دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خەببابى كوڕی ئەرەت (رضي الله عنه)

ناوى خەببابی كوڕی ئەرەتى كوڕی جەندەلەى كوڕی سەعدى تەمیمی یان خوزاعیە، كونیەكەی ئەبوو عەبدوڵایە،[1] هاوەڵێكی گەورە و ناسراوى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) كە لە پێناو ئیسلامدا نارەحەتى زۆرى چەشتووە.

خەبباب هەر بە منداڵی بەدیل گیرا و برا بۆ مەككەو لەوێ فرۆشرا، ئافرەتێك بە ناوى ئومموئەنمار ئەوى كڕی،[2] دواتر ئومموئەنمار خەببابی ئازاد كرد.[3]

خەبباب منداڵێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) لەدایك بوو، دواتر بە دەستى خەواریجەكان شەهید كرا.[4]

كوڕێكی ترى هەبوو بە ناوى عەبدورەحمان،[5] كچێكیشی هەبوو بە ناوى زەینەب كە فەرموودەى گێڕاوەتەوە.[6]

ژنەكەى خەبباب ناوى ملیكە بوو كە ئەویش موسڵمان بوو.[7]

موسڵمانبوونى

ئەم هاوەڵە لە كۆچەرانەو زۆر زوو موسڵمان بووە، بەڵكو شەشەم كەسە موسڵمان بوو.[8]

پێش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەمى كوڕی ئەرقەم خەبباب موسڵمان بووبوو.[9]

خەبباب یەكێك بوو لەو كەسانەى كە لە مەككەدا موسڵمان بوونى خۆی ئاشكرا كرد و لەسەر ئەوەش سزا درا، بەڵكو لە ریزبەندى ئاشكراكردنى ئایینەكەیاندا ئاوا هاتووە(ئەبووبەكر، خەبباب، بیلال، صوهەیب، عەممار).[10]

سەبارەت بە كاتى موسڵمانبوونەكەى دەوترێت بیستەم كەس بووە موسڵمان بووە،[11] رایەكیش دەڵێت: بەڵكو شەشەم كەس بووە موسڵمان بووە.[12]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر خەببابی خۆشدەویست و سەردانى دەكرد، كە خەڵكی ئەوەیان بینی هەواڵیان دا بە ئومموئەنمار، ئەو ئافرەتەش كە زانى خەبباب موسڵمان بووە كەوتە ئازاردانى.[13]

خەبباب كە موسڵمان بوو هەر لە مەككە خەریكی پەرستش و بانگەواز كردن بوو بۆ ئیسلام، دەچوو بۆ ماڵی فاطيمهى خوشكی عومەرى كوڕی خەططاب كە لەگەڵ سەعیدی كوڕی زەیدی مێردى موسڵمان بووبوون، خەبباب لەوێ قورئانى فێری فاطيمهو مێردەكەى دەكرد، رۆژێك عومەرى كوڕی خەططاب كە هێشتا موسڵمان نەبووبوو چوو بۆ ماڵی فاطيمهى خوشكی كاتێك بیستبووی خوشكەكەى موسڵمان بووە، كە نزیك بوویەوە گوێی لە قورئان خوێندنەكەى خەبباب بوو، كە چوویە ژوورەوە داى لە فاتیمەى خوشكی و خوێن لە دەموچاوى هات، عومەر كە ئەوەی بینی پەشیمان بوویەوە، پاشان داواى كرد ئەو قورئانەى دەیانخوێند بیدەنە دەستى، فاطيمه وتى تا خۆت نەشۆیت نایدەمە دەستت، عومەر خۆی شۆرد و قورئانەكەى وەرگرت و خوێندیەوە، وتى وتەكانى چەند جوانن، خەبباب كە ئەمەی بیست خێرا وتى ئەی عومەر سوێند بەخوا هیوانم هەیە خواى گەورە نزاى پێغەمبەرى بۆ گیرا كردبیت، چونكە من دوێنێ شەو گوێم لێ بوو نزاى دەكرد و فەرمووى:  خوایە بە موسڵمانبوونى ئەبولحەكەمى كوڕی هیشام یان بە موسڵمان بوونى عومەرى كوڕی خەططاب پاڵپشتی ئیسلام بكە(ئیسلام سەربخە)، دەى عومەر دەرفەتە لەدەستى مەدە، عومەریش وتى ئەی خەبباب دەی بمبە بۆ لاى موحەممەد تا موسڵمان بم، خەببابیش پێی وت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كوێیە، عومەریش چوو و موسڵمان بوو.[14]

لە مەككەدا جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ بڕێك لە هاوەڵانى دانیشتبوو كە خەببابیشیان تێدا بوو، ئەو هاوەڵانەش لە كەسە لاواز و بێكەسەكان بوون، ئەقرەعى كوڕی حابیس لە گەڵ عویەینە تێپەڕ دەبوون، سەیریان كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ عەممار و صوهەیب و بیلال و خەبباب و چەند موسڵمانێكى ترى لاوازدا دانیشتووە، ئەوانیش گاڵتەیان پێكرد و دەیانوت كە وەفدى عەرەب دێن شەرم دەكەین بمانبینن لەگەڵ ئەوانەدا دانیشتبیت، ئەگەر هاتین بۆ لات تۆ ئەوانە دەركە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رازى بوو، ئەوانیش وتیان دەى بەڵێنێكمان بۆ بنووسە، ئەویش ویستى بینووسێت و عەلى كوڕی ئەبوو تالیبی بانگ كرد تا بینووسێت، ئەوەبوو جبریل هات و ئەم ئایەتەى خواى بۆ هێنا (ولا تطرد الذين يدعون ربهم بالغداة والعشي يريدون وجهه ما عليك من حسابهم من شئ وما من حسابك علبهم من شئ فتطردهم فتكون من الظالمين وكذلك فتنا بعضهم ببعض ليقولوا أهؤلاء من الله عليهم من بيننا أليس الله بأعلم بالشاكرين)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەرەقەكەى فڕێ داو ئەو هاوەڵانەى بانگ كردەوەو پێی فەرموون (سلام علیكم)، ئەوانیش لێی نزیك بوونەوە.[15]

 

 

 

نارەحەتیەكانى خەبباب لە مەككە:

پاش ئەوەى خەبباب موسڵمان بوونى خۆی ئاشكرا كرد ئازار و نارەحەتى زۆری دەچەشت، چ لە سووكایەتى پێكردن، چ لە سزاى جەستەیی، چ لە سزاى ئابوورى و كۆمەلآیەتى.

خەبباب دەڵێت: من لە مەككە ئاسنگەریم دەكرد، كارێكم كرد بۆ عاصى كوڕی وائیل و شمشێرێكم بۆ دروست كرد، ئینجا چووم تا پارەى شمشێرەكە وەربگرم، كەچی وتى تا بێباوەڕ نەبیت بەرامبەر بە موحەممەد پارەكەت نادەمێ، منیش وتم بمریت و زیندووش بیتەوە شتى وا ناكەم، ئەویش وەك رابواردن وتى یانى من دەمرم و زیندووش دەبمەوە، وتم بەڵێ، وتى دەى كاتێك زیندوو بوومەوە ئەوكات پارەم دەبێت و پارەى شمشێرەكەت دەدەم، منیش چووم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و رووداوەكەم بۆ باس كرد، ئەوەبوو ئەم ئایەتە دابەزی (أفرأیت الذي كفر بآياتنا و قال لأوتين مالا و ولدا).[16]

جارێك عومەرى كوڕی خەططاب خەببابی دانیشاند و وتى لەم كۆڕەدا تەنها یەك كەس هەیە لە تۆ زیاتر شیاوى ئەم شوێنە بێت، خەبباب وتى كێیە ئەی ئەمیری باوەڕداران، خەلیفە وتى بیلال، خەبباب وتى ئەی ئەمیری باوەرداران بیلالیش لە من لەپێشتر نیە، بیلال لەناو بێباوەڕاندا كەسێكی هەبوو كە بەرگریەكى لێ بكات، بەڵام من كەسم نەبوو، رۆژێك منیان برد و ئاگرێكیان بۆ كردمەوەو لەناویدا تلیان دام، دواتر كەسێكیان قاچی خستە سەر سنگم، ئیتر ئەو زەویەى بەو ئاگرە گەرم بووبوو بە پشتی من سارد بوویەوە، ئینجا خەبباب پشتى خۆی هەڵكرد هەموو پێستى پشتى پەڵە بوو.[17]

جار هەبوو جلى ئاسنینیان دەكردە بەر خەبباب و بە گەرماى مەككەدا دەیانبرد و لەبەر خۆر دایاندەدا، ئیتر گەرماى خۆر و گەرمبوونى ئاسن یەكیان دەگرت بۆ برژاندنى جەستەى خەبباب.[18]

ئەو ژنەى كە خەببابی كڕیبوو ئاسنی گەرم دەكرد و سەری خەببابی پێ داخ دەكرد، خەبباب زۆری بۆ هات و لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شەكواى حاڵی خۆی كرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كرد(خوایە خەبباب سەر بخە)، ئەوەبوو ئومموئەنمار تووشی ژانەسەرێك بوو دەتلایەوە، چارەسەرەكەى ئەوەبوو دەبوایە خەبباب ئاسنێك گەرم بكات و سەری ئومموئەنمارى پێ داخ بكات.[19]

رۆژێك خەبباب و چەند موسڵمانێكی تر كە ئاوا ئازار دەدران تەواو بێزار بوون و بڕیاریان دا بچن تا لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآ بكەن، چوون دەبینن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە پاڵ كەعبەدایە، وتیان ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆچی نزایەكمان بۆ ناكەیت تا خوا سەرمان بخات؟[20] پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رەنگى سوور هەڵگەڕاو[21] فەرمووى: (قد كان من قبلكم يؤخذ الرجل فيحفر له في الأرض فيجعل فيها، فيجاء بالمنشار فيوضع على رأسه فيجعل نصفين ويمشط بأمشاط الحديد ما دون لحمه وعظمه، فما يصده ذلك عن دينه، والله ليتمن هذا الأمر حتى يسير الراكب من صنعاء إلى حضرموت  لا يخاف إلا الله والذئب على غنمه ولكنكم تستعجلون[22] (كەسانى پێش ئێوە وابوون، كەسی وایان دەبرا چاڵێكی بۆ هەڵدەكەنرا و دەخرایە ناویەوە، ئینجا مشاریان دەهێنا و لە سەریەوە بۆ خوارەوە دەیانكرد بە دوو لەتەوە، تووڵە ئاسن دەكرا بە نێوان گۆشت و ئێسقانیدا، كەچی ئەوە نەدەبوویە هۆی وازهێنانى لە ئایینەكەى، سوێند بەخوا ئەم كارە(ئیسلام) دەگاتە ئەنجام تا ئەوەى سوار لە صەنعاوە بۆ حەزرەمەوت دەڕوات لە خوا نەبێت لە كەس ناترسێت، تەنها ترسیشی ئەوە دەبێت گورگ نەچێت بۆ مەڕومالآتەكەى، بەڵام ئێوە پەلەتانە).

كۆچكردنى خەبباب بۆ مەدینە:

كاتێك خەبباب كۆچی كرد بۆ مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان خەببابی كوڕی ئەرەت و جابری كوڕی عەتیكەوە.[23]

خەبباب دەڵێت: شەوێك بینیم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژێكی كرد هەرگیز نەمدیبوو ئەو نوێژەى كردبێت، ئینجا نوێژی بەیانى بۆ كردین، كە سەلامى دایەوە وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم، ئەمشەو نوێژێكت كرد كە پێشتر نەمدیبوو نوێژی وا بكەیت، ئەویش فەرمووى: (أجل إنها صلاة رغب ورهب سألت ربي فيها ثلاث خصال، فأعطاني اثنتين ومنعني واحدة، سألته أن لا يهلكنا بما أهلك به الأمم قبلها فأعطانيها، وسألته أن لا يظهر علينا عدوا من غيرنا فأعطانيها، وسألته أن لا يلبسنا شيعا فمنعنيها)،[24]

(بەڵێ، ئەوە نوێژی ترس و هیوا بوو، تیایدا داواى سێ شتم كرد لە خواى گەورە و ئەویش دوانى پێ بەخشیم و یەكێكیانى پێنەبەخشیم، داوام لێكرد بە سەزاى چەشنى گەلانى پێش خۆتان لەناوتان نەبات، ئەوەى پێ بەخشیم، داوام لێكرد دوژمنێك جیا لە خۆمان بەسەر زۆرینەتاندا زاڵ نەكات، ئەوەشی پێ بەخشیم، داواشم لێكرد پەرتبوونتان تووش نەبێت و نەكەونە وێزەى یەكتر، بەڵام ئەوەى پێ نەبەخشیم).

بەشدارى غەزاكان:

خەببابی كوڕی ئەرەت یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەدر و ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى تر.[25]

زەینەبی كچی خەبباب دەڵێت: لە غەزایەكدا لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) باوكم چوو بۆ غەزا، ئێمەش بزنێكمان هەبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەهات بۆ لامان و بزنەكەى بۆ دەدۆشین و شیرەكەى قاپەكەى پڕ دەكرد، دواتر كە باوكم هاتەوە بزنەكەى دەدۆشی شیرەكەى وەك جاران بوو (واتە قاپەكەى پڕ نەدەكرد).[26]

خەبباب دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

جارێك خەڵكی لە مزگەوت كۆبووبوونەوە تا خەبباب بێت و قسەیان بۆ بكات، كە خەبباب هات لە كونجێكەوە كەنارى گرت و بێدەنگ بوو، خەڵكەكە وتیان ئەو خەڵكە كۆبوونەتەوە تا فەرموودەیان بۆ بگێڕیتەوە یان فەرمان بە چاكەیان پێ بكەیت، ئەویش وتى فەرمانى چییان پێ بكەم، لەوانەیە بڵێم فلآنە شت بكەن و خۆشم نەمكردبێت.[27]

خەبباب لەگەڵ هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆشەویستى زۆری هەبوو، گوێی دەگرت لێیان، جارێك ئیبن مەسعوود هات بۆ لاى خەبباب، خەببابیش خاتەمێكی زێڕی دەكردە پەنجەى، ئیبن مەسعوود وتى ئیتر كاتى نەهاتووە ئەو خاتەمە فڕێ بدەیت؟ خەبباب وتى ئیتر جارێكی تر نایبینیت لە دەستما.[28]

مردنى خەبباب

خەبباب لە سەردەمى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا نەخۆش كەوت، نەخۆشیەك كە ئازارى زۆری دەدا، حەوت جار سكى داخ كرابوو، تا ئاستێك خەبباب دەیوت ئەگەر لەبەرئەوە نەبوایە گوێم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووە دەیفەرموو: كەستان داواى مەرگ مەكەن، بە دڵنیاییەوە نزاى مەرگم دەكرد، ئینجا داواى كرد كفنەكەى هێنرا، خەبباب دەستى كرد بە گریان و وتى حەمزەى مامى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كفنەكەى بەرگێك بوو كە راماندەكێشا تا سەی دابپۆشێت قاچەكانى دەردەكەوتن، كە قاچەكانیمان دادەپۆشی سەری دەردەكەوت (واتە پێی ناخۆش بوو كفنەكەى ئەو لەوەى حەمزە باشتر بوو)، سەردەمێ لە خزمەت پێغەمبەرى خوا  (صلى الله عليه وسلم) بووم دینار و درهەمێكیش چی بوو نەمبوو، ئێستاش لە ماڵەكەمدا چل هەزارم هەیە، ئەترسم خوا خۆشیەكانى بۆ خستبینە ژیانى دنیاوە.[29]

نەخۆشیەكەى خەبباب ماوەیەكى زۆرى خایاند و ماوەیەك لە جێگەدا كەوت.[30]

یەكێك لەوانەى لاى خەبباب بوو دڵخۆشی خەببابی دەدایەوەو دەیوت موژدەت لێ بێت سبەینێ دەچیتەوە لاى براكانت، خەببابش دەستى كرد بە گریان و وتى خۆ گریانى ئازارم نیە، بەڵام باسی كەسانێكتان بۆ كردم كە بە پاداشتى خۆیانەوە چوونەوە لاى خوا، بەڵام من دەترسم بەو دەستكەوتەى دواى ئەوان دەستمان كەوتووە پاداشتەكەمان وەرگرتبێتەوە.[31]

ئینجا خەبباب بە كوڕەكەى وت (كوڕی شیرینم كە مردم لە چۆڵەوانى كووفە ئەسپەردەم بكە با بڵێن هاوەڵێكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە چۆڵەوانى (دەرەوە)ى كووفە ئەسپەردە كراوە)، چونكە خەڵكی لە كووفە كە كەسێكیان دەمرد لە ناوشارەكە ئەسپەردەیان دەكرد.[32]

عەلى داى بە لاى چەند گۆڕێكدا، وتى ئەو گۆڕانە چین؟ وتیان ئەی ئەمیری باوەڕداران ئەوە گۆڕی خەببابی كوڕی ئەرەتە، دواى ئەوەى تۆ دەرچوویت بۆ صفین ئەو كۆچی دوایی كرد و وەسیەتى كرد لە دەرەوەى كووفە ئەسپەردە بكرێت تا خەڵكیش ئیتر لە دەرەوە مردووەكانیان ئەسپەردە بكەن، عەلی وتى رەحمەتى خوا لە خەبباب بە ویستى خۆی و بێ زۆركردن موسڵمان بوو، بە موجاهیدی ژیا، جەستەی تووشی ئازار و نەخۆشی بوو، خواى گەورە هەرگیز كەسی چاكەكار زایە ناكات، ئینجا لە گۆڕەكەى خەبباب نزیك بوویەوەو نزاى سەرگۆڕستانى كرد(السلام علیكم أهل الدیار...).[33]

سەبارەت بە مردنەكەى رایەك هاتووە كە لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەتتابدا مردووە، بەڵام ئەوە راست نیە، چونكە ئەو خەببابە كە عومەر نوێژی لەسەر كرد خەببابی مەولاى عوتبەی كوڕی غەزوانەو ئەویش هاوەڵێكی كۆچەری بوو، بەڵكو لە ساڵی سی و حەوت لە كووفە كۆچی دوایی كردو عەلى كوڕی ئەبوو طالیبیش نوێژی مردووى لەسەر كرد.[34]

بەڵام دەبێت نوێژ لەسەركردنەكەى عەلى كوڕی ئەبوو تالیب دواى ئەسپەردەكردنى بووبێت، چونكە كاتێك خەبباب مرد عەلى لە كووفە نەبوو و كە هاتەوە دواتر هەواڵی پێدرا ئەوە گۆڕی خەببابەو مردووە.

دەوترێت تەمەنى حەفتا و سێ ساڵ بووە،[35] رایەكى تریش دەڵێت كە مرد تەمەنى شەست و سێ ساڵ بوو.[36]

 

ئایا خەبباب لە جەنگى صفیندا بەشدار بووە؟

ئەگەرچی گێڕانەوەیەك هاتووە كە دەڵێت: خەبباب لە جەنگى صفیندا بەشدار بووە و دواى ئەوە وەفاتى كردووە،[37] بەڵام ئەمە لە رووى مێژووییەوە هەڵەیە، ئەمەش بە چەند بەڵگەیەك:

یەكەم: خەبباب لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیبدا نەخۆش كەوتبوو و نەخۆشیەكەشی ماوەیەكى زۆر لە جێگەدا خستی تا ئاستێك حەوت جار داخكردنى بۆ بەكارهێنرا، بۆیە كەسێك بەو هەموو نەخۆشیەوە ناتوانێت بەشدارى جەنگ بێت.

دووەم: لە زۆربەى سەرچاوەكاندا هاتووە كە عەلى كاتێك دەرچوو بۆ صفین لەو ماوەدا خەبباب كۆچی دوایی كردووە، هەروەها كاتێك عەلى لە صفینەوە هاتەوە گۆڕەكەی خەببابی لە دەرەوەى كووفە بینی، ئەمەش بەڵگەیە كە خەبباب بەشدارى جەنگى صفین نەبووە.



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 258.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 164.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج6، ص 15.

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 311.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص 35.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 672.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص 123.

[8] - معرفة الصحابة لابن مندة، ص 485.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 165.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 324.

[11] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 324.

[12] - أسد الغابة، ج2، ص 141.

[13] - أسد الغابة، ج2، ص 141.

[14] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 79-80.

[15] - البداية والنهاية، ج6، ص57، حلية الأولياء، 1، ص147.

[16] - صحيح البخاري، الرقم 2177، صحيح مسلم، الرقم 5109، صحيح ابن حبان، الرقم 5087، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20564، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 10877، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3564.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 165.

[18] - أسد الغابة، ج2، ص 141.

[19] - أسد الغابة، ج2، ص 141.

[20] - صحيح البخاري، الرقم 6559.

[21] - صحيح البخاري، الرقم 3661.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 6559، صحيح ابن حبان، الرقم 2949، سنن أبي داود، الرقم 2292، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5720، مسند احمد بن حنبل، الرقم 20569، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3551.

[23] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 166.

[24] - صحيح ابن حبان، الرقم 7343 و اللفظ له، سنن الترمذي، الرقم 2152 مع اختلاف قليل في اللفظ، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 1308، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20553، المعجم الكبير للطبرانى، الرقم 3537، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 1638، كما صححه شعيب الأرناؤوط.

[25] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 166.

[26] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 2841.

[27] - أسد الغابة، ج2، ص 143.

[28] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 564.

[29] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 166.

[30] - أسد الغابة، ج2، ص 143.

[31] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 166.

[32] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 167.

[33] - أسد الغابة، ج2، ص 143.

[34] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 323-324.

[35] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 323.

[36] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 311.

[37] - أسد الغابة، ج2، ص 143.

 1276
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.