دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زەینەبی كچی خوزەیمە(دایكی باوەڕداران) (رضي الله عنها)

ناوى زەینەبی كچی خوزەیمەی كوڕی حارثى كوڕی عەبدوڵاى هیلالیە، هاوسەری پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، زیاتر بە ئوممولمەساكین (دایكی هەژاران) ناسراوە، ئەمەش لەبەرئەوەی زۆر دەستگرۆ و هاریكارى هەژاران بوو.[1]

زەینەب سەرەتا هاوسەری عەبدوڵاى كوڕی جەحش بوو، عەبدوڵاى مێردى لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو، دواى ئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەینەبی بەهاوسەرگرت.[2]

هاوسەرگیری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ زەینەبی كچی خوزەیمەدا دواى هاوسەرگیری بوو لەگەڵ حەفصەی كچی عومەردا، ئەمەش لە مانگى رەمەزاندا بوو، بەڵام تەنها دوو یان سێ مانگ هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و دواى ئەوە وەفاتى كرد، یان دەوترێت نزیكەى هەشت مانگێك لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوە ئینجا وەفاتى كرد، كاتى مردنەكەشی لە مانگى رەبیعولئاخیرى ساڵی چوارەمى كۆچیدا بوو، ئەوكات تەمەنى نزیكەى سی ساڵ دەبوو.[3]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستی داواى زەینەب بكات، هێشتا نەیدیبوو، ئەبووئوسەیدی نارد بۆ لاى ئافرەتێكی بەنى عامیر تا داواى زەینەبی بۆ بكات، ئەویش چوو داواى كرد بۆی و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوسەری گرت.[4]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا لە ژیاندا بوو تەنها مەرگى دوو هاوسەری خۆی بینی كە ئەوانیش بریتی بوون لە خەدیجەى كچی خوەیلید و زەینەبی كچی خوزەیمە.[5]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ئەوەتان خێراتر دێت بۆ لام كە دەستی درێژترە)، ئێمەش هەموو دەكەوتینە پێوانەى دەستی یەكدى تا بزانین دەستی كاممان درێژترە، دواجار زانیمان دەستى زەینەب درێژترە چونكە ئەو بە دەستى خۆی كارى دەكرد و خێرى زۆری پێ دەكرد.[6]



[1] - أسد الغابة، ج7، ص 142.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 672.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 672.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص 1599.

[5] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 45.

[6] - صحيح مسلم، الرقم 4594، صحيح ابن حبان، الرقم 3373.

 1800
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.