەمەى درۆزن لەناوبەرن.

 

خالید لە فتووحاتى عێراقدا

پاش ئەوەى خالیدی كوڕی وەلید لە جەنگى یەمامە لێبوویەوە، ئەبووبەكر فەرمانى بۆ نارد تا بەرەو عێراق بچێت و خەڵكى بانگ بكات بۆ ئیسلام، ئەگەر رازى بوون باشە، ئەگەرنا سەرانەیان لێ وەربگرێت، ئەگەر بەوەش رازى نەبوون ئەوە لەگەڵیان بجەنگێت، فەرمانیشی پێكرد كەس بە زۆر نەبات بۆ ئەو جەنگە و پشتیش نەبەستێت بە هەڵگەراوەكان با موسڵمانیش بووبنەوە، ئینجا لەولاشەوە خەلیفە كەوتە پێكهێنانى سوپا بۆ یارمەتیدانى خالید.[7]

خالید لە چوونى بۆ عێراق سوپاكەى كرد بە سێ بەشەوە تا بە سێ رێگەى جیاوازدا بچن، موثهننا پێش خۆی چووبوو، عەددى كوڕی حاتەم و عاصمی كوڕی عەمریش لەلایەكى ترەوە، خالیدیش خۆی لە كۆتای سوپاكەوە كەوتەڕێ و وادەیەكى دانا تا لە یەك شوێندا كۆببنەوە.[8]

لە ساڵی دوانزەى كۆچیدا خالید كەوتەڕێ و داى بەلاى چەند گوندێكدا و سەرەتا جەنگ لەنێوانیاندا روویدا، بەڵام دواتر رێككەوتن سەرانە بدەن و خالیدیش نامەیەكى پەنادانى نووسی بۆیان، ئینجا لەوێوە خالید چوویە ناوچەی حیرەو بەرپرسی ئەوێ و خەڵكەكەى بانگهێشت كرد بۆ ئیسلام و سێ پێشنیازى موسڵمان بوون یان سەرانە یان جەنگى خستەڕوو بۆیان، قوبەیصەى بەرپرسی ئەوێ سەرانەى هەڵبژارد، دواتر خالید نامەى نووسی بۆ كاربەدەستانى كیسراى فارس لە مەدائین، تیایدا پێی راگەیاندن هەركەس موسڵمان بێت ئەرك و مافی ئێمەى هەیە، ئەگەرنا بەرەورووى جەنگ دەبنەوە.[9]

خالید لە فتووحاتى شامدا

خالید بەردەوام لە عێراقدا پێشڕەوى دەكرد و سەرقاڵی فتووحات بوو،[10] تا ئەوەى بارى موسڵمانان لە بەرەى شامەوە سەخت بوو و داواى یارمەتییان لە خەلیفە كرد، بۆیە خەلیفە نامەى نارد بۆ خالید و فەرمانى پێكرد بۆ یارمەتیدانى موجاهیدان بچێت بۆ شام، خالیدیش موثهنناى لە شوێن خۆی دانا تا بەرپرسیارێتی عێراق وەربگرێت و خۆی بە نۆ هەزار و پێنج سەد سەربازەوە بەرەو شام بەڕێكەوت، رێنیشاندەرەكەشی رافیعی كوڕی عومەیرە بوو، رێیەكى زۆر سەخت و وشكەلآنى پێ گرتەبەر كە كەسی پیایدا تێنەدەپەڕی، ئەمەش بۆ ئەوەى رێگەكە زۆر كورت بێتەوەو زوو بگەنە ئەوێ، هێندە نارەحەت بوون كە وشترەكانیان سەردەبڕین تا ئاوى هەڵگیراوى بۆ خواردنەوەو گۆشتەكەى بۆ خواردن بەكاربێنن، بەڵام توانییان بە پێنج رۆژ بگەنە ئەوێ، بە رێككەوتن ناوچەی تەدمورى گرت و بە فتوحات ناوچەی غەسسانى گرت و پێنج یەكی دەستكەوتەكانى ناردەوە بۆ مەدینە، دواتر خالید و ئەبووعوبەیدەو چەند كەسێكی تریش چوون بۆ لاى عەمرى كوڕی عاص و لەگەڵ رۆمەكاندا جەنگى ئەجنادەینیان ئەنجامدا، ئەمەش لە بیست و هەشتی جومادیلئوولاى سیانزەى كۆچیدا بوو و ژمارەیەكی زۆری هاوەڵان شەهید بوون و دواجاریش رۆمەكان شكان، ئینجا جەنگى یەرمووك روویدا و تیایدا موسڵمانان سەركەوتن، خالید لە بەرەی شامدا بەردەوام لە جیهادى رێی خوادا بوو تا كاتێ ئەبووبەكری صدیق وەفاتى كرد، خالید ئەو هەواڵەی لە موسڵمانان شاردەوە چونكە لە كاتى جەنگدا بوون بەرامبەر بە رۆمەكان، دواتر خالید بەرەو دیمەشق و دواى ئەوەش بەرەو حیمص چوو.[11]



[1] - الكامل في التأريخ، ج2، ص 219.

[2] - الكامل في التاريخ، ج2، ص 219.

[3] - الكامل في التاريخ، ج2، ص 221.

[4] - البداية والنهاية، ج6، ص 267-268.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة ، ج1، ص281-282.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص281.

[7] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 342.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 344.

[9] - البداية و النهاية لابن كثير، ج6، ص 343.

[10] - لێرەدا كورتبڕیەكمان گرتووەتەبەر لەبەرئەوەى ئەگەر وردەكارى فتووحاتەكانى شوێن بە شوێنی ناو عێراق و شامیش باس بكەین زۆر زۆر دەخایەنێت، بۆیە ئەوەى زانیارى وردى لەو بارەوە بوێت دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەكان یان ئەو وەرگێڕانە كوردیانەى كە هەن.

[11] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 6-20.

 1383
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.