دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (خەنساء) بووە

خەنسائى كچى خيذام (رضي الله عنها)

ناوى خەنسائى كچی خيذامە، خەنسا ْ سەرەتا ژنى ئونەیسی كوڕی قەتادە بوو، ئەوەبوو ئونەیس لە غەزاى ئوحوددا شەهید بوو، ئیتر خەنسا ْ بێوەژن كەوت.[1]

خەنساء دەڵێت: من بێوەژن بووم و لاى باوكم مابوومەوە باوكم بەبێ ویستى خۆم منى لە كەسێك مارە كرد، منیش چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش هاوسەرگیریەكەى هەڵوەشاندەوە،[2] دواتر خەنساء چوو بە ویستى خۆی شووی كرد بە ئەبوو لوبابە.[3]

خەنسائى كچی ریئاب(رضي الله عنها)

ناوى خەنسائی كچی ریئابی كوڕی نوعمانە، دایكی ناوى ئیدامى كچى حەرامە، خەنساْ پووری جابیری كوڕی عەبدوڵایە، واتە عەبدوڵاى باوكى جابیر برای بوو، ئەم ئافرەتە بەیعەتى دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خەنسا ْ لەگەڵ عامیرى كوڕی عەددیدا هاوسەرگیری كرد.[4]

خەنسا ْ كوڕێكى هەبوو بە ناوى طوفەیل كە یەكێكە لە هاوەڵە گەورەكان و لە بەشداربوانى عەقەبە و بەدر و ئوحود و خەندەق و لە خەندەقدا شەهید بوو.[5]

 

خەنسائى كچی عەمر (رضي الله عنها)

ناوى خەنسائى كچی عەمرە، شاعیرێكی ناودار بوو، لەگەڵ هۆزەكەیدا كە بەنى سولەیم بوو هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى لێدەكرد شیعر بهۆنێتەوەو سەرسام بوو بە شیعرەكانى خەنسا ْ و بە خواناس ناوى دەبرد و بە ئاماژەى دەستى ئاماژەی بۆ دەكرد و دەیفەرموو: ئادەى ئەى خوناس-شیعر بڵێ-.

كاتێك موعاویەى براى و دواتر صەخرى براى كوژران، ئیتر خەنسا ْ زۆر شیعری دەهۆنیەوە، بەتایبەت بەسەر صەخرى برایدا كە تەنها لە سەری باوكیەوە براى بوو، بەڵام صەخرى زیاتر خۆشدەویست چونكە زۆر نەرمونیان و بەخشندە و خوێن گەرم بوو.[6]

خەنسا ْ  دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى قادسیەدا بەشدار بوو، هەر چوار كوڕەكەى خۆی لەگەڵ بوو، خەنسا ْ ئامۆژگارى منداڵەكانى دەكرد بەشدارى جەنگەكە بن و هانى دەدان چاك بجەنگن و رانەكەن، بەوانى دەوت ئێوە بە ویستى خۆتان موسڵمان بوون و بە ویستى خۆتان كۆچتان كردووە، ئێوە كوڕانى یەك باوك و دایكن، كە بەیانى جەنگ دەستى پێكرد هەر چواریان مەردانە جەنگان تا یەك دواى یەك شەهید بوون.[7]

كاتێك هەواڵی كوژرانى منداڵەكانى گەیشتەوە بە خەنسا ْ، وتى سوپاس بۆ خواى گەورە كە رێزدارى كردم بە كوژرانى چوار منداڵەكەم، داوام لە خوایە لە پێگەى حەسانەوەى دوارۆژیدا لەگەڵ منداڵەكانم كۆم بكاتەوە.[8]

عومەرى كوڕی خەططاب تا مابوو مووچەو پشكی چوار منداڵەكەى خەنسائی دەدا بە خەنسا ْ.[9]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 611.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 4846، موطأ مالك، الرقم 1115، سنن أبي داود، الرقم 1810، سنن الدارمي، الرقم 2160، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5237، سنن الدارقطنى، الرقم 3104، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26195.

[3] - سنن الدارقطنى، الرقم 3104.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 612.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 573.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 614.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 615.

[8] - أسد الغابة، ج7، ص 101.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 616.

 1340
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.