دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زەیدی كوڕی سەعنە(رضي الله عنه)

ناوى زەیدی كوڕی سەعنەى ئیسرائیلیە، سەرەتا جوولەكە بوو و دواتر موسڵمان بوو.[1]

زەید دەڵێت: كاتێك سەیری موحەممەدم كرد، چی ئاماژەو نیشانەى پێغەمبەرایەتى هەبوو لە دەموچاوى موحەممەددا بەدیم كرد، تەنها دوو نیشانە نەبێت، ئەوانیش بریتی بوون لەوەى كە دەبوو لەسەرخۆیی و داناییەكەى پێش نەزانی بكەوێت و نەفامى نواندن بەرامبەرى دانایی و نەرمونیانى ئەو زیاتر بكات، منیش نەرمیم لەگەڵ دەنواند و خۆم لێ نزیك دەكردەوە بۆ ئەوەى تێ:ەڵی بكەم و بزانم ئەو نیشانەى تێدایە، ئەوەبوو جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ژوورەكەى دەرچوو و عەلى كوڕی ئەبووطالیبیشی لەگەڵدا بوو، كابرایەكى دەشتەكى هات بۆ لاى و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خەڵكی فلآنە گوند موسڵمان بوون و منیش وتوومە ئەگەر موسڵمان بن بەردەوام رۆزییان بۆ دێت، كەچی لەو كاتەوەى موسڵمان بوون قات و قڕی و نەبوونى رووی تێكردون و باران نابارێت بۆیان، منیش ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەترسم بەو بۆنەیەوە واز لە ئیسلام بهێنن، بەڵكو كەسێك بنێریت فریایان بكەوێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) تەماشای كابرایەكى كرد كە لەوێدا بوو وابزانم عومەر بوو، عومەر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هیچ شتێكى لێ نەماوە، منیش لێی نزیك بوومەوەو وتم ئەی موحەممەد پێت چۆنە بڕێ خورماى باخى فلآنە كەسم لێ بكڕیت تا فلآنە رۆژ ئینجا بەهاكەی وەرگرم لێت؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  (نا ئەی كابراى جوولەكە، من بڕێ خورماى دیاریكراوت لێ دەكڕم تا فلآنە كات و ناوى باخى فلآنە كەس نابەم)، منیش وتم باشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خورماكەى لێ كڕیم و ناردى بۆ ئەو خەڵكەو فەرمووى (خێرا بڕۆ بۆ لایان و بەوە فریایان بكەوە)، هێشتا چەند رۆژێك مابوو بۆ ماوەكە، دوو یان سێ رۆژ مابوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ ئەسپەردەكردنى تەرمی كابرایەكى پشتیوانى هاودەم بە ئەبووبەكرو عومەر و عوثمان ودەستەیەكى تر لە هاوەڵانى دەرچوو، دواى ئەوەى نوێژی لەسەر تەرمەكە كرد، لە دیوارێك نزیك بوویەوەو پاڵی پێوەدایەوە، منیش جلەكانم كۆكردەوەو بە دەموچاوێكی گرژەوە تەماشام دەكرد، دواتر وتم ئەی موحەممەد ئەرێ مافەكەى خۆمم نادەیتەوە؟ من پێشتر تێكەڵی بنەماڵەى ئێوەم كردووەو نەمدیوە ئاوا دەستخەڕۆی كەس بكەن، ئینجا تەماشای عومەرى كوڕى خەتتابم كرد بینیم چاوەكانى پڕ بون لە فرمێسك و فرمێسك بەسەر كوڵمیەوەیەتى، بە خیسەیەكەوە تەماشاى كردم و وتى ئەی دوژمنى خوا چۆن قسەی وا بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەڵێیت؟ سوێند بەوەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بە حەق ناردووە ئەگەر لەبەر ئەو نەبوایە بەم شمشێرەم دەمدا لە گەردنت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە هێوری تەماشایەكى عومەرى كرد و فەرمووى:  (إنا كنا أحوج إلى غير هذا منك يا عمر، أن تأمرني بحسن الأداء، وتأمره بحسن التباعة، اذهب به يا عمر فاقضه حقه، وزده عشرين صاعا من غيره مكان ما رعته)، (ئەی عومەر ئێمە پێویستمان بە هەڵوێستى تری تۆ هەیە، دەبێت فەرمانم پێبكەیت چاك قەرزەكەم بدەمەوەو فەرمان بەویش بكەیت بە جوانى داواى قەرزەكەى بكاتەوە، ئەی عومەر بیبە و مافەكەى بدەرەوە و بیست صاعیش زیاد لەوەى بدەرێ لەبەرامبەر ئەوەى وا ترساندت)، ئینجا عومەر منى برد و قەرزەكەى دامەوەو بیست صاعیش زیادەى پێدام، منیش وتم ئەو زیادەیە چیە؟ وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردم تا بەرامبەر بەوەى تۆم ترساند ئەم زیادەت بدەمێ، منیش وتم ئەی عومەر من دەناسیت؟ وتى نا، تۆ كێیت؟ وتم من زەیدی كوڕی سەعنەم، وتى زانا جوولەكەكە؟ وتم بەڵێ، وتى ئە بۆچی وات وت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وا لەگەڵیدا هەڵوێستت نواند؟ وتم ئەی عومەر من چی ئاماژەو نیشانەى پێغەمبەرایەتى هەبوو لە دەموچاوى موحەممەددا بەدیم كرد، تەنها دوو نیشانە مابوو، ئەوانیش بریتی بوون لەوەى كە دەبوو لەسەرخۆیی و داناییەكەى پێش نەزانی بكەوێت و نەفامى نواندن بەرامبەرى دانایی و نەرمونیانى ئەو زیاتر بكات، بۆیە بۆ ئەو دوانە هەوڵمدا تا بزانم ئەوانەشی هەیە؟ دەى عومەر تۆ بەشایەت دەگرم وا من رازیم خوا پەروەردگارمەو ئیسلام ئایینمەو موحەممەدیش پێغەمبەرى خوایە، بەشایەتت دەگرم نیوەى سامانەكەم دەكەم بە خێر بۆ ئوممەتى موحەممەد(صلى الله عليه وسلم)، عومەر وتى بڵێ بۆ بەشێك لەو ئوممەتە چونكە فریاى هەموو ئەو ئوممەتە ناكەویت، منیش وتم بەشێك لەم ئوممەتە، ئینجا عومەر و زەید پێكەوە گەڕانەوە بۆ لاى پێغەمبەر خوا (صلى الله عليه وسلم) و زەید لە خزمەتیدا شایەتومانى هێنا، ئیتر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و بەشدارى چەندین غەزاى كرد، دواجار لە غەزاى تەبووكدا لە رێی هاتنەوەیاندا كۆچی دوایی كرد.[2]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 606.

[2] - صحيح ابن حبان، الرقم 287، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6588، قال الحافظ ابن حجر في الإصابة: رجال الإسناد موثوقون.

 1363
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.