دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (سەلەمە) بووە - بەشی دووەم

سەلەمەى كوڕی مەسعوود(رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی مەسعوودى كوڕی سینانە، لە پشتیوانانە، لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوو.[1]

سەلەمەى كوڕی موعاویە(رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی موعاویەی كوڕی وەهبی كیندیە، وەك وەفد چووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[2]

 

سەلەمەى كوڕی میلاء  (رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی میلائى جوهەنیە، یەكێكە لە بەشداربوانى فەتحى مەككە، لەو غەزایەدا لەناو سوپاكەى خالیدی كوڕی وەلیددا بوو، بەڵام ئەو شارەزاى رێ نەبوو، بۆیە رێی لێ تێكچوو و كەوتە بۆسەی بێباوەڕانەوەو شەهید كرا.[3]

سەلەمەى كوڕی نوعەیم (رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی نوعەیمى ئەشجەعیە، خۆیشی و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوون.

سەلەمە دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من لقی الله لا یشرك بە شیئا دخل الجنة، و إن زنى و إن سرق)،[4] (هەركەس بگاتەوە بە خواو هیچ هاوەڵێكی بۆ بڕیار نەدابێت دەچێتە بەهەشتەوە، با زینایشی كردبێت و دزیشی كردبێت).

سەلەمە دەڵێت لەگەڵ خالیدی كوڕی وەلید بەشدارى جەنگى یەمامەم كرد، كە چووینە مەیدانى جەنگەكەوە، یەكێك لەوانم بریندار كرد، كە كەوتە زەوى وتى خوایە لە سەر میللەتى تۆ و پێغەمبەرەكەت، من دوورم لەوەى موسەیلەمەى لەسەرە، منیش پەتێكم بەستەوە بە قاچیەوە و لەگەڵ خەڵكەكە چووم، دواتر كە گەڕامەوە وتم كێ ئەم كابرایە دەناسێت؟ خەڵكێكی یەمەن دایان بەڵامدا و وتیان ئەوە كابرایەكى موسڵمانى یەمەنە، ئینجا لە سەردەمى عومەردا گەڕامەوە بۆ مەدینە، ئەو بەسەرهاتەم بۆ گێڕایەوە، ئەویش وتى باشت كرد، بڕۆ خۆت و هۆزەكەت دەبێت خوێن بایی بدەن و دەبێت كۆیلەیەكى باوەڕداریش ئازاد بكەیت.[5]

سەلەمەى كوڕی نوفەیل(رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی نوفەیلی كیندیە، سەلەمە چەند فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.

سەلەمە دەڵێت لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبووین كە سروشی بۆ دادەبەزى، فەرمووى (إني غير لابث فيكم، ولستم لابثين بعدي إلا قليلا، وستأتوني أفنادا، يفني بعضكم بعضا، وبين يدي الساعة موتان شديد، وبعده سنوات الزلازل[6] (من لەنێوتاندا نامێنمەوە، ئێوەش زۆر دواى من نامێننەوە، ئێوەش بە لەناوچوون دێنەوە بۆ لام، یەكدی لەناو دەبەن، بەر لە رۆژی دوایی مەرگى سەخت هەیە، دواى ئەوە ساڵانى بومەلەرزە دێن).

سەلەمەى كوڕی هیشام (رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی هیشامى كوڕی موغیرەی مەخزوومیە، براى ئەبووجەهلە، كونیەكەى ئەبووهاشیمە، ئەم هاوەڵە پێچەوانەى براكەى یەكێكە لەو كەسانەى كە زۆر زوو موسڵمان بوو، بەڵام بێباوەڕان ئەویان بەند كردبوو و نەیاندەهێشت كۆچ بكات بۆ مەدینەو زۆر ئازار و ئەشكەنجەشیان دەدا، ماوەیەكى زۆر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە نوێژەكانیدا نزاى بۆ ئەو و چەند كەسێكی تر دەكرد تا خوا رزگاریان بكات.[7]

دایكی سەلەمە ناوى ضباعەى كچی عامیرە.[8]

بەپێی گێڕانەوەیەك سەلەمە سەرەتا كۆچی كردووە بۆ ەبەشە، دواتر لە حەبەشە گەڕاوەتەوە بۆ مەككەو ئەوكات لەوێ بەند كراوەو ئیتر نەیانهێشتووە كۆچ بكات بۆ مەدینە.[9]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كۆتا ركاتدا نزاى دەكرد(خوایە عەییاشی كوڕی ئەبی رەبیعە رزگار بكە، خوایە سەلەمەى كوڕی هیشام رزگار بكە، خوایە وەلیدی كوڕی وەلید رزگار بكە، خوایە باوەڕدارە بێدەسەلآتەكان رزگار بكە، خوایە خەشمت بۆ سەر موضهر توند بكە،  خوایە وێنەى وشكە ساڵی سەردەمى یووسفیان تووش بكە).[10]

ئەوەبوو سەلەمەو عەییاش و وەلید دەرچوون و خەڵكێ لە قوڕەیش كەوتنە شوێنیان، بەڵام نەیانتوانى بیانگرن، لە نیوەی رێدا پەنجەیەكى وەلید قرتا و خوێنی لێهات و بەو هۆیەوە مرد.[11]

گەیشتنی سەلەمە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پاش غەزاى خەندەق بوو، واتە تا ئەو كاتە لە مەككە بەند بوو.[12]

سەلەمە یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى موئتە، خەڵكی تانەیان دەدا لەوانەى لە موئتە بەشدار بوون و بە راكردوان ناویان دەبردن، بۆیە جار هەبوو سەلەمە نەدەچوو بۆ مزگەوت بۆ ئەوەی خەڵكێك واى پێ نەڵێن.[13]

سەلەمە پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ شام و لەوێ سەرقاڵی جیهاد بوو تا لە ساڵی چواردەى كۆچیدا لە جەنگى مرج الصفردا شەهید بوو، رایەكیش دەڵێت لە جەنگى ئەجنادەیندا شەهید بوو.[14]

 

سەلەمەى كوڕی ئەبی سەلەمە(رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی ئەبی سەلەمەیە، دایكی ناوى ئومموسەلەمەیە كە دواى وەفاتى باوكى سەلەمە، ئومموسەلەمە شووی كرد بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئیتر سەلەمە لە ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەورە بوو و مایەوە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواتر ئومامەى كچی حەمزەى لە سەلەمە مارە كرد، ئەوكات هەردووكیان تازەپێگەیشتووبوون، بەڵام هێندەى نەبرد ئومامە كۆچی دوایی كرد، سەلەمە پاش وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە سەردەمى ئومەویەكاندا كۆچی دوایی كرد.[15]

سەلەمەى كوڕی یەزید(رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی یەزیدی جوعفیە، دواتر لە كووفە نیشتەجێ بوو.[16]

سەلەمە دەڵێت خۆم و براكەم چووینە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دایكمان لە سەردەمى نەفامیدا رێزی میوانى دەگرت و پەیوەندى خزمایەتى هەبوو، ئایا ئەو كارەى هیچ سوودێكی پێدەگەیەنێت؟ فەرمووى (نا)، سەلەمە وتى جا دایكمان كاتى خۆی لە سەردەمى نەفامیدا ئافرەتێكی زیندەبەچاڵ كرد كە هێشتا باڵغ نەبووبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (الموئودة و الوائدة في النار، إلا أن تدرك الوائدة الإسلام[17] (زیندەبەچاڵ كراو و زیندە بەچاڵ كەریش هەردووكیان لە دۆزەخن، مەگەر زیندە بەچاڵ كەرەكە گەیشتبێت بە ئیسلام و موسڵمان بووبێت).

مەسەلەى چوونە بەهەشت یان دۆزەخى ئەو مندالآنەى كە دایك و باوكیان بێباوەڕ بوون و خۆیشیان بێباوەڕ بوون و هێشتا نەگەیشتوونەتە تەمەنى باڵغ بوون و مردون، قسەی زۆری لەسەرە، بەڵام راى دروست و راست ئەوەیە ئەوانە شوێنیان بەهەشتە، لەبەرئەوەى تا تەمەنى باڵغ بوون تاوان لەسەر بەندە نانووسرێت، سەبارەت بە بێباوەڕبوونى دایك و باوكیشیان خواى گەورە لەسەر خراپەی كەسی تر سزاى كەس نادات (لا تزر وازرة وزر أخرى).

شوعەیب ئەرنائووط لە بارەى ئەم فەرموودەوە دەڵێت: لە دەقەكەیدا نەشیاوى و نارەوایی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ئەو كچەی زیندەبەچاڵ دەكرێت و نەگەیشتووەتە تەمەنى باڵغى دەچێـتە دۆزەخەوە، ئەمە لە كاتێكدا چەندین دەقی شەریعەت هەن دەیسەلمێنن ئەو كەسەی باڵغ نەبووە هیچ ئەركێكی لەسەر دانەنراوە، لاى توێژەرانى ئەهلى عیلمیش راى دروست و وەرگیراو ئەوەیە كە ئەو مندالآنەى بێباوەڕان كە پێش باڵغ بوون دەمرن دەچنە بەهەشتەوە.[18]

وائیلی حەضرەمى دەڵێت سەلەمەى كوڕی یەزید پرسیارى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەگەر سەركردەگەلێكی وامان هەبوون داواى مافمان لێ بكەن كەچی مافی ئێمە نەدەن، فەرمان دەكەیت چی بكەین؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدایەوە، هەمدى پرسیارى كرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رووى وەرگێڕا، جارى سێیەم كە پرسیارى كرد ئەشعەثى كوڕی قەیس رایكێشایە ئەملاوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (اسمعوا و أطيعوا، فإنما عليهم ما حملوا و عليكم ما حملتم[19] (گوێڕایەڵ و پابەند بن، چونكە ئەوان ئەوەی لەسەریان دانراوە لەسەریانەو ئەوەش لەسەر ئێوە دانراوە لەسەرتانە).

 

سەلەمەى كوڕی ئەسلەم (رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی ئەسلەمە، لەپشتیوانانە لە ئەوسیەكان، كونیەكەى ئەبووسەعیدە،[20] دایكی ناوى سوعادى كچی رافیعە.[21]

سەلەمە چەند خوشكێكی هەبوو بە ناوەكانى لوبابەو سەلما و سوهەیمە و ئوممورەبیع كە هەموویان هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون و بەیعەیان پێدابوو.[22]

سەلەمە یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر،[23] لەو غەزایەدا شمشێرەكەى سەلەمە شكا، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دارێكی دایە دەستى و فەرمووى بەوە بجەنگە، ئیتر بوو بە شمشێرێكی چاك و بەردەوام جەنگى پێدەكرد تا سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططاب بەدەستیەوە مایەوە.[24]

سەلەمە دواتر لە ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد.[25]

لە غەزاى خەندەقدا كە موسڵمانان خەریكی لێدانى خەندەق بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەند كەسێكی بە سوپاوە راسپارد تا پارێزگارى شارەكە بكەن، لەوانە سەلەمەى كوڕی ئەسلەم بە دووسەد كەسەوە پارێزگارى لە شارەكە دەكرد.[26]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دواى رووداوى بەنى نەضير سەلەمەى هاودەم بە عەمرى كوڕی ئومەییە نارد تا ئەبووسوفیان بكوژن،[27] چونكە پێشتر ئەبووسوفیان بە دەستەیەكى قوڕەیشیەكانى وتبوو كەسێك نیە بتوانێت موحەممەد تیرۆر بكات؟ چونكە وا ئەو بە بازاڕدا پیاسە دەكات، ئەوەبوو كابرایەكى زۆر دڵرەقی دەشتەكى ئامادە بوو تیرۆری بكات، كە هاتە مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەو  كابرایە دەیەوێت ناپاكى بنوێنێت، ویستى هێرش ببات بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئوسەیدی كوڕی حوضهیر رێی پێ گرت و ویستی بیكوژێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرفەتى نەدا، كابرا دانى نا بە تاوانەكەیدا و وتى كە چۆن هاتووە، ئینجا موسڵمانیش بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی ئومەییەو سەلەمەى كوڕی ئەسلەمى نارد تا ئەگەر دەرفەتیان بۆ بوو ئەبووسوفیان بكوژن، ئەوەبوو چوونە مەككەوەو عەمر شەو تەوافی كەعبەى دەكرد كە موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان ئەوی بینی و هەواڵی دا بە قوڕەیش، ئەوانیش وتیان عەمر نیازى چاك نیە، خێرا عەمر و سەلەمە گەڕانەوە بەرەو مەدینە.[28]

هەروەها سەلەمە یەكێك بوو لە ئەندامانى سوپاكەى ئوسامەى كوڕی زەید.[29]

سەلەمە دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى جیسر ئەبی عوبەیددا شەهید بوو،[30] لەو كاتەدا تەمەنى شەست و سێ ساڵان بوو.[31]

سەلەمەى كوڕی ئەسوەد(رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی ئەسوەدى كوڕی شەجەرەی كیندیە، وەك وەفد هاودەم بە علسی براى هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[32]

 

سەلەمەى كوڕی ئومەییە(رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی ئومەییەى كوڕی خەلەفى جومەحیە، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لەسەر موتعە بەردەوام بوو تا ئەوەی خەلیفە عومەر هۆشیارى كردەوە لە حەرامى ئەو هاوسەرگیریە.[33]

 

سەلەمەى كوڕی ئومەییەى تەمیمی (رضي الله عنه)

ناوى سەلەمەى كوڕی ئومەییەی كوڕی ئەبی عوبەیدەى تەمیمیە، براى یەعلاى كوڕی ئومەییەیە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.

سەلەمە هاودەم بە یەعلاى براى بەشدارى غەزاى تەبووك بوو.[34]

 



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 153.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 154.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 154.

[4] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17931، صححه شعيب الأرناؤوط.

[5] - مشكل الآثار للطحاوي، الرقم 5227.

[6] - صحيح ابن حبان، الرقم 6886، صححه شعيب الأرناؤوط.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 155.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 130.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 130.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 975، صحيح مسلم، الرقم 1118، صحيح ابن خزيمة، الرقم 592، صحيح ابن حبان، الرقم 2010، سنن أبي داود، الرقم 1243،

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 133.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 130.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 155.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 155.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص149.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 156.

[17] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 11199، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15618.

[18] - تعليقات على مسند أحمد بن حنبل.

[19] - صحيح مسلم، الرقم 3522، سنن الترمذي، الرقم 2176.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 142.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 446.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 333.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 142.

[24] -الإعتقاد للبيهقي، الرقم 283.

[25] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 446.

[26] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 67.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 142.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 94.

[29] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 190.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 142.

[31] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 446.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 143.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 143.

[34] - السنن الكبرى لنسائي، الرقم 6754.

 1340
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.