دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  رەبیعەى كوڕی كەعب(رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی كەعبی كوڕی مالیكە، یەكێك بوو لە هاوەڵانى صوففە.[1]

رەبیعە دەڵێت: جار هەبوو لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شەو دەمامەوە، ئینجا ئاوى دەستنوێژم بۆ دەبرد و خزمەتم دەكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (چیت دەوێ داواى بكە)، منیش وتم داوام لێت ئەوەیە لە بەهەشتیشدا هاودەمت بم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بۆ داوایەكى تر ناكەیت)، منیش وتم هەر ئەو داوایەم هەیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (فأعني على نفسك بكثرة السجود[2] (دەى بۆ داواكەت بە زۆر سوجدە بردن هاوكاریم بكە).

لە گێڕانەوەیەكى تردا كەعب بە وردتر مەسەلەكە باس دەكات و دەڵێت: من خزمەتى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) دەكرد و بە رۆژ لە خزمەتیدا دەبوم تا نوێژی عیشاى دەكرد، دواى ئەوە لەبەر دەرگاى ماڵی دادەنیشتم تا دەچوویەوە ماڵەوە، دەموت خۆزگە جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێویستیەكى هەبوایە و بۆم بكردایە، بەردەوام دەمبیست پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(سبحان الله، سبحان الله، سبحان الله و بحمدە)، هێندە ئەوەى دەفەرموو تا منیش ماندوو دەبووم و دەگەڕامەوە، یان خەو زۆری دەهێنا بۆ چاوەكانم و رادەكشام، جارێك كە بینی من هێندە لە خزمەتیدام فەرمووى: (ئەری رەبیعە چیت دەوێت لێم داوابكە تا پێت ببەخشم)، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) با بیرێكى لێ بكەمەوە و دواتر وەڵامت دەدەمەوە چیم دەوێت، ئینجا لاى خۆمەوە بیرم لێكردەوە وتم ئەم دنیایە زوو كۆتایی دێت و دەبڕێتەوە و لەم دنیایەشدا هێندە هەیە بەشم بكات، بۆیە داواكاریەكەم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ رۆژی دوایی تایبەت دەكەم، چوومەوە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش فەرمووى  (ئەی رەبیعە چیت كرد؟) وتم بەڵێ ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) داوات لێدەكەم لاى پەروەردگارت شەفاعەتم بۆ بكەیت تا لە دۆزەخ بمپارێزێت، ئەویش فەرمووى (ئەی رەبیعە كێ فەرمانى پێكردیت ئەو داوایە بكەیت؟) وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە كەس فەرمانى ئەوەى پێ نەكردم، بەڵام كاتێك تۆ فەرمووت چیت دەوێت لێم داوا بكەو زانیم تۆ لاى خوا چ پایەیەكت هەیە و بیرم لە باری خۆم كردەوەو زانیم دنیا كاتیەو دەبڕێتەوەو لەم دنیایەدا بەشی پێویست رۆزیم پێ دراوە، وتم داواى رۆژی دوایی لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ماوەیەكى زۆر بێدەنگ بوو، دواتر فەرمووى: (إني فاعل فأعني على نفسك بكثرة السجود[3] (من ئەوە دەكەم، دەى تۆیش بە سوجدەى زۆر بردن یارمەتیم بدە بۆ داواكەت).

رەبیعە دەڵێت: جار جارە كە شەوان لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەمامەوەو ئاوى دەستنوێژم بۆ دەبرد، دەیفەرموو:(سبحان ربی و بحمدە سبحان ربی و بحمدە الهوي) پاشان دەیفەرموو:(سبحان رب العالمین سبحان رب العالمین الهوي).[4]

رەبیعە دەڵێت: من خزمەتى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) دەكرد، رۆژێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم ئەی رەبیعە ئەرێ ژن ناهێنیت؟ منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نا بەخوا نامەوێت ژن بهێنم، من هیچم نیە تا ژنی پێ بهێنم، حەزیش ناكەم كەس سەرقاڵم بكات تا دوورم بخاتەوە لە تۆ، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) وازى لێ هێنام، دواى ماوەیەكى تر فەرمووى:  ئەی رەبیعە ئەرێ ژن ناهێنیت؟ منیش وتم نا بەخوا نامەوێت ژن بهێنم، من هیچم نیە تا ژنی پێ بهێنم، حەزیش ناكەم كەس سەرقاڵم بكات تا دوورم بخاتەوە لە تۆ، هەمدى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وازى لێ هێنام، منیش دواتر كەوتمە بەخۆداچوونەوەو وتم بەخوا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆ لە خۆم زاناتریت چی بۆ دنیا و قیامەتم باشە، ئینجا لە دەروونى خۆمدا دەموت ئەگەر پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەم جارە پرسیارم لێ بكات دەڵێم بەڵێ، ئەوەبوو بۆ جاری سێیەم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەی رەبیعە ئایا ژن ناهێنیت؟ وتم با ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، چۆنت پێ خۆشە وا فەرمانم پێ بكە، ئەویش فەرمووى: (بڕۆ بۆ لاى فلآنە دەستەى پشتیوانان و پێیان بڵێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەلامتان لێ دەكات و فەرمانتان پێ دەكات فلآنە ئافرەت مارە بكەن لە رەبیعە)، منیش چووم و ئەوەم پێ وتن، ئەوانیش وتیان مەرحەبا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و نێردراوەكەشی، بەخوا دەبێت نێردراوەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە داواكەیەوە بگەڕێتەوە، رێزێكی زۆریان لێ گرتم و ئافرەتەكەشیان لێ مارە كردم و نەرمی و سۆزێكی زۆریان لەگەڵ نواندم، داواى هیچ بەڵگەیەكیشیان لێ نەكردم، منیش بە دڵتەنگیەوە گەڕامەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەوە چیتە؟ وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چووم بۆ لاى خەڵكانێكی زۆر بەڕێز و بەخشندەو ئافرەتەكەیان لێ مارە كردم و ڕێزیان لێ گرتم و نەرمییان لەگەڵ نواندم و داواى هیچ بەڵگەیەكیان لێ نەكردم، ئەى مارەیی لە كوێ بهێنم؟ پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە بورەیدەى فەرموو ئەى بورەیدە هێندێ زێڕی بۆ كۆبكەنەوە، پاشان وتم ئەی نانى شاییەكە لە كوێ بێنم؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەی بورەیدە مەڕێكیشی بۆ ئامادە بكەن، ئەوەبوو بەرانێكی قەڵەویان بۆ هێنام، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  بڕۆ بۆ لاى عائیشەو پێی بڵێ (سەیرێكی سەتڵ-ئەوەى خواردنى تێدا هەڵدەگیرا ـ بكەو بینێرە) منیش چووم بۆ لاى عائیشەو پێم وت، ئەویش پێی دام، نزیكەى سی مشتێك گەنمى تێدا بوو، عائیشە وتى بەخوا ئەوە هەموو خواردنى ناو ماڵمان بوو، منیش بردمە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى (ئەوانە بەرە بۆیان ـ بۆ ماڵ خەزوورانى ــ و بڵێ بەمە نانێ ئامادە بكەن)، منیش ئەوەو بەرانەكەم برد، ئەوانیش خواردنەكەیان وەرگرت و وتیان ئێوە بەرانەكە لاى خۆتان بێت، ئینجا خەڵكێ لە ئەسلەمیەكان هاتن و بەرانەكەیان سەربڕی و ئامادەیان كرد و لێیان نا، ئیتر نان  و گۆشت ئامادە بوو و منیش خوانەكەم دەست پێكرد و پێغەمبەرى خواشم (صلى الله عليه وسلم) بانگهێشت كرد،[5] پاشان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەویەكى پێدام و زەویەكیشی دا بە ئەبووبەكر، رۆژان هات و رۆژان چوو تا رۆژێك لەسەر بنە دارخورمایەك لەگەڵ ئەبووبەكر كێشە كەوتە نێوانمانەوە، من وتم هی منەو ئەویش وتى هی منە، ئیتر قسەو بۆڵەیەك كەوتە نێوانمانەوە تا ئەوەى ئەبووبەكر قسەیەكی ناخۆشی پێ وتم و خۆیشی خێرا لە قسەكەى پەشیمان بوو، ئەبووبەكر وتى ئەی رەبیعە ئەو قسەیەم پێ بڵێرەوە تا ببێتە تۆڵە، منیش وتم شتى وا ناكەم، ئەبووبەكر وتى بەخوا یان پێم دەڵێیتەوە یان لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآت لێ دەكەم، منیش وتم هەرگیز پێت ناڵێمەوە، ئەبووبەكر چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و منیش بە دوایدا چووم، خەڵكێ لە ئەسلەم هاتن و وتیان رەحمەتى خوا لە ئەبووبەكر لەسەر چی تۆی هێناوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەكاتێكدا ئەو وای پێ وتوویت؟ منیش وتم دەزانن ئەوە كێیە؟ ئەوە ئەبووبەكرى صدیقە، ئەوە دووەم كەسە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) – كە لە قورئاندا باس كراوە- ئەوە ریش سپی موسڵمانانە، وریا بن لا نەكاتەوەو وا بزانێت ئێوە هاتون بۆ پشتیوانى من، بەوە تووڕە دەبێت و دەچێتە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش بۆ پشتیوانى ئەبووبەكر تووڕە دەبێت و خواى گەورەش لەبەر تووڕەیی ئەو دوانە تووڕە دەبێت و رەبیعەش ماڵوێران دەبێت، ئەوانیش وتیان ئەی ئەڵێیت چی بكەین؟ وتم بگەڕێنەوە، ئینجا ئەبووبەكر چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەى بۆ باسكرد، منیش بە تەنیا چوومە خزمەتیان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەری بەرز كردەوە بەرووى مندا و فەرمووى: (ئەی رەبیعە تۆ و صدیق چ كێشەیەكتان هەیە؟) وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مەسەلەكە ئاوەها و ئاوا بوو، دواتر قسەیەكی پێ وتم كە خۆیشی پێی ناخۆش بوو و دەڵێت: دەبێت پێم بڵێیتەوە تا ببێتە تۆڵە، منیش رازى نەبوم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (بەڵێ پێی مەڵێرەوە، بەڵكو بڵێ خوا لێت خۆش بێت ئەی ئەبووبەكر)، منیش ئاوام وت، ئەبووبەكریش بە گریانەوە شوێنەكەى جێهێشت.[6]

رەبیعە بەردەوام لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، لە سەفەرو غەزاكانیدا، لە مانەوەی ناو مەدینەو چوونە دەرەوەكانیدا هاودەمى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەكرد،[7] تا ئەو كاتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، ئیتر رەبیعە مەدینەى جێهێشت و چوویە ناوچەی ئەسلەم و لەوێ مایەوە تا سەردەمى رووداوى الحرة،[8] لەو ماوەدا نامەبەریى مەدینەى لە ئەستۆدا بوو،[9] لە مانگى ذیلحیججەى ساڵی شەست و سێی كۆچیدا وەفاتى كرد.[10]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 474.

[2] - صحيح مسلم، الرقم 783 و اللفظ له، سنن أبي داود، الرقم 1138.

[3] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16260، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4439، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[4] - صحيح ابن حبان، الرقم 2636، مستخرج أبي عوانة، الرقم 1474، صححه شعيب الأرناؤوط.

[5] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2674، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16258، مسند الطيالسي، الرقم 1254.

[6] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16258، قال شعيب الأرناؤوط إسناده ضعيف جدا.

[7] - أسد الغابة، ج2، ص 258.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 474.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 474.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 313.

 1184
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.