دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  سەعدى كوڕی رەبیع(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی رەبیعى كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبەو یەكێكە لە دوانزە نەقیبەكە.[1]

دایكى ناوى هوزەیلەى كچی عەنبە بوو، سەعد ژنێكی هەبوو بە ناوى جەمیلە كە بە ئومموسەعد ناسراوە.[2]

سەعد لە سەردەمى نەفامیدا نووسەر بوو و شارەزایی هەبوو لە نووسیندا، لەو سەردەمەدا نووسین و خوێنەوارى زۆر كەم بوو.[3]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان سەعد و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفەوە.[4]

سەعد كەسێكی دەوڵەمەند بوو، بە عەبدوڕەحمانى وت  ماڵەكەم لەگەڵتدا دووكەرت دەكەم و ژنێكیشت لێ مارە دەكەم، ئەویش وتى خواى گەورە بەرەكەت بخاتە ژن و ماڵتەوە، رێی بازاڕم نیشان بدەن.[5]

سەعد ژنێكی هەبوو بە ناوى عمرەى كچی حەزم كە لەم ژنەى كچێكی هەبوو.[6]

سەعد لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و لەو غەزایەشدا شەهید بوو، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانى دەفەرموو (كێ هەواڵی سەعدى كوڕی رەبیعم بۆ دێنێت؟) كابرایەك هەستا و وتى من ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، بەنێو كوژراوەكاندا دەگەڕا تا پێی گەیشت، هێشتا سەعد تەواو گیانى دەرنەچووبوو، سەعد بە كابراى وت چیتە وا دەگەڕێیت؟ وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى نارد تا هەواڵی تۆی بۆ بەرم، سەعد وتى دەی بڕۆ بۆ لاى و سەلامى منى پێ بگەیەنەو پێی بڵێ لە دوانزە لاوە پێكراوم و پێكانەكەشم كوشندەیە، بە هۆزەكەشت بڵێ لاى خوا هیچ بیانوویەكیان بۆ نیە ئەگەر بێتو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بكوژرێت و تاكە كەسێك لەوان زیندوو مابێت.[7]

ئەبووسەعیدی خودری دەڵێت ئەو كەسەی چوو هەواڵی سەعد بهێنێت ئوبەی كوڕی كەعب بوو، سەعد پێی وت بە هۆزەكەت بڵێ سەعدى كوڕی رەبیع پێتان دەڵێت خودایە خودایە، وریاى ئەو بەڵێنە بن كە لە شەوى عەقەبە داتان بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، سوێند بەخوا لاى خوا هیچ بیانوویەكتان نیە ئەگەر پێغەمبەرەكەتان بكوژرێت و ئێوەش چاوێكتان تێدا مابێت بترووكێنرێت.[8]

كاتێك ئەبووبەكری صدیق بووبوو بە خەلیفە، كچەكەى سەعد چوو بۆ لاى ئەبووبەكر، خەلیفەش جلەكەى خۆی وەك راخەر بۆ راخست، عومەر هاتە ژوورەوەو پرسیاری لێكرد ئەو ئافرەتە كێیە؟ ئەبووبەكر وتى كچی كەسێكە كە لە من و تۆیش زۆر چاكتر بووە، عومەر وتى ئەی خەلیفەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو پیاوە كێیە؟ وتى كەسێك لە سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و شوێنی خۆی لە بەهەشت بەدەست خست و من و تۆیش هێشتا ماوینەتەوە.[9]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 522.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 522.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 522.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 58.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 1961.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 59.

[7] - موطأ مالك، الرقم 999.

[8] - أسد الغابة، ج2، ص 414.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 59.

 1199
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.