دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (رەبیعە) بووە - بەشی دووەم -

رەبیعەى سەعدى (رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەیە و فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە فەرموویەتى  خوایە دین شكۆدار بكەیت بە ئەبوو جەهلى كوڕی هیشام یان بە عومەرى كوڕی خەططاب.[1]

رەبیعەى كوڕی حارثى كوڕی نەوفەل(رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی حارثى كوڕی نەوفەلە، دانیشتووى مەدینە بوو،[2] فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (هەركامتان ركوعى برد با بڵێت اللهم لك ركعت و بك امنت و لك اسلمت و أنت ربی خشع سمعی و بصری و لحمی و دمی).[3]

 

رەبیعەى كوڕی رواء  (رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی روائی عەنبەسیە، هاتوەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[4] كاتێك هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بینی نانى ئێوارە دەخوات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگى كرد تا نانى لەگەڵ بخوات، ئەویش هات و نانى خوارد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (ئایا شایەتى دەدەیت هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا و موحەممەدیش بەندەو نێردراوى خوایە؟)، رەبیعەش وتى أشهد أن لا الە الا الله و أن محمدا عبدە و رسولە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەمەت بە دڵی خۆت وت یان لە ترسەوە بوو؟ رەبیعە وتى بەخوا سەبارەت بەوەى بە حەزى خۆم بێت ئەوە لە دەست تۆدا نیە، سەبارەت بەوەش لە ترسەوە بێت ئەوە من لە وڵاتێكم كە سوپا و سوارەت هەرگیز ناگاتە ئەوێ، بەڵام من ترسێنرام بۆیە ترسام، پێم وترا بڕوا بهێنە بۆیە بڕوام هێنا، ئیتر ماوەیەك رەبیعە لە مەدینە مایەوەو دەهات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و سەردانى دەكرد، دواجار هات و ماڵئاوایی كرد لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، لە رێی گەڕانەوەشیدا كۆچی دوایی كرد.[5]

 

رەبیعەى كوڕی روفەیع(رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی روفەیعى سولەمیە، پێی دەوترا ئیبنودوغنە، دوغنەش ناوى دایكی بوو، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى حونەین.[6]

رەبیعەى كوڕی روقەیع(رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی روقەیعى تەمیمی عەنبەریە، وەك وەفد هاتووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[7]

كاتێ وەفدى تەمیم هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەقرەعیش لەگەڵ وەفدەكەدا بوو، كە گەیشتنە مەدینە ئەقرەع هاوارى دەكرد ئەى موحەممەد وەسف و سەنام جوانە و سەركۆنەو لەدژ خوێندنیشم زۆر خراپە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ذلكم الله سبحانه)، لە گێڕانەوەى تردا هاتووە كە هەموو وەفدەكە پێكەوە هاواریان دەكرد و ئەوەیان دەوت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هاتە دەرەوە بۆ لایان و فەرمووى (ذلكم الله فما تريدون). ئەوانیش وتیان ئێمە خەڵكێكین لە بەنو تەمیم بە شاعیرو وتاربێژمانەوە هاتوین تا لە بەرامبەرت شیعر بڵێین و فەخر بنوێنین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ما بالشعر بعثنا و لا بالفخار أمرنا ولكن هاتوا)، (ئێمە بە شیعر نەنێرداوین و فەرمانمان پێ نەكراوە فەخر بكەین بەڵام ئادەى)، ئەقرەعیش بە یەكێك لە گەنجەكانى وت: فلآنە كەس هەستە و باسی فەزڵی خۆت و هۆزەكەت بكە، ئەویش وتارێكى دا و وتى: سوپاس بۆ خوایەك كە ئێمەى كردۆتە چاكترین دروستكراوى و سامانى پێ بەخشیوین تا چیمان بوێت پێی بكەین، جا ئێمە چاكترین كەسانى سەرزەوین، لە هەموان زۆرترین و زیاترین چەكیشمان هەیە، هەركەس نكوڵی ئەو قسەمان دەكات با هەستێت و قسەیەكى باشتر لەوەى ئێمەو كارێكی باشتر لە كارى ئێمە نیشان بدات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە ثابیتى كوڕی قەیسی ئەنصارى فەرموو وتاربێژی فەرموو: هەستەو وەڵامى بدەرەوە، ئەویش هەستاو لە وەڵامیدا وتى: سوپاس بۆ خوا، سوپاسی دەكەم و پشتى پێ دەبەستم و بڕوام پێى هەیە و پشتم بەو بەستووەو شایەتى دەدەم هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خواى تاك وتەنهاى بێ هاوەڵ، شایەتى دەدەم موحەممەد بەندەو نێردراوى خوایە، كۆچەرانى ئامۆزاى خۆی بانگ كرد كە چاكترین و دیارترینی كەسان بوون و ئەوانیش چوون بەدەم داواكەیەوە، سوپاس بۆ خوا كە ئێمەشی كردە پشتیوان و وەزیرانى پێغەمبەرەكەى و مایەى شكۆمەندى بۆ ئایینەكەى، ئێمە لەگەڵ خەڵك دەجەنگین تا كاتێ شایەتى دەدەن هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا، هەركەس ئەوەى وت گیان و ماڵى لێمان حەرام دەبێت، هەركەسیش وانەكات لەگەڵی دەجەنگین و لەبەرخوا لامان سووك و بێ بایەخ دەبێت، ئەمە دەڵێم و داواى لێخۆشبوون لاى خوا دەكەم بۆ هەموو باوەڕداران چ پیاوان و چ ئافرەتانیان ... ئەقرەع هەستاو وتى ئەى خزمینە نازانم بۆ وایە، وتاربێژیان لە ئێمە بەهێزتر و شاعیریان لە ئێمە چاكترە، دواتر نزیك بوویەوە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و شایەتومانى هێنا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا يضرك ما كان قبل هذا)، (چى پێش ئەمە روویداوە زیانت پێ ناگەیەنێت). ئەم ئایەتەش لەسەر بەنى تەمیم دابەزى (إن الذين ينادونك من وراء الحجرات أكثرهم لا يعقلون[8] دواتر هەموویان موسڵمان بون و ماوەیەك لە مەدینە مانەوە تا فێری قورئان و ئایین ببن، دواتر كە ویستیان بگەڕێنەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جلو بەرگ و بەخششی پێ بەخشین.[9]

 

رەبیعەى كوڕی زورعە(رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی زورعەیە، لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد.[10]

 

رەبیعەى كوڕی سەكەن (رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی سەكەنەو كونیەكەى ئەبووروەیحەیە، ئەم هاوەڵە دەڵێت: كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، من تەنها مامەوە تا ئەو كاتەى كابرایەكى حەبەشی هات و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من  و ئەوی كرد بە براى یەكتر و فەرمووى: (تۆ براى ئەویت و ئەویش براى تۆیە).[11]

رەبیعە دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآیەكى دایە دەستم و ئالآكەش سپی بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەی ئەبووروەیحە بڕۆ بۆ ناو هۆزەكەت و لەناویاندا بانگەواز بكە هەركەس بچێتە ژێر ئالآى ئەبوو روەیحەوە ئەوە پارێزراوە)، منیش چووم و وامكرد.[12]

ئەم هاوەڵە دواتر چوو لە فەلەستین نیشتەجێ بوو.[13]

 

 

رەبیعەى كوڕی عامر (رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی عامرى ئەزدیە، دواتر چوو لە فەلەستین نیشتەجێ بوو و لەوێ مایەوە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[14]

رەبیعەى كوڕی عەبباد(رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی عەببادى دوئلیە، سەرەتا بێباوەڕ بوو و دواتر موسڵمان بوو.[15]

رەبیعە بەسەرهاتی رۆژانى نارەحەتى و سەختى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەككەدا دەگێڕێتەوەو دەڵێت: لە مەككە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگەوازى دەكرد، من گەنجێ بووم لەگەڵ باوكم بووم، بینیم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگەوازى دەكرد و كەسێكیش لە دوایەوە دەیوت ئەم كابرایە بانگتان دەكات تا واز لە ئایینى باوباپیرانتان بهێنن و واز لە لات و عوززا بهێنن، منیش وتم باوكە ئەو كابراى دواوە كێیە؟ وتى ئەوە ئەبوولەهەبی مامیەتى.[16]

رەبیعە دەڵێت: جارێك لە بازاڕى عوكاظ پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بینی و لە دوایەوە ئەبوولەهەبیش دەگەڕا و دەیوت ئەی خەڵكینە ئەم كابرایە لەخشتەبراوە جا ئێوەش لە خواوەندەكانى باوباپیرانتان لە خشتە نەبات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە دەست ئەبوولەهەب هەڵدەهات كەچی ئەو هەر بە دوایدا دەچوو، ئێمەش هێشتا مێرمنداڵێك بووین و بە دوایاندا دەچووین.[17]

رەبیعە دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیا و تەمەنێكی زۆری كرد تا لە سەردەمى وەلیددا كۆچی دوایی كرد.[18]

رەبیعەى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى رەبیعەى كوڕی عەمرى كوڕی عومەیرە، برایەكى هەیە بە ناوى حەبی، دەوترێت ئایەتى (وإن تبتم فلكم رؤوس أموالكم...) سەبارەت بەم هاوەڵەو یارانى دابەزیوە.[19]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 478.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 462.

[3] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2423.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 466.

[5] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4464.

[6] - أسد الغابة، ج2، ص 250.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 465.

[8] -  الحجرات: 4.

[9] -  أسد الغابة، ج1، ص164-166.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 466.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 467.

[12] - الكنى و الأسماء للدولابي، الرقم 187.

[13] - أسد الغابة، ج2، ص 253.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 468.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 469.

[16] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 877، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15714، ضعفه شعيب الأرناؤوط بهذا السند.

[17] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15707، صححه شعيب الأرناؤوط.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 469.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 470.

 1407
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.