دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (شورەحبیل) بووە

شورەحبیلی كوڕی حەسەنە(رضي الله عنه)

ناوى شورەحبیلی كوڕی عەبدوڵایە، بەڵام بە كوڕی حەسەنە ناسراوە كە حەسەنە دایكی بووە، كونیەكەى ئەبووعەبدوڵایە.[1]

حەسەنەى دایكی دواتر شووی كرد بە كابرایەكى پشتیوانى بەناوى سوفیان، ئیتر شورەحبیلیش لەوێ دەژیا، لە سەرى دایكیەوە دوو براى هەبوو بە ناوەكانى جابیرو جونادە.[2]

شورەحبیل زۆر زوو موسڵمان بوو و هاودەم بە دوو براكەى كۆچیان كرد بۆ حەبەشە، لەوێ مانەوە تا دواتر گەڕانەوە بۆ مەدینەو لەوێ ژیان.[3]

كاتێك نەججاشی ئومموحەبیبەی لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مارە كرد، بە شورەحبیلدا ئومموحەبیبەی گەیاندەوە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[4]

شیفا ْ دەڵێت جارێك چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى یارمەتیم لێكرد، ئەویش پۆزشی دەهێنایەوە كە هیچی لا نیە، منیش سەركۆنەم دەكرد، ئینجا كاتى نوێژ هات و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ نوێژ، منیش چووم بۆ لاى كچەكەم كە ژنی شورەحبیل بوو، دەبینم شورەحبیل لە ماڵەوەیە، وتم كاتى نوێژەو تۆ نەچویت بۆ مزگەوت و لە ماڵەوە دانیشتویت؟ كەوتمە سەركۆنەكردنى، ئەویش وتى پوورێ گیان، سەركۆنەم مەكە، تەنها جلێكم هەبوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە كاتى لێی وەرگرتین، شیفا ْ دەڵێت منیش وتم بە دایك و باوكمەوە بەقوربانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بم، ئەوە حاڵی بوو و منیش لە بەیانیەوە سەركۆنەم دەكرد.[5]

شورەحبیل لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكر و عومەری كوڕی خەططابیشدا سەركردایەتى بەشێك لە سوپاى دەكرد لە شام، لە خیلافەتەكەى عومەردا شورەحبیل والى بەشێكى شام بوو تا ئەوەى بە هۆی بلآوبوونەوەى نەخۆشی طاعوون لە شام لە ساڵی هەژدەى كۆچی و لە تەمەنى شەست و حەوت ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.[6]

كاتێك عومەر ویستی شورەحبیل لە پۆستەكەى لاببات، شورەحبیل وتىئەی عومەر بڵێ لەسەرچی لامدەبەیت؟ چی تووڕەی كردویت؟ عومەر وەڵامى دایەوە، نا لە تووڕەییەوە نیە، بەڵكو كەسی لە تۆبەهێزترمان بەدیكرد، بۆیە نەمانویست لاى خوا تاوانبار بین، شورەحبیل وتى دەی لاى خەڵك روونی بكەرەوە، عومەریش چوویە سەر مینبەر و وتى ئێمە شورەحبیلی كوڕی حەسەنەمان كرد بە بەرپرس و دواتریش بێ ئەوەى لێی تووڕەو بێزار بین لامانبرد، تەنها لەبەرئەوەى كەسی لەو بەهێزترمان بینی، بۆیە لامانبرد تا لاى خوا تاوانبار نەبین.[7]

جارێك شورەحبیل بیستی عەمرى كوڕی عاص وتى طاعوون پیسیەو دوور بگرن لێی، شورەحبیل كە ئەوەى بیست وتى من كاتێك هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم عەمر لە گوێدرێژەكەى ماڵەوەى گومڕاتر بوو، ئەم نەخۆشیە رەحمەتى پەروەردگارتان و نزاى پێغەمبەرەكەتان و مەرگى پیاوچاكانى پێشینتانە، بۆی خڕبنەوەو بلآوەى لێ مەكەن، كە عەمر ئەوەى بیستەوە، وتى راست دەكات.[8]

شورەحبیلی كوڕی غەیلان (رضي الله عنه)

ناوى شورەحبیلی كوڕی غەیلانى كوڕی سەلەمەیە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووە، یەكێك بوو لەو پێنج كەسەی كە هەواڵی موسڵمانبوونى ثهقەفیەكانیان برد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، شورەحبیل لە ساڵی شەستی كۆچیدا وەفاتى كرد.[9]

شورەحبیلی كوڕی ئەوس(رضي الله عنه)

ناوى شورەحبیلی كوڕی ئەوسە، شورەحبیل دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەگەر كەسێك مەی خواردەوە جەلدى لێبدەن، دواتر ئەگەر هەمدى مەى خواردەوە جەلدی لێبدەن، ئەگەر هەمدى مەى خواردەوە جەلدى لێبدەن، ئەگەر جارى چوارەم مەى خواردەوە بیكوژن).[10]



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 591.

[2] - أسد الغابة، ج2، ص 591.

[3]- أسد الغابة، ج2، ص 591.

[4] - سنن أبي داود، الرقم 1815، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5357، المستدرك على الصحيحين، الرقم 2672، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2107.

[5] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 595.

[6] - أسدالغابة، ج2، ص 592.

[7] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 29956.

[8] - صحيح ابن حبان، الرقم 3003، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 332.

[10] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 8192 ، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17713، قال شعيب الأرناؤوط صحيح لغيره و هذا إسناد حسن.

 1317
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.