دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  بڕواى ئەهلى سوننەو جەماعە سەبارەت بە هاوەڵان

ئەهلى سوننە و جەماعە پێیان وایە هاوەڵان هەموویان خاوەنى عەدالەت بوون و كەسانى دڵسۆز بۆ ئایینى خوا و دڵسۆزانى دەورى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوون، پێیان وایە قسەوتن بە هاوەڵان لە تاوانە گەورەكانە و سنوورى هاوەڵان هێڵی سوورەو نابێت ببەزێنرێ، هەروەها پێیان باشە لە فیتنەى نێوان هاوەڵاندا دەمیان راگرن و هیچ نەڵێن چونكە بروایان وایە هاوەڵان دڵسۆز و خواناس بون و ئەوەش لەنێوانیاندا روویداوە ئەنجامى ئیجتیهادە جیاجیاكانیانە بۆ خزمەت بە ئیسلام و قۆستنەوەى بارەكەیە لە لایەن ناحەزانى ئیسلامەوە، هەروەها سەردەمى هاوەڵان بە چاكترین سەردەم دەزانن و هاوەڵان بە پێشەنگ دەزانن بۆ خۆیان، بۆ ئەمەش چەند نموونەیەكى وتەى زانایانى ئەهلى سوننەو جەماعە دەخەینەروو:

ئیمامى نەوەوى دەڵێت: (بزانە قسەوتن بە هاوەڵان حەرامەو لە هەرە ناشیرینترینی حەرامەكانە، ئیتر قسەوتن بێ بەو هاوەڵانەى لە رووداوەكانى فیتنەى نێوان هاوەڵاندا هەبون یان جگە لەوان بن، چونكە ئەوانە موجتەهید بوون لەو جەنگانەدا). [1]

شەیخولئیسلام ئیبن تەیمیەش دەڵێت:  (ئەركى سەرشانمانە هاوەڵانى پێغەمبەرى خوامان خۆش بوێن لەبەر ئەوەى خوا ستایشی كردون، چونكە بروایان بە خوا هەبووە و پێغەمبەرى خوایان بە راست زانیوە و سەریانخستووە، چونكە خوا بە جیهادى ئەوان لە رێی سەرخستنى ئایینی ئیسلامدا ئێمەى سوودمەند كردووە، ئەو ئایینەى كە خوا ئێمەى پێ منەتبار كرد، ئەو هاوەڵانە بە پاك و پوختى گەیاندیان بە ئێمە).[2]

ئیبن حەجەر دەڵێت:(ئەهلى سوننە یەكدەنگن لەسەر ئەوەى هەموو هاوەڵان عەدالەتیان هەیە و كەس لەوەدا راجیا نیە جگە لە بڕێكى زۆر كەمى بیدعەچییان). [3]

ئیبن عەبدولبەر دەڵێت:(یەكدەنگى ئەهلى حەق و راستى موسڵمانان كە ئەهلى سوننە و جەماعەیە ئەوەیە هاوەڵان هەموویان عەدالەتیان هەیە). [4]



[1] - النووي: المنهاج شرح صحيح مسلم بن الحجاج، ط2، دار إحياء التراث العربي(بيروت-1392هـ)، ج16، ص93.

[2] - ابن تيمية: الفرقان بين أولياء الرحمن و أولياء الشيطان، المكتبة الشاملة، ص205.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 10.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 19.

 2216
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.