دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (سائیب) بووە

سائیبى كوڕی عوثمان (رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی عوثمانى كوڕی مەظعوونە، باوكى یەكێكە لە هاوەڵە خۆشەویستەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دایكى ناوى خەولەى كچی حەكیمە[1] كە یەكێكە لە هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێشتریش لە پیتی (خ) دا باسمان كردووە.

ئەم هاوەڵە زۆر زوو موسڵمان بوو، دواتر كۆچی كرد بۆ حەبەشە، ئینجا گەڕایەوەو كۆچی كرد بۆ مەدینەو لەوێ لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد، پاش ئەوەش لە هەموو غەزاكانى تردا بەشدارى كرد.[2]

كاتێك سائیب لەگەڵ باوكى و مامەكانى كۆچی كرد بۆ مەدینە، لاى عەبدوڵاى كوڕی سەلەمە دابەزین و لەوێ مانەوە،[3] كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان سائیب و حارثهى كوڕی سوراقەوە.[4]

كاتێك عوثمانى باوكى سائیب كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەى برایە گۆڕستان، سائیب دابەزیە ناو گۆڕەكەى باوكى و خۆی تەرمەكەى باوكى خستە ناو گۆڕەكەوە.[5]

ئیبن هیشام دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ساڵی دووەمى كۆچی چوو بۆ غەزاى بواط سائیبی وەك بەرپرسی مەدینە دانا تا خۆی دەگەڕێتەوە.[6]

سائیب لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا تیرێكی بەركەوت و بەو هۆیەوە شەهید بوو،[7] تەمەنى نزیكەى سی و ئەوەندە ساڵ بوو.[8]

سائیبى كوڕی ئەقرەع(رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی ئەقرەعى كوڕى عەوفە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەستی هێناوە بەسەر سەریدا، كاتێك مولەیكەى دایكی سائیبی برد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێشتا سائیب منداڵ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی هێنا بەسەر سەریدا و نزاى خێری بۆ كرد.[9]

سائیب یەكێك بوو لە بەشداربوانى جەنگى نەهاوەند، نامەى عومەرى كوڕی خەططابی برد بۆ نوعمانى كوڕی موقەرین، ئینجا عومەر ئەوی كرد بە بەرپرسی مەدائین، ماوەیەك والى ئەصبەهان بوو و هەر لەوێیش مایەوە تا لەوێ مرد.[10]

هەروەها سائیب لە فەتحى میهرجاندا بەشدار بوو و چوویە ناو ماڵەكەى هورمزانەوەو كۆگایەكى سامانى هورمزانى تێدا دۆزیەوە.[11]

سائیبی ثهقەفى (رضي الله عنه)

ناوى سائیبی ثهقەفیە، كۆیلەى غەیلان بوو، موسڵمان بوو و پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئازادى كرد.[12]

سائیبی غیفاری (رضي الله عنه)

ناوى سائیبەو لە غیفاریەكانە، هاودەم بە دایكی هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، سائیب دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم ناوت چیە؟ وتم ناوم سائیبە، فەرمووى بەڵكو ناوت عەبدوڵایە.[13]

سائیب دواتر چوویە میصر و لەوێ نیشتەجێ بوو، جا دەیوت بە هەرناوێك لەو دوو ناوەم بانگم بكەن وەڵام دەدەمەوە.[14]

سائیبی قوڕەیشی (رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی حارثى كوڕی قەیسى قوڕەیشیە، زۆر زوو موسڵمان بوو، یەكێكە لە كۆچەرانى حەبەشە.[15]

رایەك دەڵێت لە غەزاى طائیفدا شەهید بووە، رایەكی تریش دەڵێت لەو غەزایەدا بریندار بووەو چاك بووەتەوەو دواى ئەوە تا سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططاب ژیاوە و لەو سەردەمەو لە ساڵی سیانزەى كۆچیدا لە ئوردون شەهید بووە.[16]

سائیبی كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی حارثى كوڕی صوبەیرەی سەهمیە، لە جەنگى بەدردا هێشتا موسڵمان نەبووبوو و لەناو سوپاى بێباوەڕاندا بەشدارى كرد و بەدیل گیرا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (جوان وریاى بن چونكە كوڕێكی دەوڵەمەندى هەیە)، كوڕەكەى كە ناوى موطهلیب بوو هات و بە چوار هەزار ئازادى كرد، ئەمە یەكەم دیلی بەدریەكان بوو كە ئازاد كرا.[17]

سائیبی كوڕی خەللاد(رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی خەللادى كوڕی سوەیدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، كونیەكە ئەبووسەهلەیە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[18]

سائیب دەڵێت گوێم لێ بوو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو: (من أخاف أهل المدينة ظالما لهم أخافه الله، وكانت عليه لعنة الله والملائكة والناس أجمعين لا يقبل منه صرف ولا عدل[19] (هەركەس بە ستەم خەڵكی مەدینە بترسێنێت خوا دەیترسێنێت، نەفرینی خوا و فریشتەكان و هەموو خەڵكی لەسەر دەبێت و هیچ تەوبە و هەوڵ و فیدیەیەكى لێ قبووڵ ناكرێت).

سائیب دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو: (ما من شيء يصيب المؤمن حتى الشوكة تصيبه إلا كتب له بها حسنة أو حط عنه بها خطيئة[20] (هەر چیەك تووشی باوەڕدار بێت تەنانەت ئەگەر دڕكێكیشى پێدا بچێت ئەوە چاكەیەكى بۆ دەنووسرێت یان خراپەیەكى پێ دەسڕێتەوە).

سائیب لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا والى یەمەن بوو.[21]

لە ساڵی حەفتا و یەكی كۆچیدا سائیب كۆچى دوایی كرد.[22]

 

سائیبی كوڕی سوەید(رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی سوەیدە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە دەفەرموێت (ما من شيء يصيب زرع أحدكم من العوافي إلا كتب الله له به أجرا)،[23] (هەر زیانێك بە كشتوكاڵی كەسێكتان بگات بەهۆی دڕندەو باڵندەوە، ئەوە خواى گەورە بەو هۆیەوە پاداشتی بۆ دەنووسێت).

 

سائیبی كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی عەبدوڵاى مەخزوومیە، لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بووەو فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[24]

سائیب دەڵێت لە فەتحى مەككەدا برام بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لەوێ عوثمان و زوهەیر كەوتنە وەسف كردنم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەوانى فەرموو (ئێوە مەیناسێنن پێم، چونكە ئەو لە سەردەمى نەفامیدا هاوڕێم بووە)، منیش وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هاوەڵێكی زۆر باش بویت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەی سائیب بڕوانە ئەو رەوشتەى كە لە سەردەمى نەفامیتدا هەتبوو، لە ئیسلامدا بەكاری بهێنە، میوان لەخۆ بگرەو رێزی هەتیو بگرە-بەخشندە بە بۆی- و لەگەڵ دراوسێت چاك بە).[25]

سائیبی كوڕی عەووام (رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی عەوواى قوڕەیشیە، براى زوبەیری كوڕی عەووامە[26] كە پێشتر لە پیتی (ز) دا بە دوورودرێژی ژیانەكەیمان باسكردووە.

دایكی ناوى صەفییەى كچی عەبدولموطهلیبە كە پووری پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو.[27]

ئەم هاوەڵە یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، دواتریش لە غەزاى خەندەق و غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد، لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوو.[28]

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نامەی نووسی بۆ موسەیلەمەى درۆزن، بە سائیبی كوڕی عەووامدا نامەكەى نارد.[29]

سائیبی كوڕی عوبەید(رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی عوبەیدى كوڕی عەبدیەزیدە، لە جەنگى بەدردا بە دیل گیرا و دواتر موسڵمان بوو، باپیرە گەورەى ئیمامى شافیعیە، شێوەى زۆر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوو.[30]

سائیبی كوڕی مەظعوون (رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی مەظعوونى جومەحیە، براى عوثمانى كوڕی مەظعوونە، ئەم هاوەڵە لە كۆچەرانەو هاودەم بە براكەى كۆچی كرد بۆ مەدینە، یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[31]

سائیبی كوڕی ئەبی حوبەیش (رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی ئەبی حوبەیشى ئەسەدیە، لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، لەو كاتەدا تەمەنى زۆر بوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى خەیبەر سی كۆڵ خورماى بۆ بڕیەوە، دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیا و چوو لە مەدینە نیشتەجێ بوو و لە سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیاندا وەفاتى كرد.[32]

سائیبی كوڕی یەزید(رضي الله عنه)

ناوى سائیبی كوڕی یەزیدى كوڕی سەعیدە، هەم خۆی و هەم باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون، سائیب لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) منداڵ بوو، خۆی دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە تەبووك گەڕایەوە ئێمەى مندالآن دەچووین بۆ پێشوازییان، هەروەها دەڵێت تەمەنم شەش ساڵان بوو كە باوكم لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەجى پێكردم.[33]

سائیب لەلایەن پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كراوە، كاتێك نەخۆش بوو پووری بردى بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش دەستی هێنا بەسەر سەریدا و نزاى بۆ كرد و دواتر دەستنوێژی گرت و سائیبیش لە ئاوى دەستنوێژەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) خواردەوە.[34]

سائیب دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) تەمەنێكی زۆر ژیا، سائیب دەڵێت جارێك لە مزگەوت بووم كە كابرایەك بە گۆچانەكەى دەستى داى لە پشتم، سەیرم كرد دەبینم عومەرى كوڕی خەططابە، وتى بڕۆ ئەو دوانەم بۆ بانگ بكە(دوو كەس بوون بە دەنگى بەرز قسەیان دەكرد)، منیش چووم بانگم كردن، كە هاتن عومەر وتى خەڵكی كوێن؟ وتیان طائیف، وتى ئەگەر خەڵكی ئێرە بوونایە زۆر ئازارم دەدان، چۆن ئاوا لە مزگەوتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنگتان بەرز دەكەنەوە؟![35]

جەعدى كوڕی عەبدوڕەحمان دەڵێت لاى سائیبی كوڕی یەزید بووین كە زوبەیری كوڕی سوهەیل هات و شوێنەوارى سوجدە بەنێوچاوانیەوە بوو، وتى ئەوە كێیە؟ وتمان ئەوە زوبەیری كوری سوهەیلە، ئەویش وتى بەخوا ئەوە شوێنەوارێ نیە كە خوا باسی كردووە، من ماوەى هەشتا ساڵ سوجدەم بردووە بۆ پەروردگارم كەچی شوێنەوارى سوجدە بەنێوچاوانمەوە دەرنەكەوتووە.[36]

سائیب دەڵێت لە ناوچەی مەقصوورە لە دواى موعاویەوە نوێژی هەینیم كرد، جا كە سەلامم دایەوە هەستام تا نوێژ بكەم، ئەویش پێی وتم ئەگەر نوێژی هەینیت كرد ئیتر لەدوایەوە نوێژ مەكە تا كاتێك بچیتە دەرەوە یان قسە بكەیت، چونكە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى بەوە كردووە.[37]

سائیب لە تەمەنى هەشتا ساڵی بەدوا كۆچی دوایی كرد، سەبارەت بە ساڵی مردنەكەى راجیایی هەیە ئایا لە ساڵانى هەشتاكانى سەدەى یەكەم بووە یان لە ساڵانى نەوەدەكان بووە.[38]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 401.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 24.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 396.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 401.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 399.

[6] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 246.

[7] - البداية والنهاية لابن كثير، ج6، ص 338.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 24.

[9] - أسد الغابة، ج2، ص 372.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 17.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 17.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 26.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 26.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 26.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 18.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 18.

[17] - أسد الغابة، ج2، ص 372.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص21.

[19] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4137، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16238، المعجم الكبير للطبراني،  الرقم 649، صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، (5/383).

[20] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 16241، قال شعيب الارناؤوط صحيح لغيره.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 21.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 21.

[23] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6484.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 22.

[25] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 15204، ضعفه شعيب الارناؤوط.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 25.

[27] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 119.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 25.

[29] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 273.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 23.

[31] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 25.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 18.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 27.

[34] - صحيح البخاري، الرقم 186.

[35] - صحيح البخاري، الرقم 460.

[36] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 3270، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6528.

[37] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 1750.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 27.

 1294
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.