دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئابی لەحم (رضي الله عنه):

ئابى لەحم یەكێكە لەو هاوەڵانەى زۆر زوو موسڵمان بوون،[1] سەر بە هۆزى غیفارە،[2]غیفاریەكانیش لە پێش موسڵمان بوونیاندا لە ناوچەكەدا ناوبانگێكى باشیان نەبوو،  چونكە كەسانێكیان تێدا بوون بە چەتەو رێگر ناسرابوون،[3] بەڵام بڕێ كەسی زۆر مەرد و چاكیشیان تێدا بوو، یەكێك لەوانەش ئابی لەحم بوو.

سەبارەت بە ناوى ئەم هاوەڵە چەند رایەك هاتووە، ئیبن خەیاط دەڵێت ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەبدولمەلیكە، هەروەها دەڵێت دەشوترێت ناوى خەلەفی كوڕی عەبدولمەلیكى كوڕى عەبدوڵاى كوڕى غیفارە.[4]

ئین عەبدولبەر چوار ناوى هێناوە كە سەبارەت بەم هاوەڵە هێنراون (عەبدوڵاى كوڕی عەبدولمەلیك، خەلەفی كورى عەبدولمەلیك، حوەیرثى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی خەلەفی كورى عەبدولمەلیك، عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی مالیك).[5]

ئابى لەحم لە ناو هۆزى غیفاردا كەسێكى ناسراو و بەناوبانگ بوو،[6] هەرچەندە غیفاریەكان ناوبانگێكی باشیان نەبوو، بەڵام ئابی لەحم كەسێكی رێزدار و چاك بوو، هەروەها گۆشتێكی نەدەخوارد كە لەسەر سەكۆی بتەكان سەردەبڕا.[7]

سەبارەت بەوەى بۆچی پێی وتراوە ئابی لەحم دوو را هەیە، رایەكیان دەڵێت چونكە گۆشتى نەخواردووە،[8] بۆچوونێكیش دەڵێت چونكە هیچ كات ئامادە نەبووە گۆشتێ بخوات كە لەسەر سەكۆى بەردەم بتەكان سەربڕاوە،[9] راى دووەمیش لە راستتر دەچێت، واتە گۆشتى حەلآڵی خواردووە و تەنها گۆشتێكى نەخواردووە كە بۆ بتەكان سەربڕابێت، چونكە لە گێڕانەوەیەكى عومەیری مەولایدا هاتووە كە ئابى لەحم داواى لێكردووە گۆشتى بۆ نیوەبرژاو بكات و هەڵیبگرێ[10]، بەڵام عومەیر هەژارێكى بینی و بەشی دا،[11]جا ئەگەر ئابى لەحم گۆشتى نەخواردایە چ پێویستى ئەكرد گۆشت بهێنێت و ئەو داوایەش لە عومەیر بكات.

ئابی لەحم لە ناوچەی غیفار لە گوندى صەفرا دادەنیشت،[12] ئەو گوندە دەكەوتە نێوان دوو شاخەوە، ئابی لەحم شاعیرێكى دیارى ناو هۆزەكەشی بوو.[13]

ئابی لەحم كۆیلەیەكى هەبوو كە ناوى عومەیر بوو،[14] چاكەى لەگەڵ ئەو كۆیلەیدا زۆر بوو، لەگەڵ خۆیدا كۆیلەكەشی موسڵمان بووبوو.

ئابی لەحم لەگەڵ عومەیرو چەند كەسێكى تردا  پێكەوە كۆچیانكرد بۆ مەدینە، عومەیر دەڵێت كاتێك نزیك بووینەوە لە مەدینە گەورەكەم و هاوڕێكانم جێیانهێشتم، تووشی برسێتیەكى زۆر بووم، چوومە باخێك و دوو هێشوو خورمام لێكردەوە، خاوەن باخەكە هات و بردمى بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پرسیارى لێكردم چیم و چی ئەكەم و بۆچی وامكرد؟ منیش حاڵ و مەسەلەكەم بۆ باسكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم كام لەو دوو هێشووە خورمایەت لا باشترە؟ منیش وتم ئەوەیان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە خاوەن باخەكە ئەو هێشووە خورماكەى تریان ببات و دەستبەردارى من بێت.[15]

عومەیری مەولاى ئابى لەحم دەڵێت جارێكیان پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) لاى (أحجار الزیت) لە نزیك زەوراوە بینى بە پێوە وەستابوو، نزاى  باران بارینی دەكرد و دەستەكانى تا رێكی سەری بەرزكردبوویەوەو ناولەپی دەستى رووكردبوویە دەموچاوى خۆی و نزاى دەكرد.[16]

عومەیر دەڵێت: جارێكیان ئابی لەحم بڕێ گۆشتى هێنایەوە و داواى لێكردم بۆى نیوەبرژاو بكەم و هەڵیبگرم، منیش سەرقاڵی بەجێگەیاندنى داواكەى بووم، لەو كاتەدا هەژارێك هات و منیش دڵم بۆی سووتا  و كەمێكم بەش دا، دوایی ئابی لەحم بەوەى زانى لەسەر ئەوەى بێ پرسی ئەو كارى وامكردووە لێیدام، منیش چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەم بۆ باس كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئابی لەحمى فەرموو بۆچی لێتدا؟ ئەویش وتى بە بێ مۆڵەتى خۆم خواردنى منى داوە بە خەڵك، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى پاداشتەكەى بۆ هەردووكتانە.[17]

ئابی لەحم لە جەنگى خەیبەردا بەشدارى كرد،[18] خەیبەر ئەو قەلآیەى جوولەكەكان بوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانى هێرشیان بردەسەر.

ئابی لەحم كە بەشدارى جیهادى دەكرد، لەگەڵ خۆیشیدا رێی دەدا بە عومەیر تا بەشدارى بكات، عومەیر دەڵێت منیش لەو جەنگەدا بەشداریم كرد، دواتر كە جەنگەكە تەواو بوو و غەنیمەت كۆكرایەوە، چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داوام لێكرد بەشی منیش لەو غەنیمەتە بدات، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشی لەو غەنیمەتە بۆ دانەنام، بەڵكو لەو كەلوپەلەى ناوماڵ كە دەستكەوت بوو بەشی دام.[19]

ئابی لەحم دواتر هەر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو تا فەتحى مەككەش كرا، ئینجا بەشدارى غەزاى حونەینی كرد، لەگەڵ خۆیشیدا عومەیری برد تا ئەویش بەشدار بێت،[20] ئینجا خۆی لە حونەیندا شەهید بوو.[21]



[1] - الاستيعاب ج1 ص135, أسد الغابة ج1ص57.

[2] - الطبقات لابن خياط ج1 ص32، أسد الغابة ج1ص57، الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص15، الاستيعاب ج1 ص135.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 3355، صحيح مسلم، الرقم 4709.

[4] - الطبقات لابن خياط ج1 ص32.

[5] - الاستيعاب ج1 ص135.

[6] - الاستيعاب ج1 ص135.

[7] - أسد الغابة ج1ص57.

[8] - معرفة الصحابة لإبن منده، ص175، الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص15، الاستيعاب ج1 ص135.

[9] - أسد الغابة ج1ص57.

[10]- كاتى خۆی واكراوە كە گۆشتەكە بە تەنكى پارچە پارچە كراوەو خراوەتە سەر بەردى گەرم ئیتر دواتر هەڵگیراوە، واكراوە بۆ ئەوەى گۆشتەكە هەڵگرن و بیپارێزن لە خراپ بوون.

[11]- معجم الصحابة ج2ص228،  الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص15.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص15.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص15.

[14] - معجم الصحابة ج2ص228، الاستيعاب ج1 ص135.

[15] - معجم الصحابة ج2ص228.

[16]-  رواه أحمد 16163 و 21382  و الترمذي511  و والطبرانى 6578 و أبو داود 1019 و 1023 و الشافعى 1414 و النسائي في السنن الكبرى 1812 و ابن أبي شيبة 698، و جاء في المستدرك على الصحيحين1154. صححه الألبانى في صحيح أبوداود، الرقم 1059، وفي صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 1514.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص15، معجم الصحابة ج2ص228.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2ص114،

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2ص114،

[20] - الاستيعاب ج1 ص135.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة ج1ص15، الاستيعاب ج1 ص135، أسد الغابة ج1ص57.

 2245
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.