دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  سەعیدى كوڕی عاص(رضي الله عنه)

ناوى سەعیدی كوڕی عاصی كوڕی سەعیدە، لە قورەیشیەكانە لە ئومەویەكان، كونیەكەى ئەبووعوثمانە، دایكی ناوى ئومموكلثومى كچی عەبدوڵایە، ئەم هاوەڵە تاقانەى باوكى بوو، عاصی باوكى بە بێباوەڕی لە غەزاى بەدردا بە دەستی عەلى كوڕی ئەبوو تالیب كوژرا.

سەعید ژنێكی هەبوو بە ناوى ئوممولبەنینی كچی حەكەم كە لەم ژنەى عوثمان و موحەممەد و عومەر و عەبدوڵا و حەكەمى هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئومموحەبیبى كچی جوبەیر بوو كە عەبدوڵاى بچووكى لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى عالیەى كچی سەلەمە بوو كە یەحیا و ئەیووبی لێ هەبوو، ژنێكی تری ناوى جوەیریەى كچی سوفیان بوو كە ئەبان و سەعید و خالید و زوبەیرى لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئومموعەمرى كچی عوثمانى كوڕی عەففان بوو كە عوثمانى بچووك و سەعید و داوود و سولەیمان و موعاویەو ئامینەى لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئومموسەلەمەى كچی حەبیب بوو كە سولەیمانى بچووكى لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى مەریمەى كچی عوثمانى كوڕی عەففان بوو كە سەعیدی لێی هەبوو، لە ئوممو وەلەدێكیشی كوڕێكی هەبو بە ناوى عەنبەسە، لە ئوممووەلەدێكی تری كوڕێكى هەبوو بە ناوى عوتبە و كچێكی هەبوو بە ناوى مەریەم، ژنێكی تری كچی سەلەمەى كوڕی قەیس بوو كە ئیبراهیمی بچووكی لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى عائیشەی كچی جەریر بوو كە جەریر و ئومموسەعیدی لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئومەیمەی كچی عامیر بوو كە رەملەو ئومموعوثمان و ئومەیمەی لێی هەبوو، هەریەك لە حەفصەو عائیشە و ئوموعەمر و ئوممویەیحیا و ئومموحەبیب و ئومموكلثوم و ئومموداوود و ئومموسولەیمان و ئومموئیبراهیم و حەمیدەش كچانى بوون.[1]

جارێك سەعید و عومەرى كوڕی خەططاب پێكەوە بوون، سەعید لایكرد بەو لاوە، عومەر وتى وا دیارە پێت وایە من باوكى تۆم كوشتووە، من نەمكوشتووە، بەڵكو عەلى كوڕی ئەبووطالیب كوشتی، ئەگەریش من بمكوشتایە ئێستا پۆزشم نەدەهێنایەوە بۆ كوشتنى بێباوەڕێك، بەڵام بەم دەستانەى خۆم عاصی كوڕی هیشامم كوشت كە خاڵۆی خۆم بوو، سەعیدیش وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران ئەگەریش تۆ باوكمت بكوشتایە لەسەر حەق بوویت و ئەو لەسەر ناحەق دەبوو، عومەریش بەو هەڵوێستەى سەعید زۆر خۆشحاڵ بوو.[2]

جارێك سەعید هات بۆ لاى عومەرى كوڕی خەططاب و داواى لێكرد زەویەكەى بۆ زیاد بكات، ئەویش وتى نوێژی بەیانیم لەگەڵ بكەو دواتر بیرم بخەرەوە، سەعیدیش وایكرد، دواتر كە عومەر ویستی بڕوات سەعید وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران ئەو پێویستیەی كە فەرمانت پێكردم بیرت بخەمەوە، عومەر وتى ئادەى بەرەو ماڵەكەت بڕۆ، منیش لەگەڵ خۆم بردم تا گەیشتمە ئەوێ، لەوێ پارچە زەویەكەى بۆ زیاد كردم و بە پێی خۆی خەتى بۆ كێشا و وتى هێندەت بەسە.[3]

سەعید زاواى عوثمانى كوڕی عەففان بوو و دوو كچی عوثمان یەك دواى یەك هاوسەری ئەو بوون.[4]

سەعید یەكێك بوو لەو هاوەڵانەى كە عوثمانى كوڕی عەففان رایسپارد بۆ نووسینەوەى قورئان.

كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان وەلیدی كوڕی عوقبەى لابرد، سەعیدى كرد بە والى كووفە، كە چوویە ئەوێ گەنجێك بوو، وتارێكی كورتى پێشكەش كرد بۆ خەڵكەكەو باسی ئەوەى كرد كە ئەو خەڵكی ناوچەیە حەزیان بە دووبەرەكى و ناكۆكی هەیە، بۆیە خەڵكی نارەزاییان دەربڕی و لاى عوثمان سكالآیان لە دژ كرد، عوثمانیش پێشتر دوو كەسی تری گۆڕیبوو بۆیان، بۆیە وتى ئەتانەوێت هەركەس لە ئێوە رەقیەكى لە ئەمیرەكەى بینی بەتەما بێت ئێمەش ئەمیرەكە لابەرین!، دواتر سەعید هاتەوە مەدینە بۆ لاى خەلیفەو جلوبەرگ و شمەكێكی زۆری هێنا بۆ هاوەڵە پشتیوانى و كۆچەریەكان، لەو جلوبەرگانەشی نارد بۆ عەلى كوڕی ئەبووطالیب و عەلیش دیاریەكەى وەرگرت، دواتر سەعید گەڕایەوە بۆ كووفە.[5]

سەعید لە ماوەى والیەتى لە كووفە هێرشی بردە سەر طهبەرستان و فەتحى كرد، هێرشیشی بردە سەر جورجان، گەورە هاوەڵانى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەناو سوپاكەیدا بوون.[6]

سەعید پاش پێنج ساڵ والیەتى كووفە گەڕایەوە بۆ مەدینەو لەو كاتەى ماڵەكەى عوثمانى كوڕی عەففان گەمارۆ درا، سەعید لە ماڵی خەلیفە بوو و بەرگرى لێدەكرد.[7]

لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا سەعید كەنارى گرت لە فیتنەى نێوان هاوەڵان و هەرچەندە سەر بە بنەماڵەی ئومەوى بوو بەڵام ئامادە نەبوو لە ریزی موعاویەدا دژ بە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب بجەنگێت، بەڵكو لە هەردوو لاوە هیچ بەشداریەكى نەكرد،[8] بەڵكو لەو ماوەیەدا لە مەككە مایەوە تا هەردوو جەنگى جەمەل و صفین روویاندا.[9]

پاش ئەوەى عومەرى كوڕی خەططاب مرد، ئومموكلثومى كچی عەلى كوڕی ئەبووطالیب بێوژەن كەوت، سەعید داواى كرد و سەد هەزاریشی بۆ نارد، ئەوەبو حوسەینی كوڕی عەلى هاتە ژوورەوەو وتى نابێت شووی پێ بكات، حەسەن وتى من مارەى دەكەم لێی، كە سەعید هات، وتى ئەى ئەبووعەبدوڵا كوا؟ حەسەن وتى من لێرەم لەبری ئەویش، سەعید وتى لەوانەیە ئەو پێی خۆش نەبێت، حەسەن وتى بەڵێ، سەعید گەڕایەوەو ئومموكلثومى بەهاوسەر نەگرت و هیچ لە پارەكەشی وەرنەگرتەوە.[10]

لە سەردەمى موعاویەشدا سەعید والى مەدینە بوو،[11] بەڵام سەعید هەرچیەك لە بەیتولمالدا بوو هەمووی بەخشی و هیچی نەهێشتەوەو هەمووى دابەش كرد بەسەر خەڵكدا، موعاویەش لەسەر ئەوە لایبرد و وتى چۆن دەبێت بەیتولمال هیچی تێدا نەمێنێت.[12]

لە ساڵی چل و نۆ یان ساڵی پەنجاو یەكى كۆچیدا سەعید سەرپەرشتی حەجى موسڵمانانى كرد.

سەعید دەیوت دڵەكان دەگۆڕدرێن، بۆیە جوان نیە كەسێك ئەمڕۆ وەسفی كەسێك بكات و سبەینێ تانەى لێ بدات.

هەروەها دەیوت گاڵتە وگەپ لەگەڵ پیاوماقووڵدا مەكە تا رقت لێ هەڵنەگرێت، گاڵتە وگەپ لەگەڵ كەسی سووكیش مەكە با كەم تەماشات نەكات.[13]

سەعید كەسێكی زۆ ناسراو و بەخشندەو چاكەكار بوو، هەركەس داواى شتێكی لێ بكردایە پێی دەبەخشی، تەنانەت جار هەبوو هیچی بە دەستەوە نەبوو و كەسێ دەهات داواى شتێكی لێدەكرد، ئەویش لە نامەیەكدا بۆی دەنووسى چی هاتە دەست پێی ببەخشێت، كاتێك مرد نزیكەى هەشتا هەزار دینار قەرزار بوو و عەمرولئەشدەقی كوڕی هەموو قەرزەكەى بۆ دایەوە.[14]

جارێك سەعید بە شەقامەكاندا دەگەڕا، تینووی بوو، داواى ئاوى كرد لە ماڵێك، كە كەوتنە قسە كابرا باسی ئەوەى كرد لەبەر قەرزارى خانووەكەى دەفرۆشێت، سەعیدیش چوار هەزارى پێدا.[15]

سەبارەت بە كاتى مردنى هاتووە لە كۆشكەكەى خۆی لە ناوچەى عەقیق و لە ساڵی پەنجاو سێی كۆچیدا وەفاتى كرد،[16] كاتێك وەفاتى كرد تەمەنى پەنجاو نۆ ساڵ بوو.[17]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 30-31.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 31.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 31.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 30.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 32.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 107.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 446.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 445.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 446.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 446.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 107.

[12] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 447.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 108.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 108.

[15] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 447.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 108.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 448.

 1470
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.