دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  سەعیدی كوڕی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى سەعیدی كوڕی عامیری قوڕەیشی جومەحیە، لە هاوەڵە ناسراوەكانە، دایكی ناوى ئەرواى كچی ئەبی موعيطه.[1]

سەعید پێش فەتحى خەیبەر موسڵمان بوو و كۆچی كرد بۆ مەدینەو فریاى غەزاى خەیبەر كەوت و  تیایدا بەشدارى كرد، دواتریش لە غەزاكانى تردا بەشدارى كرد.[2]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب خەلیفە بوو، سەعیدی بانگ كرد و وتى من دەتكەم بە والى فلآنە ناوچە، ئەویش وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران ئایا دەكرێت بمبووریت تا نەیكەم؟ عومەر وتى بەخوا وازت لێ ناهێنم، ئێوە منتان خستە ئەم ئەركەوەو ئێستاش تەنهام دەخەن؟! ئینجا وتى با مووچەیەكت بۆ ببڕمەوە، سەعید وتى لەو بەشەی هەمبووە بەشی پێویستت بۆ بڕیومەتەوە، هەموو جار كە وەك خەڵكی تر مووچەكەى خۆی وەردەگرت دەچوو شمەكى بۆ خانەوادەكەى دەكڕی و ئەوەی لێی دەمایەوە دەیكرد بە خێر، ژنەكەى پێی دەوت ئەی ئەوەى مایەوە چیت لێكرد؟ ئەویش دەیوت داومە بە قەرز، خەڵكێك هاتن بۆ لاى و وتیان ژنەكەشت مافی هەیە بەسەرتەوە و خزمانیشت مافیان هەیە بەسەرتەوە، ئەویش وتى من لەبەر ئەوان دواڕۆژی خۆم نافەوتێنم، من بیستوومە لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (يجمع الناس للحساب فيجيء فقراء المؤمنين فيزفون كما يزف الحمام فيقال لهم قفوا عند الحساب فيقولون: ما عندنا من حساب ولا سمونا، فيقول لهم ربهم جل وعلا: صدق عبادي، فيفتح لهم باب الجنة فيدخلونها قبل الناس بسبعين عاما[3] (خەڵكی كۆدەكرێنەوە بۆ لێپێچینەوە، ئینجا هەژارانى باوەڕداران دێن و وێنەى كۆتر دەردەچن، پێیان دەوترێت راوەستن تا لێپێچنەوە دەكرێن، ئەوانیش دەڵێن ئێمە هیچ لێپێچینەوەو ناوهێنانمان نیە، پەروەردگاریش پێیان دەفەرموێت بەندەكانم راست دەكەن، ئیتر دەرگاى بەهەشتیان بۆ دەكرێتەوەو حەفتا ساڵ پێش خەڵك دەچنە ناو بەهەشتەوە).

جارێك سەعیدی كوڕی عاص لە ئەركەكەیەوە گەڕایەوە بۆ سەردانى خەلیفە عومەرى كوڕی خەططاب، كە گەیشتە لاى، خەلیفە بە داردەستەكەى دەستی لێیدا، سەعید وتى لافاوت پێش بارانت كەوت، ئەگەر سزامان بدەیت خۆڕاگر دەبین و ئەگەریش لێبوردە بیت سوپاس گوزار دەبین، عومەر وتى ئەوە ئەركی موسڵمانە، باشە بۆ خەراج دوادەخەیت؟ سەعید وتى تۆ فەرمانت پێكردوین زیاد لە چوار دینار لە جووتیاران وەرنەگرین، ئێمەش وامان كردووە، بەڵام ماوەیەك بۆ یارمەتی ئەوان درەنگتر لێمان وەرگرتون، عومەر وتى دەى تا من ماوم لەو پۆستەت لات نابەم.[4]

سەعید لە شام سەرقاڵی ئەو ئەركەى بوو كە خەلیفە عومەرى كوڕی خەططاب پێی راسپاردبوو، ئەویش والیەتى حیمص و دەوروبەری بوو،[5] بەڵام ماوەى نیو ساڵ لەوێ والی بوو،[6] لە ساڵی بیستى كۆچیدا لەوێ وەفاتى كرد،[7] هەریەك لە ساڵەكانى نۆزدەو بیست و یەكیش بۆ ساڵی وەفاتى هاتووە.[8]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 110.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 110.

[3] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 3227.

[4] - الاموال للقاسم بن سلام، رقم الحديث 100.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 269.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 110.

[7] - المستدرك على الصحيحينن الرقم 5219.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 110.

 1383
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.