دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (سەعد) بووە - بەشی دووەم

سەعدى كوڕی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی عامیری كوڕی مالیكە، لە پشتیوانانە، برایەكى هەبوو بە ناوى حەمزە، هەریەك لە سەعد و حەمزە پێكەوە لە غەزاى ئوحوددا بەشداربوون.[1]

 

سەعدى كوڕی عائيذ(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی عائيذە، ئەم هاوەڵە چوویە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سكالآى دەستكورتى خۆی كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێنمایی كرد بازرگانى بكات، ئەویش دەستى كرد بە كڕین و فرۆش و قازانجى كرد، چوو بەسەرهاتەكەى گێڕایەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش رێنمایی كرد بەردەوام بێت.[2]

كاتێك سەعد چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەستی هێنا بەسەر سەریدا و نزاى بەرەكەتى بۆ كرد و كردى بە بانگبێژی مزگەوتى قوباْ  و جێگرەوەى بیلال لە بانگداندا تا كاتێك بیلال ئامادە نەبوو ئەو بانگ بدات.[3]

سەعد لە مزگەوتى قوبائدا بانگى دەدا، دواتر ئەبووبەكری صدیق ئەوی گواستەوە بۆ مزگەوتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، چونكە بیلال لەوێ نەما و چوو بۆ شام، ئیتر لەوێ سەعد بانگى دەدا، لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەتتابیشدا بەردەوام بوو لە بانگدان.[4]

سەعد تا سەردەمى حەججاجى كوڕی یووسف ژیا.[5]

سەعدى كوڕی عەددى (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی عەددیە، لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوو.[6]

سەعدى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی عەمری كوڕی ثهقەفە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى طوفەیل، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە و یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، دواتریش لە بیئرمەعوونەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو، هاودەم بە خۆیشی كوڕەكەشی بەشدارى كرد و كوڕەكەشی هاودەم بە خۆی شەهید بوو.[7]

 

سەعدى كوڕی عەمرى ئەنصاری (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی عەمرى كوڕی عوبەیدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوو.[8]

سەعدى كوڕی عوبەید(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی عوبەیدى كوڕی نوعمانى كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[9] كونیەكەى ئەبووزەیدە و بە سەعدولقاری ناسراوە، یەكێكە لەو شەش كەسەی كە لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) قورئانیان كۆدەكردەوە.[10]

سەعد یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، لە غەزاكانى ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد.[11]

سەعد لە سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خیلافەتى ئەبووبەكر و عومەریشدا لە مزگەوتى قوبائدا بەرنوێژی دەكرد، كە لە سەردەمى عومەردا شەهید بوو، خەلیفە فەرمانى كرد بە موجەممیعى كوڕی جاریە تا ببێتە بەرنوێژی مزگەوتى قوبا ْ.[12]

سەعد كوڕێكی هەبوو بە ناوى عومەیر كە لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا والى بوو.[13]

سەعد لە ساڵی شانزەى كۆچی لە جەنگى قادسیەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو، لەو كاتەشدا تەمەنى شەست و چوار ساڵان بوو.[14]

سەعد رۆژێك پێش جەنگى قادسیە وتارى دەدا بۆ موسڵمانان و وتى پشت بەخوا سبەینێ دەگەین بە دوژمن، وا هەست دەكەم شەهید دەبم،[15] ئەگەر كوژرام خوێنی جەستەم مەشۆن با بمێنێتەوەو با كفنەكەشم پێستەیەك بێت.[16]

سەعدى كوڕی عوثمان (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی عوثمانى كوڕی خەلدەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە زورقیەكان،[17] دایكى ناوى هیندى كچی عەجلانە، ژنەكەى سەعد ناوى سونبولەى كچی ماعیص بوو كە لەم ژنەى كوڕێكی هەبوو بە ناوى عوبادە، ژنێكی تری ناوى ئومموخالید بوو كە كوڕێكی لێی هەبوو بە ناوى فەروە، ژنێكی تری ناوى ئەنیسەی كچی بیشر بوو كە كوڕێكی لێی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا، كوڕێكى تری هەبوو بە ناوى عەبدوڵا بچكۆل كە لە ئوممووەلەدێك بوو، كوڕێكی تریشی ناوى عوقبە بوو لە ئوممووەلەدێك، مەیموونەشی هەبوو كە دایكی ناوى جوندوبەی كچی مەری بوو.[18]

برایەكی هەبوو بە ناوى عوقبە كە لە سەرى باوكیەوە براى بوو و هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و بەشدارى بەدر و ئوحود بوو.[19]

سەعد و عوقبەی برایشی پێكەوە لە بەدر و ئوحودیشدا بەشداربوون.[20]

سەعدى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی مالیكی كوڕی ئوقەیصیرى ئەزدیە، وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآیەكى دایە دەست تا ببێتە ئەمیری هۆزەكەى، ئالآكەى رەش بوو و وێنەى مانگێكی سپی تێدا بوو، لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد و لەوێ مایەوە.[21]

سەعدى كوڕی مالیكى ساعیدی (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی مالیكی كوڕی خالیدەو لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە بەنى ساعیدە، باوكى سەهلى كوڕی سەعدە.[22]

سەعد كوڕێكی هەبوو بە ناوى ثهعلەبە كە دواى باوكیشی ژیاو لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو، كوڕێكی تری ناوى عەمر بوو، كچێكیشی هەبوو بە ناوى عومرە، دایكی ئەم مندالآنەى ناوى هیندی كچی عەمر بوو.[23]

سەعد ویستى بەشدارى غەزاى بەدر بكات، بۆیە خۆی بۆ ئامادە كرد، كەچی نەخۆش كەوت و بەو هۆیەوە مرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك بەشداربوویەكى بەدر حسابی بۆ كرد چ لە دەستكەوتەكانى بەدر و چ لە پاداشتی بەشداربوونى بەدردا.[24]

سەعدى كوڕی مالیكی عوذرى (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی مالیكی عوذریە، وەك ئەندامێكی وەفدى هۆزەكەى چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەمەش لە ساڵی نۆیەمى كۆچی و لە مانگى صەفەردا بوو، هاودەم بەخۆیشی سەلیمی براى بەشدارى ئەو وەفدە بوو.[25]

سەعدى كوڕی موحەممەد(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی موحەممەدى كوڕی مەسلەمەیە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى فەتحى مەككە.

 

سەعدى كوڕی مونذير (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی مونذیرە، لە پشتیوانانە، سەعد دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئایا لە ماوەى سێ رۆژدا هەموو قورئان بخوێنم؟ فەرمووى بەڵێ، ئیتر سەعد تا كاتى مردنى لەو كارەى بەردەوام بوو.[26]

سەعدى كوڕی میدحاس(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی میدحاسە، فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، سەعد دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من علم شيئا فلا يكتمه ومن دمعت عيناه من خشية الله لم يحل له أن يلج النار أبدا إلا تحلة الرحمن ومن كذب علي فليتبوأ بيتا في جهنم)،[27] (هەركەسێك شتێك دەزانێت با نەیشارێتەوە، هەركەسێكیش لە ترسی خوا چاوانى فرمێسك بڕژن بۆی ەوا نیە بچێتە دۆزەخەوە مەگەر تەنها ئەو بینینەى كە خوا بەڵێنی دوە هەموان بیبینن، هەركەسیش درۆ بە دەم منەوە بكات، با شوێنی خۆی لە دۆزەخ دەستنیشان بكات).

سەعدى كوڕی وائیل(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی وائیلە، سەعد دەڵێت لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیست دەیفەرموو (هەركەس شایەتى بدات هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا و موحەممەد نێردراوى خوایە، ئەوە بەهەشتی بۆ هەیە).[28]

سەعدى كوڕی ئەبی سەعد(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی ئەبی سەعدە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود.[29]

سەعدى مەولا (رضي الله عنه)

ناوى سەعدەو خزمەتكارى ئەبووبەكری صدیقە، هەندێ جاریش دەچوو خزمەتى پێغەمبەرى خوایشی (صلى الله عليه وسلم) دەكرد،[30] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەرسام بوو بەو خزمەتەى سەعد بۆ ئەبووبەكر، بۆیە بە ئەبووبەكرى فەرموو ئەی ئەبووبەكر سەعد ئازاد بكە، ئەویش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تەنها ئەومان هەیە، ئەویش فەرمووى (پیاوانت بۆ دێن، پیاوانت بۆ دێن).[31]

سەعد دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دوورەپەرێزی دەكرد لەوەى دوو خورما بلكێنیت پێكەوەو بەیەكەوە بیانخۆیت،[32] واتە دەبێت خورما بە تاك تاك بخورێت.

سەعدى ئەبووصەفیە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی عومەیرەو بە ئەبووصەفییە ناسراوە، دواتر چوو لە بەصرە نیشتەجێ بوو.[33]

سەعدی كوڕی حیببان (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی حیببانى مازنیە، دایكی ناوى هیندی كچی رەبیعەیە، سەعد یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان، دواى وەفاتى پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لەسەردەمى دەوڵەتى ئومەویدا لە رووداوى (الحرة) دا كوژرا.[34]

 



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 65.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 65.

[3] - أسد الغابة، ج2، ص 422.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 65.

[5] - أسد الغابة، ج2، ص 422.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 69.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 70.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 71.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 68.

[10] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5097.

[11] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5097.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 68.

[13] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5355.

[14] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5097.

[15] - سنن سعيد بن منصور، الرقم 2393.

[16] - سنن سعيد بن منصور، الرقم 2392.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 69.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 592.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 592.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 592.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 72.

[22] - أسد الغابة، ج2، ص 432.

[23] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 625.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 77.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 72.

[26] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23377، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5345.

[27] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5367.

[28] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الاصبهاني، الرقم 2851.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 63.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 89.

[31] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2779، صححه الذهبي في التلخيص.

[32] -  سنن ابن ماجة، الرقم 3329، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سن ابن ماجة، الرقم 3332.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 71.

[34] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 50.

 1352
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.