دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەبانى كورى سەعید(رضي الله عنه):

ئەبانى كوڕی سەعید خەڵكى مەككە بوو و لە بنەماڵەى ئومەویەكان بوو،[1] ناوى تەواوى بریتیە لە ئەبانى كورى سەعیدی كوڕی عاصى كوڕی ئومەییە،[2] باوكى یەكێك بوو لە گەورە ناودارەكانى قورەیش،[3]  ئەبان حەوت براى هەبوو، سێ لەو برایانەى بە بێباوەڕی مردن، چواریشیان گەیشتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و بە موسڵمانى مردن،[4] برایەكى ناوى ئوحەیحە بوو كە لە جەنگى فیجاردا كوژرا،[5] عاص و عوبەیدەش كە دوو براى تری بوون لە جەنگى بەدر بە بێباوەڕی بە دەستى موسڵمانان كوژران، عەلى كوڕی ئەبوو تالیب عاصی كوشت و عوبەیدەش بە دەستى زوبەیر كوژرا.[6]

خالید و عەمر كە دوو براى ترى بوون، هەر زوو لە مەككە موسڵمان بوون،[7] حەكەمى برایشی دواتر موسڵمان بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوەكەى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڵا.[8]

دایكیشی ناوى هیندى كچی موغیرەى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی عومەرە، دەشوترێ نەخێر دایكی ناوى صەفیەى كچی موغیرە بووە كە پوورى خالیدى كوڕی وەلیدە،[9] بەڵام لە گێڕانەوەكەى ئیبن خەیاطهوە دەردەكەوێ باوكى چەند ژنێكى هێناوە، صەفیە دایكی ئەبان بووە، هیند دایكی هەریەك لە عەمرو حەكەم بووە، لوبەینەى كچی خەببابیش دایكى خالید بووە.[10]

ئیبن حەجەرى عەسقەلانى دەڵێت ژنەكەى ئەبان ناوى فاطيمهى كچی صەفوانى كینانیە،[11] بەڵام هەریەك لە ئیبن عەبدولبەرو ئیبنولئەثير ئەو ئافرەتە بە ژنى عەمر واتە براژنى ئەبان ناو دەبەن.[12]

ئەبان لە مەككە كەسێكى بەرچاو بوو و سەرقاڵی كارى بازرگانى بوو و بۆ كارى بازرگانى زوو زوو دەچوو بۆ شام.[13]

هەرچەندە هەریەك لە عەمر و خالیدی براى هەر زوو موسڵمان بوون،[14] بەڵام ئەبان بە بێباوەڕی مایەوە، ئەبان بەوە نارەحەت بوو و بێزارى خۆی بەرامبەر موسڵمانبوونیان دەردەبڕی و بە شیعرێك سەركۆنەى كردن، عەمری برایشی بە نەرمونیانى بە شیعرێك وەڵامى دایەوەو پێی راگەیاند كە كارەكەیان باشە.[15]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى دا بە موسڵمانان كۆچ بكەن بۆ حەبەشە، ئەو دوو برایەى لە گەڵ موسڵمانانى تردا كۆچیان كرد بۆ حەبەشە[16] و لەوێ مانەوە تا كاتى فەتحى خەیبەر، ئەوكات لەگەڵ جەعفەرى مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوون بۆ مەدینە.[17]

ئەبان لەسەر بێباوەڕی مایەوە و لە جەنگى بەدردا دژ بە موسڵمانان جەنگى كرد،[18] لەو جەنگەدا دوو براى كوژران، عەلى كوڕی ئەبوو طالیب عاصی كوشت و عوبەیدەش بە دەستى زوبەیر كوژرا.[19]

بەڵام خوا رەحمى كرد بە ئەبان و لەو جەنگەدا بە سەلامەتى دەرچوو و گەڕایەوە بۆ مەككە و لەوێ بەردەوام سەرقاڵی كارى بازرگانى بوو.

سەبارەت بە موسڵمان بوونى دوو راى جیاواز هەیە، رایەكیان پێی وایە لە رێككەوتنى حودەیبیە موسڵمان بووە،[20] بۆچوونێكی تر دەڵێت لە جەنگى خەیبەردا موسڵمان بووە.[21]

راى یەكەم باس لەوە دەكات لە یەكێك لە سەفەرەكانى ئەبان بۆ شام لەوێ چاوى دەكەوێت بە راهیبێك و لەگەڵى دادەنیشێت، پرسیارى لێدەكات و دەڵێت: لەناو ئێمەدا لە ناو قورەیش كەسێك دەركەوتووە بانگەشەى ئەوە دەكات گوایە پێغەمبەرى خوایەو خوا پەیامێكى وەك پەیامەكەى مووساو عیساى پێدا ناردووە، راهیبەكە وتى ناوى چیە؟ وتى ناوى موحەممەدە، راهیبەكە وتى من وەسفی ئەو پێغەمبەرە و تەمەن و رەچەڵەكیت بۆ ئەكەم، كە راهیبەكە وەسفەكانى كرد، ئەبان وتى خۆیەتى، راهیبەكە وتى دەى سوێند بەخوا زاڵ ئەبێت بەسەر هەموو عەرەبداو دواتر بەسەر هەموو زەویشدا زاڵ ئەبێت، بە ئەبانى وت سەلامى من بگەیەنە پێی، ئەبان كە گەڕایەوە مەككە باسی ئەو مەسەلەى كرد و هەواڵی پێغەمبەر و هاوەڵانى پرسی، دواتر لە كاتى رێككەوتنى حودەیبیە دواى پێغەمبەر كەوت و موسڵمان بوو.[22]

كاتێ موسڵمانان بە هاودەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەڕێكەوتن بۆ عومرە و بێباوەڕان بەریان پێگرتن، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عوثمانى كوڕی عەففانى نارد تا بچێت بۆ مەككە و لەگەڵ بێباوەراندا وتوێژ بكات،[23] كاتێ عوثمان چوو بۆ مەككە ئەبان پەناى داو بەرپرسیارێتى پاراستنى عوثمانى گرتە ئەستۆی خۆی، عوثمانى سوارى ئەسپەكەى خۆی كرد و وتى بە بێترس بە كوێی مەككەدا دەگەڕێیت بگەڕێ.[24]

خالید و عەمر كە براى ئەبان بوون، هەواڵیان نارد بۆ ئەبان و بانگهێشتیان كرد بۆ ئیسلام و داوایان كرد بچێت بۆ مەدینە، ئەبانیش كۆچی كرد بۆ مەدینە و لەوێوە چوو بۆ خەیبەر و لەوێ موسڵمان بوونى خۆی راگەیاند،[25] ئەمەش راى دووەمە لەسەر موسڵمان بوونى ئەبان.

جا دەكرێت هەردوو بۆچوونەكە وا بگونجێنین: ئەو قسانەى راهیبەكە هۆكار بووبن تا دواتر ئەبان قسەى براكانى وەربگرێت و لە خەیبەردا موسڵمان بێت، ئەگەرنا بە هەواڵ ناردنێكى ئەوان چۆن خێرا موسڵمان دەبێت لە كاتێكدا ئەوان پێشتر زۆر هەوڵیان لەگەڵ دابوو.

دواتر ئەبان لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێزى زۆرى لێدەگیراو جێی متمانەى بوو چونكە موسڵمان بوونەكەى راستگۆیانە بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبانى كردە پێشەنگى سریەیەك بەرەو نەجد،[26] هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە عەلائی كورى حەضرەمى كردبوو بە والى بەحرەین، عەلائى لەو كارە لابرد و ئەبانى لە شوێنیدا دانا[27]و تا وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبان لەو پۆستەدا مایەوە،[28] بەڵام كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد ئەبان زۆر دڵتەنگ بوو، بۆیە كاتێ خەلیفە ئەبووبەكر داواى لێكرد لەسەر ئەو پۆستە بمێنێتەوە ئەبان رازى نەبوو و وتى دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كارى والیەتى بۆ هیچ كەس ناكەم.[29]

ئەبان سەرەتا دواكەوت لە بەیعەتدان بە خەلیفە ئەبووبەكر، بەڵام دواتر لەگەڵ موسڵمانان بەیعەتى پێدا[30]و چووە مەیدانى جیهادەوە تا شەهید بوو.

سەبارەت بە شەهیدبوونەكەشی راجیایی هەیە، چوار بۆچوون لەو بارەیەوە هەن، رایەكیان پێی وایە لە سەردەمى خەلیفە ئەبووبەكرو لە جەنگى ئەجنادەین شەهید بووە،[31] راى دووەم دەڵێت لە جەنگى یەرمووكدا لە پێنجى رەجەبی ساڵی 15ى كۆچی شەهید بووە،[32] رایەكى تر پێی وایە لە جەنگى مەرج صوففەردا شەهید بووە،[33] راى چوارەم پێی وایە ئەبان مایەوە تا لە نووسینەوەى قورئانی پیرۆز لە سەردەمى خەلیفە عوثماندا یارمەتى زەیدی دا و دواتر لە ساڵی 29ى كۆچیدا وەفاتى كرد.[34]

بۆچوونى دروست ئەوەیە هەریەك لە ئەبان و خالیدی برای پێكەوە لە سەنگەرى جیهاد و لە یەك رۆژدا شەهید بون.[35]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص15، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص62.

[2] - الطبقات لابن خياط ج1ص10، أسد الغابة، ج1ص58، معجم الصحابة ص66.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص16.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص62-63.

[5] - أسد الغابة، ج1ص60.

[6] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص62.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص16.

[8] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص63.

[9] - أسد الغابة، ج1ص58.

[10] - الطبقات لابن خياط ج1ص11.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص16.

[12] - أسد الغابة، ج7ص246، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج3ص1177.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج1ص261.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص16.

[15] - أسد الغابة، ج1ص58

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص16.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج1 ص261.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص16.

[19] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص62.

[20] - أسد الغابة، ج1ص59.

[21] - سير أعلام النبلاء، ج1ص261.

[22] - أسد الغابة، ج1ص59.

[23] - البداية والنهاية، ج4ص164-167.

[24] - أسد الغابة، ج1ص59، سير أعلام النبلاء، ج1ص261.

[25] - سير أعلام النبلاء، ج1ص261.

[26] - أسد الغابة، ج1ص59.

[27] - سير أعلام النبلاء، ج1ص264.

[28] - أسد الغابة، ج1ص60.

[29] - أسد الغابة، ج1ص60.

[30] - أسد الغابة، ج1ص60.

[31] - سير أعلام النبلاء، ج1ص261.

[32] - الطبقات لابن خياط ج1ص10.

[33] - أسد الغابة، ج1ص60.

[34] - أسد الغابة، ج1ص60.

[35] - سير أعلام النبلاء، ج1ص261.

 2103
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.