دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عائیشەی كچی ئەبووبەكر (رضي الله عنها) - بەشی دووەم

رووداوى ئیفك

رووداوى ئیفك لە غەزاى مورەیسیعدا لە ساڵی پێنجەمى كۆچیدا روویدا، ئەوكات عائیشە تەمەنى دوانزە ساڵان بوو.[1]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەركات بیویستایە لە مەدینە دەربچێت تیروپشكی دەكرد بۆ هاوسەرەكانى و یەكێك لە هاوسەرەكانى لەگەڵ خۆی دەبرد، لە غەزاى مورەیسیعدا عائیشە ناوى دەرچوو.[2]

عائیشە خۆی وردەكارى رووداوەكە باس دەكات و دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەركات بیویستایە دەربچێت تیروپشكی دەكرد بۆ هاوسەرەكانى و یەكێك لە هاوسەرەكانى لەگەڵ خۆی دەبرد، ئەوەبوو لە غەزایەكدا ناوى من دەرچوو، ئەمەش دواى دابەزینی ئایەتى حیجاب بوو، منیش لەناو كەژاوەیەكدا بووم، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە غەزاكە بوویەوەو بەرەو مەدینە كەوتەوەڕێ، كە لە مەدینە نزیك بووینەوە، پاش حەوانەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى دەرچوونى دەركرد، منیش بە پیادە كەمێك لە سوپاكە دووركەوتبوومەوە بۆ پێویستیەكم، كە تەواو بووم هاتمەوە بەرەو لاى كاروانەكە، دەستم دا لە سنگم دەبینم گەردەنبەندەكەم پچڕاوە، بۆیە گەڕامەوە بۆى، ئەوە دواى خستم، تا هاتمەوە ئەوانەى كەژاوەكەی منیان هەڵگرتبوو كەژاوەكەیان خستبوویە سەر وشترەكەو وایانزانیبوو من تیایدام، ئەوكات ئافرەتان كێشیان كەم بوو و قەڵەو و قورس نەبوون، چونكە تەنها بەشی نەمانى برسێتی نانیان دەخوارد، بۆیە سووكى كەژاوەكەیان لا نامۆ نەبووبوو، كەوتبوونەڕێ، كە گەردنبەندەكەم دۆزیەوە گەڕامەوە، دەبینم كەس لەوێ نیە، چوومەوە هەمان شوێن كە تیایدا بووم و وتم دەگەڕێن بە دوامدا و دێنەوە بە شوێنمدا، دانیشتم تا ئەوەى خەو زۆری هێنا بۆ چاوەكانم و خەوم لێكەوت، صەفوانى كوڕی موعەططهلى سولەمى  لە دواى سوپاكەوە بوو، كە گەیشتە لاى من، تارمایی كەسێكی خەوتووى بینی، هات بۆ لام، ئەو پێش دابەزینی ئایەتى حیجاب منی دیبوو، كە وشترەكەى مۆڵ دا بێدار بوومەوە، صەفوان دەستی دانا تا قاچ بخەمە سەری و سەر وشترەكە كەوتم، ئیتر منی بردەوە تا گەیشتینەوە لاى كاروانەكە، ئەوان لە قرچەی نیوەڕۆدا لایاندابوو كە ئێمە گەیشتینە لایان، یەكەم كەس بەزمى بوهتانەكەى نایەوە عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی كوڕی سەلوول بوو، كە چووینەوە مەدینە ماوەى یەك مانگ من بەو دەردەوە –بوهتان بۆ كردن- مامەوەو باسی ئەو رووداوە بنێشتە خۆشەی دەمى ئەوانە بوو كە بڕوایان وابوو تووشی تاوان بوم، ئەوەى زیاتر منی دەترساند، ئەوەبوو ئەو نەرمونیانەى پێشتر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەمدى لەو ماوەدا لێم نەدەبینی، دەهاتەوە ماڵەوەو سەلامى دەكرد و دواتر دەیفەرموو (ئافرەتەكە چۆنە؟) منیش هیچم نەدەزانى تا لەو نەخۆشیەی تووشم بووبوو چاك بوومەوە، ئەوكات لەگەڵ ئومموميسطهح دەرچووین بۆ دەست بەئاو گەیاندن كە تەنها بە شەویش دەردەچووین، ئەوكات هێشتا لەپاڵ ماڵدا سەرئاو نەبوو، دەچووین بە رێدا كە پێی گیر بوو لە جلەكەى، وتى لەناوچێت ميسطهح، وتم خراپت وت قسە بە بەشداربوویەكى بەدر دەڵێیت؟ ئەویش وتى هۆو خاتوون مەگەر گوێت لە قسەی ئەو خەڵكە نەبووە؟ ئینجا قسەو باسەكەى بۆ گێڕامەوە، ئیتر هێندەى تر نەخۆش كەوتم، كە گەڕامەوە ماڵەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە ماڵەوەو سەلامى كرد و فەرمووى (ئافرەتەكە چۆنە؟)، وتم مۆڵەتم بدە بچمەوە بۆ لاى دایك و باوكم، چونكە دەمویست بچمەوە بۆ لایان و دڵنیا بم لەوەى بیستوومە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى دام و منیش چوومەوە ماڵەوەو بە دایكم وت ئەو خەڵكە چی دەڵێت؟ ئەویش وتى كچە شیرینەكەم بارى خۆت قورس مەكە، بەخوا هەر ئافرەتێكی جوان لاى پیاوێ بێت كە خۆشی بوێت و ئافرەتەكە هەوێی زۆری هەبێت، هەر هێرشی دەكەنە سەر،  منیش وتم سوبحانەلآ، خەڵكی وا دەڵێن؟! ئیتر ئەو شەوە تا بەیانى فرمێسك لە چاوانم نەوەستا و خەو نەچووە چاوم، بۆ بەیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبووطالیب و ئوسامەى كوڕی زەیدی بانگ كرد و راى ئەوانى وەرگرت، چونكە هێشتا سروش لەو بارەوە دانەبەزیبوو، راى ئەوانى وەرگرت ئایا لە من جیابێتەوە یان نا؟ ئوسامە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە خێزانتە و بەخوا تەنها خێر و چاكەى لە بارەوە دەزانین، عەلیش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خوا بارت تەنگ و سەخت ناكات و ئافرەتی تریش جگە لەو زۆرن، پرسیاریش بكە لە خزمەتكارەكە ئەو وەڵامى راستت پێ دەدات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەریرەی بانگ كرد، فەرمووى (ئەی بەریرە ئایا هیچت لە عائیشە دیوە كە جێی گومانت بێت؟) بەیرە وتى سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە تاكە شتێك لەم ئافرەتە دیومە ئەوەیە كە تەمەنى زۆر كەمەو كە هەویر دەشێلرێت بە دەم هەویرەكەوە خەوى لێدەكەوێت، پەلەوەر دێت و هەویرەكە دەخوات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەر ئەو رۆژە هەستا و لەنێو هاوەڵانیدا فەرمووى(من يعذرني من رجل بلغني أذاه في أهلي، فوالله ما علمت على أهلي إلا خيرا، وقد ذكروا رجلا ما علمت عليه إلا خيرا، وما كان يدخل على أهلي إلا معي)، (كێ پۆزشم بۆ وەردەگرێ لە كەسێ كە پێم گەیشتووە بە خراپە باسی خێزانەكەمى كردووە، دەى سوێند بەخوا من هەر چاكەى خێزانەكەم دەزانم-واتە چاكەم لێ دیوە- ئەوانە باسی پیاوێكیان كردووە كە بەس خێرو چاكەى لە بارەوە دەزانم، بەتەنها لەگەڵ خۆیشمدا هاتووە بۆ لاى خێزانەكانم)، سەعدى كوڕی موعاذ هەستاو وتى ئەى پێغەمبەرى خوا بەخوا من ئەوەت بۆ دەكەم، ئەگەر لە ئەوسیەكان بێت دەدەین لە ملى، ئەگەریش لەناو برا خەزرەجیەكانماندا بێت فەرمانمان پێبكەیت فەرمانت بەجێدەگەیەنین، سەعدى كوڕی عوبادە كە گەورەى خەزرەجیەكان بوو و پیاوێكى چاك بوو بەڵام دەمارگیری گرتى، هەستاو وتى سوێند بەخوا درۆ دەكەیت نایكوژیت و ئەوەشت پێ ناكرێت، ئوسەیدی كوڕی حوضهیریش هەستا و وتى سوێند بەخوا درۆ دەكەیت، ئێمە دەیكوژین، تۆ دووروویت و سەبارەت بە دووروان مشتومڕ دەكەیت، هەردوو دەستەى ئەوس و خەزرەج هەستان و خەریكبوو بكەونە وێزەى یەكتر، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە لەسەر مینبەر بوو دابەزى و هێورى كردنەوە تا بێدەنگ بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بێدەنگ بوو و منیش ئەو رۆژە هەر دەگریام، بۆ بەیانى دایك و باوكم هاتن بۆ لام، لە كەنارمەوە دانیشتبوون كە من دەگریام، لەو كاتەدا ئافرەتێكی پشتیوانان داواى مۆڵەتى هاتنەژوورەوەى كرد، منیش مۆڵەتم دا، ئەویش هات دانیشت و لەگەڵم دەستی كرد بە گریان، لەو حاڵەدا بووین كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە ژوورەوەو لە دوور منەوە دانیشت، چونكە لەو رۆژەوەى ئەو قسانە كرابوو لە كەنار منەوە دانەدەنیشت، ماوەى مانگێك بوو خوا سروشی دانەبەزاندبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شایەتومانى فەرموو و دواتر فەرمووى (يا عائشة، فإنه بلغني عنك كذا وكذا، فإن كنت بريئة فسيبرئك الله، وإن كنت ألممت بذنب، فاستغفري الله وتوبي إليه، فإن العبد إذا اعترف بذنبه ثم تاب تاب الله عليه)، (ئەی عائیشە ئاواو ئاوام لەبارەتەوە بیستووە، ئەگەر پاكیت ئەوە خوا پاكیت دەسەلمێنێت، ئەگەریش تووشی تاوانێك بویت ئەوەى داواى لێخۆشبوون لە خوا بكەو تەوبە بكە، چونكە بەندە ئەگەر دانى نا بە تاوانیدا و دواتر تەوبەی كرد ئەوە خوا لێی خۆش دەبێت)، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمایشتەكەى تەواو بوو فرمێسك لە چاوانم بڕا، بە باوكم وت تۆ لە بری من وەڵامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)  بدەرەوە، ئەویش وتى بەخوا نازانم چی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڵێم، وتم دەى دایكە تۆ لە بری من وەڵام بدەرەوە، ئەویش هەمان شتی وت، وتم بەخوا دەزانم ئێوە قسەی ئەو خەڵكەتان بیستووە و بڕواتان بە قسەی ئەوان كردووە، ئەگەر پێتان بڵێم من پاكم بڕوام پێ ناكەن، خواش خۆی دەزانێت من بێتاوانم، ئەگەریش بڵێم شتی وامكردووە بڕوام پێدەكەن لەكاتێكدا خوا دەزانێت من شتی وام نەكردووە، نموونەى من و ئێوە هەروەك بەسەرهاتەكەى باوكى یووسفە كە فەرمووى(فصبر جمیل والله المستعان على ما تصفون)، ئینجا چووم بۆ ناو جێگەكەم و دەپارامەوە خوا پاكیم نیشان بدات، بەڵام بەخوا هەرگیز گومانیشم نەدەبرد كە لە بارەمەوە سروش دابەزێت، خۆم زۆر بە كەمتر لەوە دەزانى قورئان لە بارەمەوە بدوێت، بەڵام هیوام وابوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەوێك بینێت كە تیایدا خوا پاكى من بسەلمێنێت، بەخوا كەس لەو كۆڕە نەچوویە دەرەوە تا سروش دابەزى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەو بارى نارەحەتیەى لە سروشدا تووشی دەبوو تووشی بوو، لەو رۆژە باراناویەدا عارەقەى نێوچاوانى دەتوت مرواریە، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قورسی سروشی لەسەر لاچوو، پێدەكەنى، یەكەم قسە بە منى فەرموو (ئەی عائیشە سوپاسی خوا بكە، خوا پاكى تۆی سەلماند)، دایكم وتى هەستە وەرە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وتم نابەخوا ناچم بۆ لاى و تەنها سوپاسی خوا دەكەم، ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە (إِنَّ الَّذِينَ جَاءُوا بِالْإِفْكِ عُصْبَةٌ مِنْكُمْ لَا تَحْسَبُوهُ شَرًّا لَكُمْ بَلْ هُوَ خَيْرٌ لَكُمْ لِكُلِّ امْرِئٍ مِنْهُمْ مَا اكْتَسَبَ مِنَ الْإِثْمِ وَالَّذِي تَوَلَّى كِبْرَهُ مِنْهُمْ لَهُ عَذَابٌ عَظِيمٌ (11) لَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ ظَنَّ الْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بِأَنْفُسِهِمْ خَيْرًا وَقَالُوا هَذَا إِفْكٌ مُبِينٌ (12) لَوْلَا جَاءُوا عَلَيْهِ بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاءَ فَإِذْ لَمْ يَأْتُوا بِالشُّهَدَاءِ فَأُولَئِكَ عِنْدَ اللَّهِ هُمُ الْكَاذِبُونَ (13) وَلَوْلَا فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَرَحْمَتُهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآَخِرَةِ لَمَسَّكُمْ فِي مَا أَفَضْتُمْ فِيهِ عَذَابٌ عَظِيمٌ (14) إِذْ تَلَقَّوْنَهُ بِأَلْسِنَتِكُمْ وَتَقُولُونَ بِأَفْوَاهِكُمْ مَا لَيْسَ لَكُمْ بِهِ عِلْمٌ وَتَحْسَبُونَهُ هَيِّنًا وَهُوَ عِنْدَ اللَّهِ عَظِيمٌ (15) وَلَوْلَا إِذْ سَمِعْتُمُوهُ قُلْتُمْ مَا يَكُونُ لَنَا أَنْ نَتَكَلَّمَ بِهَذَا سُبْحَانَكَ هَذَا بُهْتَانٌ عَظِيمٌ (16) يَعِظُكُمَ اللَّهُ أَنْ تَعُودُوا لِمِثْلِهِ أَبَدًا إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ (17) وَيُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمُ الْآَيَاتِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ (18)) ، كە خوا لە بارەى منەوە ئەو ئایەتانەى دابەزاند، ئەبووبەكر كە پێشتر  بە پارە یارمەتى ميسطهحى كوڕی ئەثاثهى دەدا، وتى بەخوا ئیتر لەمەودوا تا ماوم هیچ یارمەتى نادەم مادەم سەبارەت بە عائیشە واى دەوت، ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە(وَلَا يَأْتَلِ أُولُو الْفَضْلِ مِنْكُمْ وَالسَّعَةِ أَنْ يُؤْتُوا أُولِي الْقُرْبَى وَالْمَسَاكِينَ وَالْمُهَاجِرِينَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا أَلَا تُحِبُّونَ أَنْ يَغْفِرَ اللَّهُ لَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ)، ئەبووبەكر وتى بەڵی خوایە من ئەوەم پێ خۆشترە لێم خۆش بیت، بۆیە دەستی كردەوە بە یارمەتیدانى ميسطهح.[3]

كاتێك رووداوى ئیفك روویدا، زەینەبى خێزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شایەتى خێرى دا بۆ عائیشە، عائیشە دەڵێت لەناو خێزانەكانى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) زەینەبی كچی جەحش ركەبەرم بوو، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بەو مەسەلەیە پرسیارى لێكرد زەینەب وتى بەخوا تەنها خێر دەزانم، ئەوەبوو خوا پاراستی لەو بوهتانە، بەڵام حەمنەى خوشكی لەبەر خوشكەكەى بەرامبەرم تێكەوت.[4]

حەسسانى شاعیرى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یەكێك بوو لەو كەسانەى كە لە مەسەلەى ئیفكدا تێكەوت، مەسەلەى ئیفكیش ئەو بوختانە بوو كە كرا بۆ دایكی باوەڕداران عائیشە گوایە تووشی زینا بووە، چەند هاوەڵێكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هەڵە كەوتنە ژێر كاریگەرى دوورووان و كەوتنە ئەو هەڵەوە، ئەوانیش بریتی بوون  لە حەسسانى كوڕی ثابتى شاعیری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ميسطهح و حەمنە، ئەوەبوو خواى گەورە لەو بارەوە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە:

(إِنَّ الَّذِينَ جَاءُوا بِالْإِفْكِ عُصْبَةٌ مِنْكُمْ لَا تَحْسَبُوهُ شَرًّا لَكُمْ بَلْ هُوَ خَيْرٌ لَكُمْ لِكُلِّ امْرِئٍ مِنْهُمْ مَا اكْتَسَبَ مِنَ الْإِثْمِ وَالَّذِي تَوَلَّى كِبْرَهُ مِنْهُمْ لَهُ عَذَابٌ عَظِيمٌ)

(بێگومان كەسانێ كە ئەو بوهتانەیان (بۆ عائیشەی خێزانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەڵبەست دەستەیە بوون لە خۆتان (با مونافیقیشیان تیا بوو) وا مەزانن ئەو (بوهتانە) شەڕ و خراپە بۆتان (وانیە) بەڵكو خێرو چاكەیە بۆتان بۆ هەریەك لەوانە هەیە لەتاوان بەو ئەندازەی هەوڵی داوە (لەو بوهتانەدا) وە ئەو كەسەیان كە ‌بەشی گەورەی بوختانەكەی گرتە ئەستۆ (كە عەبدوڵڵای كوڕی ئوبەی بوو) (لە ڕۆژی دواییدا) بۆ ئەوە سزای هەرە گەورە)،[5] بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد هەشتا جەلد درا لەو سێ كەسە.[6]

لە ژیانى هەریەك لە حەسسانى كوڕی ثابت و حەمنە و ميسطهحدا روونكردنەوەى پێویستمان هێناوە سەبارەت بە هەڵوێستیان لە رووداوى ئیفكدا.



[1] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 153.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 2539، صحيح ابن حبان، الرقم 7208.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 2539، صحيح مسلم، الرقم 5080، صحيح ابن حبان، الرقم 7208، سنن الترمذي، الرقم 3186، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8656، مسند احمد بن حنبل، الرقم 25051، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19038.

[4] - صحيح مسلم، الرقم 5080.

[5] - مشكل الآثار للطحاوى، الرقم 2494

[6] - مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 4803، مشكل الآثار للطحاوى، الرقم 2494، تاريخ المدينة لابن شبة، الرقم 634.

 1714
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.