دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان بە پیتی (س) دەستپێدەكات و زانیاری لەسەریان كەمە - بەشی سێیەم

 

سولەیمى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى سولەیمەو لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، جارێك سولەیم هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە دەخەوین ئینجا موعاذی كوڕی جەبەل دێت بۆ لامان، لە رۆژیشدا لە كاتى كارماندا كە كاتى نوێژ دێت، دێت و نوێژێكی زۆر دوورودرێژمان پێ دەكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (يا معاذ بن جبل، لا تكن فتانا، إما أن تصلي معي، و إما أن تخفف على قومك)، (ئەى موعاذى كوڕی جەبەل خەڵك لە دین رامەفڕێنە، یان نوێژ لەگەڵ من بكە، یان نوێژت بۆ هۆزەكەت كورت بێت)، پاشان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەی سولەیم چەندە قورئانت لەبەرە؟)، وتى من داواى بەهەشت لە خوا دەكەم و پەنا بە خوا دەگرم لە دۆزەخ، بەخوا من جوان ئاوازى تۆ و موعاذیش نازانم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (مەگەر ئاوازى من و موعاذیش هەر بۆ بەهەشت نیە و پەنا بەخوا ناگرین لە دۆزەخ؟!)، پاشان سولەیم وتى خوا بیەوێت سبەینێ كە جەنگ روویدا دەبینن، ئەوەبوو سبەینێ خەڵكی چوون بۆ غەزاى ئوحود و سولەیمیش چوو و تیایدا شەهید بوو و دواتر تەرمەكەى لەناو شەهیدەكاندا بوو.[1]

 

سولەیمی مەولاى عەمر (رضي الله عنه)

ناوى سولەیمەو خزمەتكارى عەمرى كوڕی جەمووحە، كاتێك غەزاى ئوحود روویدا، عەمر ویستی بەشدارى غەزاى ئوحود بێت، خزمەتكارەكەشی كە ناوى سولەیم بوو ویستی بەشدارى بكات، عەمر وتى بگەڕێرەوە بۆ ماڵەوە، سولەیم وتى چی دەبێت منیش لەگەڵت بەشدار بم و خێرم دەست بكەوێت، ئەوەبوو عەمر رازى بوو، سولەیم بەشدارى كرد و جەنگا تا شەهیدبوو.[2]

سومەیدیع(رضي الله عنه)

ناوى سومەیدیعى كینانیە، كاتێك خالیدی كوڕی وەلید چوو بۆ بەنى كینانە و هەڵە لە پەیامى ئەوان تێگەیشت و كەوتە كوشتاریان، مێرمنداڵێك لەوان كە ناوى سومەیدیع بوو هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەى بۆ گێڕایەوە.[3]

 

سومەیری كوڕی حوصەین (رضي الله عنه)

ناوى سومەیری كوڕی حوصەینی كوڕی حارثه، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا كاربەدەستی عومەرى كوڕی  خەططاب بوو، هەر لە سەردەمى عومەردا كۆچی دوایی كرد.[4]

سومەیری كوڕی زوهەیر (رضي الله عنه)

ناوى سومەیری كوڕی زوهەیرى جەسریە، سومەیر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەلەمەى كوڕی زوهەیری برام دەرچوو تا كۆچ بكات بۆ لات، كەچی لەلایەن كاروانێكی بەنی غیفارەوە كوژرا، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) غیفاریەكانى بانگ كرد، ئەوانیش روونكردنەوەى خۆیان دا.[5]

 

سومەيطى بەجلى (رضي الله عنه)

ناوى سومەيطى بەجلیە، فەرموودەی لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، سومەیگ دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من رابط يوما في سبيل الله أو ليلة كان كعدل شهر صيامه و قيامه)،[6] (هەركەس شەوێك یان رۆژێك لە پێناو خوادا سەنگەرنشینی بكات، وەك مانگێك رۆژووى رۆژ و شەونوێژی شەوەكانى پاداشتی بۆ هەیە).

سومەیكەى كچی جوبار (رضي الله عنها)

ناوى سومەیكەی كچی جوبارى كوڕی صەخرە، سومەیكە چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[7]

 

سومەییەى شەهید(رضي الله عنها)

ناوى سومەییەى كچی خباطه، هاوسەری یاسر و دایكی عەممارى كوڕی یاسرە، حەوتەم كەس بوو كە موسڵمان بووو یەكەم شەهیدی ناوى ئیسلام بوو.[8]

سومەییە خزمەتكارى ئەبووحوذەیفە بوو، ئەبووحوذەیفە سومەییەی مارە كرد لە یاسر، چونكە هاوپەیمانى لەنێوانیاندا هەبوو.[9]

هەریەك لە سومەییە و یاسری هاوسەرى و عەمماری كوڕی لە یەكەمین موسڵمان بووەكان بوون.[10]

كاتێك سومەییە موسڵمان بوو، ئەبووجەهل لەسەر موسڵمانبوونەكەى زۆر ئازارى دەدا، جلى ئاسنینی دەكردە بەرى و لەبەر گەرماى مەككەدا سزاى دەدا.

كاتێك یاسر و سومەییە و عەممار لەسەر ئیسلامەتییان سزا دەدران، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (صبرا يا آل ياسر، موعدكم الجنة[11] (خۆڕاگر بن ئەى خێزانى یاسر، وادەتان بەهەشتە).

سومەییە ئافرەتێكى پیری بە تەمەنى لاواز بوو.[12]

جارێك ئەبووجەهل كە سزاى سومەییەی دەدا، هات و بە خەنجەرێك داى لە سكی و شەهیدی كرد.[13]

لە جەنگى بەدردا كە ئەبووجەهل كوژرا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە عەممارى فەرموو (خوا بكوژەكەى دایكتى كوشت).[14]

سونبولەى كچی ماعیز(رضي الله عنها)

ناوى سونبولەى كچی ماعیزە، لە پشتیوانانەو موسڵمان بووەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[15]

سوهەیمەى كچی ئەسلەم (رضي الله عنها)

ناوى سوهەیمەی كچی ئەسلەمە، خوشكی سەلەمەى كوڕی ئەسلەمە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[16]

سوهەیمەی كچی عومەیر (رضي الله عنها)

ناوى سوهەیمەی كچی عومەیرەو لە پشتیوانانە،[17]سوهەیمە هاوسەری روكانە بوو، روكانە ژنەكەى تەلآق دا.[18]

روكانە دەڵێت لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) ژنەكەم بە یەكجارەكى تەلآق دا، چووم لەو بارەوە پرسیارم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد، فەرمووى مەبەستت بەوە چی بوو؟ وتم مەبەستم یەك تەلآق بوو، فەرمووى توخوا؟ وتم بەخوا، فەرمووى دەى بەپێی نیازەكەتە،[19] روكانە دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا بۆ جارى دووەم ژنەكەى تەلآق دا، لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففانیشدا بۆ جارى سێیەم تەلآقی دا.[20]

سوهەیمەی كچی مەسعوود(رضي الله عنها)

ناوى سوهەیمەی كچی مەسعوودە، لە پشتیوانانە و هاوسەری جابیری كوڕی عەبدوڵایە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[21]

سیابەى كوڕی عاصم (رضي الله عنه)

ناوى سیابەى كوڕی عاصمی سولەمیە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و فەرموودەى لێوە گێڕاوەتەوە.[22]

سیباعى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى سیباعە، سەبارەت بە ناوى باوكى هەریەك لە زەید و یەزید هاتووە.

ئەم هاوەڵە وەك ئەندامێكی وەفدى عەبەسیەكان چووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش ئالآیەكى دایە دەستیان.[23]

 

سیباعى كوڕی عورفوطه(رضي الله عنه)

ناوى سیباعى كوڕی عورفوطهى غیفاریە، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چووبوو بۆ غەزاى خەیبەر ئەم هاوەڵەی وەك بەرپرسی مەدینە دانابوو تا بگەڕێتەوە، كاتێك ئەبوو هورەیرە موسڵمان بوو و بەرەو مەدینە هات، سەیری كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوێ نیە و سیباع بەرپرسی مەدینە بوو، ئەوەبوو سیباع بەرنوێژی دەكرد بۆ موسڵمانانى مەدینەو ئەبووهورەیرەش لە دوایەوە نوێژی كرد.[24]

سیدان (رضي الله عنه)

ناوى سیدانەو كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، سیدان دەڵێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەیشتە لاى ئەهلى قەلیب-گۆڕستان بوو- فەرمووى ئەی ئەهلى قەلیب گەیشتن بەوەى كە پەروەردگارتان بەڵێنی پێدابوون؟ هاوەڵان وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆچی ئەوان دەبیستن؟ فەرمووى وەك چۆن ئێوە دەبیستن ئەوانیش دەبیستن، بەڵام وەڵام نادەنەوە.[25]

سیدرەى خزمەتكار (رضي الله عنها)

ناوى سیدرەیە و خزمەتكارى ضباعەى كچی زوبەیرە، ئەم ئافرەتە خواردنى بردووە بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[26]

سیراجی تەمیمی (رضي الله عنه)

ناوى سیراجە كۆیلەى تەمیمی داریە، كونیەكەى ئەبووموجاهیدە،[27] سەرەتا ناوى فەتح بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا سیراج، ئەم هاوەڵە لە بنەڕەتدا خەڵكی یەمەنە.[28]

كاتێك تەمیم هات پێنج كۆیلەى پێ بوو كە یەكێكیان سیراج بوو، سیراج هەستا مزگەوتەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بە چرا رووناك كردەوەو پەتى هێنا و لە هەر لایەكەوە چرایەكى هەڵواسی، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات فەرمووى كێ ئەوەى كردووە، تەمیم وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەم كۆیلەى من، فەرمووى ناوى چیە؟ وتى ناوى فەتحە، فەرمووى بەڵكو ناوى سیراجە، دواتر پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) داواى لە تەمیم كرد ئەو كۆیلانەى پێبفرۆشێت تا ئازادیان بكات، تەمیمیمش وتى دەى ئەوە خۆم ئازادم كردن ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[29]

 

سیرین (رضي الله عنها)

ناوى سیرینەو خەڵكی میصرەو پوورى ئیبراهیمی كوڕی پێغەمبەرە(صلى الله عليه وسلم).

ماریەو سیرین خوشكی یەك بوون، ماریە ئەو كەنیزەكە بوو كە لەگەڵ سیرینى خوشكیدا مقوقسی پاشاى ئەسكەندەریە(میصر) پێشكەشی پێغەمبەرى خواى كردن، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ماریەى بۆ خۆی هێشتەوەو سیرینیشی دا بە حەسانى كوڕی ثابتى شاعیری،[30] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر  ماریەى خۆشدەویست.[31]

سیرین پووری ئیبراهیم بوو، عەبدورەحمانى كوڕی حەسانیش پوورزاى ئیبراهیم بوو،[32] ئیبن عەبدولبەر عەبدوڵاى كوڕی حەسانى هێناوە كە لە سیرین بووەو پوورزاى ئیبراهیمە.[33]

بەڵام لە چەند گێڕانەوەى تردا هاتووە كە سیرین دایكی عەبدوڕەحمانى كوڕی حەسسانە و عەبدوڕەحمانیش فەرموودەى لە سیرینی دایكیەوە گێڕاوەتەوە.[34]

سیرین دەڵێت كاتێك ئیبراهیم لەسەرەمەرگدا بوو، من و خوشكەكەم دەمانقیژاند و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێگری لێدەكردین.[35]

سیموەیه(رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵە ناوى سیموەیهە، سەرەتا مەسیحی بوو، بۆ بازرگانى هاتە مەدینە و لەوێ موسڵمان بوو.[36]

سیموەیه دەڵێت چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە دەمیەوە فەرموودەی ئەوم بەم گوێیانەم بیست، لە بەلقائەوە گەنممان برد بۆ مەدینەو لەوێ فرۆشتمان و ویستمان خورماى مەدینە بكڕین، ئامادە نەبوون پێمان بفرۆشن، هاتینە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەمان بۆ باسكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بەوانەى ئامادە نەبوون خورمامان پێ بفرۆشن تا خورمامان پێ بدەن.[37]

سیموەیه زۆر ژیا و تەمەنى گەیشتە نزیكەی سەد و بیست ساڵ.[38]

سییانى كووفى (رضي الله عنه)

ناوى سییانەو هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا بەرپرسی بەندیخانەى كووفە بوو.[39]

 



[1] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20173، قال شعيب الأرناؤوط صحيح لغيره.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 171.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 184.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 185.

[5] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 14866.

[6] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص 325.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 407.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 712.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 136.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 712.

[11] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5626، قال الألباني  في فقه السيرة (1/111) حديث حسن صحيح.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 712.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7،ص 712.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 264.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7،ص 715.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 717.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 718.

[18] - أسد الغابة، ج2، ص 281.

[19] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2739.

[20] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2740، سنن أبي داود، الرقم 1899، ضعفه الالباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2206.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 718.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 233.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 28.

[24] - صحيح ابن حبان، الرقم 4928، صححه شعيب الأرناؤوط.

[25] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6559.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 694.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 38.

[28] - أسد الغابة، ج3، ص 393.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 38.

[30] - أسد الغابة ج1ص62.

[31] - الاستيعاب ج1 ص55، أسد الغابة ج1ص63.

[32] - سير أعلام النبلاء،ج5ص64، أسد الغابة ج1ص62.

[33] - الاستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1 ص59.

[34] - أسد الغابة، ج7، ص 175.

[35] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 7063.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 237.

[37] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6569.

[38] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6569.

[39] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 235.

 1521
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.