دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (سالیم) بووە

سالیمی كوڕی حەرمەلە(رضي الله عنه)

ناوى سالیمی كوڕی حەرمەلەى كوڕی زوهەیرە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عوتبە كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، سالم دەڵێت هێشتا مێرمنداڵێكی تازەپێگەیشتوو بووم كە چوومە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، كاتێك پژمەم كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى دامەوەو نزاى خێری بۆ كردم، منیش لە زیادەى ئاوى دەستنوێژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستنوێژم گرت.[1]

سالیمی كوڕی عەوف(رضي الله عنه)

ناوى سالیمی كوڕی عەوفى كوڕی مالیكی ئەشجەعیە، خۆی و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون.[2]

سالیمی كوڕی عەوفی ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى سالیمی كوڕی عەوفەو لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەدر.[3]

سالیمی كوڕی عوبەید(رضي الله عنه)

ناوى سالیمی كوڕی عوبەیدى ئەشجەعیە، ئەم هاوەڵە لە ئەهلى صوففە بوو.[4]

سالیم باسی ساتەكانى نەخۆشی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەكات و دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لە هۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمدى فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ وتمان بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئێوەی ئافرەتان هاودەمە ژنەكانى یووسفن، بە بیلال بڵێن با بانگ بدات و بە ئەبوبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بكات بۆ خەڵك)، هەمدى لەخۆش خۆی چوو، بیلال بانگى دا و قامەتى كرد و ئەبووبەكریش چوو بەرنوێژی بكات بۆ خەڵكەكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە هۆش خۆی و فەرمووى ئایا نوێژ دابەسراوە؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (كەسێكم بۆ بانگ بكەن تا خۆمی پێوە بگرم)، ئەوەبوو بەریرەو كەسێكی تر هاتن و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باڵی دایە سەر شانیان و بەو حاڵەوە چوو بۆ نوێژ، لەپاڵ ئەبووبەكردا دانیشێنرا، ئەبووبەكر ویستی بگەڕێتە دواوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری هێشتەوە تا نوێژەكە تەواو بوو.[5]

دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، عومەر تووڕە بووبوو دەیوت هەركەس بڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردووە بەم شمشێرە دەدەم لە گەردنى، خەڵكەكە بێدەنگ بوون، وتیان ئەی سالیم بڕۆ بۆ لاى هاوەڵەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بانگى بكە، منیش چووم بینیم ئەبووبەكر لە مزگەوت وەستاوە، كە منى بینی وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد؟ منیش وتم عومەر دەڵێت هەركەس بڵێت وەفاتى كردووە ئەوە بەم شمشێرەم دەدەم لە گەردنى، ئەبووبەكر دەستی خستە سەر شانم و كەوتە ڕێ تا هاتە ژوورەوەو خەڵكەكە رێیان بۆ كردەوە تا گەیشتە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خۆی دا بەسەریدا و دەموچاوى خستەڕوو و دەستی دا لە دەموچاوى و دڵنیا بوو وەفاتى كردووە، ئینجا ئەو ئاپەتەى خوێندەوە(إنك میت و إنهم میتون)، خەڵكەكە وتیان ئەی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئایا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردووە؟ وتى بەڵێ...[6]

سالیم دواى سەردەمى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە غەزاكاندا بەشدار بوو، هیلالى كوڕی یەساف دەڵێت لە غەزایەكدا لەگەڵ سالیمی كوڕی عوبەید بووین، كابرایەك پژمی و دواتر وتى سەلاموعەلەیكوم، سالیمیش وتى سەلام لە خۆت و دایكیشت، كابرا دڵی زیز بوو، سالیم وتى وادیارە دڵت خەوشى گرت؟ كابرا وتى حەز ناكەم نە بە چاكەو نە بە خراپە ناوى دایكم بهێنیت، سالیم وتى دەى ئێمە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رێیەكدا بووین كە كابرایەك پژمی و وتى سەلامو عەلەیكوم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى لە خۆت و دایكت، پاشان فەرمووى (إذا عطس أحدكم فليقل: الحمد لله على كل حال، أو  قال الحمد لله رب العالمين، وليقل له: يرحمك الله، وليقل هو: يغفر الله لكم[7] (هەركام لە ئێوە پژمی با بڵێت سوپاس بۆ خوا لە هەموو حاڵێكدا یان بڵێت سوپاس بۆ پەروەردگارى جیهانیان، با ئەوەی بەرامبەریشی پێی بڵێت بەر رەحمەتى خوا بكەویت، ئەویش پێی بڵێتەوە، خوا لێتان خۆش بێت).

 

سالیمی كوڕی عومەیر (رضي الله عنه)

ناوى سالیمە، سەبارەت بە ناوى باوكى هەریەك لە عومەیر و عەمر و عەبدوڵا هاتووە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە، دواتریش لە غەزاى بەدردا بەشدارى كردووە.[8]

هێشتا بیست مانگ تێپەڕ بووبوو بەسەر كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە، سالیمی كوڕی عەمر بە سریەیەك چوو بۆ كوشتنى ئەبی عیفكى جوولەكە، ئەبی عیفك پیاوە پیرەیەكى سەروو تەمەن سەد ساڵان بوو، كەوتبووە هاندانى خەڵك دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، سالیم سوێندی خوارد یان دەبێت بیكوژم یان دەبێت خۆم لەناو بچم، ئەوەبوو چوو بۆ ناوچەكەى ئەبی عیفك، لە شەوێكی ساماڵدا ئەبووعیفك لە دەرەوە خەوتبوو، سالیم پێی زانی و چوو بۆی و كوشتی، ئەبی عیفك كەوتە هاوار كردن و خەڵكی هاتن بەدەمیەوە، تا گەیشتنە لاى مردبوو، بردیانەوە ماڵەوەو دواتر ئەسپەردەیان كرد.[9]

دواتر سالیمى كوڕی عومەیر لە غەزاى ئوحود و خەندەق و غەزاكانى تردا بەشدارى كرد.[10]

لە غەزاى تەبووكدا هەندێ لە هاوەڵان هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوانە چەك و شمەكى بەشدارى غەزایان نەبوو، لەتاو ئەوەى تواناى بەشدارییان نەبوو دەستیان دەكرد بە گریان، ئەوانیش بریتی بوون لە سالیمی كوڕی عەمر و عوتبەى كوڕی زەید و ئەبوولەیلا و عەمرى كوڕی حومام و عەبدوڵاى كوڕی موغەففەل و هەرمى كوڕی عەبدوڵا و عیرباضى كوڕی ساریە، هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داوایان كرد پێداویستی بەشدارى غەزایان بۆ دابین بكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى هیچم لا نیە تا بۆتان دابین بكەم، یامینی كوڕی عەمر گەیشت بە ئەبوولەیلا و عەبدوڵاى كوڕی موغەففەل، تەماشای كرد خەریكە دەگرین، وتى بۆچی دەگرین، وتیان چوین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا ئامادەكارى جەنگمان پێ بدات تا بەشدارى بكەین كەچی هیچی لا نەبوو بۆمان، ئێمەش خۆمان هیچمان نیە تا بتوانین بچین بۆ غەزا، ئەوەبوو ئەویش هاوكاریەكى كردن، ئەوانیش چوون لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى غەزاكەیان كرد، عولبەش شەو دەستى كرد بە نوێژ و تا توانى نوێژی دەكرد و دەگریا، خواى گەورە ئایەتى دابەزاند:

(لَيْسَ عَلَى الضُّعَفَاءِ وَلَا عَلَى الْمَرْضَى وَلَا عَلَى الَّذِينَ لَا يَجِدُونَ مَا يُنْفِقُونَ حَرَجٌ إِذَا نَصَحُوا لِلَّهِ وَرَسُولِهِ مَا عَلَى الْمُحْسِنِينَ مِنْ سَبِيلٍ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ (91) وَلَا عَلَى الَّذِينَ إِذَا مَا أَتَوْكَ لِتَحْمِلَهُمْ قُلْتَ لَا أَجِدُ مَا أَحْمِلُكُمْ عَلَيْهِ تَوَلَّوْا وَأَعْيُنُهُمْ تَفِيضُ مِنَ الدَّمْعِ حَزَنًا أَلَّا يَجِدُوا مَا يُنْفِقُونَ) (التوبة: ٩٢)[11]

(گوناهێك لەسەر بێ هێزو پەككەوتەو نەخۆشەكان نیە ئەوانەش كە هیچیان نی یە خەرجی بكەن (بۆ پێویستی جیهاد) هیچ گوناهێكیان لەسەر نیە (كە نەڕۆشتوون بۆ جیهاد) كاتێ كە دڵسۆزی و ڕاستی یان ببێ بۆ خواو نێرراوەكەی (خوا) هیچ ڕێگەیەك نی یە بۆ (تاوانبار كردنی) ئەو چاكەكارانە وە خوا لێخۆش بووی میهرەبانە، وە تاوان لەسەر ئەو كەسانەش نی یە كە هاتنە لات (ئەی موحەممەد(صلى الله عليه وسلم)) بۆ ئەوەی (وڵاخیان بۆ دابین كەیت) سواریان كەیت وتت وڵاخم دەست ناكەوێ سوارتان بكەم (بۆ جیهاد)  ئەوانیش گەڕانەوە لە كاتێكدا چاویان فرمێسكی دەڕشت لە داخ و خەفەتدا كە هیچیان نەبوو خەرجی بكەن بۆ پێداویستی جیهاد).

سالیم لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا كۆچی دوایی كرد.[12]

سالیمی مەولا (رضي الله عنه)

ناوى سالیمەو مەولا و خزمەتكارى ئەبووحوذەیفە بوو، ژنەكەى ئەبووحوذەیفە ئەوی كڕیبوو، ئەوەبوو سائیبە ئازادى كرد، ئەم هاوەڵە زۆر زوو موسڵمان بوو.[13]

ئەم هاوەڵە قورئانى زۆری لەبەردەكرد، كاتێك كۆچی كرد بۆ مەدینەو هێشتا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی نەكردبوو بۆ مەدینە، سالیم لە قوباْ  بەرنوێژی دەكرد بۆ كۆچەران، چونكە لە هەموویان زیاتر قورئانى لەبەر بوو،[14] لەنێو ئەو هاوەڵانەى لە دوایەوە بوون عومەرى كوڕی خەططاب و ئەبووسەلەمەو زەید و عامیری كوڕی رەبیعەش هەبوون.[15]

سالیم لە غەزاى ئوحوددا لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، دەموچاوى خوێنینی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەسڕی، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (چۆن خەڵكێك چاك دەبن كە ئاوا دەكەن بە پێغەمبەرەكەیان).[16]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (قورئان لە چوار كەسەوە فێر ببن، لە كوڕی ئومم مەعبەدەوە، لە ئوبەى كوڕی كەعبەوە، لە سالیمی مەولاى ئەبی حوذەیفەوە، لە موعاذی كوڕی جەبەلەوە).[17]

ئەبووحوذەیفە سالیمی وەك كوڕی خۆی دانابوو، ئیتر وەك كوڕی بانگ دەكرا تا كاتێ خوا ئایەتى دابەزاند هەموان بە ناوى باوكانیانەوە بانگ بكرێن.[18]

عائیشە دەڵێت شەوێك دواى نوێژی عیشا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواكەوتم، دواتر چوومەوە بۆ لاى، فەرمووى لە كوێ بوویت؟ وتم گوێمان لە قورئانخوێندنى هاوەڵێكت دەگرت لە مزگەوت قورئانى دەخوێند، دەنگى وا خۆش و خوێندنى وا دروستم نەبیستبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەستا و منیش لەگەڵی هەستام، چوو گوێی لێگرت، دواتر لایكردەوە بە لاى مندا و فەرمووى (ئەوە سالیمی مەولاى ئەبووحوذەیفەیە، سوپاس بۆ خوا كە كەسی واى لە ئوممەتەكەمدا داناوە).[19]

سالیم جیا لە هەموان دەچوو بۆ ماڵی خێزانەكانى تری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەوانیش رێیان پێدەدا.[20]

عائیشە دەڵێت سالیم لەگەڵ ئەبووحوذەیفە بوو و لەگەڵیدا دەچوویەوە بۆ ماڵەوە، جارێك ژنەكەی ئەبووحوذەیفە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى سالم خەریكە باڵغ بووەو هۆشی كراوەتەوە، ئینجا دێتەوە ماڵەوە بۆ ژوورەوە، وادەزانم ئەبووحوذەیفەش بەو بارە نائارامە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (شیری پێ بدە حەرام دەبیت لەسەری و ئەوەش لە ناخى ئەبووحوژەیفەدا هەیە نامێنێت)، ئەویش چوویەوەو شیری دا بە سالیم و بە ئەبووحوذەیفەى وت من شیرم داوە بە سالیم، ئیتر ئەو نائارامیەى لە دەروونى ئەبووحوذەیفەدا هەبوو نەما.[21]

نەوەوى دەڵێت زانایان رایان وایە ئەم بەسەرهات و حوكمە تایبەتە بە سەهلەو سالیمەوەو بۆ كەسانى تر نابێت...قاضى-عياض- دەڵێت لەوانەیە شیرەكەى كردبێتە شتێكەوەو پێی دابێت نەك ئەوەى سالیم مەمكى بمژێت.[22]

ئەبووحوذەیفە برازایەكى خۆی مارە كرد لە سالیم و خۆی سەرپەرشتی پێداویستیەكانى سالیمی كرد.[23]

عەمرى كوڕی عاص دەڵێت جارێك لە مەدینە ترسێك بلآوبوویەوە-لەوانەیە لە غەزاى خەندەق بووبێت-، سالیم شمشێرەكەى گرتەدەستی و دانیشتبوو، منیش كە بینیم سالیم چی كردووە چووم شمشێرەكەم هەڵگرت و وەك ئەو دانیشتم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە دەرەوەو فەرمووى (ئەی خەڵكینە بۆچی ترستان بۆ لاى خوا و پێغەمبەرەكەى نەبێت، ئەوە چیتانە؟ بۆچی وەك ئەو دوو پیاوە باوەڕدارە ناكەن؟).[24]

سالیم دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد، ئەبووحوذەیفەش بەشدارى جەنگەكە بوو، لەو جەنگەدا سالیم شەهید بوو و سەری لاى قاچی ئەبووحوذەیفەوە بوو.[25]

كاتێك سالیم شەهید كرا هاوەڵان دەیانوت چارەكێكی قورئان چوو.[26]

پێش چوونى بۆ جەنگى یەمامە، جارێك لەگەڵ ئەبووبەكردا بوو كە نوێژی دەكرد، سالیم وتى ئەی خەلیفەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نان ناخۆیت؟ ئەویش بە دەست ئاماژەی بۆ كردم، جارى دووەم هەمان شتی وتەوەو ئەویش بە ئاماژە پێی وت راوەستە، جارى سێیەم كە سالیم وتى، ئەبووبەكر وتى خواردنەكەتم بۆ بهێنە، نانى خوارد و دواتر دوو ركات نوێژی كرد، ئینجا چوویە مزگەوت و نوێژ دابەسرا.[27]



[1] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6252.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 11.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 11.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 10.

[5] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 1527، سنن ابن ماجة، الرقم 1230، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سن ابن ماجة، الرقم 1234.

[6] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6889، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6239.

[7] - صحيح ابن حبان، الرقم 600واللفظ له، سن أبي داود، الرقم 4397، سنن الترمذي، الرقم 2735، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 2740.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 10.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 28.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 480.

[11] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1970.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 480.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 13.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 671.

[15] - صحيح البخاري، الرقم 6774.

[16] - تفسير عبدالرزاق، رقم الحديث، 446.

[17] - صحيح مسلم، الرقم 4609.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة ج3، ص 14.

[19] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4953، صححه الذهبي.

[20] - سنن ابن ماجة، الرقم 1943.

[21] - صحيح مسلم، الرقم 2715.

[22] - شرح النووي على صحيح مسلم، ج10،ص 31.

[23] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2622.

[24] - الآحاد و الثماني لابن أبي عاصم، الرقم 732، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17476، صححه شعيب الأرناؤوط.

[25] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4952.

[26] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4957.

[27] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6251.

 1387
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.