دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  طه لحەى كوڕی بەڕراء (رضي الله عنه)

ناوى طهلحەى كوڕی بەڕرائی كوڕی عومەیرەیە، لە پشتیوانانە.[1]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە، طهلحە تازە پێگەیشتبوو، دەچوو خۆی دەنووساند بە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) و قاچی ماچ دەكرد،[2] دەیوت ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چۆنت پێ خۆشە فەرمانم پێ بكە، لە قسەت دەرناچم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پێكەنى و فەرمووى (بڕۆ باوكت بكوژە)، خێرا طهلحە چوو تا بیكوژێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو من نەنێردراوم بۆ پچڕاندنى پەیوەندی، پاش ماوەیەك طهلحە نەخۆش كەوت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ سەردانى، سەرمایەكى سەختى زستان بوو، كاتێك ویستی جێی بهێڵێت، بە ژنەكەى طهلحەى فەرموو (وا دەبینم مەرگ یەخەى بە طهلحە گرتووە،جا هەواڵم پێ بدەن تا ئامادەی بم و نوێژی لەسەر بكەم، پەلەشی تیا بكەن)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەگەیشتە لاى بەنى سالیم كە طهلحە مرد و شەو بەسەردا هات، طهلحەش وتبوی ئەسپەردەم بكەن و بمگەیەننەوە بە پەروەردگارم، پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) بانگ مەكەن، چونكە دەترسم جوولەكە دەستى خۆیانى پێ بگەیەنن و بەهۆی منەوە تووشی شتێك بێت، رۆژ بوویەوە ئینجا هەواڵ درا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، خێرا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو تا لەسەر گۆڕەكەى وەستا، خەڵكی ریزیان بەست و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خوایە وا پێشوازى لە طهلحە بكە كە بۆی پێبكەنیت و بۆت پێبكەنێت).[3]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە، طهلحە چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى دەستت بكەرەوە تا بەیعەتت پێبدەم،  پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى تەنانەت ئەگەر فەرمانتپێ بكەم پەیوەندیت لەگەڵ دایكت بپچڕێنیت؟ وتى نا، دواترهەمدى هاتەوەو وتى دەستت بكەرەوە تا بەیعەتت پێبدەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى لەسەرچی؟ وتى لەسەر ئیسلام، فەرمووى ئەگەر تەنانەت فەرمانت پێ بكەم پەیوەندیت لەگەڵ دایكت بپچڕێنیت؟ وتى نا، بۆ جارى سێیەم هەمان شت دووبارە بوویەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەى طهلحە لە ئایینی ئێمەدا پچڕاندنى پەیوەندى نیە، بەڵام حەزم كرد هیچ گومانێك لە ئایینتدا نەمێنێت، طهلحە زۆر بە چاكى موسڵمان بوو، دواى ماوەیەك طهلحە نەخۆش كەوت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ سەردانى و تەماشای كرد لەهۆش خۆی چووە، فەرمووى (بڕوام وایە ئەمشەو طهلحە دەمرێت، جا ئەگەر هاتەوە هۆش بنێرن بە شوێنمدا)، ئەوەبوو لە نێوەندى شەودا طهلحە هاتەوە هۆش، وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەهات بۆ سەردانم؟ وتیان با، پێیان وت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی فەرمووە، طهلحە وتى مەنێرن بە شوێنیدا نەوەك شتێ بیگەزێت یان تووشی شتێك بێت، بەڵام ئەگەر رۆژ بوویەوە، سەلامى منى پێ بگەیەن و بڵێن داواى لێخۆشبوونم بۆ بكات، دواتر مرد، كاتێك بەیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی بەیانى كرد، هەواڵی طهلحەى پرسی، هەواڵیان پێدا وەفاتى كردووەو وتیان چی وتووەو داواى چی كردووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستەكانى بەرزكردەوەو فەرموى (خوایە وا پێشوازى بكە كە بۆ تۆ پێبكەنێت و تۆیش بۆی پێبكەنیت).[4]



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 80.

[2] - أسد الغابة، ج3، ص 80.

[3] - المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 8328، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 3485.

[4] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 8043.

 1229
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.