دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  روكانەى كوڕی عەبدیەزید(رضي الله عنه)

ناوى روكانەى كوڕی عەبدیەزیدى كوڕی هاشمى قوڕەیشیە.[1]

كاتى خۆی ئەم هاوەڵە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆرانى گرت و دوو جار یان سێ جار پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) روكانەى دا بە زەویدا.[2]

كاتێك روكانە لە سەفەرێكەوە هاتەوە بیستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگەوازى پێغەمبەرایەتى كردووە، ئەویش بەوە نارازى بوو، ئەوەبوو لە نزیك شاخێكی مەككەدا گەیشت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، روكانە وتى برازا بیستوومە شتێكی وات باس كردووە، جا وەرە با زۆرانبازى بكەین، ئەگەر منت دا بە زەویدا، ئەوە دان بەوەدا دەنێم كە راستگۆیت، ئەوەبوو زۆرانبازییان كرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) روكانەى دا بە زەویدا.[3]

ئەم هاوەڵە لە كاتى فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو،[4] رایەكیش دەڵێت: بەڵكو راستەوخۆ دواى ئەو زۆرانبازیە موسڵمان بووە.[5]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكاندا بڕی پەنجا كۆڵ خورماى بڕیەوە بۆ روكانە.[6]

روكانە دواتر چوو بۆ مەدینە، لەوێ ژنەكەى تەلآق دا كە ناوى سوهەیمەی كچی عوەیمیر بوو.[7]

روكانە دەڵێت: لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) ژنەكەم بە یەكجارەكى تەلآق دا، چووم لەو بارەوە پرسیارم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد، فەرمووى:  مەبەستت بەوە چی بوو؟ وتم مەبەستم یەك تەلآق بوو، فەرمووى  توخوا؟ وتم بەخوا، فەرمووى دەى بەپێی نیازەكەتە،[8] ئەوەبوو روكانە دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا بۆ جارى دووەم ژنەكەى تەلآق دا، لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففانیشدا بۆ جارى سێیەم تەلآقی دا.[9]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 497.

[2] - أسد الغابة، ج2، ص 281.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 497.

[4] - أسد الغابة، ج2، ص 281.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 497.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 497.

[7] - أسد الغابة، ج2، ص 281.

[8] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2739.

[9] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2740، سنن أبي داود، الرقم 1899، ضعفه الالباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2206.

 1388
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.