دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زوبەیرى كوڕی عەووام (رضي الله عنه) - بەشی دووەم

زوبەیر لە غەزاى بەدردا

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ویستی بچێت بۆ بەدر عەلى كوڕی ئەبووطالیب و زوبەیری كوڕی عەووام و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاصی هاودەم بە چەند هاوەڵێك نارد تا بچنە لاى ئاوى بەدر و هەواڵ و زانیاری بۆ وەربگرن.[1]

زوبەیر لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد و تیایدا دوو جار بریندار بوو، برینەكەى هێندە قووڵ بوو كە پەنجە لە هەر برینێكیدا ون دەبوو.[2]

لە غەزاى بەدردا زوبەیر ئەسپێكی پێ بوو و لە بەرەى راستەوە بوو، میقدادى كوڕی ئەسوەدیش بە ئەسپێكەوە لە باڵی چەپەوە بوو، زوبەیر مێزەرێكی زەردى بەستبوو.[3]

لە رۆژی بەدردا فریشتەكان لەسەر شێوەى زوبەیر دابەزین و مێزەرێكى زەردیان لەسەر بەستبوو.[4]

زوبەیر لە غەزاى ئوحوددا

زوبەیر لە غەزاى ئوحودیشدا بەشدارى كرد و رۆڵێكی كاراى هەبوو تیایدا.

زوبەیر دەڵێت لە رۆژی ئوحوددا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شمشێرێكی پێ بوو و خستیەڕوو و فەرمووى (كێ ئەم شمشێرە دەگرێت بەمەرجێك مافی بدات؟) منیش وتم من ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدامەوە، تا سێ جار ئەمە روویدا، ئینجا ئەبوودوجانە هەستاو وتى من هەڵیدەگرم ئەی پێغەمبەرى خوا؟ بەڵام مافەكەى چیە؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەوەیە موسڵمانى پێ نەكوژیت و بەم شمشێرەوە لەدەست بێباوەڕ رانەكەیت)، ئەویش رازى بوو.[5]

زوبەیر دەڵێت: بەخوا تەماشاى هیندى كچی عوقبە و ژنە هاوڕێكانیم دەكرد كە هەرچییان بوو فڕێیان دەدا و رایان دەكرد، لەو كاتەدا تیرهاوێژەكان هاتنە خوارەوەو پشتیان بەرداین و سوارەى دوژمن لە پشتەوە هاتن بۆمان و كەسێكیش هاوارى دەكرد موحەممەد كوژرا، ئێمەش دەستمان لەكار وەستا و وازمان هێنا و كەسێك نەبوو بچێت بە لاى ئالآكەدا.[6]

عائیشەی دایكی باوەڕداران كە بە عوروەى خوشكەزاى وت خوشكەزاكەم هەردوو باوكت زوبەیرو ئەبووبەكر لەوانەن كە خوا باسی كردون (الَّذِينَ اسْتَجَابُوا لِلَّهِ وَالرَّسُولِ مِنْ بَعْدِ مَا أَصَابَهُمُ الْقَرْحُ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا مِنْهُمْ وَاتَّقَوْا أَجْرٌ عَظِيمٌ[7] كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تووشی ئەو بارە سەختەى ئوحود بوو و بێباوەڕان لە دەورى بلآوەیان كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ترسی هەبوو هەمدى بگەڕێنەوە، بۆیە فەرمووى:  (كێ دەكەوێتە دوایان؟) حەفتا كەس كەوتنە دوایان، لەنێویاندا ئەبووبەكر و زوبەیریش هەبوون.[8]

ئوبەی كوڕی خەلەف كە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بینی چوو بۆی تا بیكوژێت، خێرا زوبەیر هەڵیكوتایە سەر ئوبەی و بە خەنجەرەكەى دەستی ویستى بیكوژێت، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەی پێدا كە وازى لێبهێنێت و خۆی خەنجەرەكەى زوبەیری گرتە دەست و ئوبەی پێ بریندار كرد، ئەوەبوو بەو برینەوە لە نیوەی رێدا ئوبەی مرد.[9]

زوبەیر دەڵێت: كە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین بۆ ئەوەى بچینە سەر كێوەكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستى بچێتە سەر بەردێك بەڵام نەیتوانى، بۆیە طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا پشتی خۆی بۆ چەماندەوە و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی خستە سەر پشتی طهلحەو چوویە سەر بەردەكەو لەسەر بەردەكە دانیشت.[10]

كاتێك حەمزەى مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شەهید كرا صەفییە كە هات دوو جلى حەمزەى پێ بوو، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) صەفییەى بینی حەزى نەكرد صەفییە حەمزە بەو شێوازە ببینێت، بۆیە زوبەیری نارد تا رێ نەدات حەمزە ببینێت، كاتێك زوبەیر گەیشتە لاى صەفییە وتى دایە گیان راوەستە، ئەویش وتى لەسەر رێم لاچۆ، كاتێك بینی صەفییە واز ناهێنێت وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى نارد بۆ لات، صەفییە كە ئەوەى بیست خێرا وەستا و دوو جلەكەى گرتە دەست و جلێكیان بۆ كفنى حەمزە بوو و ئەوی تریشیان بۆ كفنى پشتیوانییەك بوو.[11]

 

زوبەیر لە غەزاى خەندەقدا

زوبەیر لە غەزاى خەندەقیشدا بەشدارى كرد، لەو غەزایەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (من یأتینا بخبر القوم)، (كێ هەواڵی دوژمنمان بۆ دێنێت؟)، زوبەیر وتى من، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمدى ئەوەى دووبارە كردەوە، دووبارە زوبەیر وتى من، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ جاری سێیەم هەمان شتی دووبارە كردەوە، زوبەیر هەمدى وتى من، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوكات فەرمووى: (إن لكل نبي حواري و إن حواري الزبیر)،[12] (هەر پێغەمبەرێك حەوارى هەبووە، حەواریەكەى منیش زوبەیرە).

عەبدوڵاى كوڕی دەڵێت: لە غەزاى خەندەقدا من و عومەرى كوڕی ئەبی سەلەمە لەو شوێنە بووین كە ژنەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوێ بوون، جا یەكترمان بەرز دەكردەوە تا لە سەروو دیوارەكەوە تەماشاى جەنگەكە بكەین، جا كاتێك عومەر منى بەرز كردەوە دەمبینی باوكم هەڵمەتى دەبرد بۆ بەنى قورەيضهو جەنگى دەكرد لەگەڵیاندا،[13] عەبدوڵا كە ئەمەى گێڕایەوە بۆ باوكى، زوبەیر وتى رۆڵە گیان ئەوكات منت بینی، وتى بەڵێ، زوبەیر وتى ئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  كێ دەچێت هەواڵی بەنى قورەيضهم بۆ بهێنێت، منیش چووم، كە هاتمەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم بەدایك و باوكمەوە بەقوربانت بم.[14]

زوبەیر بە شمشێرەكەى داى لە عوثمانى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی موغیرەو كوشتى، جا خەڵكی دەیانوت چ شمشێرێكی چاكە؟ ئەویش تووڕە بوو چونكە پێی وابوو كاریگەرى دەستى بووە نەك كاریگەری شمشێرەكە.[15]

 

 

زوبەیر لە غەزاى خەیبەردا

لە غەزاى خەیبەردا كاتێك جەنگەكە سەخت بووبوو، مەرحەبی جوولەكە هاتە دەرەوەو دەیوت كێ هەیە بەرامبەرم بجەنگێت؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  كێ دەچێت بۆی؟ موحەممەدى كوڕی مەسلەمە وتى من ئەی پێغەمبەرى خوا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بڕۆ بۆی، پاشان نزاى بۆ كرد و فەرمووى خوایە پشتیوانى بكە، ئینجا موحەممەد كابراى كوشت، ئینجا یاسرى جوولەكە هاتە دەرەوەو وتى كێ هەیە بەرامبەرم بجەنگێت، زوبەیری كوڕی عەووام چوو بەرامبەرى وەستا، صەفییەی دایكى زوبەیر كە ئەوەی بینی وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو جوولەكەیە كوڕەكەم دەكوژێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  بەڵكو خوا بیەوێت كوڕەكەت دەیكوژێت، ئەوەبوو پێكگەیشتن و جەنگان.[16]

زوبەیر لە فەتحى مەككەدا

كاتێك حاطيبى كوڕی ئەبی بەلتەعە بە نهێنی نامەیەكى نووسی بۆ مەككە تا هەواڵی هێرشی پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) پێ بدات، خواى گەورە ئەوەی ئاشكرا كرد، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەریەك لە عەلى كوڕی ئەبوو تالیب و زوبەیر و میقدادى كوڕی ئەسوەدى نارد بە شوێن ئەو ژنەى نامەكەى بردووەو ئەوانیش ژنەكەیان گرت و نامەكەیان لێ سەندەوەو گەڕانەوە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،[17] وردەكارى بەسەرهاتەكە لە ژیانى حاطيبى كوڕی ەبی بەلتەعەدا لە پیتی (ح) دا باس كراوە.

زوبەیر لە فەتحى مەككەشدا بەشدار بوو و دوو ئالآى بە دەستەوە بوو، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآكەى  سەعدى كوڕی عوبادەشی دایە دەستى.[18]

هەروەها ئالآكەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەدەست زوبەیرەوە بوو.[19]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر كێوی حیرا ْ  وەستابوو، كێوەكە لەریەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئارام بگرە حیرا ْ، چونكە ئەوەی بەسەرتەوەیە یان پێغەمبەرە یان صدیقە یان شەهیدە)، ئەو دەمەش هەریەك لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و عومەر و عوثمان و عەلى و طهلحەو زوبەیر و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص لەسەر كێوەكە بوون.[20]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پارچە ئاوریشمێكیشی دابوو بە زوبەیر و ئەویش لە جەنگدا بەكارى دەهێنا.[21]

زوبەیر لە جەنگى یەرمووكیشدا بەشدارى كرد و تیایدا جارێكی دی بریندار بوو، برینێك هاوشێوەی برینەكانى غەزاى بەدر.[22]



[1] - تاريخ الطبري، ج2، ص 27.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 556.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 46.

[4] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5530.

[5] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4972، صححه الذهبي في التلخيص.

[6] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4259، صححه الذهبي في التلخيص.

[7] - آل عمران: 172.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 3867،

[9] - المنتظم لابن الجوزي، ج3، ص 167.

[10] - صحيح ابن حبان، الرقم 7089، قال شعيب الأرناؤوط إسناده قوي.

[11] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1170.

[12] - صحيح البخاري، الرقم 3903، صحيح مسلم، الرقم 4540، صحيح ابن حبان، الرقم 7095، سنن ابن ماجة، الرقم 121، سنن الترمذي، الرقم 3764، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7938، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 14010، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 1970، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 227،

[13] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 50.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 3536، صحيح مسلم، الرقم 4541.

[15] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 51.

[16] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17053.

[17] - صحيح البخاري، الرقم 2866.

[18] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 51.

[19] - صحيح البخاري، الرقم 4042.

[20] - صحيح مسلم، الرقم 4543.

[21] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 52.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 556.

 1666
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.