دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زەیدى كوڕی ثابت (رضي الله عنه)

ناوى زەیدى كوڕی ثابتى كوڕی ضهححاكى كوڕی زەیدە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، سەبارەت بە كونیەكەى هەریەك لە ئەبووثابت و ئەبووسەعید هاتووە.[1]

باوكى زەید لە جەنگى بوعاثدا و پێش هاتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە كوژرا،[2] ئەوكات تەمەنى زەید شەش ساڵان بوو، [3] بەم پێیە جەنگەكە چوار ساڵ پێش كۆچكردنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە روویداوە.

هاوسەر و منداڵەكانى

ژنەكەى ناوى جەمیلەى كچى سەعد بوو كە لەم ژنەى منداڵێكی بوو بە ناوى عومارە،[4] هەر لەم ژنەى چوار كوڕی ترى هەبوو بە ناوەكانى سەعد و سولەیمان و یەحیا و ئیسماعیل،[5] هەریەك لە ئەسعەد و عوبادەو حەسنەو عومرەو ئیسحاقیشی لێ بووە،[6] دوو كچیشی لێی هەبوو بە ناوەكانى ئومموعوثمان و ئومموزەید.[7]

ژنێكی تری ناوى عومرەى كچی موعاذ بوو كە لەم ژنەى هەریەك لە ئیبراهیم و موحەممەد و عەبدورەحمان و ئومموحەسەنى بووە.[8]

زەید كوڕێكی تری هەبوو بە ناوى سولەيط كە دایكی ئوممووەلەد بوو، عەبدوڕەحمانى كوڕیشی دایكی ئوممووەلەد بوو، عەبدوڵا و زەیدى كوڕیشی هەردووكیان دایكیان ئوممووەلەد بوو،[9] ثابت و صەفییەو قەریبەو ئومموموحەممەد و عیمران و حارثيشى هەبوو لە ئوممووەلەدێك.[10]

زەید ژنێكی تری هەبوو بە ناوى ئومموجەمیل كە پاش مردنى عوثمانى كوڕی خەلدەى مێردى بەهاوسەری گرت.[11]

زەید برایكى هەبوو بە ناوى یەزید كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[12]

موسڵمانبوونى:

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە زەید موسڵمان بوو، ئەوكات هێشتا تەمەنى یانزە ساڵ بوو.[13]

زەید دەڵێت: كاتێك چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە تازە هاتبوویە مەدینە، وترا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەم مێرمنداڵەی بەنى نەججار زیاد لە سیانزە سوورەتى قورئانى لەبەرە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بەوە سەرسام بوو و فەرمووى: (ئەى زەید نووسینی جوولەكە فێر بە بۆم، چونكە سوێند بەخوا لە نووسینەكانمدا دڵنیا نیم لە جوولەكە)، منیش چووم تا فێر بم، پانزە شەوم تەواو نەكرد تا بە چاكى فێر بووم و نامەی ئەوانم دەخوێندەوەو كاتێك شتێكیان دەنووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من دەمخوێندەوەو ئەگەریش پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى بدایەتەوە من نامەكەم بۆ دەنووسی.[14]

ئەم فێربوونەش لە ساڵی چوارەمى كۆچیدا بوو.[15]

زەید یەكێك بوو لە هاوەڵە گەورەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و نووسەرەوەى سروش بوو و ماوەیەك موفتى مەدینە بوو و یەكێك بوو لە قورئان خوێنە گەورەكان.[16]

بەشدارى زەید لە غەزاكاندا

كاتێك غەزاى بەدر روویدا، زەید ویستى لەو غەزایەدا بەشدارى بكات، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى بە بچووك دانا، سەبارەت بە بەشداری كردنى لە غەزاى ئوحوددا راجیایی هەیە، بەڵام گومان لەوەدا نیە كە لە غەزاى خەندەق و غەزاكانى دواتریشدا بەشدار بووە.[17]

لە غەزاى ئوحوددا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بڕێك هاوەڵی گێڕایەوە لەبەر كەمى تەمەنیان، ئەوانیش بریتی بوون لە عەبدوڵاى كوڕی عومەر و ئوسامەى كوڕی زەید و زەیدی كوڕی ثابت و بەڕائی كوڕی عازب و ئوسەیدی كوڕی ظوهەیر و عرابەى كوڕی ئەوس.[18]

لە غەزاى خەندەقدا كە تەمەنى نزیكەى پانزە ساڵ دەبوو بەشدارى كرد، زەید لەگەڵ موسڵماناندا بارى خۆڵی لە كۆڵ دەنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەو هەرزەكارێكى زۆر چاكە)، چاوەكانى ماندوو بوون و كەمێك راكشاو خەوەنووچكە بردیەوە، عومارەى كوڕی حەزم هات و چەكەكەى ئەوی برد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (يا أبارقاد نمت حتى ذهب سلاحك)، (ئەى خەوخۆش هێندە خەوتیت تا چەكەكەیان بردیت)، ئینجا فەرمووى  كێ ئەزانێ چەكى ئەم هەرزەكارە لەكوێیە؟ عومارەى كوڕی حەزم وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من بردم، ئینجا بۆی گێڕایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هۆشیارى دا لەوەى هیچ باوەڕدارێك بترسێنرێت و وەك گاڵتەوگەپ شمەكى ببرێت.[19]

لە غەزاى تەبووكدا ئالآى  بەنى نەججار بەدەست عومارەى كوڕی حەزمەوە بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەیشت بە عومارەو ئالآكەى لەدەستى وەرگرت و دایە دەست زەیدی كوڕی ثابت.[20]

لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)

زەید هەندێ جار دەچوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و قورئانى بۆ دەخوێندەوە.[21]

زەید دەڵێت: من دراوسێی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووم، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سروشی بۆ دادەبەزى دەینارد بە شوێنمدا، منیش سروشەكەم بۆ دەنووسیەوە، جا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سروشتی وابوو ئەگەر باسی دنیامان بكردایە ئەویش لەگەڵماندا باسی دنیاى دەكرد، ئەگەریش باسی قیامەتمان بكردایە ئەویش لەگەڵماندا باسی قیامەتى دەكرد، كاتێك باسی خواردنمان بكردایە باسی خواردنى لەگەڵ دەكردین.[22]

زەید دەڵێت: جارێك لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەناو باخێكی بەنى نەججاردا بووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر ولآخەكەى بوو، بە ولآخەكەیەوە داى بەولادا و شەش یان پێنج یان چوار گۆڕ لەبەردەمیدا بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى  كێ خاوەنانى ئەم گۆڕانە دەناسێت؟ كابرایەك وتى من، فەرمووى ئەمانە كەی مردوون؟ وتی لە بێباوەڕیدا مردون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەم ئومەتە لە گۆڕەكانیاندا لە بەلآو ناڕەحەتیدان، ئەگەر لەبەرئەوە نەبوایە ناچار بن گۆڕ بۆ یەكدى هەڵبكەنن داوام لە خوا دەكرد لەو سزاى ناوگۆڕە گوێبیستتان بكات كە من دەیبیستم)، پاشان سەیرێكی ئێمەی كرد و فەرمووى:  (پەنا بگرن بە خوا لە سزاى دۆزەخ)، هەموان وتیان پەنا دەگرین بەخوا لە سزاى دۆزەخ، پاشان فەرمووى پەنا بگرن بەخوا لە سزاى ناوگۆڕ، هەموان وتیان پەنا دەگرین بە خوا لە سزاى ناوگۆڕ، پاشان فەرمووى:  پەنا بگرن بەخوا لە فیتنە، ئەوەى دیارەو ئەوەشی نادیارە، ئەوانیش هەموان وتیان پەنا دەگرین بەخوا لە فیتنە، ئەوەى دیارەو ئەوەشی نادیارە، پاشان فەرمووى پەنا بگرن بەخوا لە فیتنەى دەججال، هەموان وتیان پەنا دەگرین بەخوا لە فیتنەى دەججال.[23]

زەید لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا

كاتێك پشتیوانان بۆ قسەكردن لەسەر مەسەلەى خیلافەت لە كەپری بەنی ساعیدە كۆبوونەوە و داوایان دەكرد خەلیفە لەوان بێت، زەید هەستاو وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كۆچەران بوو و ئێمەش پشتیوانى بووین، دەى دەبێت پێشەواش لە كۆچەران بێت و ئێمەش پشتیوانى بین.[24]

لە رۆژی دووەمى بەیعەتدا زەید چوو و دەستى ئەبووبەكری گرت و وتى ئەمە هاوەڵتانە دەى بەیعەتى پێبدەن، ئەوانیش چوون بەیعەتیان پێدا.[25]

زەید لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا نووسەری ئەبووبەكر بوو، موعەیقیبی دەوسیش هاوكارى بوو.[26]

هاودەم بەوە بەشدارى جیهادى دەكرد، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیاید تیرێكی بەركەوت بەڵام زیانێكی واى پێنەگەیاند.[27]

لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا زەید راسپێردرا تا قورئان كۆبكاتەوە، زەید دەڵێت ئەبووبەكر پێی وتم تۆ كەسێكی گەنج و عاقڵیت و تۆمەتبارت ناكەین، تۆ لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) سروشت بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنووسیەوە، دەى بنەوە قورئان و كۆی بكەرەوە، منیش وتم چۆن شتێك ئەكەن كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەیكردووە، ئەویش وتى بەوا ئەمە خێرە، ئیتر ئەبووبەكر هێندەى پێ وتمەوە تا ئەوەى خواى گەورە دەروونى فراوان كردم بۆ ئەو نیازەى كە دەروونى ئەبووبەكرو عومەرى بۆ فراوان كردبوو، كەوتمە كۆكردنەوەى قورئان.[28]

زەید دەڵێت: دواى جەنگى یەمامە-كە ژمارەیەك لە هاوەڵان تیایدا شەهید بوون- ئەبووبەكر منى بانگ كرد، عومەریش لەلاى بوو، ئەبووبەكر وتى (عومەر هاتووە بۆ لام و دەڵێت: لە یەمامە خەڵكێكی زۆر كوژراوەو دەترسم بەم كوشتارە بەردەوامە ئەوانەى قورئانیان لەبەرە لەناوبچن و بەشێك لە قورئان نەمێنێت، بۆیە پێم باشە كۆی بكەنەوە، منیش پێم وتووە چۆن شتێك بكەم كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەیكردووە؟ عومەر دەڵێت: بەخوا ئەوە خێرە، هێندە عومەر هات بۆ لام و لێی دووبارە كردمەوە تا ئەوەى خواى گەورە دەروونى والآكردم بۆ راكەى عومەرو منیش هەمان راى ئەوم هەیە)، عومەریش لەولاوە دانیشتبوو و هیچی نەدەوت، ئەبووبەكر درێژەى دا بە قسەكانى و وتى (تۆ پیاوێكی گەنج و عاقڵیت و لێت دڵنیاین و نووسەرەوەى سروشیش بوویت، دەى لێبنەوەو قورئان كۆبكەرەوە)، سوێند بەخوا ئەگەر ئەبووبەكر رایسپاردمایە كێوێك لەملاوە بۆ ئەولا بگوازمەوە هێندەى ئەو داواكاریەى لام سەخت نەبوو، منیش وتم چۆن ئێوە ئەو شتە دەكەن لە كاتێكدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەیكردووە، ئەبووبەكر وتى بەخوا ئەوە خێرە، ئیتر هێندە لێیان دووپات كردمەوە تا خوا دەروونى فراوان كردم بۆ راكەیان و كەوتمە كۆكردنەوەى قورئان، هەندێكی لەسەر پارچە پێستە نووسرابوویەوە، هەندێكی لەسەر ئێسقان و هەندێكی لەسەر گەلآى دار نووسرابوویەوە، هەندێكیشی لە سنگى پیاواندا بوو.[29]

ئەنەس دەڵێت: لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) چوار كەس قورئانیان كۆدەكردەوە كە هەموویان لە پشتیوانان بوون: باوكم و موعاذ و زەید و ئەبووزەید.[30]

زەید لەپاش نووسینەوەى هەموو قورئان بۆ ئایەتێك رامابوو تا شایەتى هەبێت تا بینووسێتەوە، ئەویش ئایەتى (من المؤمنين رجال صدقوا...) بوو، بۆ ئەوەش تەنها خوزەیمەى دەستكەوت، بۆیە نووسیەوە چونكە خوزەیمە ناسرابوو بەوەى لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) شایەتى بە دوو شایەت وەرگیراوە.[31]

 

زەید لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا

لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابیشدا زەید نووسەری خەلیفە بوو، هاودەم بەو موعەیقیبیش هاوكارى دەكرد.[32]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب بڕۆیشتایە بۆ حەج، زەیدى لە شوێنی خۆی دادەنا تا بەرپرسیارێتی مەدینەى لە ئەستۆ بێت تا دێتەوە،[33] هەروەها بۆ هەر كارێكی تر لە مەدینە بچوایەتە دەرەوە زەیدی دەكردە بەرپرسی مەدینە.[34]

خاریجەى كوڕی زەید دەڵێت: زۆربەى جارەكان كە عومەر دەگەڕایەوە بۆ مەدینە بەشێك لە باخە دارخورماى دەبەخشی بە زەیدى باوكم.[35]

عومەرى كوڕی خەططاب زەیدی لە مەدینە هێشتبوویەوە تا فەتوا بدات بۆ خەڵك، بەتایبەت هەر مەسەلەیەك تایبەت بوایە بە فەرزەكان و قورئان خوێندنەوەو دادوەرى و فەتوادان، چ عومەر و چ عوثمانیش نەیاندەهێشت كەس پێش زەید بكەوێت.[36]

عومەرى كوڕی خەططاب بەرپرسیارێتی دادوەرى مەدینەى دابوویە دەست زەید و بۆ ئەوەش مووچەیەكى بۆ بڕیبوویەوە.[37]

شەعبی دەڵێ جارێك ئوبەى لەگەڵ عومەرى كوڕی خەططابدا كێشەیەكى هەبوو، ئەوكات عومەر خەلیفە بوو، ئوبەى وتى عومەر جا تۆ خۆت دەسەلآتداریت، عومەر وتى دەی با كەسێك ببێتە دادوەرى نێوانمان، ئوبەى وتى با زەید بێت، چوون بۆ لاى زەید و ئەویش دادوەری لەنێوانیاندا كرد، زەید وتى ئەی ئوبەی بەڵگەت چیە؟ ئەویش وتى هیچ بەڵگەیەكم پێ نیە، زەید وتى دەى دەرفەت بدە با ئەمیری باوەڕداران سوێند نەدەم، عومەر وتى ئەگەر بە پێویستی دەزانیت رێ مەدە ئەمیری باوەڕداران ئەو سوێندە نەخوات.[38]

عومەرى كوڕی خەططاب هێندە ڕێزی لە زەید دەنا كە كاتێك لە شام بوو و زەیدی وەك بەرپرسی مەدینە جێهێشتبوو، نامەیەكى بۆ زەید نووسی، سەرەتا بەم شێوەیە دەستى پێكرد(بۆ زەیدی كوڕی ثابت لە عومەرەوە).[39]

زەید لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا

كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان بڕۆیشتایە بۆ حەجى ماڵى خوا، زەیدی بە بەرپرسی مەدینە دادەنا تا دەگەڕێتەوە.[40]

هەروەها عوثمانى كوڕی عەففان زەیدی لەسەر بەیتولمال دانابوو، رۆژێك عوثمان هاتەژوورەوەو گوێی لێبوو خزمەتكارێكی زەید گۆرانى دەڵێت:، عوثمان وتى ئەوە كێیە؟ زەید وتى ئەوە وهەیبی خزمەتكارمە، عوثمانیش مووچەیەكى بۆ خزمەتكارەكەى بڕیەوە.[41]

عوثمانى كوڕی عەففان ویستی خوێندنەوەى قورئان فرەچەشنە نەبێت و كێشە دروست بكات، بۆیە زەید و چەند كەسێكی تری راسپارد تا بەیەك شێوە قورئان بنووسنەوەو جۆرە نووسینەكانى تر كە لەناو خەڵكدا بلآو بوون لاببرێن،[42] ئیتر چەند نوسخەیەكى لێ نووسیەوەو نێردران بۆ ناوچە جیاجیاكانى جیهانى ئیسلامى.[43]

عوثمان هەریەك لە زەید و ئیبن زوبەیر و سەعیدی كوڕی عاصی بانگ كرد بۆ یەكنووسی قورئان، ئینجا بە ئیبن زوبەیر و سەعیدی وت ئەگەر لەگەڵ زەید لە جۆری نووسینەوەى هەر ئایەتێكدا راجیابوون ئەوە بە شیوەزمانى قورەیشی بینووسن چونكە قورئان بەشێوەزمانى ئەوان دابەزیوە.[44]

كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان لە ماڵەكەی خۆیدا گەمارۆ درابوو، زەید چوو بۆ لاى، بەڵام عوثمان داواى لێكرد بگەڕێتەوە، ئەویش گەڕایەوەو هەوڵیدەدا ئەو كەسانە پاشگەز بكاتەوە كە گەمارۆی خەلیفەیان دابوو.[45]

زەید لە سەردەمى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا

زەید لە سەردەمى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا بەشدارى هیچ جەنگێكی نەكرد، هەرچەندە ئەو عەلى زۆر خۆشدەویست و بە گەورە تەماشای دەكرد و ئەوەشی لاى خەڵك باس دەكرد، واتە گەورەیی و فەزڵی عەلى كوڕی ئەبووطالیبی لاى خەڵك باس دەكرد.[46]

زەید لە دەیەی شەشەمی كۆچیدا وەفاتى كرد.

جارێك مەڕوانى كوڕی حەكەم ویستى ئەو هەمووە زانیاریەى لاى زەید هەیە كۆبكرێتەوەو نەفەوتێت، بۆیە لەپشت پەردەیەكەوە بڕێك كەسی داناو دواتر زەیدی بانگ كرد، ئینجا كەوتە پرسیاركردن لە زەید و ئەویش وەڵامى دەدایەوەو ئەوانەى پشت پەردەكەش وتەكانى زەیدیان دەنووسیەوە، زەید دواتر هەستی بەوەكرد، وتى ئەی مەڕوان ناپاكى دەكەیت؟ من راى خۆم دەڵێم.[47]

لە سەردەمى مەڕوانى كوڕى حەكەمدا زەید بەرپرسی كۆكردنەوەى زەكات بوو.[48]

جارێك زەید ویستى بچێت بۆ نوێژی هەینی، دواكەوتبوو، لە رێدا بینی خەڵك دەگەڕێنەوە، خۆی كرد بە ماڵێكدا، پێی وترا بۆچی واتكرد؟ وتى هەركەس شەرم لە خەڵك نەكات شەرم لە خواش ناكات.[49]

ثابتى كوڕی عوبەید دەڵێت: جارێك چووم بۆ لاى زەید، نەخۆش بوو و لەماڵەوە كەوتبوو، دوو كوڕیشی لەلای بوون، بانگ درا و كاتى نوێژ بوو، زەید بەوانى وت بڕۆن بۆ نوێژەكەتان چونكە نوێژی پیاو بە جەماعەت بیست و پێنج هێندەى نوێژەكەى بە تەنها پاداشتی هەیە.[50]

كۆچی دوایی زەید

سەبارەت بە ساڵی وەفاتى زەید چەند رایەك هاتووە، هەریەك لە ساڵی چل و پێنج و چل و شەش و پەنجاو یەك و پەنجا و پێنج و پەنجاو شەش هاتووە.[51]

كاتێك زەید كۆچی دوایی كرد مەڕوانى كوڕی حەكەم نوێژی لەسەر كرد و هەرچی ئافرەتى شار بوون ئەوانیش هاتنەدەرەوە، خاریجەى كوڕی ئافرەتانى هۆشیار دەكردەوە تا لەسەر زەید نەگرین، كەچی ئافرەتان دەیانوت قسەكانت ناچنە گوێمان و تا سێ رۆژی ماتەمینی بۆ دەگرین.[52]

مەڕوان فەرمانى كرد وشترێك سەربڕا بۆ دروستكردنى خوان و خەڵكی نانیان خوارد.[53]

كاتێك زەید كۆچی دوایی كرد، سالم وتى ئەمڕۆ زاناى خەڵكی مرد، ئیبن عومەر لەوێ بوو وتى رەحمەتى خواى لێ بێت، ئەو لە سەردەمى عومەردا زاناى خەڵكی بوو، عومەر زانایانى بە ناوچەكاندا بلآو دەكردەوەو رێگری دەكرد لێیان لەخۆوە فەتوا بدەن، زەیدیشی لە مەدینە هێشتەوە تا فەتوا بدات بۆ خەڵكی مەدینە.[54]

ئیبن عەبباس لە كاتى ئەسپەردەكردنى زەیددا وتى ئاوایە مەرگى زانایان، ئەمڕۆ زانستێكی زۆر ژێر گڵ نرا.[55]

ئەبووهوڕەیرە وتى ئەمڕۆ مەرەكەبی ئەم ئوممەتە(زاناى ئوممەت) مرد بەڵكو خواى گەورە ئیبن عەبباس بكاتە جێگرەوەى.[56]

جارێك ئیبن عەبباس رەشۆی ولآخەكەى زەیدی گرت ، زەید وتى كەنار بگرە ئەی ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش وتى ئێمە بەرامبەر زاناو گەورەكانمان وادەكەین.[57]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 592.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 427.

[3] - أسد الغابة، ج2، ص 332.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 262.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 263 – 264.

[6] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 428.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 359.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 428.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 265.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 428.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 410.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 453.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 428.

[14] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 21065، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[15] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 91.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 427.

[17] - أسد الغابة، ج2، ص 332.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 15.

[19] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5770.

[20] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5770.

[21] - صحيح البخاري، الرقم 1037.

[22] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12463، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4646، الشمائل المحمدية للترمذي، الرقم 335.

[23] - صحيح مسلم، الرقم 5220، الإيمان لابن منده، الرقم 1091.

[24] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 433، قال الذهبي إسناده صحيح.

[25] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 249.

[26] - أسد الغابة، ج2، ص 333.

[27] - أسد الغابة، ج2، ص 333.

[28] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 431.

[29] - صحيح البخاري، الرقم 4410، صحيح ابن حبان، الرقم 4571، سنن الترمذي، الرقم 3111.

[30] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 431.

[31] - صحيح البخاري، الرقم 2672، مسند احمد بن حنبل، الرقم 21086 .

[32] - أسد الغابة، ج2، ص 333.

[33] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 427.

[34] - سير أعلام البلاء، ج2، ص 434.

[35] - سير أعلام النبلاء، ج 2، ص 434.

[36] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 434.

[37] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 435.

[38] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 435.

[39] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 434.

[40] - أسد الغابة، ج2، ص 333.

[41] - أسد الغابة، ج2، ص 332.

[42] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 441.

[43] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 347.

[44] - صحيح البخاري، الرقم 3335.

[45] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 435.

[46] - أسد الغابة، ج2، ص 332.

[47] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 438.

[48] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 321.

[49] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 439.

[50] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 425.

[51] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 441.

[52] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 440.

[53] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 440.

[54] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 434.

[55] - سير أعلام النبلاء، 2، ص 440.

[56] - أسد الغابة، ج2، ص 333.

[57] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 437.

 2299
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.