دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (خوزەیمە) بووە

خوزەیمەى كچى جەهم (رضي الله عنها)

ناوى خوزەیمەى كچى جەهمى كوڕی قەیسی عەبدەریە، هاودەم بە باوك و دایكی لە كۆچى حەبەشەدا بەشدار بوو.[1]

خوزەیمەى كوڕى ثابت (رضي الله عنه)

ناوى خوزەیمەى كوڕى ثابتى كوڕی فاكیهە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان لە خەطميهكان، زۆر زوو موسڵمان بوو، دایكی ناوى كەبشەى كچی ئەوسی ساعیدیە.[2]

خوزەیمە ژنێكی هەبوو بە ناوى جەمیلەى كچى زەید كە لەم ژنەى دوو منداڵی هەبووبە ناوەكانى عەبدوڵا و عەبدوڕەحمان، ژنێكی تری هەبوو بە ناوى صەفییەى كچی عامیر كە لەم ژنەى كوڕێكی هەبوو بە ناوى عومارە.[3]

خوزەیمە كە موسڵمان بوو هەوڵیدەدا بێتوانایی بتەكان بە هۆزەكەى خۆی نیشان بدات، بۆیە دەچوو و بتەكانى ناو هۆزەكەى خۆی دەشكاند.[4]

خوزەیمە یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر،[5] بەڵام ذەهەبی دەڵێت: راستتر وایە بەشدارى جەنگى بەدر نەبووە، بەڵكو لە ئوحود و غەزاكانى دواتردا بەشدار بووە،[6] لە جەنگى ئوحوددا بەشدارى كرد، دواتریش لە غەزاكاندا بەشدار بوو، لە فەتحى مەككەشدا ئالآى هۆزەكەى خۆى بەدەستەوە بوو.[7]

خوزەیمە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێندە جێمتمانە و خۆشەویست بوو كە شایەتى ئەوى لەبرى شایەتى دوو پیاو وەردەگرت،[8] ئەمەش ببوو بە شانازیەك كە ئەوسیەكان لەناو خۆیان و لە كۆڕو كۆبوونەوەى موسڵماناندا شانازییان پێوە دەكرد كە كەسی وایان تێدایە.[9]

هۆكارەكەش ئەوەبوو، كە جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەسپێكی لە كابرایەكى دەشتەكى دەكڕی، كابرا ملەجیڕەی لەگەڵ دەكرد و دەیوت پێم نەفرۆشتویت، خوزەیمە شایەتى دا كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێی كڕیوە، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  تۆ چۆن شایەتیت دا لەكاتێكدا لەوێ ئامادە نەبوویت؟ ئەویش وتى: من بڕوام هێناوە بەوەى تۆ هێناوتەو دەشزانم ئەوەى حەق نەبێت نایڵێیت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  هەركەس خوزەیمە شایەتى بۆ بدات بەسیەتى.[10]

شەوێك خوزەیمە خەوى بینی لەسەر تەوێڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوجدەى برد، ئینجا خوزەیمە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خەوەكەى بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) راكشا و فەرمووى: (خەوەكەت بهێنەرەدى)، ئەوەبوو خوزەیمە لەسەر تەوێڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوجدەى برد.[11]

خوزەیمە دەڵێت: لە غەزاى موئتەدا بەشدار بووم، لەگەڵ كابرایەك جەنگى دەستەیەخەم كرد كە كلآوێكی لەسەر بوو كلآوەكە یاقووتێكی تێدابوو، ئەو یاقووتەم كردبووە ئامانج، ئەوەبوو دەستم كەوت، كە گەڕامەوە بۆ مەدینە چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش لێی نەسەندمەوەو رازى بوو بۆ خۆم بێت، منیش هێشتمەوە تا لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا فرۆشتم بە سەد دینار و باخێكم پێ كڕی.[12]

لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكردا كاتێك زەید راسپێردرا بۆ نوسینەوەى قورئان، بۆ ئایەتێك رامابوو تا شایەتێ هەبێت بۆ ئەوەى بینووسێتەوە، ئەویش ئایەتى (من المؤمنين رجال صدقوا...) بوو، بۆ ئەوەش تەنها خوزەیمەى دەستكەوت، بۆیە نووسیەوە، چونكە خوزەیمە ناسرابوو بەوەى لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) شایەتى بە دوو شایەتى وەرگیراوە.[13]

خوزەیمە تا سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیب ژیا، لە فیتنەى نێوان هاوەڵاندا بەشدارى نەكرد، بەڵكو شمشێرەكەى لە كالان نابوو، لە جەمەلدا هەرچەندە ئامادە بوو بەڵام شمشێری لە كالان دەرنەكرد،[14] بەڵام كاتێك لە جەنگى صفیندا بینی عەممارى كوڕی یاسر كوژرا، پێشتر دەیوت جەنگ ناكەم تا بزانم كێ عەممار دەكوژێت، هەركەس كوشتى ئەوكات دەجەنگم، چونكە بیستوومە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو: دەستەى باغى عەممار دەكوژن، كە عەممار كوژرا خوزەیمە وتى وا گومڕایی و نەپێكانم بۆ روون بوویەوە، شمشێری لە كالان دەركرد و جەنگا تا كوژرا،[15]  واتە خوزەیمە حوكمى عەلى پێ رەوا و دروست بوو و لەناو ریزی سوپاى ئەودا مایەوەو كوژرا.[16]

خوزەیمەى كوڕى عاصم (رضي الله عنه)

ناوى خوزەیمەى كوڕی عاصمى عەكلیە، وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خوزەیمەى كرد بە بەرپرسی كۆكردنەوەى زەكاتى هۆزەكەى و داواى كرد ستەمیان لێ نەكات.[17]

خوزەیمەى كوڕى ئەوس(رضي الله عنه)

ناوى خوزەیمەى كوڕی ئەوسى كوڕی یەزیدە،[18] بەڵام ئیبن سەعد بە ئەبوو خوزەیمە ناوى هێناوە،[19] ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە بەنى نەججار، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، دواتریش لە غەزاى ئوحود و خەندەق و سەرجەم غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد،[20] دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە جەنگى جسردا شەهید بوو،[21] بەڵام ئیبن سەعد دەڵێت: لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا مردووە.[22]

خوزەیمەى كوڕی خەزمە(رضي الله عنه)

ناوى خوزەیمەى كوڕی خەزمەى كوڕی عەددیە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، ئەم هاوەڵە بەشدار بووە لە غەزاى ئوحودو غەزاكانى تریشدا.[23]

 

خوزەیمەى كوڕی عەبدعەمر (رضي الله عنه)

ناوى خوزەیمەى كوڕی عەبدعەمرى عەصریە، وەك وەفد هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووە.



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 608.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 278.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 378.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 279.

[5] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 253.

[6] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 485.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 279.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 2672، مسند احمد بن حنبل، الرقم 21086 .

[9] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4073.

[10] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3638، مسند ابن أبي شيبة، الرقم 19، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 19084، المستدرك على الصحيحين، الرقم 2130.

[11] - صحيح ابن حبان، الرقم 7256، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[12] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11950، سير أعلام النبلاء، ج2، ص 486.

[13] - صحيح البخاري، الرقم 2672، مسند احمد بن حنبل، الرقم 21086 .

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 259.

[15] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5641.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 278.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 282.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 278.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 490.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 490.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 278.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 490.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 282.

 
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.