دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (خەولە) بووە

خەولەى خزمەتكار (رضي الله عنها)

ناوى خەولەیەو خزمەتكارى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم).[1]

خەولە دەڵێت: جارێك تووتكەیەك هاتە ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و چووبوویە ژێر راخەرێكەوەو لەژێریدا تۆپیبوو، چەند رۆژێك تێپەڕ بوو و سروش دانەبەزى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەى خەولە لە ماڵی پێغەمبەرى خوادا چی روویداوە، جبرەیل نایەت بۆ لام، ئایا هیچ شتێك لە ماڵی پێغەمبەرى خوادا روویداوە؟)، منیش وتم لە هەموو رۆژێك باشترین و هیچ رووینەداوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەباكەى سەرشانى هەڵگرت و لە ماڵ چوویە دەرەوە، منیش وتم با دەستێك بێنم بە ماڵەكەدا، سەرقاڵی گسك دانی بووم كە گسكەكەم كرد بە ژێر راخەرەكەدا بینیم شتێكی قورسی لەژێرە، تەماشام كرد تووتكەیەكى تۆپیوە، منیش بردم و فڕێم دایە دەرەوە، كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە ماڵەوە سروشی بۆ دابەزى.[2]

خەولەى كچى ثامر (رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچى ثامرە، لە پشتیوانانە، خەولە دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(الدنيا حلوة خضرة و إن رجالا يتخوضون في مال الله بغير حق لهم النار يوم القيامة[3] (دنیا خۆش و سەوزە، خەڵكانێكیش هەن بە ناحەق هەڵسوكەوت دەكەن بە سامانى خواوە، لە رۆژی دواییدا دۆزەخیان بۆ هەیە).

 

خەولەى كچى حەكیم (رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچى حەكیمی كوڕی ئومەییەیە، هاوسەرى عوثمانى كوڕی مەظعوونە، كونیەكەى ئومموشەریكە، ئافرەتێكى زۆر خواناس و چاكەكار بوو،[4] دایكى خەولە ناوى چەعیفەى كچى عاصە.[5]

خەولە لە عوثمانى هاوسەری دوو كوڕی هەبوو بە ناوەكانى عەبدوڕەحمان و سائیب.[6]

خەولەى كچی حەكیم دەڵێت: كاتێك خەدیجەى كچى خوەیلید وەفاتى كرد، چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەتبینم بە مەرگى خەدیجە بۆشاییەك كەوتۆتە ژیانتەوە، ئەویش فەرمووى: (بەڵێ، ئەو دایكی منداڵەكان و خاتوونى ماڵەوە بوو).[7]

عائیشەى دایكی باوەڕداران دەڵێت: جارێك خوەیلەى كچی حەكیم هاتەژوورەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بینی شێوەیەكى شپرز و شێواوى هەیە، بە عائیشەی فەرموو ئەوە بۆ وایە؟ عائیشە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا ئەو ژنە مێردى نیە، چونكە مێردەكەى بە رۆژ رۆژوو دەگرێت و بە شەویش شەونوێژ دەكات، دەستى لە خۆی شتووەو خۆی وێران كردووە،[8] پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ناردى بە شوێن عوثمانى كوڕی مەظعوونداو ئەویش هات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەى عوثمان پشتت كردوەتە سوننەتم؟) عوثمان وتى نەبەخوا ئەی پێغەمبەرى خوا ( بەڵكو بە شوێن سوننەتى تۆدا هەنگاو دەنێم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (فإني أنام وأصلي وأصوم وأفطر، وأنكح النساء، فاتق الله يا عثمان، فإن لأهلك عليك حقا، وإن لضيفك عليك حقا، وإن لنفسك عليك حقا، فصم وأفطر وصل ونم)،[9] (دەى من دەخەوم و نوێژیش دەكەم، رۆژوو دەگرم و بەربانگیش دەكەمەوە، ژن بەهاوسەر دەگرم، دەى ئەی عوثمان لەخوا بترسە چونكە ژن و مناڵت مافیان هەیە بەسەرتەوەو میوانت مافی هەیە بەسەرتەوەو جەستەشت مافی هەیە بەسەرتەوە، دەى رۆژوو بگرەو رۆژووش بشكێنە، نوێژ بكەو بشخەوە).

 

خەولەى كچى خەولى (رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچی خەولى كوڕی عەبدوڵایە، لە پشتیوانانە، برایەكى هەبوو بە ناوى ئەوس، خەولە بەیعەتى دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[10]

خەولەى كچى عوقبە(رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچی عوقبەى كوڕی رافیعى ئەشهەلیە، خوشكی ئوممولحەكەم و ئومموسەعدە، بەیعەتى دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، هاوسەرەكەشی حارثى كوڕی صیممە بوو كە سەعدى لێ بوو و دواتر مێردەكەى مرد و دواى ئەوە شووى كرد بە عەبدوڵاى كوڕی قەتادە.[11]

خەولەى كچى قەیس(رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچی قەیسە، ئەم ئافرەتە هاوسەری هیشامى كوڕی عامیر بوو، خەولە موسڵمان بوو و بەیعەتى دا بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[12]

خەولەى كچى قەیسى ئەنصارى (رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچی قەیسى كوڕی قەهدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە بەنى نەججار، كونیەكەى ئەبووموحەممەدە، دەوترێت هاوسەری حەمزەى مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووە.

خەولە لە حەمزە ئەم مندالآنەى هەبوو (عومارەى كوڕی حەمزە،[13] ئومامەى كچى حەمزە،[14] یەعلاى كوڕی حەمزە).[15]

كاتێك حەمزە هاتە مەدینە خەولەى كچى قەیسی بەهاوسەر گرت، ئیتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەردانى ماڵی حەمزەى دەكرد، بەو هۆیەوە خەولە فەرموودەى لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) دەبیست، خەولە دەڵێت: رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ ماڵمان و منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بیستوومە فەرمووتە لە رۆژی دواییدا حەوزێكت هەیە نێوانى ئەوەو ئەوە فراوانە، ئەویش فەرمووى: (بەڵێ) خەولە دەڵێت: ئینجا قاپێكم بۆ هێنا خواردنێكی تێدا بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى خستە ناو قاپەكەوە دەستى سووتا و فەرمووى: (حەسسى).[16]

خەولە دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(إن الدنيا حلوة خضرة، فمن أخذها بحقها بورك له فيها، ورب متخوض في مال الله ومال رسوله له النار يوم القيامة[17] (دنیا شیرین و سەوزە، هەركەس بە دروستى لێی بنەوێت بەرەكەتدار دەكرێت بۆی، لەوانەیە هەبێت بە نارەوا بنەوێتە سامانى خوا و سامانى پێغەمبەرەكەى لە رۆژی دواییدا بۆی دەبێتە دۆزەخ).

جارێك دەشتەكیەك هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى قەرزدانەوەى لێكرد، زۆر لەسەری چوو و وتى ئەگەر ئێستا قەرزەكەم نەدەیتەوە ئازارت دەدەم، هاوەڵان پیایدا هەڵشاخان و وتیان دەزانیت لەگەڵ كێ قسە ئەكەیت؟ وتى من هێندە دەزانم داواى مافی خۆم دەكەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانى فەرموو دەبێت لەگەڵ خاوەن حەق بن، ئینجا ناردى بۆ لاى خەولەى كچی قەیس و فەرمووى: (ئەگەر بەرهەمت لایە بە قەرز بماندەرێ تا بەرهەمەكەى خۆمان بۆ دێت ئەوكات قەرزەكەت دەدەینەوە)، ئەویش وتى بە باوكمەوە بە قوربانت بم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،قەرزەكەى پێدا و كابراى دەشتەكى چوو.[18]

خەولە دواى شەهیدبوونى حەمزە شووی كرد بە حەنظهلەى كوڕی نوعمان و لەو مێردەشی كوڕێكی بوو بە ناوى موحەممەد.[19]

 

خەولەى كچى مونذير (رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچى مونذیرى كوڕی زەیدەو كونیەكەى ئومموبوردەیەو زیاتر بە كونیەكەى ناسراوە، ئەم ئافرەتە دایەنى ئیبراهیمی كوڕی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و شیرپێدانى ئەوی لەئەستۆ گرتبوو.[20]

پشتیوانان زۆر حەزیان دەكرد ئەركى شیرپێدانى ئیبراهیم بگرنە ئەستۆ تا سەرقاڵی ماریە نەهێڵن، چونكە دەیانزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر ماریەى خۆشدەوێت، بۆیە هەموان هەوڵیاندەدا ئەركى شیرپێدانى بگرنەئەستۆ.[21]

ئوم بەردەى كچی مونذيرى كوڕی زەیدى ئەنصارى كە ژنى بەرائى كوڕی ئەوس بوو، هات بۆ لاى پغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى لێكرد تا شیرپێدانى ئیبراهیمی پێ بسپێرێت، ئەم ئافرەتە ناوى خەولەى كچی مونذير بوو لە بەنى مازن بوو، داواى كرد رۆژانە شیر بدات بە ئیبراهیم و دواتر بیباتەوە بۆ لاى ماریەى دایكی، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بەشە دارخورمایەكى هەبوو داى بە ئوم بەردە.[22]

 

خەولەى كچى ئیاس(رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچی ئیاسی كوڕی جەعفەرى حەنەفیە، سەنەدێكى لاواز هاتووە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەولەى دیوەو پێكەنیوەو دواتر فەرموویەتى:  ئەى عەلى تۆ دواى من ئەم ئافرەتە بە هاوسەر دەگریت و منداڵێكت لێی دەبێت، دەى ناوى منى لێ بنێ و كونیەى منی لێ بنێ.[23]

خەولە هاوسەرى عەلى كوڕی ئەبوو تالیب و دایكی موحەممەدى كوڕی عەلیە، واتە باوەژنى حەسەن و حوسەینی كچەزاكانى پێغەمبەرە(صلى الله عليه وسلم).

 

خەولەى كچی عوبەید(رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچی عوبەیدە، لە پشتیوانانە لە بەنى نەججار، بەیعەتى دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خەولە لەگەڵ صامتى كوڕی زەید هاوسەرگیری كرد و كوڕێكی بوو بە ناوى موعاویە.[24]

 

خەولەى كچی قەعقاع(رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچی قەعقاعى كوڕی میعبەدە، تا سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیان ژیا.[25]

خەولەى كچی قەیس(ئومموصوبەییە) (رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچی قەیسەو بە ئومموصوبەییە ناسراوە، هەرچەندە ئیبن مەندە ئەم خەولەیە لەگەڵ ئامۆژنەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەولەى ژنى حەمزە بە یەكێك دادەنێت بەڵام هەریەك لە ئەبوو نوعەیم و ئیبن حەجەر بە هاوەڵێكی جیاى دادەنێن.[26]

خەولە دەڵێت: جار هەبوو كە دەستنوێژم دەگرت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە یەك تەشتدا دەستنوێژمان دەگرت و هەردووكمان دەستمان لەناویدا بوو.[27]

 

خەولەى كچی مالیك (رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچى مالیكى كوڕى بیشرە، لە پشتیوانانەو بەیعەتی دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خەولە هاوسەرى زیادى كوڕی زەید بوو.[28]

 

خەولەى كچی یەمان (رضي الله عنها)

ناوى خەولەى كچی یەمانە، خوشكی حوذەیفەى كوڕی یەمانە،[29]بەڵام یەمان نازناوى حیسلى باوكى بووە، رایەكیش دەڵێت پێی وتراوە یەمان چونكە كەسێكی كوشتووەو رایكردووە بۆ مەدینەو لەگەڵ بەنى عەبدولئەشهەل هاوپەیمانى بەستووە، ئیتر هۆزەكەى پێیان وتووە یەمان لەبەرئەوەى لەگەڵ پشتیوانان هاوپەیمانى كردووە لەكاتێكدا ئەوان یەمەنین،[30] حیسلى باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو و لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد، بەڵام بە دەستى یەكێك لە هاوەڵان كوژرا چونكە ئەو هاوەڵە نەیناسیەوەو وایزانى لە بێباوەڕانە، چونكە سوپاى موسڵمانان زۆریان دەموچاویان داپۆشیبوو، بۆیە دەبوو نیشانەیەكیان هەبوایە تا بناسرێنەوە، حوذەیفە كاتێك بینی هێرش برا بۆ باوكى هاوارى دەكرد باوكم باوكم، بەڵام دەنگى نەگەیشت و باوكى بە هەڵە كوژرا، دواتر حوذەیفە خوێن بایی باوكى وەرنەگرت و لە موسڵمانان خۆش بوو.[31]

برایەكی هەبوو بە ناوى صەفوان كە ئەویش لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد،[32]برایەكى تری ناوى عەبدولعەزیز بوو كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و فەرموودەی لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[33]

خوشكێكی هەبوو ناوى لەیلا بوو كە دایكی هاوەڵی گەورەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەلەمەى كوڕی ثابتى كوڕی وەقش بوو،[34]خوشكێكی تری ناوى فاطيمه بوو كە ئەمیش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[35]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 628.

[2] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20477، الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 3035، امطالب العالية لابن حجر، الرقم 3858، ضعفه الألباني في سلسلة الاحاديث الضعيفة(13/316).

[3] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 26693، صححه شعيب الأرناؤوط، كما أخرجة البخاري من (إن رجالا...)، الرقم 2967.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 621.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 401.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 393.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 603، قال الحافظ ابن حجر وسنده قوي مع إرساله.

[8] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 25733، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[9] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 25733،حسنة شعيب الأرناؤوط، سنن أبي داود، الرقم 1175، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 1369.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 623.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 624.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 624.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 8.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 158.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 444.

[16] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 26691، قال شعيب الارناؤوط رجاله ثقات رجال الصحيح.

[17] - صحيح ابن حبان، الرقم 4582، سنن الترمذي، الرقم 2353، مسند احمد بن حنبل، الرقم 26510، صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 2374.

[18] - سنن بن ماجة، الرقم 2423، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 2426.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 444.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 626.

[21] - أسد الغابة ج1ص63، الاستيعاب ج1 ص55.

[22] - الاستيعاب ج1 ص55،56.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 617.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 624.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 624.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 626.

[27] - سنن ابن ماجة، الرقم 379، سنن أبي داود، الرقم 71، سنن الدارقطني، الرقم 71، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26456، صححه شعيب الأرناؤوط، قال الألباني فصحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 382 حسن صحيح.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 393.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 627.

[30] - أسد الغابة، ج1، ص 572-573.

[31] - سير أعلام النبلاء، ج2،ص 362.

[32] - أسد الغابة، ج3، ص 33.

[33] - أسد الغابة، ج3، ص 523.

[34] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 441.

[35] - أسد الغابة، ج7، ص 252.

 1576
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.